19/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: گەشتی سینەمایی کیتن

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

1924: American comedian Buster Keaton (1895-1966) standing outside the box office clutching his dollar bill while Ruth Holly applies her make-up in the film 'Sherlock Junior'.

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: شیرلۆکی بچووک، ١٩٢٤
دەرهێنەر: بەستەر کیتن

فیلمی شیرلۆکی بچووک، یەکێکە لە یەکەمین فیلم لە مێژووی سینەمادا کە شاکارن، گەرچی کۆمیکیانە بێت، تەکنیک و فۆڕمی بەرهەمهێنانی فیلم زیرەکان تیایدا بەکار هاتووە وەک سەرچاوەیەکی چیرۆک. فیلمەکە تێڕوانینێکی کیتنە لەسەر چیرۆکەکانی ئارسەر کۆنەن دۆیڵ لەبارەی شیرلۆک هۆڵمزەوە و تێکەڵکردنی بە تەکنیکی دروستکردنی فیلم و خەون و فانتاسی.

بەستەر ڕۆڵی لاوێکی خۆشەویست دەبینێت، دوای شکستی لە بەدەستهێنانی خۆشەویستیدا، پەنا دەباتە بەر خەون و فانتاسی بۆ گێڕانەوەی خۆشەویستەکەی. لە یەكێک لە بلیمەتترین گرتەکانی فیلمەکدا، بەستەر خەوی لێ دەکەوێت لە کاتی نماییشی فیلمێکدا، خەون دەبینێت کە دەچێتە ناو ئەو فیلمەوە کە نماییش دەکرێت. لە هۆڵی سینەماکەوە ئەو دەچێتە ناو شاشەی فیلمەکە و دەبێت بە بەشێک لە گرتەکان. کەسانی ژیانی دەبن بە کارەکتەرانی ناو فیلمەکە.

470ce852c8f197f79f33116f84728e44

بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەم دنیایە لە ڕاستییەوە دوورە و دروستکراوێکی فانتاسییە، هوەک گرتەکانی ناو فیلمەکە، ئاڕاستەی کردارەکان و ئەو ژینگەی کە بەستەری تێدایە دەگۆردرێن؛ لەبری بوونی لە ژوورێکدا، لە دەرەوەی خانووەکەدا خۆی دەبینێتەوە، کاتێک دەیەوێت بە پلیکانەی خانووەکەدا بێتە خوارەوە، گرتەکە دەگۆردرێت و دەکەوێتە ناو باخچەیەکەوە، دەیەوێت لە باخچەکەدا دابنیشێت، بەڵام باخچەکە دەبێت بە شەقامێکی پڕ لە ئوتۆمبێل، کاتێک دەست بە ڕۆیشتن دەکات لە شەقامەکدا، خۆی دەدۆزێتەوە لە لێواری شاخێکی سەر دەریادا کە خەریکە دەکەوێتە خوارەوە، بۆ دارستانێک، شێرێک بەدوای دەکەوێت، بۆ بیابانێک کە لەپڕێکدا شەمەندەفەرێک بەرەوڕووی دێت و تا دوایی.

تەنیا کەسێک کە بلیمەتی و شارەزاییەکی بێ کۆتایی لە تەکنیکی دروستکرنی فیلمدا هەبێت، دەتوانێت فیلمێکی وەک شیرلۆکی بچووک دروست بکات، فیلمێکی پۆلیسی و چەتەیی کە تێکەڵ بووە بە کۆمیدی و لێکدانەوەیەکە بۆ هونەری سینەما لە خەونی بینەرێکدا کە ببێت بە ئەکتەر و پاڵەوانی ناو فیلمەکە، بۆ هەڵهاتن بۆ دنیایەکی فانتاسی.

لە سینەماکاندا فیلمەکە بینەرێکی کەمی دەبێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ چەندان جار کیتن فیلمەکە کورت بکاتەوە و کاری مۆنتاجی بۆ بکات بۆ ئەوەی بینەران ڕابکێشێتەوە بۆ هۆڵی سینەماکان، گەرچی لە ئێستادا ئەو فیلمەکەی کە بۆمان ماوەتەوە درێژیەکەی تەنیا ٤٥ خولەکە، بەڵام یەکێکە لە شاکارەکانی کیتن.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینە:

هاوبەشی بکە

Buster Keaton, Cinema, Karzan Kardozi, Sherlock,