27/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەرنجێک دەربارەی ئۆپێرای ڤاڵکێری‌ـی ڕیچارد ڤاگنەر

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کاوان عەبدولڕەحمان

ئۆپێرای ڤاڵکێری، ئۆپێرایەکی موزیک-درامییە، کە لە سێ نماییش پێک هاتووە، دووەم ئۆپێرایە لە زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکەی نیبلۆنگ. زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکەی نێبلۆنگ، لە چوار ئۆپێرا پێک هاتووە، کە بریتین لە ڕاینی ئالتوونی، ڤالکێری، سیگفرێد، شەوی خوداکان بۆ یەکەم جار ئەم زنجیرەیە لە فێستیڤاڵی بایرۆیت لە ساڵی ١٨٧٨ پێشکەش کرا.

ئۆپێرای ڤاڵکیری، بە یەکێک لە شاکارەکانی مێژووی ئۆپێرا هەژمار دەکرێت و لە لایەن ڕیچارد ڤاگنەرـەوە دانراوە، کە یەکێکە لە موزیکدانەرە هەرە بەناوبانگەکانی وڵاتی ئەڵمانیا. لیبرێتۆ (پەڕاوی ئۆپێرا/ئۆپێرانامە)ـکەش، بە هەمان شێوە، هەر خودی ڤاگنەر نووسیویەتی. ئەم تایبەتمەندییە ل نێو کەم لە ئۆپێرانووسەکاندا هەیە، چونکە نووسینی لیبریتۆ، پەیوەندیی بە ئەدەبیاتەوە هەیە، واتە تێکەڵبوونی دراما و شیعر و چیرۆک.

چیرۆکی ڤاڵکێری، یەکێکە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئەڵمان؛ ڤاڵکێرییەکان کە لە ڕەگەزی مێینەن، خودای خوداکانن. کاری ئەمانە ئەوەیە کە کوژراوی جەنگەکان بەرنەوە بۆ سەرەو،ە واتە بۆ ڤالهالا. ڤالهالا، لە ئەفسانەی ئەسکەندناڤی‌ـدا، لە شێوەی کۆشکێکدایە لە سەروو ئاسمانەکانەوە، هەموو کوژراوەکانی جەنگی تێدایە و لەوێ، ئەو وەختەی زیندوو دەبنەوە، بەئاسوودەیی و خۆشی دەژین.

zx

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیی ئەم ئۆپێرایە ئەوەیە کە دەستمایەیەکی زۆری هەیە، وا چەند دەیەیەکە لە دوای خۆی ئێستایش هەر بە کارێکی نوی دێتە هەژمارکردن. هەر کات لە فێستیڤاڵێکدا پێشکەش بکرێت، هەمیشە هۆڵەکان پڕ دەبن لە ئامادەبووی گوێگر و هیچ کورسییەک چۆڵ نابێت.

ئۆپێراکانی ڤاگنەر هێندە تایبەت و مەزنن، کە ڕەنگە هەڵە نەبێت گەر بڵێین لە دوای ئەو، ئۆپێرا لە سەدەی مۆدێرندا بۆ دوو دەستە دابەش بوون، یەکەمیان ڤاگنەرییەکان و دووەمیان دژەڤاگنەرییەکان؛ ئاشکرایە کە دژەڤاگنەرییەکان، زیاتر ئایدیا ڕەیسیزم و ناسیۆنالیستییەکەی ڕەچاو دکەن و ڤاگنەریەکان‌ـیش گرنگی بە هونەر و ئەدەبیاتەکەی دەدەن.

چینی دەنگەکانی نێو ئۆپێراکە پێکهاتوون لە سۆپرانۆ، میزۆ سۆپرانۆ، کۆنترا ئاڵتۆ، تینۆر، بەیز، بەیز باریتۆن.

لەم ڤیدیۆیەی خوارەوەدا، ساتی دەستپێکردنی نماییشی سێیەمی ئۆپێرای ڤالکێری‌ـیە بە ناوی سواربوونی ڤاڵکێری؛ لەم بەشەیدا، لیبریتۆـکە بۆ دەنگبێژی سۆپرانۆ ئامادە کراوە. ڤالكێرییەکان لەم پەردەیەدا، لەسەر لوتکەی شاخێکەوە دەست پێ دەکەن و لاشەکان کۆ دەکەنەوە و بەرەو ڤالهالاـی دەبەن.

مۆسیقای ئەم ئۆپێرایە، زۆر بە ناوبانگ و خۆشەویستە، لە فیلمی کۆتاییی دونیا ئێستایە، ئیلهام لەم موزیکە وەرگیراوە. زۆرینەی هەرە زۆری سوپا جەنگییەکان، سودیان لەم ئاریاـیە (ساتی گوتنی شیعرێک بە هەماهەنگی لەگەڵ تیپی ئۆرکێسترا) وەرگرتووە.

لە جەنگی ڤێتنام و ئەمەریکاـدا، ئەمەریکییەکان لە کاتی فڕین بەسەر سوپای ڤێتنامییەکاندا، هەمان موزیکیان لەنێو کۆپتەرەکانیاندا لێ دەدا، کە دەبووە هۆی درووستکردنی ترس و تۆقاندنی سوپای ڤێتنامییەکان.

هاوبەشی بکە

Kawan AbdulRahman, Vagner, Valgerie,