27/04/2024
DidiMn Logo
Top

فیلمی عێراق.سلێمانی ٠٦١٠ لە چەند فێستیڤاڵێکدا بەشداری دەکات

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منپشتیوان کەمال

  پاش ئەوەی حەمە قادر یەکەمین کورتە فیلمی خۆی بە ناوی عێراق.سلێمانی ٠٦١٠ بەرهەمهێنا، لە ئێستا فیلمەکەی ڕەوانەی چەند فێستیڤاڵێک کردووە و بڕیارە لەهەر سێ فێستیڤاڵی ڕۆم لە ئیتاڵیا و موڤینگ پیکچەرز لە بەلجیکا و شۆڕت تو زە پۆینت لە ڕۆمانیا بەشداری بکات. دەرهێنەر لەم گفتووگۆ کورتەدا باسی چوونی کورتە فیلمەکەی دەکات بۆ فێستیڤاڵە جیهانیەکان و ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات سەبارەت بە ناوەڕۆکی فیلمەکەی.

دەمەوێت بە کورتی باسی چوونی کورتە فیلمەکەتمان بۆ بکەیت بۆ فێستیڤاڵەکانی دەرەوە؛ تا ئێستا بۆ دوو فێستیڤاڵ ڕۆشتووە لە بەلجیکا و ئیتاڵیا، پێت وایە فیلمەکە بۆ فێستیڤاڵی زیاتریش بڕوات؟ هۆکاری ئەوەی کە وای کردووە ئەم فیلمە سەرنجی ئەو فێستیڤاڵانە ڕابکێشێت چییە؟ خوێنەران کاتێک زانیاری لە بارەی فیلمەکەی تۆوە دەزانن، دەپرسن چۆن دەکرێت فیلمێک دروست بکەیت بێ ئەوەی بزانیت باسی چی دەکات؟

لە بارەى فێستیڤاڵەکانەوە نابێت تووشى هەڵە ببین و دەبێت چەند دێڕێک ڕوونکردنەوە بخەینە ڕوو؛ باش و خراپى فیلمێک پەیوەندىی بە وەرگرتن و نەگرتن و بردنەوەى خەڵاتەوە نییە، هیچ خەڵات و هیچ خەڵات و هیچ فێستیڤاڵیک فیلمێکى خراپ لە خراپبوونى ڕزگار ناکات و دووربوون و وەرنەگرتنیش لەو بۆنە و فێستیڤاڵانە نیشانەى خراپبوونى فیلمەکە نییە. مێژووى هونەر و سینەما پڕە لەو فیلمانەى سەردەمى خۆیان بێناز کەوتوون و ئێستا تەپوتۆزیان دەتەکێنرێت و وەک شاکارى گرنگ پەسن دەکرێت، پڕیشە لەو فیلمانەى سەردەمى خۆیان دەیان خەڵاتیان وەرگرتووە و ئێستا لە یادەوەرى هیچ کەسدا نەماونەتەوە. بە داخەوە بە هۆى نەبوونى ڕەخنە و فەزایەکى جدی و مەعریفى سینەمایى لە کوردستان، زۆر لە دەرهێنەرەکانمان ئامادەبوونیان لەو فێستیڤاڵانە دەقۆزنەوە بۆ شەرعەیتدانەوە بۆ خۆیان و فیلمەکانیان و دەمکوتکردنى ئەو بینەرە هۆشیارانەى کە فیلمەکانیان و دیدى ئەوانیان بۆ سینەما بەلاوە هەڵەیە.

14159290_1426733960676408_2024098230_n

دەزانن کە فێستیڤاڵ لە ڕاستیدا بازاڕێکی گەورەیە و دەیان هەزار فێستیڤاڵ لە کونوقوژبنی دنیاوە فیلم بە پارە وەردەگرن. هەڵبەت ئەوەش هەیە کە تاکە ڕێگەی پەخشی فیلم لە جیهاندا و بینینی فیلم لە ئاستێکی گەورە، تەنها فێستیڤاڵ هەیە و دواجار ناچاریت فیلمەکەت لە ڕێگەی فێستیڤاڵەوە بنێریتە بەردەم بینەرەکانی دەرەوە. بە خۆشحاڵییەوە لەبەر ئەوەى وەرگرتنى فیلمەکە ماناى ئەوەیە بینەرێکى زیاتر دەیبنێت و هیچ دەرهێنەرێک نییە حەز نەکات فیلمەکەى زۆرترین بینەرى هەبێت. بۆچى کاردانەوەیان بووە؟ نازانم بە ڕاستى، ڕەنگە شتێک سەرنجى ڕاکێشابن کە من نایزانم. گرنگ ئەوەیە بە مەرجى ئەو بازاڕە ڕازى نەبیت، ئەگەر فێستیڤاڵەکانى جیهان زۆربەیان کورتەفیلمى کەمتر لە پازدە خولەک وەردەگرن تۆ فیلمەکەت بە زۆر نەکەیتە پازدە خولەک، ئەگەر گرنگى بە ڕووداوە زیندوو و گەرمەکانى جیهان دەدەن، تۆ زۆر لە خۆت نەکەیت و بەرۆکى چیرۆک و بەسەرهاتێک نەگریت کە نایناسیت و ناتوانى لەگەڵى بژیت. من لەم ڕووەوە ئاسوودەم کە بە مەرجە باوەکانى فێستیڤاڵەکان ڕازى نەبووم و ناشبم. مەبەستم لەوەى کە ”نازانم فیلمەکە باسى چى دەکات” ئەو درزەیە کە بەرهەمى هونەرى هەمیشە هەڵگرێتى، درزێک کە لە ڕاستیدا درزى دەروونى و ناوەکى خولقێنەرى فیلمەکەشە و لە فیلمەکەدا درێژ دەبێتەوە و دواجاریش دەرهێنەر خۆى دەکاتەوە بە بینەر. ئەگەر وا نەبێت فیلم دەبێتە ڕەچەتەیەک کە کەسێک کەسانى ترى دەنووسێت. واتە وەک خستنەڕووى پرسیارێک کە دەرهێنەر بەشى دەکات لەگەڵ بینەر نەک وەڵامى بداتەوە، بەشى دەکات چونکە وەڵامەکەى نازانێت و لە کەشێکى پڕ لە ڕەمز و ڕازى وەک سینەمادا کۆ دەبینەوە پێکەوە بیر لەو پرسیار یان پرسیارانە بکەینەوە، یان ئەگەر زیاتر بڕۆین، دۆخێکی هەستەوەرانە دەخوڵقێنێت کە تەنانەت دروستکردنى پرسیارەکەش بەش بکات. ئەوەندەى پەیوەندىی بەم کورتەفیلمەى منەوە هەبێت دووخاڵە: یەکەم، تاریکییەکى تێدا هەبێت کە وا بکات بە فیلمێکى تر و دانەیەکى تر درێژەى پێ بدەم. دووەم، بەوەفا بم بەرانبەر هونەرێک کە هونەرى باو و زاڵ نییە و یەکەم مەرجى قوربانیبوونى هونەرمەند خۆیەتى.

هاوبەشی بکە

Hama Qadir, Iraq.Slemani 0610,