19/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: سیمای مردن

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: داڕمانی خانووی ئەشەر ـ ١٩٢٨
دەرهێنەر: ژان ئێپشتاین

بۆ فیلمی داڕمانی خانووی ئەشەر، ئێپشتاین لەگەڵ لویس بونیولی لاودا سیناریۆی فیلمەکە دەنووسێت و سەرچاوەکەی کورتەچیرۆکی بەناوبانگی نووسەری ئەمریکی ئێدگار ئالان پۆیە. بۆ یەکەم جار ئێپشتاین زۆربەی تێڕوانینه‌ تیرۆییەکانی بۆ هونەری سینەما، بە تایبەتیی مۆنتاج لە فیلمەکه‌دا نماییش دەکات.

ڕووداوەکانی فیلمەکە لە دەوری پێنج کارەکتەردا دروست کراوە؛ ڕۆدرێک کە لە کۆشکەکەیدا، کۆشکی ئەشەر، دەژی و چاودێری خێزانەکەی دەکات، مادلین کە لە دواساتی ژیانیدایە، ئالانی هاوڕێی کە سەردانی ڕۆدریک دەکات، پزیشکی خێزانەکە کە چاودێری مادلین دەکات و پێنجەم کارەکتەرەی فیلمەکە؛ کۆشكی ئەشەر خۆیەتی کە کاریگەرییەکی گەورەی  لەسەر کارەکتەرەکان هه‌یه‌.

بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی، ڕۆدرێک خەریکی دروستکردنی وێنەیەکی مادلینە و دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت، هاوسەرەکەی بە زیندوویی بهێڵێتەوە و بڕوای بە مردن نییە، خۆی لەم کۆشکەدا گۆشەگیر كردووه‌ و بە وردی چاودێریی مادلین دەکات، نە پزیشکەکە، نە ڕۆدریک نازانن هۆکاری لاوازبوون و نەخۆشییه‌كه‌ی مادلین چییە و بۆچی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت و بەرەو مردن دەڕوات.

لەگەڵ هەر ساتێکی تەواوکردنی وێنەکەیدا لە لایەن ڕۆدریکەوە، کە هەر فڵچەیەکی پێنووسەکەی ژیان ئەدات بەم وێنەیە، تەندروستیی مادلین خراپتر دەبێت و لەگەڵ تەوابوونی وێنەکەدا، مادلین دەمرێت، بەڵام ڕۆدریک بڕوا ناکات مردووە و هەست دەکات هەر لە ژیاندایە؛ کاتێک دەخرێتە تابووتەکەوە، نایەوێت بە بزمار تابووتەکە دابخەن و لە جیاتی گۆڕێکی ژێر زەوی، لاشە و تابووتەکەی دەخاتە شوێنێکی تایبەتییەوە و لە کۆشکی ئەشەردا چاوەڕوانی گەڕانەوەی خۆشەویستەکەی دەکات.

لەگەڵ کورتەچیرۆکی داڕمانی خانووی ئەشەردا، ئێپشتاین و بونیول بەشێکی گرنگی فیلمەکە لە چیرۆکێکی تری پۆوە وەردەگرن؛ پۆرترەیتی چەماوە، گەرچی تەنها سەرچاوەیەکی چیرۆک و کارەکتەرەکان لەم دوو چیرۆکەی پۆوە وەردەگرن و زۆر لە ڕووداوەکانی تری ناو فیلمەکە درووستکراوێکی سوریەلیزم و ئاڤاندگاردیی خۆیانە، بۆ نموونە لە یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان پەیوەندیی نێوان ڕۆدریک و مادلینە؛ لە چیرۆکەکەی پۆدا، ئەوان خوشک‌وبرای یەکترن، بەڵام لە فیلمەکدا دەبنە ژن‌ومێرد.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

Edgar Allan Poe, Jean Epstein, Karzan Kardozi, La Chute de la maison Usher,