29/03/2024
DidiMn Logo
Top

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێ کرد

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری

   

ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بە ئامادەبوونی دڵشاد ئەحمەد سەرۆکی فێستیڤاڵەکە و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، لاگێ بیۆرک بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، پیتێر ئۆلف سەرۆکی دەزگای ABFی شاری یۆتۆبۆری، شوان عەتووف ئەکتەری ناوداری کورد، د. دڵشاد مستەفا دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازەدامەزراوی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، شەماڵی عەبەڕەش ئەکتەری ناوداری شانۆ، شادان فوئاد ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، د. رێبوار سەعید ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، عومەری کەریم ئاغا ئەکتەری بەئەزموونی باشووری کوردستان، بەکر فەرەج بەڕێوەبەری وێنەگرتن، ئاسۆ جەماڵ موختار دەرهێنەر، هەروەها و کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بە دروشمی سینەما و دیدی نەتەوە لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێ کرد.

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-1

لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا کە بە پێشکەشکاریی کەماڵ هەڵویست و ڕێبین رەشید بەڕێوە چوو، لاگێ بیۆرک گوتی: ”فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیم لە نزیکەوە بینی و لە ڕاستیدا زۆر حەزم لێ کرد و کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە نیازە کە لەگەڵ ئەم فێستیڤاڵە هاوکاری بکات و لە داهاتوودا هەڵسوکەوتی فەرهەنگی و چالاکیی هونەریی زیاتر لەگەڵ یەکتری دەکەین، هەر بەم هۆیەوە سێ فیلمی براوەی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵەمان بۆ بەشداری لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بانگهێشت کرد تاکو ئەم فیلمانە لێرە نماییش بکەین.”

گوتیشی: ”هونەر و بەتایبەت سینەما و شانۆ، رۆڵی ئێجگار زۆر گرنگ و کاریگەریان لە نەهێشتنی توندوتیژی و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی و بەتایبەت هێورکردنەوەی تیرۆر هەیە و فەرهەنگی جیاوازی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دونیا یەکێک لە جوانترین و گرنگترین وێنە جوانەکانی ئەم جیهانەی بەدی هێناوە.”

لە درێژەی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا، پیتێر ئۆلف سۆن گوتی: ”ئێمە لەم کۆمەڵەیە لە هونەرمەندان و بەرهەمەکانیان پشتگیری دەکەین و هیوادارین کە رێژەی ناوەندە هونەرییەکانی وەک کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری لەوە زیاتر بێت، کە لە ڕاستیدا یەکێکە لە نموونە سەرکەوتووەکان لەم بوارەدا کە ئێمە لەگەڵیان هاوکاریی بەردەواممان هەیە و بێگومان لە داهاتووشدا درێژە بەم هاوکارییە دەدەین.”

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-12

گوتیشی: ”ئێمە نزیکەی سێ ساڵە کە لەگەڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری هاوکاری دەکەین و یەکێکە لە فێستیڤاڵە سەرکەوتوو و بەرچاوەکان لە شاۆی یۆتۆبۆری کە هیوادارین ساڵ بەدوای ساڵ بەرەو پێشەکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.”

لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، دڵشاد ئەحمەد گوتی: ”لەم دۆخەی دونیای ئێمە پێیدا گوزەر دەکات رەنگە سانا نەبێت لە توانای بەرهەمهێنانی جوانی بکەینەوە، جوانییەک بتوانێت گوزارشت لە دیدێکی مرۆیانە بکات و هەوڵێک بێت بۆ وروژاندنی پرسیارگەلێکی زیندوو، کە زەینی چەند نەوەیەکی داگیر کردووە. پرسیارگەلی شێوەی لەم سەردەمی جیهانگیری و تێکەڵاوبوونی کلتوورانەدا ئێمە لە کوێی گوتاری نەتەوەییداین؟ ئایا ئەم سەردەمە سەردەمی زیندووکردنەوەی دیدێکە بە ئاراستەی بیرکردنەوە لە قەوارەی گەلێکی بێ دەوڵەت؟”

گوتیشی: تایبەتمەندتر دەتوانین لەمیانەی دیداری فیلمەوە بپرسین ئاخۆ سینەما وەک نێوەندێکی فرەهەستەوەر و گرنگ لە کوێی پرسەکانی ئێمەدایە؟ ئایا ئێمە دەتوانین فیلم بکەینە ئامڕازێک بۆ بەرهەمهێنانی دیدێکی نوێ کە دەیەوێت لە ناو دنویای نوێدا جێی خۆی بکاتەوە؟ دیدێک گوزارشت لە خواستی تۆلێرانس و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکات لەم رۆژگارەی تیرۆر وەک ڕمۆزن چووەتە وردترین جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.”

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-10

سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەوەشی خستە ڕوو: ”هەڵبژاردنی هونەر بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە لەوێوە دێت کە هونەر رێگەیەکی ئاسانتر و کاریگەرترە بۆ گەیشتن بە دونیای ئەوانی دی، وەک لە زۆری تر لەو لەو رێگەیانەی بەربەستی فرەیان لە بەردەمدا قوت دەبێتەوە. هونەر دەتوانێت وێنەکانی واقع بگوێزێتەوە و وەرگر بهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی ئەوەی ئەو پیشانی دەدات هەقیقەتە و هەموو شتێک لە دەرەوەی ئەو کایەیە درۆیەکی ڕووتە. هونەر فاکتەرێکی کاریگەری گواستنەوەی یادەوەری و مێژووە و دەتوانێت دونیا ڕووبەڕووی وێنەکانی خۆی لە هەر سەردەمێکدا بکاتەوە. فیلمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم دیدارە هەروا لامسەلایی نەهاتوون، بەڵکو بەو ئاڕاستەیە کار بۆ کۆکردنەوەیان کراوە کە ببنە بەشێک لە گەیاندنی ئەو گوتارەی خودی دیدارەکە دەیەوێت ئاڕاستەی دونیای بکات.”

لە کۆتایی قسەکانیدا راشی گەیاند: ”سێیەم دیدار بە دروشمی سینەما و دیدی نەتەوە بەرێوە دەچێت، کە بە هەموو پێودانگەکان دەبێت لە ئێستای ئێمەدا سینەما ئەرکی وێناکردنی دونیای کورد لە ئەستۆ بگرێت، وێنەیەک لەم گەردوونە فراوانەدا پێگەیەکی شاییستەمان بۆ فەراهەم بکات. ئومێدی گەورەمان لەسەر ئەو ستراتیجە هەڵچنیوە و چاوەڕوانیی زۆریشمان لێی هەیە.”

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی فێستیڤاڵەکەدا، ئەندامانی گروپی موزیکی نەوا، کە لە هونەرمەندانی کوردی شارە جۆراوجۆرەکانی کرودستان پێک هاتبوون، هاتنە سەر تەختەی شانۆ و لە سەرەتا بە دەنگی هەڵبەست دیلان، یەکێک لە بەستە ڕەسەنەکانی مامۆستای نەمری کورد محەمەد ساڵح دیلان پێشکەش کرا و پاشان گۆرانیی هەی نار بە دەنگی هونەرمەندی کرماشانی فەریبورز کەرەمی ئاڕاستە ئامادەبوان کرا.

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-14

لە درێژدەدا فێستیڤاڵەکە بە نماییشی کورتەفیلمی زەویی ونبوان لە درهێنانی سینەماکاری کورد هەوراز محەمەد دەستی پێ کرد و لە پاشان فیلمی سینەمایی عاشقەکان بە پێوە دەمرن لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەهرام مەسلەخی و لە ڕۆڵبینینی ئەکتەری ناوداری کورد شوان عەتووف و چەندین ئەکتەری ناوداری ئێرانی لەوانە سرووش سیحەت، لەعیا زەنگەنە و پووریا پوورسورخ نمایی شکرا، کە لە لا یەن بینەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

لە درێژەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکە و لە رۆژی دووەمیدا، کورتەفیلمەکانی کوڕانی چیا و کاتژمێر 14:36 و 22:8 لە دەرهێنانی هاوبەشی ژیرۆ ئاگا هەستیار و فریدریک کارلسۆن و هەروەها کورتەفیلمی ئاوێنە ڕەنگبزڕکاوەکان لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد سالم سەڵەواتی نماییش کران و پاشان فیلمی سینەمایی مناڵانی دیاربەکر لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد میراز بێزار چووە سەر پەردەی سینەما.

هەروەها لە سێیەمین رۆژی ئەم فێستیڤاڵەشدا فیلمی سینەمایی کوێستانی قەندیل لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد تەها کەریمی نماییش دەکرێت و پاشان کورتەفیلمی ماڵی سپی لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئەرەستوو مەفاخیری و بە  ڕۆڵبینینی ئەکتەری کورد شیما مولایی پێشکەش دەکرێت.

سەرجەم داهاتی فرۆشی بلیتەکانی ئەم فێستیڤاڵە  پێشکەش بە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونیی تایبەت بە خانمان دەکرێت لە شاری سلێمانی.

فۆتۆ: مەنسوور جیهانی

 

هاوبەشی بکە

Cinema, Gotenburg, Kurdish Cinema, Sweden,