دیدی من
دانا ڕەئووف
شانۆی “رۆژ” له ساڵی 1969 دا به شانۆنامه‌ی (لێبووکه‌کان) پێ ده‌نێته قۆناخێکی تری کاره‌کانیانه‌وه، لیبووکه‌کان پرۆژه‌یه‌ک ده‌بێت چ له رووی تێکست و چ له رووی ئاماده‌کردنی نه‌مایشه‌که‌وه، به چاودێریی و سەرپەرشتی ئاریان مونشکین، به کاری هه‌ره‌وه‌زی و راگوزاری پێکه‌وه بنیاتی ده‌نێن.
(لێبووکه‌کان) کارێکی ئاسایی نابێت، وێنه شانۆییه‌کان، ناوه‌رۆکه قووڵ و فه‌لسه‌فییه‌که‌ی، بۆ نموونه، ته‌نهایی و غه‌مگینی رووکاری ناوه‌وه‌ی لێبووکێکی گاڵته‌ئامێز، وابه‌سته‌ی ژیانی ده‌ره‌وه و روواڵه‌ته دیار و به گه‌مه‌کردنی واقیع ده‌بێت. له‌م به‌رهه‌مه‌دا سێرک و ژیانی ئاسایی، کۆن و نوێی، شانۆی ئیتالی و شانۆی “ن‌و”ی ژاپۆنی پێکه‌وه کۆده‌که‌نه‌وه، نه‌مایشێک پێشکه‌ش ده‌که‌ن زیاتر له سێرکه‌وه نزیک بووه وه‌ک له شانۆ.
هۆڵی شانۆی ڕۆژ
له ساڵی 1969 دا ئه‌م گروپه و له‌سه‌ر داوای (ژان فیله‌ر) که دامه‌زرێنه‌ری فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن بووه، به نه‌مایشی (لێبووکه‌کان) به‌شداری ده‌که‌ن، ئه‌م کاره‌ش ده‌بێته یه‌کێک له پرۆژه هه‌ره به‌رز و جیاوازه‌کانی ئه‌و ساڵه‌ی فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیون. شانۆنامە و نەمایشی (لێبووکەکان) چەکەرەی شانۆیەکی فیزیکی و میللیی لەلای ئاریان مونشکین و شانۆی “رۆژ” دەکات و پێناسە هونەرییەکەیان ڕوون دەکاتەوە.<٥>
شانۆی “رۆژ” گروپێکی ئاسایی نییه، چ له رووی چۆنییه‌تی و چ له ڕووی ئاستی به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه، میتۆدی کارکردن، بنه‌مای دارایی و پرۆفیله هونه‌رییه‌که‌یان جیاوازه، به‌بێ گومان به یه‌کێک له باشترین گروپه شانۆییه‌کانی ئه‌وروپا داده‌نرێت.
شانۆی “رۆژ” بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌کیان چه‌ندین مانگ، شه‌و و رۆژ مه‌شق و پرۆڤه ده‌که‌ن، پێکه‌وه ده‌ژین و هه‌موو پرۆڤه‌یه‌کیان رۆنانی ئه‌زموونێکی تازه‌یه بۆ ئه‌وان. دابه‌شکردنی رۆڵی شانۆنامه‌کانیش، دوای دوو تا چوار مانگ له مه‌شق و پرۆڤه‌یه‌کی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌کته‌ره‌کان به‌ر له بڕیاری کۆتایی ئاریان مونشکین، له‌گه‌ڵ هه‌موو رۆڵ و کاره‌کته‌ره‌کاندا، له هه‌موو روویه‌که‌وه ئاشنا ده‌بن.<٦>
دیمەنێک لە شانۆیی “تەپڵەکانی سەر خەندەقە گەورە پڕ ناوەکە”
چەمکی سەفەرو شانۆیەکی سەخت
کار‌و پرۆژەکانی شانۆی “رۆژ” سەفەرێکی سەختە بە دوای فۆرمێکی تری شانۆدا، هەر لەم ڕووەوە ئەم شانۆیە، بەشێوەیەکی بەهێز پابەندە بە چەمکەکانی سەفەرکردنەوە. هەموو نەمایشێک گەشتێکە بۆ خۆی، لەوێدا هەموو گروپەکە، وەکوو پاپۆرێکی گەورە وان، دەریا بێ سنوورەکان دەبڕن بۆ ئەوەی بە دوای شتە نادیار‌و نەناسراوەکاندا بگەڕێن. ئەم شانۆیە تەنها بەدوای فۆرمێکی تازەدا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای هەست و سۆزێکی تازەشدا. یەکەم سەفەرەکانیش، سەفەری ئاریان مونشکین بووە بۆ ئاسیا، مێژوو شانۆی “رۆژ” یش لەو سەفەرەوە دەست پێ دەکات و تائێستاش بەردەوامە.
ئاریان مونشکین دەڵێت (یەکەم سەفەرم لە ساڵی ١٩٦٣- ١٩٦٤، بەر لەوەی شانۆی رۆژ دابمەزرێنم، کرد. من دەموویست بچم بۆ چین، بەڵام فیزەیان نەدامێ، لەبەر ئەوە چووم بۆ هیندستان، لەوێشەوە بۆ ژاپۆن. لە ژاپۆن سەرلەنوێ شانۆی ئاسیاییم دۆزییەوە، کە لەوەوبەر بەشێکی زۆر بچوکیم لە فیستیڤاڵی شانۆی گەلان دی بوو. بێگومان نەم دەزانی، کە ئەم سەفەرە بە چ ئاراستەیەک و چۆن ئەزموونی من دەوڵەمەند دەکات، بەڵام دوایی لەوە گەیشتم ، کە تائێستا کاریگەری خۆی هەیە. من لەوێ هەستم دەکرد، کە هەمووشتێک مێتافۆرە و ژیانی رۆژانە جۆرە ریتواڵێکە، یان ژیانی رۆژانە بە تەواوی ریتواڵی کرا بوو. هەموو شتێک بە جەستەو زمانی جەستە باڵا دەست بوو، هەموو شتێک بە شێوەیەک لە شێوەکان شانۆ بوو.)
تەکنیکەکانی شانۆی رۆژهەڵات، چ لە چین، ژاپۆن یان هیندستان دەبێتە بەشێک لە ئامرازەکانی، لە تەکنیک، جۆری بیرکردنەوەو دیدی ئاریان مونشکین بۆ کار و خۆێندنەوەوکانی. ئاریان مونشکین بە شانۆی “رۆژ” و گەرانەوە بۆ شانۆی ڕۆژهەڵات شانۆی ئەوروپی دەوڵەمەند دەکات و ئەزموونێکی تری بێ وێنەی پێ دەبەخشێت.
ئاریان مونشکین لەو گەشتەوە، لە رۆژهەڵاتەوە پێناسەی هونەری خۆی، چەمکەکانی شانۆیەکی فیزیکی و تەکنیکێکی نوێ بۆ شانۆی جیهانی؛ رۆژهەڵات/ رۆژئاوا لە فۆرمێکی تایبەتی خۆیدا دەدۆزێتەوە. لە رۆژهەڵاتەوە بۆچوونە سیاسییەکانی قووڵ دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی پشت بکاتە شانۆ‌و تەکنیکەکانی شانۆی رۆژئاوا، زمانێکی گلووبالیزم دەبەخشێتە شانۆی رۆژهەڵات و سەفەرێکی هەتا هەتایش بۆ شانۆی “رۆژ” دەستەبەر دەکات. لە بەشەکانی تری ئەم باسەدا زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەم مەسەلەیە.
دیمەنێک لە فیلمی مۆلێر
شۆڕشی فه‌ره‌نسی و بنەماکانی شانۆیەکی میللیی
شانۆی “رۆژ” لە دوای نەمایشی (لێبووکەکان)ەوە برەو بە کارەکانیان ئەدەن، لە تەکنیکەکانی شانۆی راگوزاریدا قووڵ دەبنەوە و بە دیدێکی هەمەلایەن و گیانێکی هەرەوەوزییەوە رووبەرووی ئایندە دەبنەوە. سەرکەوتنی (لێبووکه‌کان) وزەیەکی تریان پێ دەبەخشێت، کەسانی تریان لەدەور کۆدەکاتەوە، دید و بۆچوونەکانیان روون و ئاشکراتر دەبن. ئەم گروپە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز و هەموو دەرگاکانیان بە شیوەیەکی تر بۆ دەکرێتەوە. شانۆی “رۆژ” لە سەرەتای حەفتاکاندا سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە، لە ژێر کاریگەری شۆڕشە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٦٨ی پاریس بە تایبەتی و هەموو فەرەنسا بە گشتی، گۆمێکی مەنگ دەشڵەقێنێت و مێژوو دەکاتە شانۆ، شانۆش دەبێتە میژوویەکی بەهێزی بەردەوام.
ئەم گروپە بە میتودەکانی شانۆی ڕاگوزاری دەگەرێنەوە بۆ مێژوو، تا مێژوو لەو ساتەدا بخوێننەوەو مێژوویەکی تر بۆ خۆیان و بۆ شانۆی “رۆژ” تۆمار بکەن. گەرانەوەش بۆ مێژوو و بە شانۆکردنی مێژوو کارێکی سەختەو ئەزموون و دیدێکی ئاشکراو نووسەر و رێژیسۆرێکی بەتوانای دەوێت، ئەم مەرجانەش لە ریژیسۆرو ئەکتەرەکانی ئەو گروپەدا هەبوون. هەر لەبەر ئەوە شانۆی “رۆژ” به هه‌ردوو شانۆنامه‌ی (1789) و (1793) سه‌باره‌ت به شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی، ناوبانگێکی گه‌وره‌ی هونه‌ری له‌سه‌ر ئاستی فه‌ره‌نسا و هه‌موو ئه‌وروپا به‌ده‌ست ده‌هێنن.<٧>
ئاریان مونشکین له‌م نه‌مایشانه‌دا له چەمک و پێوەدانگە گشتگرو هەمەلایەنە و گرینگه‌کانی شانۆیه‌کی میللیی فه‌ره‌نسی، بە تایبەتی لە چاخەکانی ناوەڕاستدا نزیک ده‌بێته‌وه. ره‌خنه‌گری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی “بێرنارد دۆرت” دوای بینینی ئه‌م نه‌مایشانه ده‌ڵێت (شانۆی رۆژ گروپی سه‌رده‌مێکه، ئه‌مه یه‌که‌مجاره له سه‌ره‌تاکانی ژان فیله‌ره‌وه ئێمه رووبه‌ڕووی شانۆیه‌کی راسته‌قینه‌ی میللیی فه‌ره‌نسی ده‌بینه‌وه.) هه‌موو ئه‌کته‌ر و ئه‌ندامانی شانۆی “رۆژ” پێکه‌وه بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م پرۆژه‌یه چه‌ندین دێکۆمێنت، وێنه، فاکته، زانیاری سه‌باره‌ت به شۆڕشی فه‌ره‌نسی کۆده‌که‌نه‌وه، دوای ئه‌وه رووداو و که‌سایه‌تییه‌کانیان هه‌ڵبژاردووه و به‌ڕیگای راگوزاری بۆ شانۆ ئاماده‌یان کردۆته‌وه.
ئاریان مونشکین دەڵێت (من پێشنیاری ئەوەم بۆ ئەکتەرەکان کرد، کە شانۆنامەی (١٧٨٩) پێشکەش بکەین، بۆ ئەوەی لەو ئەگەرانە بکۆڵینەوە، کە شانۆ چۆن باسی بابەتێکی وەکوو شۆڕش دەکات. بەرجەستەکردنی “شۆڕش” لە دەقێکی شانۆیدا، ئێمە ناچار دەکات ئەم مەسەلەیە لە هەموو لایەنەکانییەوە هەڵبسەنگێنین و بەتەواوی بیری لێ بکەینەوە. خودی پرۆسەی بیرکردنەوەکە لە دەقەکەوە دەستی پێ کرد، بەڵام ڕەنگی باروودۆخە کۆمەڵایەتییەکەی لە خۆدەگرت. ساڵی ١٩٧٠ ساڵێکی تایبەتی بوو، بۆ هونەرو بۆ ژیانی سیاسیمان.)
شانۆی “رۆژ” له دوو توێی کتێبی مێژوو و ئه‌و رووداو و شه‌ڕه راسته‌قینانه‌وه، که سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کانیان کردوویانه، شۆڕشی فه‌ره‌نسی ناگێڕێته‌وه، به‌ڵکو به‌و شێوه‌یه‌ی که گه‌لی فه‌ره‌نسی، ئه‌و گه‌له‌ی خۆیان دروستکه‌ری شۆڕشەکە بوون و به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ستیان به‌و شۆڕشه کردووه و بینیویانه، بگێڕنەوە. ئاریان مونشکین هه‌موو نه‌مایشه‌که له روانگه‌ی میلله‌ته‌وه به‌رجه‌سته ده‌کات و میلله‌تیش رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت. کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ر پێکه‌وه، به وێنه، به سه‌ما، بە جەستە، بە بەکارهێنانی شانۆی بووکەڵە، گۆرانی، گەمەی لێبووکەکان، پانتۆمایم و هونەری ئەکرۆپاتیک گوزارشت له شۆڕش ده‌که‌ن. له‌م نه‌مایشه‌دا ئه‌ندێشه ده‌بێته واقیع، وێنه ئه‌فسانه‌ییه‌کانیش ده‌بنه مێژوو. واقیع و مێژوو، لە چرکەساتەکانی ئێستا‌و لەم کاتەدا شۆڕشێکی تر هەڵ دەگیرسێنن، شۆرشێک کە بنەماکانی لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەوە سەرچاوەی وەرگرتووە.<٨>
به‌شی یه‌که‌می ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌ستپێک بووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌تا پڕ له هیواکانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی. ئاریان مونشکین بۆ ئەم مەبەستە ژینگە و ئەتمۆسفێرێک دەخوڵقێنێت، بۆ ئەوەی بینەرەکانی ئەو هیوایەی سەرەتاکانی شۆرشی فەرەنسییان بێتەوە یاد. هیوایەکی نوێ لە شۆڕشە جەماوەرییەکەی سەردەمی خۆیانەوە، ببەخشێت بە بینەرەکانی.
ئاریان موشکین لە شانۆی ڕۆژ
شانۆی “رۆژ” بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م شانۆنامه‌یه و گێڕانه‌وه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی، شێوازێکی داستانی هه‌ڵده‌بژێرێت و به حیکایه‌تخوانێک، که ده‌ڵێت: رۆژێک له رۆژان /…/ ده‌ست پێده‌کات. به‌ڵام دواتر نه‌مایشه‌که فۆرمی گێڕانه‌وه و سه‌رگوزشته له‌خۆناگرێت، به‌ڵکو ده‌بێته ئاهه‌نگێکی میللیی و به‌رجه‌سته‌کردنی ئازاره‌کانی میلله‌ت و پیشاندانی پێشێلکردنه‌کانی مافی مرۆڤ.
ئه‌کته‌ره‌کانیش وه‌کوو کاره‌کته‌ری لێبووک، گاڵته‌گێڕه‌کان، پاڵه‌وانباز و بووکه‌ڵه وابوون، جارێک رووداوه‌کانیان گێڕاوه‌ته‌وه و جارێک رووداوه‌کانیان نه‌مایش کردووه. شانۆی “رۆژ” له رێگای رۆچوونه خواره‌وه به ژیانی بێده‌ره‌تان و چه‌وساوه و هه‌ژار و هونه‌رمه‌نده گه‌ڕۆکه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، چیرۆکه‌که‌یان گێڕاوه‌ته‌وه، له رووی فۆرمیشه‌وه توانیویانه هاوسه‌نگییه‌ک له‌نێوان شانۆی داستانی “برێشت”، شانۆی میللیی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست و دیدی خۆیاندا دروست بکه‌ن.
ئاریان مونشکین له‌م کاره‌یدا ده‌توانێت زیره‌کانه بوارێک له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا بنییات بنێت، بوارێک که وا له بینه‌ران بکات به شێوه‌یه‌کی تر بڕواننه نه‌مایشه شانۆییه‌که و دیدێکی ره‌خنه‌گرانه و بابه‌تییان هه‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا ئه‌و بارودۆخەش بۆ بینه‌ران بڕه‌خسێنێت، که سه‌رله‌نوێ و به شێوه‌یه‌کی تر مێژوو بدۆزنه‌وه. ئاریان مونشکین دووپاتی ئه‌وه‌ی کردۆته‌وه، که ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌م ساته‌دا، وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک به‌شداری له مێژوودا بکات، چەمکەکانی شۆرش زیندوو بکاتەوە، نه‌ک مێژوو وه‌ک خۆی بگێڕێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌تمۆسفێره ئاهه‌نگئامێزه میللییه‌کانی ئه‌وکاته‌ی پاریس زیندوو ده‌کاته‌وه، پانتایی شانۆکه دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر پێنج شوێنی جیاوازی نواندندا و بینه‌رانیش توانیویانه به سه‌ربه‌ستی به‌نێو ئه‌م پێنج شانۆیه، له‌ناو خودی هۆڵی شانۆ گه‌وره‌که‌دا بجوڵێن. بەم شێوەیەش ئاهەنگ و گەمە و شانۆ و نەمایشی لێبووکی سەرشەقامەکانی پاریسی ١٧٨٠ کانی زیندوو کردۆتەوە. شانۆنامه‌که‌ش له‌و خاڵه‌دا کۆتایی پێدێت، که بۆرژوازییه‌کان و دوای سه‌رکه‌وتنی میلله‌ت، میلله‌ت په‌راوێز ده‌خه‌ن و خۆیان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست.
نه‌مایشی (1789) و (1793) که ئاریان مونشکین له‌سه‌ر بنه‌ماکانی شانۆی راگوزاری و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کان پێکه‌وه نووسیویانه، چیرۆکێکی مێژوویی، به‌پێی زنجیره‌ی رووداوه‌کان له‌خۆناگرێت، ئه‌کته‌ره‌کانیش به مانا ته‌باکه‌ی هونه‌ری نواندن له رۆڵه‌کانیاندا بزر نابن، به‌ڵکو زنجیره لۆژیکییه‌که‌ی رووداوه‌کان ئاڵ‌وگۆڕیان پێکراوه‌و دراماتۆرگییه ته‌قلیدییه‌که‌یان تێک شکاندووه، وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌شم بۆ کردووه، نمایشەکە له ڕوانگه‌ی رۆڵی میلله‌ته‌وه ده‌بێته ئاهه‌نگێکی میللیی گه‌وره‌ی شانۆیی.
ناونیشانی شانۆنامه‌کانیش، به‌شی یه‌که‌م 1789 و به‌شی دووه‌میش 1793 که کۆمه‌ڵێک رووداو له ساڵه‌کانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی له‌خۆده‌گرێت، بۆ شانۆی “رۆژ” و ئاریان مونشکین گه‌ڕانه‌وه، به‌ستنه‌وه و به‌رجه‌سته‌کردنی رووداوه‌کانی ساڵی 1968 و مانگرتن و بزووتنه‌وه‌ی قوتابیانی زانکۆکانی پاریس ده‌بێت. دوای نه‌مایشکردنی شانۆنامه‌ی 1789 بینه‌ران به‌هیج شێوه‌یه‌ک قایل نابن بڕۆنە دەرەوە، بەڵکو تا بەرەبەیان لەگەڵ ئەکتەرەکان و ئاریان مونشکین لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە لەناو خۆیاندا دەکەونە گفتوگۆ و وتووێژێکی چڕەوە.
شانۆی “رۆژ” هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندییەکی تایبەتمەندیان لەگەڵ بینەرەکانیاندا دروست کردووە، پێکەوە نان دەخۆن و پێکەوە سەیری نەمایشەکانیان دەکەن. ئاریان مونشکین دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە ئەوان بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان لە لایەن بینەرانەوە هەیە. “ئەوە زۆر گرینگە کە بینەران، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بووە، هەندێک جار لە ماوەی چەند مانگێکدا بڕوای خۆیان بە ژیان و بە مرۆڤایەتی بۆ بگەڕێتەوە، بڕوا بە کراوەیماندا بە ڕووی یەکتریدا، بڕوا بە جوانی و بە سۆزیی دەروونماندا”
ئاریان مونشکین له به‌شی دووه‌میشدا 1793 به چه‌شنی به‌شی یه‌که‌م، له خواره‌وه، له میلله‌ته‌وه سه‌یری شۆڕشی فه‌ره‌نسیی کردووه، بۆ نموونه “دانتۆن” و “مارا” که دوو فیگوری گرینگی شۆڕشی فه‌ره‌نسی بوون، بوونیان نییه، له‌بری ئه‌وان خه‌ڵکی ئاسایی: نانه‌وا، ئاسنگه‌ر، کرێکار، رۆشنبیر، قوتابی، ئافره‌ت… هتد کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌مایشه‌که بوون.
دیمەنێک لە شانۆیی تەرتووف
شانۆی “رۆژ” له شه‌سته‌کاندا شانۆیه‌کی تایبه‌تمه‌ندیان نه‌بووه و هه‌ر نه‌مایشێکیان له‌سه‌ر شانۆیه‌ک، یان له گۆڕه‌پانی یاری و پانتاییه به‌رینه‌کانی سێرکدا پیشکه‌ش کردووه، به‌ڵام له ساڵی 1970 دا له ده‌ره‌وه‌ی شاری پاریس و له یه‌کێک له خانووبه‌ره چۆڵکراوه‌کاندا، له هۆڵه‌کانی کارگه‌یه‌کی ته‌قه‌مه‌نی کۆندا ده‌گیرسێنه‌وه. لەم شوێنەدا به‌پێی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان و به ده‌ست و بازوی ئه‌ندامه‌کانی شانۆی “رۆژ” ئه‌و شوێنه نۆژه‌ن ده‌که‌نه‌وه، ده‌یکه‌نه پلاتفۆرم و یه‌کێک له ته‌لیسماویترین پانتاییه‌کانی شانۆ له جیهاندا.<٩>
ئەندامەکانی شانۆی “رۆژ” لەبەر ئەوەی هیچ داراییەکیان نەبووە، بوونەتە کرێکار، شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و تەنها بە سێ هەفتە، ئەو کەلاوە گەورە بەجێ هێڵراوەیەیان کردووە بە شانۆ. ئاریان مونشکین دەڵێت (ئەوە موجیزە بوو، شانس نەبوو، بەڵکو موجیزەیەکی گەورە بوو.)
له‌م قۆناخه‌دا ئه‌ندامه‌کانی شانۆی “رۆژ” ئه‌کته‌ری ته‌واوه‌تی و ده‌رچووی ئامۆژگاکانی هونه‌ری نواندن نه‌بوون، به رۆژ کاریان کردووه بۆ په‌یداکردنی بژێوی ژیانی رۆژانه‌یان و به شه‌ویش له‌گه‌ڵ ئاریان مونشکین ژیاون، مه‌شقی شانۆ و کاره هونه‌رییه‌کانیان کردووه.
ئاریان مونشکین خۆی، کە لە یەکێک لە قوتابخانە نێونەتەوەییە بەناوبانگەکانی پاریس و لە ژێر دەستی مامۆستاییەکی گەورەی وەک Jacques Lecoq پانتۆمیمی خوێندووە، وانه‌کانی نواندن، پانتۆمایم، گۆرانی و ته‌کنیکی ده‌نگ، ئه‌کروپاتیک، هونه‌ری راگوزاری و سه‌مای له روانگه‌ی پرۆژه‌کانیانه‌وه پێ گوتوون، له هه‌موو روویه‌که‌وه هاریکاری و ئاماده‌ی کردوون. له‌م قۆناخه‌دا راگوزاری و کاری هه‌ره‌وه‌زی، به تایبه‌تی له بواری نووسینی ئه‌و شانۆنامانه‌ی که پێشکه‌شی ده‌که‌ن، ده‌بن به یه‌کێک له مۆرک و سیما گرینگه‌کانی ئه‌م گروپه شانۆییه. ئەو پەیوەندییەی ئاریان موشکین بە گروپ و ئەکتەرەکانییەوە، لەسەرەتای دامەزراندنی شانۆی “رۆژ”ەوە دروستی کردووە، تائێستاش یەکێکە لە بنەما گرینگەکان و نهێنی سەرکەوتنی ئەم هونەرمەندە. هەر لەبەر ئەوەشە مرۆڤ لەگەڵ هەموو نەمایشێکی نوێ‌دا، شتێکی تازەو چاوەڕوان نەکراو دەبینێت. هەمیشە شتێک لە نێوان ئەو و گروپەکەیدا ڕووئەدات، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستە بە یاسا نهێنییەکانی شانۆوە. هەر ئەو یاسا نهێنیانەشە پەیوەندییەکانی ئەوانی، وەک تۆری جاڵجاڵۆکە چنیووە بە کۆمەڵێ کۆد و بنەمای تری کۆمەڵایەتی، هونەری، سیاسی و داراییەوە. کە سەیری نەمایشەکانی ئەم هونەرمەندە، ئەم گروپە دەکەیت، وەک ئەوە وایە ڕێگایەکی نادیار و شاراوە بگریت. ئەکتەرەکانی جیهانە مەزنە پڕ لە فەنتازیاکەی منداڵ دەخوڵقێننەوە، چونکە ئاریان مونشکین، بەڕای هەموو پسپۆرانی بواری شانۆ، خۆی توانیوویەتی ئەو جیهانە لە خۆیدا بپارێزێت. بینەرانیش بەشداری خوڵقاندنی ئەو پرۆسەیەن.
پەراوێزەکان
٥-هەر زوو ئاریان مونشکین بە میراتگری ترادیشونە قووڵ و دەوڵەمەندەکەی (ژان فیلەر) ئاماژەی بۆ دەکرێت.
٦-له‌م شانۆیه‌دا، رۆڵه‌کان به شێوه ته‌قلیدییه‌کان دابه‌ش ناکرێن، به‌ڵکو ئه‌کته‌ره‌کان، دوای پرۆڤه‌یه‌کی به‌رده‌وام ئه‌و کاره‌کته‌رانه ده‌دۆزنه‌وه، که له‌وانه‌وه نزیکه.
٧-ئه‌م دوو شانۆنامه‌یه بۆ ته‌له‌فزیۆن تۆمار ده‌کرێت و دواتر له زوربه‌ی که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی ئه‌وروپادا بڵاوده‌کرێته‌وه.
٨-شانۆنامه‌ی 1789 بۆ یه‌که‌مجار له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1970 دا له‌سه‌ر شانۆی پیکۆلۆ Piccolo Teater له میلانۆ نه‌مایش ده‌کرێت، دوای ئه‌وه شانۆی رۆژ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پاریس و له‌سه‌ر شانۆکه‌ی خۆیان پیشکه‌شی ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر له‌م ساڵه‌شدا ریژیسۆر و شانۆکاری گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی (ژان فیله‌ر) ده‌مرێت. ژان فیله‌ر هه‌میشه گه‌ره‌کی بووه، که به شانۆ و له باوه‌شی شانۆدا ئاهه‌نگێکی میللیی گه‌وره دروست بکات.
٨-که ئاریان مونشکین له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا، شانۆکه‌ی ده‌گوێزێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی پاریس و بۆ ناو هۆڵێکی کۆنی داخراو، چه‌ندین گروپی تر له سه‌رانسه‌ری فه‌ره‌نسادا داده‌مه‌زرێن. به‌کارهێنانی ئه‌و شوێنه کۆنه‌ش وه‌ک شانۆ ده‌بێته مۆدێل و هێماگه‌لێک بۆ شانۆکاره‌کان، هه‌موو گروپه‌کان ده‌یانه‌وێت شانۆکانیان ببه‌نه ئه‌و جۆره شوێنانه. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شوێنه بۆ ئاریان مونشکین و له ده‌ره‌وه‌ی شاری پاریس، ته‌نها دیدێکی هونه‌ری و پێداویستییه‌کی دارایی نابێت، به‌ڵکو هه‌ڵوێستێکی سیاسی و هونه‌ری بووه، ویستوویه‌تی شانۆیه‌کی میللیی و جیاواز دروست بکات.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.