هه‌ڵکه‌وت محه‌مه‌د
زۆر ده‌مێکه گفتوگۆی بێئه‌نجام له‌سه‌ر بابه‌تێکی گرنگ ده‌کرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئاخۆ شانۆنامه‌ی کوردی بوونی هه‌یه؟ وه‌ک هه‌ر شانۆنامه‌یه‌کی جیهانى، هه‌موو بنه‌ما و پرەنسیپ و مه‌رجه گرنگه‌کانى شانۆنامه‌یه‌کی ته‌واوی تێدایه یان نا؟
دیاره زۆرێک له گه‌نجانی چالاک و ئه‌کادیمی، شانۆکاری خوێنده‌وار و به‌ئاگا، له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که شانۆنامه‌ى کوردی وه‌کو پێویست هێشتا بوونی نییه. ئه‌م بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنه زۆر ده‌مێکه قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه، له ڕابردوویشدا شانۆکاره کورده ئه‌کادیمییه‌کان و پسپۆرانی ئه‌م بواره، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که له هه‌نده‌ران خوێندنیان ته‌واو کردووه، زۆرێکیشیان ئێستاش له‌وێ ده‌ژین، ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌بووه، که شانۆنامه‌ی کوردی زۆر لاوازه، تا ئیستاش ناتوانرێت وه‌ک شانۆنامه‌یه‌کی ته‌واو تۆکمه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، چونکه ته‌واوی بنه‌مایه‌کی بەدهقبوونی تێدا نییه!
ئه‌م بۆچوونانه‌ش له لایه‌ن نووسه‌رانی شانۆنامه‌کانه‌وه په‌سه‌ند نه‌کراون و جێگه‌ی باوه‌ڕ نه‌بوون، هه‌ندێکیان به ئاستی گه‌شکه‌گرتن تووڕه ده‌بوون، هه‌ندێکی تر ده‌تۆران، هه‌ندێکی تریش سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌قه‌کانى ئه‌مان سه‌رده‌می گریگ و ڕۆمان و فهڕەنسا و سه‌رده‌می ئیلیزابێت و نووسه‌رانی ئیسکهندیناڤییان تێپه‌راندووه. ئه‌م باوه‌ڕبه‌خۆبوونه بێبنهمایهیش ئه‌وانی خستووەته هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه و ده‌ست و بیری به‌ستبوونه‌وه، که نه‌توانن بۆ نووسین و بابه‌تی باشتر و به‌پێزتر تۆکه‌مه‌تر هه‌وڵ بده‌ن، ئه‌وان سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که هێشتا بیر و هزری خه‌ڵک و ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌نده ده‌رهێنه‌ره‌کان له ئاست به‌رهه‌مه‌کانى ئه‌واندا نییه و ناتوانن لێی تێبگه‌ن. به باوه‌ڕی، ئه‌وان ده‌قی شانۆنامه‌کان به زمانێکی به‌رزی ئه‌ده‌بی نووسراون و باگراوندێکی فه‌لسه‌فی و ژیاریی به‌رزی له پشته‌وه‌یه. ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه له چاوپێکه‌وتنێکدا گله‌یی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، که ده‌بوایه شانۆنامه‌کانى وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانه جیهانییه‌کان.
ئه‌وه‌ی سه‌یره، من له ڕابردووه‌وه تاکو ئیستا، به درێژایی حەڤدە ساڵ، هیچ شانۆییه‌کی وام نه‌دیوه که شانۆنامه‌که کوردێک نوسیبێتی و توانیبێتی هه‌موو بنه‌ماکانی ده‌قی تۆکمه و پته‌وی له‌خۆ گرتبێت. هه‌رچه‌ندە نووسه‌رانی شانۆنامه له باشووری کوردستان که‌من، له په‌نجه‌کانى ده‌ست تێپه‌ڕ ناکات، که ئه‌مه‌ش بۆ خۆی بابه‌تێکی تر و کێشه‌یه‌کی تری ناو بواری شانۆیه له کوردستان.
له ماوه‌ى ڕابردوودا و به هه‌وڵی سه‌ندیکاى هونه‌رمه‌ندانى کوردستان لقی سلێمانى، به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هونه‌ر له سلێمانى، به‌شی هونه‌ری شانۆ، فێستیڤاڵی سلێمانى بۆ ده‌قی شانۆی کوردی‌یان ساز دا، که ئه‌م فێستیڤاڵه به یه‌که‌م فێستیڤاڵ داده‌نرێت که سه‌راپای ده‌قی کوردی بێت و ژانى له‌دایکبوونه‌که‌ی به شانۆنامه‌ى کوردی بووبێت.
به گوته‌ی خۆیان، زیاتر له ده مانگی ڕه‌به‌قه سه‌رقاڵی گوت‌وبێژی ته‌واو و سه‌رنجی که‌سانى پسپۆر و گرنگن، که ئاستی فێستیڤاڵه‌که چۆن بێ؟ چی بکرێت باشه؟ له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه، ئاستی ئه‌و شانۆنامانه‌ی که دیاری کراون بۆ نماییش، ده‌بێ به‌رز بێ، به هه‌ڵسه‌نگاندنی به ناو که‌سی شاره‌زا و کامڵدا تێپه‌ڕ بێت و تا بتوانرێت بیسه‌لمێنن که شانۆنامه‌ی کوردی بوونی هه‌یه.
دوابه‌دوای ده‌ستپێکردنی نماییشهکانى فێستیڤاڵ، که ڕۆژی دوو نماییش پیشان ده‌دران و به ئاماده‌یی بینه‌رێکی ئێجگار زۆر خوێنگه‌رم، که به تاسه‌وه به‌ره‌و هۆڵه‌کانى نماییش ده‌هاتن، تا بتوانن له ناو هۆڵه‌کاندا که‌مێک چێژ و مه‌عریفه وه‌ربگرن، شانازییه‌ک به‌وه‌وه بکه‌ن که فیستیڤاڵه‌که گرنگه بۆ ئێستای کوردستان.
به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بینه‌ر هه‌ستی به‌و مه‌ترسی و گومانه و سه‌رلێشێواوییه کرد که کاره‌کان به‌پێی پێویست نین، بینه‌ر سه‌بری زۆر بوو، ئارامتر خۆی پیشان ده‌دا، ڕۆژانه گه‌رمتر و به هه‌ستێکی کوردانه‌وه ده‌هاتنه‌وه هۆڵه‌کانی شانۆ، ده‌یانگوت به‌ڵکو ئه‌م نماییشه باشتر بێ له‌چاو ئه‌وانی تر، که پیشان دران.
جۆری شانۆنامه‌کان و بابه‌تی شانۆنامه‌کان، جۆری داڕشتن و بینا و ته‌کنیکی شانۆنامه‌کان، ئاستی بێمهعریفی و نازانستی و بێئاگایی و ناکارامه‌یی ئه‌وان له نووسینی شانۆنامه‌دا، به ته‌واوه‌تی له نماییشه‌کاندا ڕه‌نگی دابووەوە. من ڕاسته‌وخۆ ڕیژیسۆران تۆمه‌تبار ناکه‌م به ئاستنزمی و بێبه‌هره‌یی و بێئاگایی ئه‌وان له پیشه‌که‌ی خۆیاندا، هه‌ر وه‌ک نووسه‌رێکی که به شانۆنامه‌یه‌ک به‌شدار بوو له فێستیڤاڵه‌که‌دا، لافی ئه‌وه‌ی لێ ده‌دا که ده‌رهێنه‌ران ناتوانن و توانای ئه‌وه‌یان نییه ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی ئه‌و، به باشی و وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، بیخاته سه‌ر شانۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من گومانی ته‌واوم لا دروست بووه، له پیشه‌مه‌ندی و به‌هره‌داریی هه‌ندێک له ده‌رهێنه‌ره به‌شداربووه‌کان، چونکه ده‌رهێنه‌ری به‌ئاگا هیچ کات هه‌ڵه‌ی واناکات، ده‌قێ یان ده‌قێکی نزم بخاته سه‌ر شانۆ، چونکه ده‌رهێنه‌ر چه‌ند توانای به‌رزیش بێ وه‌ک ده‌رهێنه‌ر، چه‌ند هه‌وڵی زۆر بدات بۆ ئه‌و شانۆنامه‌یه، ئه‌و باخه هیچی لێ سه‌وز نابێت. مێژووی هونه‌ری شانۆش گه‌واهیی ئه‌و ڕاستییه‌ن، که ڕیژیسۆره جیهانییه‌کان، هه‌رگیز به شانۆنامه‌ى لاواز مه‌زن نه‌بوون، به‌ڵکو مه‌زنیی ئه‌وان به کارکردن بووه له‌سه‌ر شانۆنامه مه‌زنه‌کان و جیهانییه‌کان، گه‌ردونی و ئهبهدییەکان. ئه‌مه‌ش بابه‌تێکی ترە و کێشه‌یه‌کی تری شانۆکاره کورده‌کانه، ده‌کرێ له ئایینده‌دا باشتر و وردتر قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م.
به هه‌رحاڵ، شانۆکاران و بینه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، تا کۆتا ڕۆژی نماییش له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵدا به‌ڕێیان کرد، که ڕۆژ به ڕۆژ ناڕه‌زایی و هاواری ئه‌وان بۆ شکستی فێستیڤاڵ و لاوازیی ده‌قی کوردی و لاوازیی کاره‌کان زۆرتر ده‌بوو، به جۆرێک که وای له لیژنه‌ی گشتیی فێستیڤاڵ کرد، که کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت بکه‌ن و بڕیای هه‌ڵه‌ی گه‌وره بده‌ن، بڕیاره‌که‌ش ئه‌وه بوو که لابردنی خه‌ڵاتی باشترین شانۆنامه بوو له فێستیڤاڵه‌که‌دا. ئه‌م بڕیاره په‌له و خێرایه‌ی که لیژنه‌ی ده‌ق دایان، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی به خۆیان بزانن، شتێکی ته‌واوی فێستیڤاڵه‌که‌ی بۆ سه‌لماندین، چه‌ند خاڵێکی تریش بۆ پشت‌راست کردینه‌وه:
شانۆنامه‌ی کوردی به جۆرێک لاوازه، که هێشتا له قۆناغی سه‌ره‌تادایه و هه‌نگاوه‌کان خێرا نین بۆ دروستبوونی ده‌قی تۆکمه و ته‌واو.
لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، که هه‌مان لیژنه‌ش دادوه‌رانی هه‌ڵبژادرنی باشترین ده‌ق بوون، نه‌شاره‌زان له ناسینی ده‌قی باش و خراپ، بێ‌ئاگان له ژانری شانۆنامه، بنه‌مای ده‌قی جیهانیی باش و پرەنسیپه‌کانی شانۆنامه‌ی به‌هێز نازانن، چونکه گه‌ر وانه‌بێت، بۆ بێهه‌ڵویست بوون له ئاست لاوازی و بێتوانایی شانۆنامه‌کان؟ به جۆریک که ئه‌وان بیانگوتایه که شانۆنامه‌ی کوردی له ئاست ئه‌وه‌دا نییه فێستیڤاڵکی بۆ ڕێک بخرێت، ئه‌وکات ده‌یانتوانی فیستیڤاڵه‌که نه‌که‌ن، یان سیستمی فێستیڤاڵ بگۆرن، له شانۆنامه‌ی کوردییه‌وه بۆ شانۆنامه‌ی جیهانی. ده‌کرێت وانه‌بێ و ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵێکی لۆکا‌ڵی بکرێت و کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ند و شانۆکار له شوێنه جیاجیاکانى کوردستان بانگێشت بکه‌ن و دواتر له‌بری ئه‌مه، ئه‌مانیش بانگێشتی فێستیڤاڵ بکرێنه‌وه. من ناچمه ئه‌و ورده‌کاری و یاریکردنه‌ی فێستیڤاڵه‌وه، چونکه له ڕابردوودا گوتارم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نووسیوه، به ناونیشانى بانگهێشتم بکه تا بانگهێشتت بکه‌م، بانگهێشتم نه‌که‌ی بانگهێشتت ناکه‌م.
ده‌رهێنه‌ره‌کانی به‌شداربووی ئه‌م فیستیڤاڵه، فێستیڤاڵ توانا و به‌هره‌ی ئه‌وانی خسته گومانه‌وه، که گه‌ر ده‌قێک توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێ کاری خۆت وه‌ک ده‌رهێنه‌ر، مه‌ودای کارکرن و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ت به‌هێز و فراون بکات، چۆن کاری تێدا ده‌که‌یت؟ بۆ ئه‌کته‌رانی فێستیڤاڵ، کارەکته‌رێکی لاواز هه‌رچه‌ند هه‌وڵی ته‌واوه‌تی بده‌یت، چه‌ند خۆت شینومۆر بکه‌یته‌وه، چه‌ند هاوار بکه‌یت و بقیژێنی، ناتوانی یارییه‌کی ته‌واو باش وه‌ک ئه‌کته‌ر له ناو ئه‌و که‌سایه‌تییه‌دا بکه‌یت. ئه‌ی باشه چۆن بڕیار ده‌ده‌ی کار بکه‌یت و ڕازی بیت به‌وه‌ی نواندن بکه‌یت له که‌سایه‌تییه‌کی لاواز و ناکامڵدا؟ به‌ڵگه‌ش زۆره، هه‌ندێک ئه‌کته‌رانی ناو کاسته‌کان زوو یان دره‌نگ هه‌ستیان به لاوازیی ده‌ق و بێبنه‌مایی ده‌ق و ناته‌واویی که‌سایه‌تیی ناو شانۆنامه‌کان کرد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو زۆر له‌سه‌رخۆ و به هێمنی و ئاقڵانه لێی کشانه‌وه.
ئه‌م فێستیڤاڵه ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رخستین که شتێک نییه به ناوی شانۆی کوری، باشتر وایه هه‌ر زوو له‌و نه‌خۆشییه سامناکه ده‌رباز بین، که له دێرزه‌مانه‌وه به‌رۆکی وڵاتانی عه‌رەبیی گرتووه و ئێستاش به قووڵی به ئیسقان و مۆخی شانۆکارانی خۆماڵیدا چووەته خواره‌وه. هه‌ر کاتێکیش که‌سێک له دڵسۆزیی خۆی بڵێ ”شانۆی کوردی بوونی نییه”، هه‌مووی لێی هه‌ڵده‌ستن و ده‌یانه‌وێت به کۆمه‌ڵ هێرش بۆ ئه‌و که‌سه به‌رن، چونکه شته ڕاسته‌که‌ی گوتووه. جاری واش هه‌یه ده‌ڵێن ”تۆ ده‌ته‌وێت مێژووی دێرینی شانۆی کوردی له‌ناو به‌ری”.
ئه‌م فێستیڤاڵه ئه‌وه‌ی سه‌لماند، که بینه‌ر به‌ئاگایه، بینه‌ر ده‌زانێ کامه کاری باشه و کامه کاری خراپ، بینه‌ر هۆشیاره و زیاتر له‌وان، بینه‌ر کاری جیدی و تۆکمه و پیشه‌مه‌ندی حه‌ز لێیه.
دواجار له ماوه‌ی پێنج ڕۆژدا بینه‌ر شوێنی شیاوی نه‌بوو بۆ دانیشتن، زۆربه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی و به پێوه ده‌یانویست نماییشه‌کان ببینین، به‌ڵام هۆشیاریی ئه‌وان، دڵسۆزیی ئه‌وان، نه‌یهێشت نماییشه‌کان بوه‌ستێت، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی تیشکی خۆرێکی تره، دروستکردنی نه‌وه‌یه‌کی شانۆکاری پیشه‌مه‌ند، ئه‌و شانۆکارانه‌ش نه‌وه‌یه‌کی گه‌نج و چالاکن، که ئێستا به دید و فه‌نتازیا و خه‌ونێکی تره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن، تاوه‌کو شانۆیه‌کی پڕ چێژ و هونه‌ر و پیشه‌مه‌ند له‌دایک بێت، شانۆیه‌ک، جیاواتر له شانۆی نه‌وه‌ی ڕابردوو.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.