24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئایا مرۆڤەکان توانای ئەوەیان هەیە درك بە یەكدیی بکەن؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – مەجەلێيێ نەبێشت
تراڤيس كيركوود
له فارسييەوه: سەليم جەمال

ئایا مرۆڤەکان لە یەکتری تێدەگەن؟ ئەوە پرسیارێکی زۆر بەربڵاو و گشتییە، بەڵام بەهای دووبارە لێپرسینەوەی هەیە. وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێویستیی بە زانیاریگەلێکی گرنگ و ئاگاییەکی قووڵ هەیە بۆ حەقیقەتەکان. نووسەر و بیرمەندانی هاوچەرخ، بە شێوازێکی ئەوتۆ درکیان بە بەهای فەلسەفە و زانست نەکردووە، بەڵام دەروونناسە گەورەکانی سەدەی بیستەم و (زۆرێك لە فەیلەسوفانی بەر لە ئەوانیش) درکیان بە بەهای ئەو پرسە کردبوو. واتە کتێب و بەرهەمەکانی ئەوانن کە ڕووە شاراوەکەی مرۆڤیان پتر نیشان داوە.

بە درێژایی مێژوو، مرۆڤ بە بەردەوامی هەڵەکانی خۆی دووبارە کردووەتەوە؛ چونکە بوونی سنووردار و خەوشداری ئێمە لێوانلێوە لەو هەوەسانەی کە دەبێتە هۆکاری هەڵەی دووبارە و مێژوویی. بە هەڵەتێگەیشتنیش یەکێكە لەو هەڵانەی کە هەندێك جار ترسناکە و سنوورەکان دەبەزێنێت. نابێت بە هەڵەتێگەیشتن و سەرچاوەکانی بە نادیدە وەربگرین. زۆرینەی جار، بە هەڵەتێگەیشتن بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگ، عەشیرەتگەريی و توندڕەوی سیاسی؛ هەرگیز ئەمە شتێکی تازە نییە. هۆکاری ئەو بە هەڵەتێگەیشتنەی نێوان مرۆڤەکانیش سەرچاوەکەی یەك شتە بە ناوی ئاڵۆزکاویی یاخود گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان شتەکان.

گرژیی و ئاڵۆزی دنياى ئێمە نایەتە وەسفکردن: زمان، جوگرافیای سیاسی، ئابووری، دەروونناسی، گەردیلەی بوونیادیی یان فیزیای کوانتۆم، خودی مێژوو و گەلێك لە قەڵەمڕەوەکانی دیکەيش. لە ڕاستیدا ئێمە بینەری زەریایەکی پڕ لە گومان و ناڕوونيين، هەر بۆیەيش دەڵێن کە ئەو شتانەی نایانزانین زۆر زێدەترە لەو شتانەی کە دەیانزانین. ئێمە بوونەوەرێکی سنووردارین، لە ناو دنیایەکی پڕ پێچووپەنا. بگرە توانای ئەوەشمان نییە تاوەکو درك بە خودئاگایی خۆمان بکەین، يانيش شییان بکەینەوە.

هەندێك پێيان وايه كە ئەم ئاڵۆزى و ناڕوونييه، دەبێتە هۆى هەرەسى وجوودیی يان بە گووتەى سۆرێن كيركەگۆ دەبێتە هۆى شڵەژان و دڵەڕاوكێ، هەروەها دەشێت ببێتە هۆى هەستكردن بە بێتوانايى و هيچى و پووچى. بە قەولى ئەريك فرۆم، هۆكارێكيشه بۆ ئەوەى كە زۆرێك پەنا ببەنە بەر نەزم و ديسيپلينى ديكتاتۆريەت. ئەريك فرۆم له كتێبەكەيدا بەناوى ”ترس له ئازادى” لە نێوان ڕەهابوون له شتێك (وەكو زوڵم و ستەم) ئازاديى گەيشتن بە شتێك (وەكو ئەنجامدانى كارێك كە پێتان باشه) بە جياواز دەيانبينێت، بەڵام  ئەو دەڵێت كە ئەم دوو جۆره له ئازادييه دەشێت ترسناك بن. هەر بۆيه هەست به كەموكورتى و نەقسى دەكرێت، چونكە زۆرينەى جار هۆكارە بۆ ئەوەى كە مرۆڤەكان پەنا ببەنە بەر ديين و بێديينى.

شياوى دركپێكردنه كە مرۆڤەكان پێويستيان به چوارچێوەيەكى فيكرى و بيروباوەڕيى هەيه. ئێمە جيا له هۆشياریی زانستى و چاوپۆشين لێى، بە هۆى بير و باوەڕەكانمان هەندێك شت به ڕاست و دروست له قەڵەم دەدەين. بەڵام پێويسته ئاگادارى ئەوەش بين كە بە چ شێوازێك دان به ڕاستى و دروستى هەندێك له هەقيقەتەكاندا دەنێين؛ لەگەڵ ئەوەيشدا بگۆڕگەلێكى جياواز هەن كە تەنيا له دياردەيەكدا ڕۆڵ دەبينن و ئەم بگۆڕانەيش جێگير و چەسپاو نين.

جۆن لۆك و بێرتراند ڕاسل لايەنگرانى ليبراليزمى ئەزموونيى كلاسيكى بوون: واتا بيروبۆچوونى داوەرینەكردنى خێرا، لە بارەى هەموو مەسەلەكان، تا ئەو كاتەى بەڵگەى زياتر بەدەست دێت. ئامانج لەم شێوازە بيروباوەڕە، برەودانە بە بێفيزى مەعنەویی و پووچكردنەوەى سەرەڕۆيى. مێژوو ئەوە نيشان دەدات كە پێداگر و سەرەڕۆيەكان بە موتڵەقى و قاييلكارانه قسە دەكەن، ئەمە يارمەتيیان دەدات تاوەكو ئەو توانايەى كە بۆ سەرەڕۆيى خۆيان پێويستيانه، بەدەستى بهێنن.

ئەو ڕێژەگەراييه ئەخڵاقيەيش كە له دەقى پۆست مۆدێڕنيزمدا بوونى هەيه، جۆرێكە له كاردانەوەيەكى بيرتەسكانە بەرانبەر بەو ئاڵۆزيى و پێچووپەنايانەى كە هەن. مرۆڤى پۆست مۆدێڕنيزم پێی وايه كە هەموو شتێك لە ناو زمان و دەقدا كورت دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر بيروبۆچوونەكانمان له زماندا كورت دەكرايەوە و تەنيا له قاڵبى پەيڤەكاندا خۆيان دەگونجاند، ئەوا ئەم قسەيه ڕاست دەردەچوو.

لەوانەيە پۆست مۆدێڕنيزمێك بە خۆى بڵێت؛ لەبەر ئەوەى كە ڕێوشوێنێكى بێشومار هەيه بۆ شيكردنەوەى دەقێك، كەواته هەر شتێك شياوى شيكردنەوەيە؛ واتا هەقيقەتى بينراو و ئاشكرا، پرسێكى وەهمیی و پڕوپووچه، ناشێت هيچ شتێك بەرانبەر بە شتێكى ديكە به باڵادەستتر بزانين، بەڵام سەربارى ئەوەش نووسەرانى پۆست مۆدێڕنيزم بە شێوەيەك ڕەفتار ناكەن كە گوايه هەقيقەت، شياوى پێشبينیكردن نييه و شتێكى زۆر ڕێژەييە. ئێمە هەموومان بناغەيەكى مێتافيزيكيمان هەيه كە هەندێك كەس بە بابەتەكانى پەيوەنديدار بە ئەخڵاق يان ويژدان ناوى دەبەن. ئێمە پێويستمان به شتێكە كە بڕواى پێ بكەين.

كەواته ئەمە چ پەيوەنديیەكى لەگەڵ تێگەيشتن و تەبابوونى بەرانبەرەكەماندا هەيه. مرۆڤەكان بە ڕواڵەت هەوەسى ناووناتۆرەيان هەيه بۆ سادەكردنەوەى كاڵا و كەسەكان بەكارى دەهێنن. ئێمە كەسەكان لەسەر بنەماى ئەو ناوانەى كە خراونەته پاڵيان دەناسين، له كاتێكدا لەوانەيه هەرگيز له نزيكەوە نەمانبينيبن.

ئەو كەسانەى كە نەمانەوێت بە پاكى و بێگەردى بيانناسين، ئەم جۆرە له ناووناتۆرانه به سوكيى و سادەيى دەريان دەخات، له كاتێكدا ئێمە ناتوانين خودى خۆيشمان بە باشى بناسين، بەڵام وەها تەخمين دەكەين كە كەسەكان بە باشى دەناسين. دركپێكردنێكى بێ ڕيايانە دڵسۆزی بە دواى خۆيدا دەهێنێت، كەچى ئێمە هەوڵى ئەوە نادەين كە بە قووڵى درك بكەين و دڵسۆز بين.

ئێمە بە شێوەيكى جیدیی خێڵەكين. دنيامان بۆ دوو جەمسەرى درۆينە دابەش كردووە تاوەكو درككردنى بۆمان ساناتر بێت؛ واتا هەمان ڕيوايەتى ”ئێمە له دژى ئەوانى ديكە” ياخود ڕيوايەتى ”عاقڵ و شێت”ـه هەر بە هۆى ئەمەشەوەيه كە ململانێى تيمەكانى وەرزشى، سياسيیەكان و تيۆريیەكانى شوناسى كۆمەڵگە ئەوەندە بيرتەسكانه و ناهاوسەنگن.

لەوانەيه وا باشتر بێت كە بوارى فەلسەفە و دەروونناسى باشتر بناسين و خوێندنەوەمان بۆ مێژوو و زانست پەرە پێ بدەين. پێويسته زياتر پێداچوونەوە بۆ شتەكان بكەين و دواتر ڕاى خۆمان دەرببڕين. سەردەمى ئێمە، سەردەمى پڕوپووچبێـژى و ئاژاوەگێڕييه، هەموو كەس دەيەوێت بەبێ هيچ خوێندنەوەيەك لەسەر شتەكان بڕيار بدات.

هاوبەشی بکە

Wtari Kteb,