27/04/2024
DidiMn Logo
Top

پانێڵی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە: کوردبوون لە فیلمەکانی یەڵماز گونەیدا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من

بڕیارە ڕۆژی ٢/٤/٢٠١٧، سەعات ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لەمیانی بەڕیوەچوونی ئیڤێنتی کلتووریی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، کە تایبەتە بە یادکردنەوەی گەورە فیلمسازی کورد، یەڵماز گونەی، لە هەشتایەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا، پانێڵێکی تایبەت بە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی گونەی لە ناو هۆڵی سینەما سالم بەڕێوە بچێت. لەو پانێڵەدا چەند لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە گونەی پێشکەش دەکرێت.

کارزان کاردۆزی، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا، لێکۆڵێنەوەیەک بە ناونیشانی کوردبوون لە فیلمەکانی یەڵماز گونەیدا، لەو پانێڵەدا پێشکەش دەکات. لەو لێکۆڵینەوەیەدا، کاردۆزی هەوڵی ئەوە دەدات ژیانی تایبەتیی گونەی ببەستێتەوە بە بەرهەمە هونەرییەکانی، جا چ وەک ئەکتەر، چ وەک دەرهێنەری ئەو فیلمانەی کە کاری تێدا کردوون. کاردۆزی لەو لێکۆڵینەوەیەیدا بە چەند تەوەرێکی جیاواز تیشک دەخاتە سەر قۆناغە جیاوازەکانی گونەی، کە دابەشی کردوون بەسەر چەند تایتڵێکدا، بەم شێوەیە: خانەوادەیەکی گونەی، تەمەنی منداڵیی گونەی، هەرزەکاری و لاوێتی، گونەی ئەکتەر، گونەی دەرهێنەر، گونەی زیندانی و گونەی و تێڕوانینی بۆ کورد و کوردستان. کاردۆزی لەم بەشە جیاوازانەدا هەوڵی ئەوە دەدات کە ژیانی تایبەتیی گونای ببەستێتەوە بە کارە هونەرییەکانی و نموونەی کارە هونەرییەکانییەوە.

پرۆفایل

کارزان کاردۆزی لەدایکبووی شاری سلێمانییە لە باشووری کوردستان، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری دەر‌هێنانی فیلم و سینەماتۆگرافیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە وڵاتی ئینگلتەرا بۆ بواری بەرهەمهێنانی فیلم. لە ئێستاشدا سەرقاڵی نووسینی کتێبێکی تایبەتە بە مێژووی سینەما، کە نزیکەی یەک میلیۆن وشە دەبێت.

هاوبەشی بکە

A Director From Prison, Being a Kurd, Cinema Salim, DidiMn, Event, Karzan Kardozi, Kashkul, Yilmaz Guney,