دانا ڕەئووف
دەستپێک
شانۆی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنیزم ڕەگ و ریشەیەکی دێرینی هەیە و بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕەگ و ریشەیە، ناکرێت لە ستراکتور و بنەما هونەری، هزری و ئێستاتیکییەکانی بگەیت. هەموو سەدە و سەردەمێکیش لە ڕووی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، هونەری، ئاکاری، سیاسی و سیکۆلۆژییەوە، کاریگەرییان لەسەر فۆرمەلەکردنی چەمکەکانی مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم هەبووە. هەر بۆ نموونە له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٠٠)ه‌كانه‌وه لەژێر کاریگەرێتی ئەم گۆرانکاریانەوە، ته‌وژمێكی جیاوازی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بڵاو دەبێتەوە.
جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی له‌ڕووی بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بازرگانی، هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه، بواره‌كانی زانیاری و ته‌كنیكه‌وه بەرپا کرد، ئەم گۆڕانکارییانەیش هەل و مەرجەکانی دونیایان بە تەواوی گۆڕی. دیارە ئه‌ده‌ب و هونەریش بەدەر نەبوون لەم گۆڕانكاریانە و چەندین دەرگایان بە ڕوودا کراوەتەوە، هەروەها بوارەکانی زانستە مرۆییەکانیش هەنگاوی گەورەیان ناوە. نابێت ئەویشمان لەبیر بچێت، کە کاریگەرێتی لێكۆڵینه‌وه ده‌روونیه‌كانی پزیشكی ده‌روونی سیگمۆن فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩) له بواره‌كانی نەست و به‌هاكانی خه‌وندا به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه، بە تایبەتیش لەم قۆناخەدا زۆر گرینگ بوون.
سرووشت و سەرچاوەکانی ئەدەب
به‌ر له‌م قۆناغه و له‌كاتی گه‌شه‌كردنی رۆمانتیكیه‌تدا سرووشت ببووە سەرچاوەی سرووش –ئیلهام- بۆ نووسەر و هونەرمەندان و دۆزینەوەی ئامڕازی نوێ و ڕێگا کردنەوە بۆ دیاردەیەکی تازە لە ئەدەب و هونەردا. لەم ڕەوشەیشدا رۆمانتیکییەکان ئەوەیان دووپات ده‌كرده‌وه، كه ژیانی رۆژانه‌مان له خه‌ونه‌كانماندا جوانتر ده‌رده‌كه‌ون وه‌ك له‌ژیانی راسته‌قینه‌دا. ئەمەیش لە بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندەکانی سەر بەم ڕێبازەدا بە ڕوونی دەردەکەون. ئه‌م دیده هونەری و لە هەمانکاتدا فه‌لسه‌فییه‌ی رۆمانتیکییەکان بووه بنه‌مایه‌كی فیكری گه‌وره بۆ بیروبۆچوونه‌كانی کەسێکی دەروونناسی وەک (فرۆید) هه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه سوریالیه‌كان هێدی هێدی له‌فه‌ره‌نسا ده‌ركه‌وتن، بێگومان ته‌وژمی هونه‌رمه‌نده‌كانی سه‌ر به ڕێبازی ئێكسپرێشیونیزمیش دەرکەوتەیەکی گرینگی تری ئه‌م قۆناغەیە.
سەرهەڵدانی درامایەکی مۆدێرن
هەر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٠٠)ه‌كاندا درامایه‌كی مۆدێرن سهرهەڵئەدات؛ له ناتورالیزمه‌وه بۆ ڕیالیزم و دواتریش سیمبولیزم. رێبازی ریالیزم و سیمبولیزم له‌شانۆنامه‌كانی (هێنریک ئیپسن) و (ئاگۆست ستریندبێرگ)دا گرینگ‌ترین دیارده‌كانی ئه‌و ته‌وژمه مۆدێرنه‌یه. ئه‌م دوو شانۆنامه‌نووسه هه‌ردووكیان له‌باكوری ئه‌وروپاوه، نه‌رویژ و سوید، ده‌ركه‌وتن و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر تێكڕای درامایه‌كی مۆدێرنی ئه‌وروپیه‌وه دەبێت. به‌ڵام ته‌وژمه سیمبولیزمهكه له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپاوه ده‌ركه‌وت؛ نووسه‌ری گه‌وره‌ی به‌لچیكی مۆریس مەتەرلینگ (١٨٢٩-١٩٤٩) بە هێماگەل و وێنە و ئاماژە و بێدەنگی، دەقەکانی ڕۆدەنێت و دەبێت بە گرینگ‌ترین ناوی دراما و شانۆیه‌كی سیمبولی. بەرهەمەکانی ئه‌م نووسه‌ره له‌فه‌ره‌نساوه، وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی گرینگی رۆشنبیری ئەودەمە، زۆر به‌خێرایی بڵاوبووه و كاریگه‌رییه‌كانیشی بووه سه‌ره‌تایه‌كی پتەوی شانۆیه‌كی سیمبولیزم له‌ئه‌وروپادا. شانۆنامەکانی ئەم نووسەرە، بۆ نموونە (کوێرەکان) و (پێلیس و مێلاندە)… هتد دەبنە کەرەسەیەکی دەوڵەمەندی تەوژمە سیمبولیزمەکانی فەرەنسا و دواتریش شانۆکارانی وەک ستانیسلاڤسکی و مایرهۆڵد لە ڕووسیا. مەتەرلینگ تەکنیک و شانۆی بووکەڵە زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت، لەم شانۆیەدا هێما ڕۆڵ دەبینێت و لە تەوژمەکانی واقیعیەت و سرووشتگەرایی دوورە و هەر لە فۆرمەکانی شانۆی بووکەڵەوە چەمکە سیمبولیزمەکانی خۆی دەدۆزێتەوە.
شانۆی ڕووسی و سەرەتاکانی مۆدێرنیزمە
شانۆی ڕووسی لە هەردوو ڕووی دراما و دید و تەکنیک و بنەماکانی هونەری شانۆوە، ڕۆڵێکی گرینگ‌یان لە بەرەوپێشەوەچوونی چەمک و فەلسەفەی مۆدێرنیزمە و پۆست مۆدێرنیزم‌دا دیووە، بۆ نموونە ڤلادیمیر مایکۆڤسکی(١٨٩٣-١٩٣٠) بە دەقە ئەڤانگارد و بۆچوونە ڕادیکاڵەکانی، یاریدەدەرێکی گەورەی مایرهۆڵد دەبێت و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. یه‌كێك له‌ده‌نگه هه‌ره گرینگه‌كانی تری مۆدێرنیزم له‌شانۆ و درامای ڕووسیدا، ئه‌نتوان چێخەف (١٨٦٠-١٩٠٤)ە. هەرچەندە دەقەکانی چێخەف بەدواچوونێکی قووڵ و ڕیالیزمیانە بۆ ژیانی مرۆڤ دەکات، بەڵام سیمایەکی سیمبۆلیزمیان پێوە دیارە و هەروەک مەتەرلینگ بە قووڵی لە ئەنجامەکانی هێماگەل دەگات و لەنێو ستراکتورە ڕیالیزمەکەیدا بەرجەستەیان دەکات. چێخەف به‌وپه‌ڕی رێز و ستایشتەوە ده‌یڕوانییه ئیپسن؛ شانۆنامه‌ی (نەورەس)یش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كاریگه‌ری چەمکە سمبولیزمەکانی ئیپسنی پێوه دیاره، به‌تایبه‌تیش له‌به‌كارهێنانی سیمبولی (باڵنده)دا. باڵندە، له شانۆنامه‌ی (مراوی كێوی) ئیپسندا،وەکوو سیمبولێكی گرینگ دەردەکەوێت؛ چ کارەکتەرێکی شانۆنامەکە هێمای مراوییەکی کێوییە و مراوی کێوی دەبێتە چ هێماگەلێکی شانۆنامەکە؟ ئەمە و کۆمەڵێک پرسیاری تر، کە ئیپسن وەڵامیان ناداتەوە و بۆ بینەرانیان بەجێ دەهێڵێت.
شانۆی رووسی له‌م قۆناغه‌دا گۆڕانكاری گرینگ و هه‌نگاوی بەرچاوی، له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاسته‌كه، دراما و هونه‌ری شانۆ، زۆر به‌خێرایی ده‌نا. چێخەف به دەقەکانی و ناوه‌ندێكی گرینگیش بۆ نوێكردنه‌وه‌ی شانۆ، له‌شانۆی هونه‌ری مۆسكۆدا خۆی بینییەوە. بێگومان هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كۆنستانتین ستانیسلاڤسكی (١٨٦٣-١٩٣٨) رۆڵێكی گەورە و فراوانی له‌م بواره‌دا هه‌بوو، ستانیسلاڤسكی هه‌موو رێگاكان تاقی ده‌كاته‌وه: سه‌ره‌تا ناتورالیزم، ریالیزم و دوای ئه‌وه‌یش له‌ده‌روازه‌ی شانۆنامهكانی ئیپسن و مەتەرلینگەوە رووده‌كاته شانۆیه‌كی سیمبولیزم. ستانیسلاڤسكی دواتر زیاتر له‌ڕوانگه‌ی شانۆنامهكانی چێخەفەوە بره‌و به سیستێم و ڕێبازه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، به‌ڵام ستانیسلاڤسکی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به سیستێمەکەی، سەبارەت بە (پێگه‌یاندنی ئه‌كته‌رو هونه‌ری نواندن) ناسرا، وه‌ک له ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر. ستانیسلاڤسکی تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە شانۆی هونەریی مۆسکۆ برەو بە کار و پرۆژەکانی دەدات و هاوکارییەکی زۆری مایرهۆڵدیش لە شانۆی-ستۆدیۆ دەکات.
شانۆی ئێکسپرێشونیزم
سەرهەڵدانی شانۆیه‌كی ئێكسپرێشیونیزم له‌شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیدا، ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی گرینگی چەمک و شێوازەکانی مۆدێرنیزم. ستریندبێرگ به‌شانۆنامه ئێكسپرێشیونیزمەکانی، وەکوو خەونەنمایشێک، به‌ره‌و دیمه‌شق و شانۆنامهكانی (ژوورەنمایش) بە تایبەتیش (کەڵک و سۆناتای تارمایی) قۆناغێكی گرینگی ئه‌م بواره ده‌برێت و دەروازەیەکی بەرین بە ڕووی ڕەووتی شانۆی ئەوروپیدا دەکاتەوە. ئه‌م ته‌وژمه‌یش هه‌وڵیدا له ڕوانگه‌ی دراماوه گوزارشت لەسەر هەموو ئاستەکان، بەتایبەتیش له لایه‌نه شاراوە و قووڵه‌كانی ژیانی مرۆڤەوە بكات. ئه‌مه‌یش له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌وژمێكی راسته‌وخۆی بەهێزی دژ به ڕێبازی سرووشتگەرایی و ناتورالیزم بوو، هەروەها سەرەتایەکی گرینگیش بوو بۆ شانۆیەکی مۆدێرن و جیاواز.
بە پێچەوانەوە ناتورالیزم یان سرووشتگەرایی، له ته‌قه‌لای خستنه‌ڕووی رووكاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ژیاندا بوو، به‌ڵام ئێكسپرێشیونیزم (ده‌ربڕین) له‌ته‌قه‌لای به‌رجه‌سته‌كردنی لایه‌نه نادیاره‌كانی ژیان و نەستی مرۆڤدا بوو. هه‌ر له‌م رووه‌وه، بۆ نموونه هونه‌ری سینۆگرافیا و رۆڵی ریژیسۆر و داڕشتە و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی وێنه‌یی بووه چه‌مكه‌كانی ئه‌م شانۆیه و له‌هه‌مانکاتدا دابڕانێكی سه‌رانسه‌ری له‌گه‌ڵ سرووشتگەرایی و ریالیزمدا دروست كرد. شانۆی ئێکسپرێشیونیزم زۆر به‌خێرایی به هه‌موو جیهاندا بڵاوبووه‌وه، جگه له ستریندبێرگ، نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی ئۆژین ئۆنێل (١٨٨٨-١٩٥٣) لەم بوارەدا رۆڵێکی گرینگ و له بەرچاویان هه‌بووە، شانۆنامەی (غۆرێلا)یش نموونەیەکی بەرزی شانۆیەکی ئێکسپرێشیونیزمی ئۆنێل و شانۆی ئەمەریکیشە. ئۆنێل بەم دەقەی و هەندێك لە دەقە شانۆییەکانی تری، وەک (پرسە شایەنی ئێلێکترایە) و (لەودیوو ئاسۆگەوە) توانی لە ڕیالیزم و ڕیالیزمی سیمبولیزمەوە بپەڕێتەوە بۆ شانۆیەکی بەرزی پڕ لە هێما و ئێکسپرێشیونیزمێکی باڵا بخوڵقێنێت. هەرچەندە ئۆنێل کەوتبووە ژێر کاریگەرییەکی بەهێزی ستریندبێرگەوە، بەڵام توانی هەروەک ستریندبێرگ ببێتە شانۆنامەنووسێکی گەورە، کە چ لە بواری ڕێبازی ڕیالیزم و چ لە بواری شانۆیەکی ئێکسپرێشونیزمدا جێگای خۆی لە سەر نەخشەی شانۆی جیهانیدا بکاتەوە.
ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی دووەم
شۆڕشی ئێكسپرێشیونیزم له‌شانۆدا، سه‌ره‌تایه‌كی پته‌و بوو بۆ تەوژمه ئه‌زموونگه‌ری و دواتریش ئەدەبی ئه‌پسوردیزمی په‌نجاكانی سەدەی رابردوو. دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م رێبازی ئه‌پسۆردیزم له‌هه‌موو ته‌وژمه‌كانی تر زیاتر ده‌ركه‌وت؛ كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی ١٩٥٣دا شانۆنامه‌ی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) نەمایش کرا، زایه‌ڵه‌ی زه‌نگی رێبازێكی نوێ، شێوازێكی جیاواز و فۆرم و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تری مۆدێرنیزم ده‌نگی دایه‌وه. بێگومان نووسه‌ری ئێرله‌ندی سامۆیل بێكێت (١٩٠٦-١٩٨٩) پێشڕه‌وی ئه‌و قۆناغه نوێیه‌ی دراما و شانۆیه‌كی مۆدێرنی جیهانی بوو. بێكێت رێگای بۆ كۆمه‌ڵێک شانۆنامه‌نووسی تری نه‌وه‌كه‌ی خۆی خۆشكرد، له‌وانه‌یش یوژین یونسكۆ (١٩٠٩-١٩٩٤) یونسكۆ به‌شانۆنامه‌ی (كورسیه‌كان) كه له‌ساڵی ١٩٥٦دا بۆ یه‌كه‌مجار نەمایش کرا، مه‌ودایه‌كی گه‌وره‌تر و به‌ره‌وامییه‌كی پته‌وی به بزووتنه‌وه‌ی شانۆی ئه‌بسۆرد به‌خشی. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه چ له‌لای بێکێت له (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) و چ له‌لای یۆنسكۆ له (كورسیه‌كان)دا، بێگومان دەقەکانی تریشیان، زمان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و ئه‌و زمانه لۆژیكییه‌ی شانۆی ریالیزم کاری لەسەر دەکرد، به‌ته‌واوی تێك ده‌شكێنرێت. له‌بری ئه‌وه زمانێكی جیاواز: وشه‌ی پچڕ پچڕ، ڕسته‌ی ناته‌واو، ده‌سته‌واژه‌ی كورت، بێدەنگی، دووبارەبوونەوە … هتد ده‌بێته به‌شێك له تەکنیک و بنەما هزرییەکانی ئه‌م نووسه‌رانه. بێجگە لە یونسکۆ ژان ژینییە (١٩١٠-١٩٨٦) و ئارتور ئەدامۆڤ (١٩٠٨- ١٩٧٠) دوو نووسەری تری گرینگی ئەم بوارەن. دابڕانی مرۆڤ، ته‌نهایی، كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگ و بێ هیوایی، نامۆبوون لە خۆ و له خێزان و كۆمه‌ڵگا، ده‌بن بە بەشێک لە بنه‌ما فیكری و فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌م نووسه‌رانه.
مایرهۆڵد وێستگەیەکی گرینگی مۆدێزنیزم
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كاندا بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆی مۆدێرن، به‌تایبه‌تی دوای ته‌قه‌لا زۆر ناتورالیزمیه‌كانی شانۆی سه‌ربه‌ست و ئه‌ندریه ئه‌نتوان له پاریس، ده‌ركه‌وت. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یش گه‌شه‌كردن و به‌رده‌وامیه‌كی راسته‌وخۆی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ بوو. هه‌ر له بیسته‌كاندا ریژیسۆرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ڤیسیڤۆڵد مایرهۆڵد (١٨٧٤-١٩٤٢) ده‌ركه‌وت، ئه‌م هونه‌رمه‌نده تەکنیکی بیۆمیكانیکی بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئەکتەر داهێنا و هه‌وڵیدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ سەر بنه‌ما گەوهەری و سه‌ره‌تاییه‌كانی شانۆی گرێکی کۆن، شانۆی رۆژهه‌ڵاتی بە تایبەتیش شانۆی چین و ژاپۆن، هونەری پانتۆمایم، کۆمێدیای دیلارتی، شانۆی منداڵان… هتد. هەر لەم ڕووەوە بنه‌ما ئێستاتیكیه‌كان، بۆ خوڵقاندنی شانۆیەکی نوێ و جیاواز، تووخمێكی گرینگی مێتودی كاره‌كانی مایرهۆڵد بوو. مایرهۆڵد ئەوەی بە تیۆر و پراکتیک دووپات دەکردەوە، کە سرووشتگەراییەکان و ڕێبازە ڕیالیزمییەکەی شانۆی هونەریی مۆسکۆ بنەما گەوهەریی و سەرەکییەکانی شانۆیان لەبار بردووە و شانۆیان لە ڕووی تەکنیکی ریژی و نواندنەوە بەرەو ڕێگایەکی داخراو بردوە. ئه‌م فۆرم و شێوازی كاركردنه‌ی مایرهۆڵد، کە بێگومان ناچێتە چوارچێوەی ڕیالیزمی سۆشیالیزمەوە، نابێته جێگای سه‌رنجی رووسیای ستالین، بۆیه ده‌گیرێت و زۆر به‌ئاسانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه دورده‌خرێته‌وه و دواتریش تیرۆر ده‌كرێت.
مۆدێرنیزمی ئەڵمانی
له ئه‌ڵمانیا ماکس ڕاینهارت (١٨٧٣-١٩٤٣) و ئێرڤین بیسكاتۆر (١٨٩٣-١٩٦٦) درێژه‌یان به ڕێبازه‌كه‌ی مایرهۆڵددا، به‌ڵام شانۆكه‌ی بیسكاتۆر دواتر رێچكه‌یه‌كی تری وه‌رگرت و بووه شانۆیه‌كی رامیاری و مه‌به‌ستی بوو، كه له‌ڕێگای چەمک و فۆرمەکانی شانۆی دۆکیومێنتاریی و تۆمارییه‌وه هانی چینی پرۆلیتاریا بدات تا شۆڕش هه‌ڵگیرسێنن. بیسکاتۆر تەکنیکی سینەمای هێنایە ناو شانۆوە و هەوڵی ئەوەی دەدا، سەر تەختەی شانۆ و هۆڵی بینەران پێکەوە ببەستێتەوە و ڕۆڵێکی تر ببەخشێت بە شانۆ. بیسكاتۆر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٣٠)دا و له‌ڕێگای سویسراوه ئه‌ڵمانیا به‌جێ ده‌هێڵێت و دواجار له تاراوگەی ئه‌مریكا ده‌گیرسێته‌وه. ڕاینهارتیش ڕۆڵێکی گەورەی لە داهێنان و گەشەکردنی ئامڕازە شانۆیی و کردەییەکانی هونەری شانۆ و تەکنیکی تەختەی شانۆدا گێڕاوە، بۆ نموونە داهێنانی تەختەیەکی شانۆی بزۆز، کە لە کاتی پێویستدا و بۆ گۆڕینی دیمەنەکان خولاوەتەوە. له‌م زنجیره گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی شانۆی هاوچه‌رخدا یان مۆدێرندا، برتۆڵد برێشت (١٨٩٨-١٩٥٦) ده‌بێته به‌شێكی زۆر گرینگ و کاریگەر؛ برێشت توانی له‌ڕێگای شانۆ داستانی و فێرگه‌ییه‌كه‌یه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ ببه‌خشێته هونەری شانۆ. هه‌رچه‌نده ڕه‌گ و ڕیشه‌ی شانۆی داستانی یان ته‌كنیك و فه‌لسه‌فه شانۆییه‌كه‌ی برێشت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مایرهۆڵد و دوای ئه‌وه به‌رده‌وامیه‌كی راسته‌وخۆی بیسكاتۆر. به‌ڵام برێشت داهێنه‌ری یه‌كێك له گرینگ‌ترین تەکنیک و چه‌مكه‌كانی شانۆی هاوچه‌رخه، کە بە (نامۆبوون) ئاماژەی بۆ دەکرێت و شانۆی داستانی برێشتی لە چەمک و بنەماکانی شانۆی ئەریستۆ جیا دەکاتەوە، ئه‌م چه‌مكه ئێستێتیکیەیش تێگه‌یشتنی هاوكێشه و پرۆسه شانۆییه‌كانی به‌ته‌واوی گۆڕی. برێشت بۆ پراکتیزەکردنی رێبازه شانۆییه‌كه‌ی خۆی كۆمه‌ڵێ دەق و شانۆنامه‌ی زۆر گرینگیش دەنووسێت، له‌وانه: ئۆپێرای دوانزە قو‌رشی، دایكه ئازا و منداڵه‌كانی، بنه‌ما و ده‌ره‌كی، مرۆڤی پاك، پۆنتێلا و ماتی، بازنەی تەباشیری قەوقاز، ژیانی گالیلای… هتد. پیته‌ر بروك له‌كتێبی (پانتایی بۆش)دا گرینگییه‌كی زۆری به برێشت داوە و به كلیلی شانۆی هاوچه‌رخی داده‌نێت. هه‌روه‌ها بروك ئاماژه بۆ ئەوەیش ده‌كات، كه زۆر گرانه بۆ هه‌ر یه‌كێك به‌ڕاستی له بواری شانۆدا كارده‌كات، ئاوڕ له برێشت نه‌داته‌وه. بروک دەیەوێت کلیلی مۆدێرنیزمەی شانۆی هاوچەرخی جیهانی ببەخشێت بە برێشت و لە تەکنیکی نامۆبوونەوە چەمکی شانۆیەکی مۆدێرن بۆ شانۆی جیهانی دەستەبەر بکات.
کۆمەڵگایەکی گلوبالیزم و شانۆیەکی پۆست مۆدێرنیزم
ئه‌مڕۆ واقعیی مرۆڤی هاوچه‌رخ یان مرۆڤی ئه‌م سەردەمە پۆست مۆدێرنیزمە، شان به‌شانی گلوبالیزم و گۆڕانكارییه خێراكانی تری جیهان، رووبه‌ڕووی جۆرێكی جیاوازی هونه‌ر و شانۆ بۆته‌وه. شانۆیش له‌گێژاوی ئه‌م گۆڕانكاریە خێرایانه‌دا، به‌هه‌مان شێوه هه‌نگاوی خێرای ناوه؛ له(ئهڤانتگهرتهوه) بۆ (پۆست مۆدانیزم) و له‌وێشه‌وه بۆ فۆرم و شێوازەکانی (پێرڤۆر مێنس).
مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌بێ هیچ گیروگرفتێك له نێوان ئاكار و ترادیشونه ته‌قلیدییەکان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئاكارانه‌دا هاتووچۆ ده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ كردنیشه ئه‌وه‌یه، كه له‌م پرۆسه‌یه‌دا دید و ناوه‌رۆكی شته‌كان، یاخود ده‌قه‌كان، ئاستی نەمایشه‌كان دیاری ناكات، به‌ڵكو خودی نەمایشه‌كان گه‌مه‌ی پرۆسه‌كه ده‌خاته‌گه‌ڕ. دەقە شانۆییه‌كان له پرۆسه پۆست مۆدێرنیزمەکاندا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێن و سه‌رله‌نوێ له بوونیادی نەمایشه‌كاندا، بە شێوەیەکی تر ڕۆ ده‌نرێته‌وه و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه زه‌مه‌نێكی خه‌ونه‌ئامێز له‌خۆده‌گرێت. ئه‌وه‌ی پۆست مۆدانیزمه‌كان لە شانۆدا باسی ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تاكه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دید و بیروبۆچوونه‌كانی ئەنتۆنین ئارتۆ (١٨٩٦-١٩٤٨) و دواتریش گرۆتۆڤسكی (١٩٢٢-١٩٩٩) ئه‌و دیده جیاوازه شانۆییانه، ئه‌مڕۆ له پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زه‌مه‌ندا گه‌یشتونەتە قۆناغه‌كانی پۆست مۆدێرنیزم.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ناوه‌نده گرینگه‌كانی شانۆیه‌كی پۆست مۆدێرنیزم شكاندنی هه‌موو به‌ربه‌سته ته‌قلیدییه‌كان و گهمهكردنه به‌و سنوره داڕێژراوه‌ی، كه له نێوان بینه‌ر و ته‌خته شانۆدایه. جووڵانه‌وه‌ی پۆست مۆدێرنیزم له حه‌فتاكاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و ئه‌مڕۆیش گه‌یشتۆته ئاستێكی به‌رز، ریژیسۆری ئینگلیزی (رۆبێرت ویلسون) و (رۆبێرت لێباش)ی كه‌نه‌دی دوو ده‌نگی گرنیگی شانۆیه‌كی پۆست مۆدێرنیزمن. ئه‌م دوو ریژیسۆره به‌رده‌وام له‌سه‌ر زۆربه‌ی شانۆی وڵاته ئه‌وروپیه‌كان كارده‌كه‌ن و پلاتفۆرمێکی پۆست مۆدێرنیزمیان بۆ شانۆی ئەوروپی خوڵقاندووە و کاریگەریەکانیشیان بەسەر شانۆکارانی دونیا و ڕەوتی شانۆی جیهانییەوە بە ڕوونی دیارە.
له شانۆی پۆست مۆدێرنیزم‌دا ئاستێكی گرینگی جیاوازتر له پرۆسه شانۆییه‌كاندا ده‌به‌خشرێته پێگە و به‌های بینه‌ران و له دووتوێی كۆمه‌ڵه رووداوێكی ناته‌با، نالۆژیكی و كۆلاشئاسادا، بینه‌ر و شانۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه ته‌قلیدیه‌كانی خۆیان له‌ده‌ست دەدەن. كاره‌كته‌ره‌كان، هه‌ریه‌كه وه‌ك خودی سه‌ربه‌خۆ و دوور له یه‌كتری و له دەرەوەی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه، بەوپەری سەربەستییەوە ده‌جوڵێنەوه.
ستراكتۆره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م شانۆیه، وێنه‌ییه و کردەی (بینین) رۆڵێكی گرینگتری هه‌یه وه‌ك له کردەی (گوێگرتن). هەر لەم بنەمایانەیشەوە دەتوانین بڵێن، کە شانۆی پۆست مۆدێرنیزم گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ما ریتواڵی و داستان و ئه‌فسانه‌كان، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی تر و پێچەوانەدا.
جگه له‌و دوو ریژیسۆره‌ی له‌لای سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كرد، كۆمه‌ڵێ گروپی تری گرینگیش له وڵاته‌كانی ئه‌وروپادا هه‌ن، بۆ نموونه گروپی “تگ ستان” کە گروپێکی به‌لچیكییە، له‌م بواره مۆدێرنه‌ی شانۆدا هه‌نگاوی گه‌وره و فراوانیان ناوه. ئەم گروپە به هه‌ناسه‌یه‌كی پۆست مۆدێرنیزمی درێژخایەن كارده‌كه‌ن، یه‌كێك لهنەمایشه گرینگه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییان شانۆنامه‌ی (پۆگویلین) بوو، کە لە هه‌شت شانۆنامه‌ی جۆراوجۆری (مۆلییر)ه‌وه ئاماده‌یان کردووە. ئەم گروپە لەم نەمایشەدا لەسەر تێکشکاندنێکی تەواوی زمانی دەقەکان کاریان کردووە و زمانێکی مەجازی تەکنیکی و فۆرمێکی نزیک لە پێرڤۆرمێنسیان بە کارهێناوە.
ڕه‌خنه‌گره‌كان له شڕۆڤەی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یان دووپات کردۆتەوە، كه به‌كارهێنانی زمان و بەو شێوەیە، بووبووه یه‌كه‌یه‌كی گرینگی نمایشه‌كه: وشه‌ی پچڕ پچڕ، به‌كارهێنانی ڕیتواڵ، مۆسیقا، ده‌نگی جیاواز، ریتم، ته‌رتیله‌ی دینی و فۆلكلۆری و دابه‌شكردنی ده‌یالۆگەکان… هتد. ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌كه له‌نێوان هه‌زاره‌ها نموونەی پرۆژه پۆست مۆدێرنیزمەکاندا و مه‌سه‌له‌ی پۆست مۆدێرنیزمیش گه‌یشتۆته كۆتایی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه گه‌وره‌كان. ئه‌وه‌ی گرینگه له‌م نه‌خشه نوێیه‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، ئەوەیە کە په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌موو جۆره ئایدۆلۆژیه‌تێكیش به‌هاكانی خۆی به‌ته‌واوی له‌ده‌ست داوه.
ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندنیش له‌م پرۆسه پۆست مۆدێرنیزمه‌دا جێگای سه‌رنج و بایه‌خ پێدانه؛ ئه‌كته‌ره‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵی یان كاره‌كته‌ری ترادیشۆنی نابینن، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه زۆر به‌ڕوونی و ئاشكرا به بێلایه‌نی و دووره‌په‌رێزی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌ندێک لهڕهخنهگره ئه‌وروپیه‌كان، به‌زمانێكی گاڵته‌ئامێزه‌وه ده‌ڵێن (پۆست برێشتیزم)، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌كنیكی نامۆبوون و دوور وه‌ستانی ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ رۆڵه‌كانیاندا، هەروەک له شانۆ داستانییەکەی برێشتدا پەیڕەوی دەکرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت، کە ئه‌م پۆست برێشته نوێیه، مەبەستم (پۆست مۆدێرنیزم)، به پێچه‌وانه‌ی برێشته‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك پەیڕەوی بنەما سیاسییەکان ناکات و هیچ جۆره ئایدۆلۆژییهتێك له خۆناگرێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.