26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دیزاینەکانی تەلارسازی ناوازە فرانک لۆید ڕایت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

دیزاینەکانی ڕایت بە جۆرێکن کە ھەست دەکەیت دەرەوە وەک ژورەوە و ژورەوە وەک دەرەوە وایە. ئەو ئەم بیرۆکەیەی بە تەلارسازیی ئەندامی ناو دەبات؛ واتە دروستکردنی ماڵ وەک بەشێک لە سروشت، نەک تەنها فڕێدانی خانووییەک لەسەر پارچە چیمەنتۆیەک.

ڕایت کە بە باشترین تەلارسازی سەدەی ٢٠ دادەنرێت، ئەم یاسایەی لە ماڵ، ئۆفیس و نیشتنگەکاندا ڕەچاو دەکرد؛ لە ماوەی کارکردنیدا لە شیکاگۆ تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٩٥٩ لە فینکس، زیاتر لە ھەزار تەلاری دیزاین کردووە.

لە یەکێک لەو ماڵانەی لە ساڵی ١٩٣٩ لە ناوچەیەکی شاخاوی کە ٤٠ میل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پترسبۆرگ‌ـەوە دوورە و دروستی کردووە، ڕایت بە جۆرێک دیزاینی کردووە کە ئاو بەناو ماڵەکەدا دەڕوات؛ ئەمەش وا دەکات لەناو ماڵەکەدا ھەست بکەیت بەسەر بەرزایییەکانەوە دەگەڕێیت.

ڕایت لە کارەکانیدا ھێڵی درێژی ئاسۆیی بەکار دەھێنێت و دەیبەستێت بە سروشتەوە، ئەو تەکنیکانەی بەکاری ھێناون بریتین لە دەروازەی شاراوە، بنمیچی نزم بۆ بوونی مەودای زۆر و شووشەی پەنجەرەی وێنەکراو. کاریگەریی کلتووری یابانییەکان لە کارەکانیدا دەبینرێت و ھەروەھا حەزی بە دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ بووە، بە جۆرێک کە بەشێک بن لە بوونیادەکە.

خاوەنی ئەو جێیانەی کە لە لایەن ڕایت‌ـەوە دیزاین کراون، ڕێگە بە سەردانییەکان دەدەن بۆ دوو شەو بمێننەوە و چێژ لە ھەستی پەیوەستبوون بە سروشتەوە ببینن.

سەرچاوە: شیکاگۆ تریبوون

هاوبەشی بکە

DMBirthday, SheneMohamad, talarsazi, Wright,