06/12/2024
DidiMn Logo
Top

ئێوارەیەک بۆ خوێندنەوەی چیرۆکەکانی عەتا محەمەد

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

عه‌تا محه‌مه‌د

دیدی من

 

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، 13\11\2018، لە سلێمانی ئێوارە چیرۆکخوێندنەوەی تامی مەرگ بەڕێوە بچێت، کە تێیدا بە نمایشێکی سرووتیی ئامادەکراو لە لایەن شانۆکار ڕزگار ئەمینەوە، چیرۆکەکانی چیرۆکنووسی کورد، عەتا محەمەد بخوێنرێتەوە.

وەک ڕزگار ئەمین بۆ دیدی من گوتی، نمایشەکە لە 3 چیرۆکی عەتا محەمەد لە کتێبی زارەکانی خەونەوە وەرگیراوە و تێیدا خۆی و نوا غەفار و دییە عەلی، بەشدارن.

هەروەها دەربارەی وردەکارییەکانی تری، ئامادەکارانی نمایشەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە دا کە ئەمە دەبێتە کارێکی نوێ بۆ خوێندنەوەی چیرۆک، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا تەنها لە شێوەی کۆڕ و کۆبوونەوەی دوورودرێژدا خوێنراونەتەوە، لە کاتێکدا بۆ ئەم کارە دیکۆر و موزیک و جووڵە و ئەدای تایبەت بە ئیلهاموەرگرتن لە چیرۆکەکان، ئامادە کراون.

عەتا محەمەد، چیرۆکنووسی کورد، کە بەرهەمی دیکەی ئەدەبیی لە شێوەی ڕۆمان و کاری وەرگێڕانیشی هەن، لەو نووسەرانەیە کە لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانەوە بە ناو و دەنگ بووە و بەرهەمەکانی ڕێڕەو و ستایلێکی تایبەت بە خۆی داوەتێ. تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان، خواجە نەسرەدین، ئافاتەکانی بنەماڵەی مێخەک و ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان، لە دیارترین بەرهەمەکانی ئەون.

بڕیارە نمایشی سرووتیی تامی مەرگ، ڕۆژی سێشەممە، 13\11\2018، سەعات 7:00ی ئێوارە، لە هۆڵی سینەما سالم لە سلێمانی بەڕێوە بچێت و هاتن بۆ هەموانە.

هاوبەشی بکە

Ata Mhamad, Cinema Salim,