دیدی من
دانا ڕه‌ئووف
یەک دوو ساڵ لەمەوبەر، باسێکم لە گۆڤاری (شانۆ) لەسەر ئاریان مونشکین بڵاوکردۆتەوە، کە باسی دیدە شانۆییەکەیم لە زۆر ڕووەوە کردووە. هەر زوو هەستم کرد کە هێشتا لەگەڵ ئەم شانۆیە و ئەم شانۆکارە گەورەیە تەواو نەبووم، ئەم باسەش قووڵ بوونەوەو بەردەوامییەکی ئەو باسەیەو خوێنەرو شانۆکاران دەتوانن زیاتر لە ئاریان مونشکین، پرۆژەکانی، دیدە سیاسییەکەی بۆ شانۆ و شانۆی “رۆژ” بگەن.
هۆڵی شانۆی ڕۆژ
سه‌ره‌تایه‌ک
پاریس یه‌کێکه له پایته‌خته چڕ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی شانۆی ئه‌وروپی و هه‌میشه ده‌رگای شانۆکان بۆ گروپ و نه‌مایشه جۆراوجۆره‌کان و هونه‌رمه‌نده نێونه‌ته‌ته‌وه‌ییه‌کان ئاوه‌ڵا بووه. زوربه‌ی ته‌وژم و رێبازه شانۆییه‌کانیش له‌وێوه (له پاریسه‌وه) سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
جوڵانه‌وه سیاسییه رادیکاڵەکان، بزووتنه‌وه‌ی چه‌په‌کان و قوتابیان پێگه‌یه‌کی به‌هێز و راسته‌وخۆیان له گفتوگۆ و زه‌مینه‌خۆشکردنی شانۆ و ڕۆڵی شانۆدا دیوه، شه‌قامه‌کانی پاریس به هه‌مان شێوه‌ی هۆڵی شانۆکان جێگای ململانێێ سیاسی، فیکری و هونه‌ری بوون.
پرۆژە شانۆییە گرینگەکانی دونیا، دەزگاو گروپە جیهانییەکان، چەندە لەسەر شانۆی وڵاتەکانی خۆیان کاردەکەن، هێندەش وەک میوان دەرگاکانی پاریس‌یان بۆ کراوەتەوەو لەسەر شانۆکانی ئەم وڵاتە، میوانێکی ڕێز لێ گیراون.
چه‌ندین ده‌زگای هونه‌ری، تیپی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ر به رێکخراوه فه‌رمییه‌کان و سه‌ده‌ها گروپی سه‌ربه‌ست له هه‌موو پاریس‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه. له‌ناو ئه‌و گروپه شانۆییه سه‌ربه‌ستانه‌دا شانۆی (بوف دی نورد) ی پیته‌ر بروک و شانۆی (رۆژ) ی ئاریان مونشکین دیارن، بینه‌ران نه‌ک ته‌نها له پاریسه‌وه، به‌ڵکو له هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاوه ڕوویان تێده‌که‌ن. <١>
پیته‌ر بروک و ئاریان مونشکین له زۆر ڕووه‌وه له یه‌کتره‌وه نزیکن، هه‌ردووکیان کار له پرۆژه‌یه‌کی فراوانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌که‌ن، هه‌ردووکیان ده‌یانه‌وێت شانۆیه‌کی فره کولتووری بخوڵقێنن و هه‌ردووکیان له پاریس کارده‌که‌ن. ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده چه‌نده له یه‌کتره‌وه نزیکن، هێنده‌ش له یه‌کتره‌وه دوورن، به دوو رێگا و فۆرمی جیاواز کارده‌که‌ن، شێوازی کار‌و زمانی شانۆ و فۆرمی کاره‌کانیان لە یەکترەوە دوورن.
کتێبه‌که‌ی “ئاریان مونشکین” ده‌رباره‌ی شانۆی رۆژ
ئاریان مونشکین توانیویەتی شەکسپیر، درامای گرێکی و شانۆنامەی مۆدێرن، لە فۆرم و دید و بۆچوون و ترادیشونی شانۆی ئاسیا و ئاسیای ناوەراستەوە (چین، هیندستان، ژاپۆن، تایلاند، ڤێتنام و کەمبۆدیا) چارەسەر و بەرجەستە بکات و لەسەر ئاستێکی بەرز تێکەڵاوی چەمکەکانی دراماتۆرگی شانۆی ئەوروپیان بکات.
ئاریان مونشکین به سوود وه‌رگرتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر فۆرم و ترادیشونی شانۆی رۆژهه‌ڵات و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌کارهێنانی جه‌سته، ده‌مامک، سه‌ما و گۆرانی و شانۆیه‌کی فیزیکی و جیهانێکی ره‌نگاوره‌نگ، پیته‌ر بروکیش به گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌هه‌نده گه‌وهه‌رییه‌کانی مرۆڤ و به‌کارهێنانی فۆرمێکی مینیمالیزم کاردەکەن.<٢>
ئه‌م دوو ریژیسۆره و له‌گه‌ڵ گروپ و هاوکاره‌کانیان، به مه‌به‌ستی پشکنین و تاقیکردنه‌وه‌ی هەل و مەرج و تواناکانی شانۆ بۆ کیشوه‌ره دووره‌کان، بۆ ئاسیا، ئه‌فه‌ریقا و هیندستان گەشتی هونەرییان کردووه، نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان خه‌سڵه‌تێکی جیهانی له‌خۆده‌گرێت و زمانێکی گه‌ردوونی و هاوبه‌شیان ده‌سته‌به‌ر کردووه. برۆک و مونشکین ده‌یانه‌وێت شانۆیه‌ک دروست بکه‌ن، که هه‌موو سنووره‌کان، کولتووره‌کان و چینه جیاوازه‌کان ببڕێت و راسته‌وخۆ و به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌ز، ته‌مه‌ن و نێر‌و مێ و له ئه‌تمۆسفێرێکی هونه‌ریدا، له‌گه‌ڵ بینه‌ره‌کانیان کۆببنه‌وه. ئاریان مونشکین و پیته‌ر بروک به پرۆژه گه‌وره‌کانیان سه‌رله‌نوێ مێژووی شانۆیان چ له رووی ئێستاتیکا، پۆله‌تیک و جۆری خۆ رێکخستنه‌وه‌وه، نووسیوه‌ته‌وه، بوونه‌ته دیارده‌یه‌کی جیاواز و نموونه‌یه‌کی باڵای چه‌ندین نه‌وه‌ی تری شانۆکار له جیهاندا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاریان مونشکین به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له پیته‌ر بروک جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که ئاریان مونشکین، وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه، به‌رده‌وامه له سوود وه‌رگرتن و تاقیکردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه به شێواز و فۆرم و چه‌مکه جۆراوجۆره‌کانی شانۆ له هه‌موو جیهاندا، به‌تایبه‌تییش فۆرم و ترادیشونه دێرینه‌کانی ئاسیا له چین و ژاپۆن و هیندستان. شانۆی کۆنی گرێکی، کۆمیدیای دیلارتی و فۆرمه‌کانی شانۆیه‌کی میللیی، که زیاتر له چاخه‌کانی ناوه‌راستدا له فه‌ره‌نسا له بره‌ودا بوون، جێگای سه‌رنج و سه‌رچاوه‌ی کارهکانیین.
دیمه‌نێک له شانۆگه‌ری “دوایین پەناگەی شەوی کاروانەکان”
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، که ئاریان مونشکین هه‌میشه پرسه هه‌نووکه‌ییه‌کانی جیهان سه‌رنجی راده‌کێشن و شانۆکه‌ی داده‌نرێت به شانۆیه‌کی رامیاری زیندوو.
پیته‌ر بروک و ئاریان مونشکین له شانۆ گه‌وره‌کانی ده‌وڵه‌ت، وه‌ک شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی، شانۆی شار و شانۆی پادشایه‌تی … هتد دوور کهوتووەتهوه، هەردووکیان هەردەم پشتیان کردۆته ئه‌م دامه‌زراوه گه‌ورانه و گروپی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان دامه‌زراندووه، لە هەموو لایەکەوە ئه‌کته‌ر، شانۆکار هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندیان له‌خۆیان کۆکردوونه‌ته‌وه، بڕوایه‌کی پته‌ویشیان له‌لای جه‌ماوه‌رێکی گه‌وره و له هه‌موو جیهاندا، به کاره هونه‌ری و ئه‌زموون و بیروبۆچوونه‌کانیان دروست کردووه. بینەرانیش تووخمێکی گرینگی پرۆسەی کارەکانیانە و هەردووکیان لە بنەماکانی کاریگەرییەکانی بینەرانەوە کاردەکەن و لەو روانگەیەشەوە، نەمایشەکانیان هەمیشە لە گۆران و نوێ بوونەوەدایە.<٣>
سه‌ره‌تایه‌ک بۆ شانۆ، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ سیاسه‌ت
شانۆی “رۆژ” له یه‌که‌م سهرهتاکانییهوه، له ده‌ستپێکی کاره هونه‌ری و هه‌وڵە ئهزموونگهرییهکانییهوه هاوسه‌نگییه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌نێوان پرسه سیاسییه‌کان و دیدوبۆچوونه هونه‌رییه‌کانیاندا دروست کردووه.
ئاریان مونشکین هه‌ر له شه‌سته‌کانه‌وه تاکوو ئێستا شانۆیه‌کی به هه‌ڵوێست و رامیاری به‌رجه‌سته‌کردووه و خۆی له‌نێوه‌ندی ڕووداوه‌کانی جیهاندا بینیوه‌ته‌وه. ئه‌م رووداوانه‌ش، له ئه‌وروپا یان له ئه‌فه‌ریقا و ئاسیا، سه‌باره‌ت به گه‌لانی چه‌وساوه، ره‌وشی په‌ناهه‌نده یان به په‌راوێزکردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت بووبێت، کاریان تێکردووه. ئه‌م کارتێکردنانهش له شانۆکه‌یدا، دوور له هه‌موو جۆره پروپاگه‌نده، ئایدۆلۆژیا و پارت و رێکخراوه سیاسییه‌کانه‌وه، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌و بووه‌ته شانۆیەکی بەرز.
شانۆی “رۆژ” نزیکه له ژان و ئازاره‌کانی مرۆڤه‌وه، شانۆیه‌که به شانۆ و ته‌کنیکێکی به‌رزی هونه‌ری و ئێستاتیکا، گوزارشتی له ته‌نگه‌ژه و قه‌یرانه‌کانی مرۆڤ کردووه. هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی شانۆی “رۆژ” پێکه‌وه ده‌ژین و پێکه‌وه کارده‌که‌ن، هه‌موویان به‌رپرسیارن له هه‌موو شتێک: له پرۆڤه‌کردن، رێکخستن و پاککردنه‌وه‌ی هۆڵی شانۆ، خواردن دروستکردن، نۆژه‌نکردنه‌وه، دروستکردنی سینۆگرافیا … هتد و هه‌مووشیان یه‌ک مووچه‌یان هه‌یه.<٤>
ئاریان مونشکین ئەم پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردنەی ئەندامانی گروپەکەی کردۆتە سیاسەتێکی جێگیر‌و بنەمایەکی گرینگی ستر‌کتوری شانۆی “رۆژ”. لەم رووەوە بەم شێوەیە ئەم سیاسەتە هونەری و ڕێک خستنەی گروپەکەی روون دەکاتەوە ( ئێمە چەند یاسایەکمان هەیە، کە لەسەر ئاستێکی بەرز سیاسیین، بۆ نموونە چۆنیەکی لە مووچەدا، هەموومان هەمان مووچەمان هەیە و ڕێز لە پارە دەگرین. بەر لە ساڵی ١٩٨١ پارەیەکی ئێجگار کەممان لە دەوڵەت وەردەگرت، پارە هی وڵاتە و هی ئەوانەیە کە باج ئەدەن، لەبەر ئەوە پێویستە ڕێز لەو پارەیە بگێرێت کە وەری دەگرین. ئەو یاسایانە تا ئێستاش بەکارن. پارە بۆ ئەوەیە، کە ئەزموون و چێژێکی ڕاستەقینە ببەخشین بە بینەران.)
دیمه‌نێک له شانۆگه‌ری “دوایین پەناگەی شەوی کاروانەکان”
ژیان، شانۆ و سیاسه‌ت، لای ئاریان مونشکین یه‌که‌یه‌کی پته‌و و گرینگی شۆڕشێکی به‌رده‌وامه، له‌پێناوی شانۆیه‌کی جیاواز، له‌پێناوی به‌ده‌ست هێنانی یه‌کسانییه‌کی هه‌میشه‌یی و گشتگری مرۆڤایه‌تیدا.
ئاریان مونشکین، وه‌کوو گه‌نجێک، له شانۆی قوتابیانه‌وه ده‌ستی پێکردووه، له زانکۆی سۆربۆن قوتابییه‌کی چالاک بووه، په‌یوه‌ندییه‌کانی به بزووتنه‌وه‌ی قوتابیانه‌وه به‌هێز بوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا و له ته‌مه‌نی بیست و یه‌ک ساڵیدا گروپێکی شانۆیی به‌ناوی (کۆمه‌ڵه‌ی شانۆکارانی قوتابیانی پاریس)ەوە دامه‌زراندووه. هه‌ر له‌م قۆناخه‌دا “ژان پۆل سارته‌ر” بۆ زانکۆی سۆربۆن بانگهێشت ده‌کات تا سه‌باره‌ت به شانۆ قسه‌یان بۆ بکات؛ سارتەر بە گرینگی پێ دانەوە باسی برێشت، شانۆی مەلحەمی، تەکنیکی نامۆبوون، کاریگەریی و تێروانینی برێشتێان بۆ شانۆ بۆ دەکات. ئاریان مونشکین ئاماژە بۆ ئەو سەرەتایە دەکات و دەڵێت (هەر لەوێش لەوە گەیشتم، ئەوەی من لە منداڵییەوە خەونم پێوە دیووە، کە دونیا بگۆریت، ئەوە بە شانۆ و لە شانۆدا دەکرێت.)
ئه‌و گروپه شانۆییه‌ی زانکۆی سۆربۆن ده که‌س بوون و دواتر له ساڵی 1964 دا ته‌نها ئاریان مونشکین خۆی و دوو ئه‌ندامی تریان ده‌مێننه‌وه، ئه‌م سێ هاوڕێیه پێکه‌وه شانۆی “رۆژ” داده‌مه‌زرێنن.
(ئێمە بۆ ناوێک دەگەڕاین بۆ گروپەکەمان، بیرمان لە چەند وشەیەک، وەکوو دەروازەیەک بۆ چۆنییەتی بیرکردنەوەکانمان دەکردەوە، بۆ نموونە جوانیی، ژیان، گەرمی، رووناکی. دواتر لە ئەکتەرەکانم پرسی، کە لە ژیاندا تامەزرۆی چین و حەز لە چی دەکەن، هەموویان وتیان “رۆژ” هەر لەوێدا وتم ئێمە ناومان شانۆی “رۆژ”ە! ئێمە لەم شانۆی رۆژەدا، جۆرە مەملەکەتێکی پادشایەتیمان بۆ خۆمان خوڵقاند، لەوێدا دەمانتوانی بە سەربەستی بەدوای جوانیدا بگەڕێن، کە لە ژیانە ڕاستەقینەکەدا هەبوون.)
هه‌ر له‌م ساڵه‌دا شانۆنامه‌ی (بۆرژوازییه بچوکه‌کان) ی مه‌کسیم گۆرکی نه‌مایش ده‌که‌ن، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧دا به شانۆنامه‌ی (چێشتخانه) له نووسینی “ئه‌رنۆلد ویسکر” زیاتر ده‌ناسرێن و ره‌خنه‌گره شانۆییه‌کان ئاماژه‌یه‌کی جیاوازیان بۆ ده‌که‌ن. له ساڵی 1968 یشدا به شانۆنامه‌ی (خه‌ونی شه‌وێکی چله‌ی هاوین) پێگه‌یان به‌هێز ده‌بێت و ده‌بنه یه‌کێک له گروپه دیاره‌کانی فه‌ره‌نسا.
ئاریان مونشکین له (خه‌ونی شه‌وێکی چله‌ی هاوین) به‌ر له پیته‌ر بروک، ده‌روازه‌یه‌کی نوێ بۆ خوێندنه‌وه‌ی شه‌کسپیر ده‌کاته‌وه، بۆ یه‌که‌مجاریش شه‌کسپیر له ده‌ره‌وه‌ی رێسا ته‌قلیدییه‌کانه‌وه ده‌خوێنێته‌وه. شانۆی “رۆژ” لەم قۆناخەدا زیاتر پەنایان بردۆتە بەر شانۆی جیهانی و دەقی نووسەرە گەورەکان، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز، بە فۆرمێکی نوێ و بە ڕۆحییەتێکی ئەزموونگەری نەمایشیان کردووە.
ئاریــــــان موشکین
په‌راوێزه‌کان
1١-ئاریان مونشکین له ساڵی 1939 له پاریس له دایکێکی ئینگلیز و باوکێکی په‌ناهه‌نده‌ی رووس له‌دایک بووه، باوکی له جوله‌که رووسه‌کان بووه و وه‌ک په‌نابه‌رێک له فه‌ره‌نسا گیرساوه‌ته‌وه، له بواری فیلم و به‌رهه‌مهێنانی فیلم و سینه‌مادا کاریکردووه، بەم کارەشی بوارێکی فراوانی بۆ ئاریان مونشکین _ ێکی منداڵ ره‌خساندووه تا له‌نێو ستۆدیۆ، کامێرا و ئه‌کته‌ره‌کاندا حه‌زی سینه‌ما و شانۆی لەلا گەشە بکات.
٢-له ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌ی دواییدا، بینه‌ران و ره‌خنه‌گر و لێکۆڵه‌ره‌وان، له هه‌موو جیهانه‌وه روویان کردۆته پاریس تا له نزیکه‌وه کار و پرۆژه شانۆییه‌کانی پیته‌ر بروک و ئاریان مونشکین ببینن. ئه‌م دوو ریژیسۆره له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ر و هونه‌رمه‌ندی کولتووری جیاواز کارده‌که‌ن و پرۆژه‌کانیان له بۆته‌ی پرۆسه‌یه‌کی چڕ و دوور‌و درێژدا، به مه‌به‌ستی لیکۆڵینه‌وه، تاقیکردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی هونه‌ری شانۆدا کارده‌که‌ن.
٣-ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه، که ئه‌م دوو شانۆکاره گه‌وره‌یه، هه‌رگیز باسی یه‌کتریان نه‌کردووه و به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماژه‌شیان به کاره‌کانی یه‌کتر نه‌داوه، ته‌نها خاڵێکی هاوبه‌شیش که ئه‌م دوو ریژیسۆره گه‌وره‌یه کۆبکاته‌وه، تێڕامان و گه‌ڕانه‌وه و سوود وه‌رگرتنه له شه‌کسپیر و له شانۆی توندوتیژی ئه‌نتۆنین ئارتۆ.
٤-ئاریان مونشکین خۆی به هه‌موو کارێک هه‌ڵده‌ستێت، بۆ نموونه ده‌رگای شانۆکه‌یان به‌ڕووی بینه‌راندا ده‌کاته‌وه، بلیته‌کانیان لێوه‌رده‌گرێت، گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌کات و پیشوازییان لێ ده‌کات.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.