20/04/2024
DidiMn Logo
Top

حەمە قادر: کوردبوون هیچ ناخاتە سەر بەرهەمی سینەمایی و هیچیشی لێ کەم ناکاتەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من 
پشتیوان كه‌مال

حەمە قادری فیلمساز لە ئێستادا کاری وێنەگرتنی بۆ دووەمین فیلمی خۆی تەواوکردووە و خۆی ئامادەکردووە بۆ مۆنتاژکردنی فیلمەکەی. ئەو سەرەتا وەک خوێنەر و بینەرێکی سینەما ناسرا و پاشان چەند کتێبێکی وەرگێڕدراوی بڵاوکردەوە. کورتەفیلمی یەکەمی ئەم فیلمسازە لە سیانزە فێستیڤاڵدا نماییشکرا، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە شێوەی ئۆنڵاین بڵاو ببێتەوە. فیلمی دووەمیشی چاوەڕێ دەکرێت زیاتر بێت لە چل خولەک و هێشتا هیچ ناوێکی بۆ فیلمەکەی دانەناوە.


ئێمە حەمە قادرمان وەک وەرگێڕ دەناسی، یاخود دەتوانم بڵێم ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنات نەبوون تۆیان وەک وەرگێڕ دەناسی. چۆن بڕیارت دا فیلم دروست بکەیت؟ هاندەرەکان چی بوون؟
ڕاستییەکەى من پێش وەرگێران زیاتر حەزم لە فیلم بینین و دنیاى سینەما بوو. حەزم لە زۆر شت بوو و ئێستاش وایە. بە ڕێکەوت دەستمکرد بە وەرگێڕان و بەڕێکەوتیش بەردەوام بووم لەسەرى. بەڵام ترسی من ئەوە بوو کە خەریکبوو وەک ”وەرگێڕ“ دەناسرام. من زۆر لەوە دەترسم بەناوێک و شوناسێک بتناسن. بۆیە دوورکەوتوومەتەوە لە وەرگێڕان و ئێستاش ئەگەر شتێک وەربگێڕم بە ئۆنلاین داى دەنێم. هەڵبەت بڕیارى دوورکەوتنەوە لە وەرگێڕانیش بەشێکى پەیوەندیی بەو مامەڵە نائینسانییەوە هەیە کە دەزگاکانى چاپەمەنى لەگەڵ من کردیان و دەیکەن. بەهەرحاڵ ئێستا خەریکى فیلمم و ئەگەر ڕۆژێکیش هەستم کرد لەمە ماندوو دەبم، هەوڵ دەدەم بڕۆمە سەر شتێکى تر و خۆم سەرقاڵى بوارێکى تر بکەم. بە گشتى ئەوەى ژیان خستییە بەردەمم ڕەتى ناکەمەوە.


تۆ باسی ئەوەت کرد ئەوەی ژیان بیخاتە بەردەمت ڕەتی ناکەیتەوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین تۆ لە سینەمادا هەوڵ دەدەیت کار بکەیت. تا ئێستاش هیچ یەک لە دوو کورتەفیلمەکەتم نەدیووە بەڵام هەمیشە خوێندنەوەی تۆ بۆ کارە سینەماییەکان، کوردی و بیانییەکان، جێی سەرنج بوون. چۆن هەوڵ دەدەیت وەک فیلمسازێک بەردەوام بیت؟ ئەو پێویستیانە چین بۆ کوردێکی عاشق بە سینەما تاوەکو بتوانێت فیلم دروست بکات؟

مەبەستم ئەوەیە بوارێک ناکەم بە قورسایى لەسەر ژیانم. یان هەوڵ دەدەم سینەما جیا نەکەمەوە لە بوارەکانى تر و لە ڕاستیدا دابڕاویش نییە. یەکەم کورتەفیلم لە ماوەیەکى نزیکدا بە ئۆنلاین داى دەنێم و هەمووان دەیبینین. بەداخەوە جگە لە فێستیڤاڵ هیچ بوارێکى تر بۆ پەخشى کورتەفیلم لە جیهاندا نییە و مەرجى زۆربەشیان ئەوەیە فیلمەکە بە پابڵیک بەردەست نەبێت. دیارە ئەوان بۆ مەبەستى بازرگانى و بلیتفرۆشتنى خۆیان وادەکەن. فیلمى عێراق. سلێمانى ٠٦١٠ لە سیانزە فێستیڤاڵى دەرەوە نماییش کرا و کێبڕکێی بردنەوەى خەڵاتى کرد و ئێستا کاتى ئەوەیە هەمووان بیبینن.

پۆسته‌ری یه‌كه‌م فیلمی حه‌مه‌ قادر

خوێندنەوە بۆ فیلم درێژکردنەوەى چێژى فیلمبینین و سینەمایە لەگەڵ وشە. مێژووى سینەما قەرزدارى نووسینە لەسەر فیلم. هەموو ئەو شاکارانەى ئێمە ئێستا دەیانبینین نووسینى ڕەخنەیی لەسەر سینەما کەشفیان کردوون. بۆ نموونە کتێبى سینەما چییەى ئەندرێ بازن بە قەد دەیان شاکارى سینەمایى بۆ سینەما گرنگە. من تا ئەو شوێنەى حەزبکەم دەستبەردارى نووسین لەسەر فیلم نابم، چونکە چێژى لێ وەردەگرم و بە نووسین جارێکى تر فیلمەکە دەبینمەوە.

نامەوی قسەى زل و دووبارە بکەم، بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بم نازانم چۆن بوو کە بڕیارمدا دەست پێ بکەم و نازانم چۆن بوو کە من ئێستا دووەم فیلمم دروستکرد. شتێک هەیە ڕەنگە ڕوونکردنەوەى مەحاڵ بێت، ڕۆژێک هەڵدەستى و دەزانى ئەو ڕۆژەیە کە دەبێ فیلمەکەت دروست بکەیت. دەست دەکەیت بە تەلەفۆن و ئامادەکاری و بەمجۆرە دەکەویتە دۆخێکەوە تازە ڕۆیشتووى لەگەڵی. هەموو فیلمسازە گەورەکان بەوە ئامۆژگاری گەنجەکان دەکەن کە نەترسن و بڕۆن فیلمەکانیان دروست بکەن. هێرتزۆگ دەڵێت: ”هیچ بەهانەیەک قبووڵ نییە، بڕۆ فیلمەکەت دروست بکە.” دەربارەى ئەوەش کە چى بۆ سینەما پێویستە وەک گۆدار دەڵێت: ”بۆ دروستکردنى فیلم تەنها ئازار و هەوڵ پێویستە. هەوڵ و ئازار. ئازار و هەوڵ.“


کەواتە تۆ هەوڵێکی زۆرت داوە و ئازارێکی زۆریشت چەشتووە بۆ دروستکردنی کورتەفیلمەکانت. ئایا ئەم ئازارە لە هەموو شوێنێکی دنیا وەک یەکە؟ یاخود تۆ وەک کوردێک ئازارەکە زیاترە و پێویستت بە هەوڵێکی زیاترە؟
نامەوێ خۆم بکەم بە پێوەر و منیش ئەزموونم زۆر نییە، بەڵام بە پێى ئەوەى دەیبینم قسەکەى گۆدار زۆر ڕاستە. بێگومان ئەگەر ڕاستگۆ بیت لەگەڵ هونەر و خۆت، هیچ ڕیگەیەک نییە جگە لە چەشتنى ئازارى سینەما و دەبێ ملکەچى دۆخەکە بیت. ئەمە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەى کە سینەما وەک هونەرێکى ڕادیکاڵ و سەربەخۆ دەناسن، زیاتر قورس دەکەوێتەوە. چونکە بۆ ئەم حاڵەتە دەبێ پێشوەخت ئەوەت یەکلا کردبێتەوە کە سینەما دوکانێک نییە جاروبار  ئەگەر کات و دەرفەت و تاقەتت هەبوو بچیت سەردانێکى بکەیت و لێی بێیتە دەر، بەڵکو سینەما دەبێتە ژیانت و دەتەوێ لە ناویا بژیت. بۆ نموونە کەیوان کەریمىی فیلمسازى کورد، ئێستا لە ئێران لەسەر دروستکردنى فیلم بۆ ساڵێک گیراوە و بڕیار وایە بەر قامچى بدەن، کەیوان دەیتوانى بێکێشە دانیشێت و هیچ نەکات، بەڵام وا ناکات، چونکە ناچارە بژى و سینەما ژیانییەتى.

 سینەما پەیوەندیی بە کوردبوونەوە نییە. هەر کەس بەومەرجانەى پێشتر باسمکرد نزیک بێتەوە لە سینەما، قورس و سەخت دەبێت، بەڵام چارى تریشى نییە. کوردبوون هیچ ناخاتە سەر بەرهەمى سینەمایی و هیچیشى لێ کەم ناکاتەوە. زۆربەى ئەوانەى لێرە فیلم دروست دەکەن لە گەنجێکى پۆڵەندیی کە بە زەحمەت فیلم دروست دەکات، خۆشتر دەژى!!!!

ستافی فیلمه‌كه‌

ئەی کەواتە ئەوەی وا دەکات پۆڵەندییەکان سینەمایەکی دەوڵەمەند و پڕ لە دەرهێنەری باش و فیلمی باش بێت و ئێمەش دۆخی سینەمامان بەو جۆرە بێت کە هەیە، هۆکارەکەی چییە؟
ئەوە وەڵامێکى زۆر دووردرێژى دەوێت کە بێگومان هۆکارى مێژوویى و سیاسى و ئابوورى و…هتدى هەیە. بەڵام باشترە ڕوانگەکان بۆ سینەما وەربگرین. هەڵبەت پۆڵەندا وەک نمونەیەک ناوى هات. بەڵام گەنجێکى فیلمسازى پۆڵەندیى و گەنجێکى فیلمسازى کورد هەردووکیان یەک ئازار دەچێژن، ئەگەر سینەمایان وەک هونەر وەرگرتبێت و خەریکى شتى تر نەبن پێوەى و بەکارى نەهێنن بۆ شتى تر. کەمکەم کە خەریکى فیلمسازى دەبیت و زیاتر فیلم دەبینى زیاتر تێدەگەى، ئەوەى کە ناوى دەبرێت بە ”سینەماى کوردی“ درۆ و وەهمە و هیچ پەیوەندییەکى بە نرخاندنى فیلمەوە نییە. ئەوانەى زۆریان بەلاوە گرنگە کە بەردەوام ئەم ناوى سینەماى کوردییە دووبارە بکەنەوە، زیاتر ڕوانگەى دەوڵەتیی بۆ سینەما پێش دەخەن و لە خزمەتى ئەو سیستەمەدان. ڕاستییەکە ئەوەیە ئێمە چ وەک هونەر و چ وەک پیشەسازى، سینەمامان نییە. بەداخەوە زۆربەى هەرە زۆری ئەو پرۆژانەش وەک پرۆژەى ئەڵتەرناتیڤ دەردەکەون دواجار دەکەونەوە خزمەت مافیاى سینەماى کوردستان و دەبنەوە بە بڵقى سەرئاو. من جاران زۆر بیرم لەمە دەکردەوە، بەڵام ئێستا ئیتر نا، ئێستا پرۆژەی ژێرزەمینی و بچکۆلە زۆر بە ڕاستگۆیانەتر و کاریگەرتر دەزانم.


باسی فێستیڤاڵمان کرد. ئەوەندەی من بزانم و ئاگاداربم تۆ پێشتر هەرگیز بەو جۆرە لەگەڵ ناردنی فیلمدا نەبوویت بۆ فێستیڤاڵەکان، ئەوەی هانی دایت فیلمەکانت ڕەوانەی فێستیڤاڵەکان بکەیت چی بوو؟

نا بێگومان من شتى وام نەوتووە و ڕەنگە ئەو قسەیەش بەشێک بێت لەو قسانەى کە بە بەهانەى تر و بە مەستى تر، زەق کرانەوە لەسەر قسەکانى پێشووى من. ئەگەر فیلمێکى هونەرى دروست بکەیت جگە لە فێستیڤاڵ چ کەناڵێکى تر هەیە بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەى. بەتایبەت بەداخەوە ئێستا لە جیهاندا فیلمە هونەرییەکان کەمترین هۆڵیان دەدرێتى بۆ نماییش، چونکە بینەریان کەمە. من دژى بەکارهێنانى ناو و لۆگۆى فێستیڤاڵم بۆ نرخاندنى هونەریی فیلم. یانى ئەوەى تۆ بتەوێت فیلمەکەت لە ژێرناوى فێستیڤاڵ و خەڵاتدا وەک بەرهەمێکى باش بناسێنى و هەوڵى دەمکوتکردنى بینەرەکانت بدەیت، بەداخەوە ئەمە زۆر کراوە و دەکرێت. فیلمى باش بێ فێستیڤاڵ هەر باشە و خراپیش بە هەزاران خەڵات باش نابێت. ئەمە قسەى من بووە پێشتر و ئێستاش وا دەڵێم. فیلمسازى گەنج و سەربەخۆ حەقى خۆیەتى فیلمەکەى ڕەوانەى فێستیڤاڵ بکات و دڵیشى پێخۆش بێت، بەڵام ئەگەر کردى بە فیلتەرێکى زاتى بۆ خۆى و دەوروبەر و بینەرەکەى، ئەوە زۆر ترسناکە.


ئەوەی دەمترسێنێت ئەوەیە کە فیلمسازێک هەمیشە لەسەر دروستکردنی کورتەفیلم بەردەوام بێت و هەرگیز ترسی ئەوەی نەشکێت فیلمێکی درێژ دروست بکات. فیلمساز هەن پاش چەندین ساڵ لە کارکردنیان لە بواری کورتەفیلمدا، هێشتا هەر فیلمی کورت دروست دەکەن و فیلمێکی درێژیان نییە. ئەمە چەندێک ترسناکە؟ ئایا ئاساییە فیلمسازێک هەر فیلمی کورت دروست بکات؟ یاخود فیلمی کورت ڕێگایەکە بۆ ئەوەی ڕۆژێک تۆ فیلمی درێژ دروست بکەیت؟
بە گشتى وا سەیر دەکرێت، یانى کورتەفیلم جۆرێک خۆڕاهێنان و ئەزمونکردنە بۆ فیلمى درێژتر. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ”کات“ هیچ پەیوەندییەکى بە ئاستى فیلمێکەوە نییە. کورتەفیلم و فیچەرفیلم و تەلەفزیۆنى و ئەمشتانە زیاتر دۆخێکن بازاڕى سینەما سەپاندوویەتى بەسەر سینەمادا و بەداخەوە دەگمەن فیلمساز هەیە ملکەچى نەبووبێت. تۆ شتێکت هەیە دروستى دەکەیت، ئیتر ئەمە بە سى خولەک یان پەنجا یان دوو سەعات یان تەنانەت نۆ سەعات (وەک فیلمى ڵاڤ دیاز) دەگات، گرنگ ئەوەیە فیلمەکەت ئەوەندە تەواو دەبێت. کێشەى کات شەڕى نێوان دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرە، چونکە ئەوەى پارەى فیلمەکە دەدات خەمى ئەوەى هەیە بینەر لەبەر درێژى نەیەتە ناو سینەماکان و ئەگەر کورتیش بێت نەتوانێت بلیت بفرۆشێت، دەرهێنەریش دەیەوێت ئازاد بێت. زۆربەیان بۆ نموونە تریلۆژى (سێیینە) دروست دەکەن تا بتوانن بە سێ فیلم لە دەورى یەک ئایدیادا بخولێنەوە. بۆ نمونە دەیڤید لینچ، پازۆلینى، ئەنجلۆپۆڵۆس و … هەموویان ئەمەیان کردووە. من لە ئێستادا فیلمەکەم بە هەرکاتێک تەواو بێت و هەست بکەم تەواوە، بەوە تەواوى دەکەم. ڕەنگە ئەم فیلمە تازەیە زیاتر بێت لە چل خولەک. کێشە نییە بەڕاى من.

حه‌مه‌ قادر، له‌ كاتی ده‌رهێنانی دووه‌م فیلمی

چل خولەک ماوەیەکی باشە بۆ یەکێک کە دووەم فیلمی دروست بکات. چۆن بڕیارت دا کە فیلمێکی چل خولەکی دروست بکەیت لە کاتێکدا ئەمە پێویستی بە بڕە پارەیەکی باشە؟
بڕیارم نەدابوو چل خولەک بێت و ئێستاش دیار نییە کاتەکە چەندە. زۆرفیلمى درێژیش هەن بە بودجەى کەم دروست دەکرێن. بەڕیوبەرایەتیى سینەماى سلێمانى بڕیارى دابوو پارەیەکى هاوکارى بداتە فیلمسازەکان بۆ دروستکردنى فیلمەکانیان. پارەکە بە ئیعترافى خۆیان زۆر زۆر کەم بوو، بەتایبەت بۆ فیلمەکەى من. ناچار بووم نزیکەى نیوەى پارەکە بە قەرز لە چەند هاوڕێیەک و گیرفانى خۆم دابین بکەم و بەمەش فیلمەکە دەبێتە بەرهەمێکى هاوبەشى ئێمە و ئەوان.


ئەگەر کەمێک باسی ئەم فیلمە بکەین. سیناریۆی فیلمەکە کێ نووسیویەتی؟ کاستی فیلمەکە کێن؟
بیرۆکەى فیلمەکە لەناکاو و کتوپڕ هات. سەرەتا ویستم کورتەفیلمێکى چەند دەقەیی بێت، بەڵام بە قسەکردن لەگەڵ چەند هاوڕییەک بیرۆکەکە گەشەى کرد و درێژتر بوویەوە و دیمەن و ئەکتەرەکانى زۆرتر بوون. لەگەڵ هاوڕێیان ئاوات پوورى و ئازادە ڕەحمانى سیناریۆکەمان نووسیوە، چەند مانگێک پێوەى خەریک بووین و گفتوگۆمان لەسەر کرد. . زۆر یارمەتییان دام، بە تایبەت ئاوات پوورى کە خۆیشى ئەکتەرى سەرەکى فیلمەکەیه‌. دواجار بڕیارماندا خۆمان نەبەستینەوە بە کاتەوە و دواهەمین فێرژنى سیناریۆکە بیست وپێنج لاپەڕەى ئەى‌فۆر دەرچوو. زۆر زەحمەت بوو چونکە هیچ ئومێدێک نەبوو بەو بڕە پارەیە کەمە بتوانین دروستى بکەین. بەڵام بۆ گەڕاندنەوەى پارە ناچار بووم هەر خۆم ئیشى بەڕێوەبەرى بەرهەمەکە بکەم، تا کاتى وێنەگرتن کە ئاسۆ سەڵاح هات و ئیشەکەى گرتە ئەستۆى خۆى. ئەم کەسانەش ڕۆڵ دەبینین لە فیلمەکەدا: عەتا حەمەساڵح. ئاکام تاهیر. ئاسۆ سەڵاح. کاک جەبار. شایی خان. پەیمان عوسمان. کاک هونەر. کاک وریا گولزاریانیش وەک وێنەگر و ڕووناکى کارى تیا کردووە. کاک بەرزانیش لە دیمەنێکدا ئیشى مۆنتاژى بۆ کردووین.


ئێستا لە کوێدایت؟
ئێستا سەرقاڵى خۆئامادەکردنین بۆ مۆنتاژ کە بە سوپاسەوە کاک بەهزاد فەرەجوڵاهى دەیکات، هەرخۆشى دەنگهەڵگر و یاریدەدەرى من بوو لە فیلمەکەدا.

 

هاوبەشی بکە

Hama Qadir, Kurdish Cinema, PshtewanKamal,