24/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان
نووسەر: عەتا محەمەد
سەرنجی خوێنەر: ئیسماعیل گەردی

 ،بۆ عەتا محەمەدی نووسەر

،دوای ڕێز وسڵاو

ئەگەرچی چەند مانگێکە کتێبەکەتم کڕیوە، بەڵام نەم خوێندووەتەوە. ڕەنگە بە هۆی پێشەکیی ئاڵۆز و درێژەوە بت کەوا بەختیار عەلی لە کتێبی تیناو چیڕۆکە ئەندێشە کراوەکان بۆتی نووسیوە، کەوا نیوەی کتێبەکەی دەستەبەر کردووە. بۆیە ئاوشیتفزیشم خوێندەوە، ئینجا ئەمشەو درەنگانێک چووم دەستم بە خوێندنەوەی کتێبەکەت کرد، ئەگەرچی زۆریشم خەو دەهات بەڵام نەخەوتم تاوەکو تەواوم کرد.

تەکنیکێکی نوێم تێدا بینی، کە لە هیچ کتێبکدا تا ئێستا پێش چاوم نەکەوتووە، بێجگە لەوەش نازانم چ شتێکت لە نێو لاپەڕەکاندا بەرجەستە کردووە، لێ ناگەڕێیت خوێنەر واز لە خوێندنەوەی بێنێت، ڕەنگە پەڕۆشیی خوێنەر بۆ کۆتایییەکەی ئەوە بێت کەوا ئایە جارێکی تر شێرکۆ دەگەڕێتەوە ماڵ یاخود دەچێتە بەردەم دادگە و داوای جیابوونەوەی هاوسەرگیری دەکات لە دژی مەریەم، بەڵام کەچی لەکۆتاییدا خوێنەر لە نێو دونیایەک پرسیار دەهێڵییەوە، وەکو ئەوە وا بێت پێمان بڵێیت ئەوەی لەسەرم بوو ودرکم پێ کردبوو بۆتانم باس کرد، ئەوەی تر کاری دادگەیە، کەوا چۆن بڕیار لە سەر ژیانی کارەکتەرەکان دەدات؛ من هیچ لە کاری دادگا نازانم. کاتێکیش مەریەم لەژوورەکەیدا دەست بە خوێندنەوەی دەستنوسەکانی شێرۆکۆ دەکات، نازانێت کەوا ئەوا یادداشتە یان ڕۆمان، منیش پرسیارێکی وام بۆ دروست بوو، تۆ بڵێیت ئەم کتێبەی بەردەستم کۆمەلێک بەڵگەنامەی گرنگ نەبێت لە سەر شێوازی چۆنیەتیی کۆشتنی مرۆڤەکان و من بەڕێکەوت لەکتێبخانەیەک کڕیبێتم بە هۆی ئەوەی ناوەکەی سەرنجی راکێشاوم؟

118270
بۆیە ئێستاش لەوانەیە بڵێم ئەوە ڕۆمان نییە، بەڵکو کۆمەلێک بەڵگە دۆکیۆمێنتە و تۆ هاتووی بە زوبانی شیعر داتڕشتووە، خوینەر بپەرۆشی ئەنجامەکەیە، بەڵام تۆ لە نێو کۆمەڵێک گوماندا دەیهێڵییەوە، ڕەنگە ئەو گومانانەش دووچاری هەڵەمان بکات هەروەکو چۆن سەرەتا وامزانی ع.م، عەبدولخالق مەعروفە، بەڵام لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت ئەو نییە.

ئێستا پێم وایە ڕەنگە ع.م ئێستا لە سوید بژی و بۆ گەشت و کاری نووسین بێتەوە سلێمانی وسەردانێکی ناوەندی ئەندێشە بکات، ڕەنگە ئێستا شێرکۆ مردبێت و گۆڕەکەی لە سلێمانی بێت و جارجارە شێرزادی چیڕۆکنوس بچێتە سەردانی. مەریەمیش ڕەنگە منداڵێکی بێباوکی هەبێت لە ستۆکهڵلم بژی. ڕووناکیش ڕەنگە لە کەرکوک بێ و شەوبۆش گەڕابێتەوە کوردستان ئێستا مامۆستای ئامادەیی بێت لە قوتابخانەیەکی کچانە. هەڵاڵەش وەک چۆن لەڕۆمانەکەی عەتا نەهایی درایە بەر چەقۆ، ڕەنگە هەر ئەو هەڵاڵەیەی تۆ بووبێی و لە لایەن مێردە کۆنەکەیەوە لە ئەپارتمانێکی ستۆکهوڵمدا درابێتە بەر چەقۆ و مردبێت.

لەکۆتاییدا ڕەنگە ئەوە منی خۆم نەبم، بەڵکو منی خوێنەر بێت و ئەم نامەیەم بۆ نووسیویت، بۆیە ڕەنگە ئەوە ناوە وەهمی بێت خۆم نەبم، لەوانەیە بۆ کتێبکی ترت قسەیەکی ترم هەبێت لەگەڵ جەمال عیرفان و عەبدولخالق مەعروف، هەمیشە خەون بەکتێبێکی ترەوە دەبینین.

هاوبەشی بکە

Ata Mhamad, Ismail Gardi, Rebazi Ktebsaza Kujrawakan,