26/04/2024
DidiMn Logo
Top

فیلمێک سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی شوان عەتووف لە کەنەدا نمایشدەکرێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

شوان عەتووف

شوان عەتووف لە فیلمی چیرۆکی ئەوینداریدا

دیدی من

فیلمی سینەمایی “چیرۆکی ئەوینداریی” لە دەرھێنانی “ئەحمەد ڕەمەزانزادە” سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی “شوان عەتووف” لە کەنەدا نمایشدەکرێت.

فیلمی سینەمایی “حکایت عاشقی” واتە “چیرۆکی ئەوینداریی” A Tale of Love لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد “ئەحمەد ڕەمەزانزادە” و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری لوڕ “مەسعوود جەعفەری جەوزانی” سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری کورد “شوان عەتووف” و ئەکتەری بە ناوبانگی سینەمای ئێران “بەھرام ڕادان” لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی دەرھێنەری فیلمەکە و لە لایەن کۆمپانیای “ئاریا پێرسیس” Aria Persysبە ھەوڵی سینەماکاری ئێرانی “پێژمان ھادەوی” و بەرپرسیاریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی خاتوو “ئازیتا مۆوگویی” و بە یارمەتی ئەنجوومەنی فیلمی ئێرانییەکانی ڤەنکۆڤێر کاتژمێر ٣٠/٦ ئێوارێی ڕۆژی یەکشەمە ١٠ی ئەپرێلی ٢٠١٦ بە شێوەی گشتیی لە ھۆڵی “بۆسا سێنتێر” Bosa Center لە زانکۆی “کاپیلانو” Capilano لە شاری ڤەنکۆڤێر لە وڵاتی کەنەدا دەچێتە سەر پەردەی سینەما و پاشان کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن لە لایەن بینەران و بە ئامادەبوونی دەرھێنەری فیلمەکە بەڕێوەدەچێت.

فیلمێک دەربارەی هەڵەبجە ١

کوردانی دانیشتووی وڵاتی کەنەدا بۆ بڕینی بلیت و بینینی ئەم فیلمە کوردییە دەتوانن سەردانی ئەم شوێنانە لە شاری ڤەنکۆڤێر بکەن: پارس و ئەفڕا، ھایدا، مانی وی لە پارک رۆیال و یا پەیوەندیی بە ژمارە تەلەفوونی ٦٠٤.٧٠٤.٥٠٦٣ بگرن.

“چیرۆکی ئەوینداریی” لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی “تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان” Focus on World Cinema لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنتڕاڵ” Montreal نمایشکرا.

Filmek Sabarat Ba Halabjah & Ba Rolbini Shwan Atoof La Canada Nmayshdakreyt 5

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنتڕاڵ” بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٧ ئاب / ئۆگۆست تا ٧ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری مۆنتڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەچوو.

ئەم فیلمە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە میانەی سێیەمین خولی ھەفتەی فیلمە سینەماییەکانی “ماڵی ئاسیا” لە شاری بارشلۆنا نمایشکرا و بە زۆرترین دەنگ توانی دوو خەڵاتی سەرەکیی و گرینگی “باشترین فیلم” و “باشترین سیناریۆ”ی بەشی “پانۆڕاما” (باشترین بەرھەمەکانی سینەمای ئاسیا) بەدەستبێنێت.

Filmek Sabarat Ba Halabjah & Ba Rolbini Shwan Atoof La Canada Nmayshdakreyt 4

ھەفتەی فیلمە سینەماییەکانی “ماڵی ئاسیا” کە بە مەبەستیی پێشکەش کردنیی وێنەیەکی ھاوچەرخ لە کۆمەڵگای کیشوەری ئاسیا لە سەدەی بیست و یەکدا دامەزراوە، سێیەمین خولی بە نمایشی ٥٠ فیلم لە سینەماکارانی ٢٠ وڵاتی کیشوەری ئاسیا لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: “بەشی سەرەکیی”، “بەشی تایبەت” (فیلمە تازە درەوشاوەکان بە ناوەرۆکی چیرۆکە ناواقعییەکان، ئەنیمەیشێن، دیکۆمێنتاریی و فیلمە خەیاڵاوییەکان) و ھەروەھا “بەشی پانۆڕاما” (باشترین بەرھەمەکانی ئاسیا) لە ڕۆژانی ٥ تا ١٠ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

فیلمی “چیرۆکی ئەوینداریی” کە لە لایەن ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئێران لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “سەودای سیمورغ” لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە لەوحەی فەخری باشترین ئەکتەری تەواوکەری پیاو بە “بەھمەن زەڕین پوور” ئەکتەری پێشەنگی کرماشانی ئەم فیلمە بەخشرا.

Filmek Sabarat Ba Halabjah & Ba Rolbini Shwan Atoof La Canada Nmayshdakreyt 3

لە یەکەمین فیلمی بڵندیی سینەماکاری بیجاڕیی “ئەحمەد ڕەمەزانزادە”دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: “شوان عەتووف” لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی “بەھرام ڕادان”، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر “قەتبەدین سادقی”، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی “بەھمەن زەڕین پوور”، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو “شیلان ڕەحمانی”، ئەکتەری کورد “پەیام عەلەوی”، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان “کیمیا مورادیان”، ئەکتەری کرماشانی “محەمە بەکتاش”، “نەرگس ئەمینی”، “حوسێن ئیعتماد” و چەندین ئەکتەری دیکە.

ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی “چیرۆکی ئەوینداریی” بریتین لە:
دەرھێنەر: ئەحمەد ڕەمەزانزادە، بەرھەمھێنەر: مەسعوود جەعفەری جەوزانی بە ھاوبەشی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی، نووسەرانی سیناریۆ: ئەحمەد ڕەمەزانزادە و مەسعوود جەعفەری جەوزانی، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: محەمەد ئالادپووش، بەرپرسی بەرھەم: ئازیتا مۆوگویی، مونتاژ: نیما جەعفەری جەوزانی، بەڕێوەبەری ھونەریی سەحنە: موشکین مێھرگان، دەنگھەڵگر: ئیرەج شەھرزادی، دیزاینی میکیاژ: مەجید ئەسکەندەری، یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر و بەرپرسی بەرنامەداڕێژی: ئاڕش سەجادی حوسەینی، دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان: موحسین رووزبەھانی، دیمەنە تایبەتە کۆمپیووتەرییەکان: ئەمیرڕەزا موعتەمیدی، موزیک: ئەڕەشک ڕەفیعی، سەرپەرەستیی بەرھەم: پێژمان ھادەوی، فۆتۆگرافەر: عەلی نیک ڕەفتار، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی، ڕاوێژکاریی دیمەنەکانی
ھەڵەبجە: ئەحمەد ناتیقی و چەندین کەسی دیکە.

Filmek Sabarat Ba Halabjah & Ba Rolbini Shwan Atoof La Canada Nmayshdakreyt 2

ئەم فیلمە کوردییە لە دوایین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی “سینەمای نێودەوڵەتی” لە میانەی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەنگلۆر” Bengaluru لە وڵاتی ھیندستان چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە بە یارمەتی ئاکادیمیای “چلاناچیترا” کارناتاکا و بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئاسیا”، بەشی “سینەمای نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ھیندستان”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کەنەدا”، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرھەمە سینەماییەکان”، بەشی “تەرکیز لەسەر سینەمای وڵاتانی جۆراوجۆر”، بەشی “کلاسیکی گەورە”، بەشی پێشبڕکێی خەڵاتی “فێپێڕشی” واتە فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلم، بەشی پێشبڕکێی خەڵاتی “نێتپەک” واتە تۆڕیی گەشەپێدان و بردنەسەرێی سینەمای ئاسیا”، بەشی “تایبەت”، سیمینارەکان و بەڕێوەبردنی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی پسپۆڕانەی ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی ٢٨ ژانوییە تاکوو ٤ی فێبرییەی ٢٠١٦ لە شاری بەنگلۆر ناوەندی فەرھەنگی نێودەوڵەتی و پێتەختی ویلایەتی کارناتاکا لە وڵاتی ھیندستان بەڕێوەچوو.

Filmek Sabarat Ba Halabjah & Ba Rolbini Shwan Atoof La Canada Nmayshdakreyt 1

هاوبەشی بکە

Halabja, ShwanAttouf, TaleOfLove,