28/03/2024
DidiMn Logo
Top

شیعری ژن لە هاوکێشە ئەدەبییەکاندا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

سۆران خدر

ئەو هەستوسۆز و گڕکانەی لای ژنان بەگشتی و ژنە شاعیرەکان بەتایبەت هەیە، شتێکی زۆر دەگمەن و بەجۆشە، لە بنەڕەتدا ئەو هەستەی لە ناخی ژنەوە هەڵدەقوڵێت زۆر جیاوازە لەوەی پیاو و زۆریش گەرموگوڕترە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش زۆربەی خانمە شاعیرەکانی ئێمە نەیانتوانیوە ئەو کەفوکوڵەی ناخیان لە فۆرمێکی شیعری باڵادا بەرجەستە بکەن و بە هۆیەوە شاکاری گەورە لەدایک بێت، هەر بۆیەشە دەبینین زۆربەی تێکستە جوانەکان هیی پیاوانن.

ژن زیاتر خۆی دەداتە دەست داواکاریەکانی دڵی، بەڵام پیاو بە پێچەوانەوە، زۆربەی جار پشت بە عەقڵ و لۆژیک دەبەستێت، لە ڕاستیشدا شیعر بەرهەمی ئەو تەوژم و هەستوسۆزەی دڵە نەک تێڕامانی عەقڵ و بیرکردنەوە، هەر بۆیەش زۆرجار گلەیی لە شاعیرەکان دەکرێت و دەگوترێت لە ناو دونیای ئەفسووناویی خۆیاندا دەژین نەک لە کێشمەکێش و چەرمەسەرییەکانی ژیان، هەندێک ڕەخنەگری جدیش هەن، دەڵێن لەو سەردەمە کە خوێنی منداڵ وەک جۆگەلە دەڕژێت و بە هەزاران کەس شوێنێکیان نییە شەوی تێدا ڕۆژ بکەنەوە و مرۆڤ لە هەموو شتێک بێ بەهاترە، شکانی باڵی پەپوولە و ئێوارانی زەردەپەڕ و کانیاوی پڕ لە زیخ و شەونمی بەرەبەیان، دەبێت چ درۆیەکی ناشیرین و قێزەون بن کە شاعیرەکان پێی مەست و سەرسام دەب.  ئەو نموونەیە بۆ ئەوەیە ئاشنا بین بە پەیوەندیی شیعر بە هەستوسۆزی تاکەوە، کەواتە شیعر کەرەستەیەکە لە ژن نزیکترە وەک لە پیاو، بۆیە لێرەدا هەقی خۆیەتی بپرسین ژنە شاعیرەکانی ئێمە لە کوێی ئەو هاوکێشە ئەدەبییەدان؟ کوان دەنگە دیار و ڕێچکەشکێنەکان؟ بۆچی زۆربەی زۆری بەرهەمەکانی خانمان کرچوکاڵن و نەیانتوانیوە لەو بوارەدا هەنگاوی گەورە بنێن و خۆیان وەک شاعیری جدی بناسێنن؟

13537737_1078644572204961_6170377510924162578_n
ئەگەر هەوڵ بدەین هەندێک نموونە باس بکەین و بابەتەکە شی بکەینەوە ئەوا دەکرێت ڕاشکاوانە بڵێین نالی، مەحوی، شێخ ڕەزا، گۆران و هێمن هەریەکەیان تەمسیلی قۆناغێک لە قۆناغەکانی شیعری کوردی دەکەن، ئەی باشە کام ژنە شاعیر ڕێبەری یەکێک لە قۆناغەکانە؟ ئەگەر باس لە ساڵانی دواتریش بکەین هەر بە هەمان شێوەیە، قۆناغی شیعری عەبدولڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەتمان هەیە، بەڵام قۆناغی کەژاڵ ئەحمەدمان نییە، ڕاستە کەژاڵ دەنگێکی داهێنەرە و خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و جێپەنجەی دیارە، بەڵام بەو مانایە نییە لە ئەدەبیاتی کوردیدا خاوەن قۆناغێکی تایبەت بە خۆی بێت، وەک چۆن لە ئەدەبیاتی فارسدا فروغ فروخزاد هەیە. ئەوە بۆ ژنە شاعیرەکانی تریش دەست دەدا، شیعری چۆمان هەردی، مەهاباد قەرەداغی، لازۆ ئازاد، چنور نامیق، کۆچەر ئەبوبەکر و خەندە ئیسماعیل‌مان هەیە، بەڵام تەنیا وەک شاعیر نەک وەکو ڕێبەرانی شیعری هاوچەرخ.

سەرەنجام، ئێمە تێکست و شیعری ئاستبەرزی ژنمان هەیە، بەڵام ئەو جۆرە شیعرە تا ئێستا نەیتوانیوە وەک پێویست خۆی بسەلمێنێت و لە شیعرەوە هەنگاو بەرەو قۆناغبوون بنێت، بەڵکو تەنیا لە دوورە بەر گوێمان دەکەوێت و کەم کەس دەیبیستێت. ئاشکراشە کێشەکە لە گوێی خەڵکەکە نییە، بەڵکو کێشە لە نزمیی دەنگەکە خۆیەتی.

هاوبەشی بکە

Soran Xdr, Wtari Kteb, Zhn,