25/04/2024
DidiMn Logo
Top

فروغ فروغزاد: دەنگێکی جیاهەڵکەوتوو

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

سۆران خدر

ڕەنگە لای زۆربەمان ئاشكرا بێت كە فروغ فروغزاد بە یەكێک لە گەورەترین و داهێنەرترین ژنە شاعیر لە مێژووی ئەدەبی فارس دادەنرێت، ئەو هەست و سۆزە گەرم و ئەو خرۆشان و كەفوكوڵەی لای ئەو هەیە، لای ئەوانی تر بە هیچ شێوەیەک نییە، خۆ ئەگەر هەشبێت شایەنی بەراوردكردن نییە. چەندان شاعیر و دەنگی تازە بە هۆی كاریگەریی شیعری فروغەوە هاتنە نێوەندەكە و بوونە ناوی دیار، لێرەدا مەبەستمە تیشک بخمە سەر ئەو هۆكارە سەرەكییانەی كە فروغیان لە شاعیرێكی ئاسایییەوە كردە ژنە شاعیرێكی تازەگەر و ڕێچكەشكێن و جیاهەڵكەوتوو.

یەكەم: فروغ لە ژیانی تایبەتیی خۆیدا هەرگیز هەستی بە خۆشەویستیی دایکوباوک و براكانی نەكردووە، لە بەرامبەردا تەنیا شەڕ و ئاژاوەیان بووە، تەنانەت جارێک بە دزینی مەقەست و قەڵەمی ئاراییشت تۆمەتباری دەكەن و چرای ژورەكەی لێ دەستێنن و دۆڵابەكەی تێكوپێک دەدەن. لە شوێنێكدا دەڵێت: “من دایكم خۆش دەوێت، بەڵام دایكی من قەت نەیتوانیوە و نەیویستووە بە ڕاستی بۆ من دایک بێ.” ئەوە سەرەڕای كێشەی زۆری لەگەڵ باوكیدا. واتا ژیانی فروغ پڕی بووە لە ناخۆشی و چەرمەسەری و بێنازی، بۆیە هەستێكی تەواو جیاوازی هەبووە و وەک گەنجێكی ئاسایی نەبووە، ئەو جیاوازییەش ڕەنگی داوەتەوە هەم بەسەر ژیانی تایبەتیی و هەم بەسەر دونیای شیعرید.

دووەم: فروغ ئەو هەرزەكارە بووە هەرگیز وەک هاوتەمەنەكانی گوێی بە خۆڕازاندنەوە و جلوبەرگ و مكیاج نەداوە، دەكرێت بڵێن ڕوخسار و شتی ڕواڵەتی جێگەی بایەخی فروغ نەبوون، كە ئەوەش بەگشتی پێچەوانەی سروشتی ئافرەتە. گرنگترین شتێک لای كچە گەنجێكی ١٦ ساڵی وەک فروغ تەنیا چێژی ڕۆحی بووە، وەک خۆی لە نامەیەكیدا دەڵێت: “ڕۆحی من تینوی ئەوینە.” گەورەترین خۆشیی ئەو، ئەو كاتەیە كە نامەیەكی لە پەروێزەوە پێ دەگات. جیاوازی و تایبەتمەندیی فروغ ئەو كاتانە هەست پێ دەكرێت كە دەڵێت: “تكایە بە فروغەكەم یان فروغی من ناوم بهێنە، چونكە ئەوە دەبێتە گەورەترین خۆشی بۆ من.” ئەو لە ڕۆحەوە هەست بە ئاسوودەیی بكات بەسیەتی، ئەوەش جێی گومان نیە كە شیعریش لە ڕۆح و ناخی دڵەوە سەرچاوە دەگرێت.

سێیەم: تێكەڵبوون و خۆشویستنی پیاوێک كە یانزە ساڵ لە خۆی گەورەترە؛ فروغ بە تەوای كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەو پیاوەی خۆشی دەوێت، ئەو هێندە ئەوینداری پەروێز دەبێت، ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە. دەڵێت: “من تۆم بەقەد دونیا خۆش دەوێت، ئەوەندەی ئاسمانەكان دەتپەرستم و ستاییشت دەكەم.” تەنانەت لە شوێنێكی تردا دەڵێت: “من دەمەوێت وەک باول ڕێنماییم بكەیت، وەک دایک نهێنیم هەڵبگریت و وەک خوشك دڵم بدەیەوە.” بەوەشەوە ناوەستێت لە نامەیەكی تردا بۆی دەنوسێت: “من بە تەواوی لەڕووی هزر و بیرەوە لە ژێر دەستی تۆدام.” ڕەنگە ئەوە وەک خاڵێكی ئاسایی سەیر بكرێت، بەڵام هاوسەرگیری و لەدایكبوونی منداڵ و پاشان جیابوونەوە، فروغ بە تەواوی دەڕوخێنێت، هەستكردن بەوەی هەر زوو گوڵی خۆزگەی ژاكاوە و تەمەنی گەنجی بەفیڕۆ چووە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان، بە جۆرێک فروغ لە حاڵەتی ئاساییەوە بۆ حاڵەتی جیاوازی و تایبەتمەندی و جیاهەڵكەوتووی بەرز دەبێتەوە.

سەرچاوەی نامەكان: یەكەمین ترپە عاشقانەییەكانی دڵم، كۆكردنەوەی كامیار شاپور و عومرانی سەلاحی، وەرگێڕانی ئەبوبەكر قەرەداغی

هاوبەشی بکە

Frough Faroughzad, Soran Xdr, Wtari Kteb,