29/03/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: یاسای کۆمەڵگە و یاسای ژینگە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: بە یاسا، ١٩٢٦
دەرهێنەر: لیڤ کولیشۆڤ

دوای گەڕانێکی زۆر بۆ دۆزینەوەی سیناریۆیەک کە بتوانێت بە بودجەیەکی بچووک فیلمێکی لەسەر دروست بکات، لە ساڵی ١٩٢٦دا، لیڤ کولیشۆڤ لەگەڵ ڤیکتۆر شکلۆڤسکیی هاوڕێیدا، لە تەنیا یەک شەودا کورتەچیرۆکێکی جاک لەندەن دەکات بە سیناریۆ و سەرچاوەی فیلمی داهاتووی؛ بە یاسا.

سەرچاوەی فیلمەکە کورتەچیرۆکی چاوەڕواننەکراوەکانی جاک لەندەنە، لە ناوچە سەختە شاخاوی و بەفراوییەکانی یوکۆنۆندا لە باکووری ڕۆژئاوای کەنەدادا، لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، سەدان هەزار کەس کۆچ دەکەن بۆ ئەم ناوچانە لە گەڕاندانیاندا بەدوای ئاڵتووندا.

لە ناو ئەم لێشوای مرۆڤانەدا، پێنج هاوڕێ دەبن، سێ پیاو و ژنومێردێک. لە سەرەتادا کەسانێکن کە هاوڕێ و خۆشەویستی یەکترن، بەڵام دوای ئەوەی کە ئاڵتوونێكی زۆر دەدۆزنەوە، تەماح گرفت دەخاتە نێوانیانەوە؛ مایکڵی لاو هەست دەکات کە هاوڕێکانی دەیانەوێت زەوییە ئاڵتوونییەکان بۆ خۆیان داگیر بکەن و ڕەنگە ئەو بکوژن، بۆیە لە سەرەتادا دەستی خۆی دەوەشێنێت، دوو لە چوار هاوڕێکەی دەکوژێت، ناتوانێت ژنومێردێکە بکوژێت و دەستگیر دەکرێت.

دیمه‌نێك له‌ فیلمه‌كه‌وه‌

دوور لە شارستانیەت و دادگا و یاسا، ئەم ژنومێردە بڕیار دەدەن کە هەر خۆیان دادگایی مایکڵ بکەن، دەبن بە پۆلیس و پارێزەر و دادوەر و لە کۆتایدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەر دەکەن، بەڵام دەبێت بۆ چەند هەفتیەک چاوەڕوان بن تا زریان و سەرما و بەفر نامێنێت بۆ ئەنجامدانی ئەم سزایە.

دونیای جاک لەندەن دونیایەکی ژینگەیی و وێنەگرییە، بەڵام دونیایەکی سارد نەک تەنیا لە ڕووی جیۆگرافیی شوێنی چیرۆکەکانیەوە، کە زۆربەیان لە ناوچە ساردەکانی کەنەدا و باکووری ئەمەریکا و ئەلاسکادا ڕوو دەدەن، بەڵکو دونیایەکی سارد و پڕ لە هەستی ئاڵۆزی دەروونی کارەکتەرەکان. زۆر جار لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیمبوولی ژینگەوە، هێز و کاریگەریی ژینگەی دەوروبەری کارەکتەرەکان ئەم هەستی سایکۆلۆجییەی ئەوان پیشان ئەدات.

کولیشۆڤ بلیمەتانە ئەم وشانە و نماییشە ژینگەیانەی جاک لەندەن دروست دەکاتەوە لە فیلمەکەیدا، مرۆڤەکان نەک تەنیا دەبێت جەنگ لەگەڵ ژینگەیەکی سەختدا بکەن، بەڵکو لەگەڵ یەکتردا، لەگەڵ بەهاکانیاندا. گەرچی دوور لە دابونەریت و یاسای کۆمەڵگە، دوور لە شارستانییەت دەژین، بەڵام ئەم کەسانە هەمان یاسا و نەریتی ئەو کۆمەڵگەیانە بەسەر یەکدا دەسەپێنن کە تیایدا گەورە بوون، ئەستەمە بتوانن هەڵبێن لە دەستی ڕابردوویان و ئەو کلتوور و ئایین و بەها و کۆمەڵگەیانەی کە تیایدا گەورە بوون.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

By The Law, Karzan Kardozi, Lev Kuleshov,