26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دۆزینەوەی ئومێد لە بێئومێدیی سارا کەیندا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ساڤان عەبدولڕەحمان

شانۆنامەنووسی بەڕیتانی، سارا کەین، یەکێکە لە ناوە دیارەکانی شانۆی مۆدێرنی بەڕیتانی و لە هەمان کاتدا کارەکانی و خودی خۆیشی، جێی زۆرترین مشتومڕ بوون. ساڵی ١٩٧١ لە شاری برینتود لە دایک بووە. لە زانکۆی بریستۆل بەشی درامای خوێندووە و بەشی نووسینی شانۆی لە زانکۆی بێرمینگهام تەواو کردووە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی تەقینەوەکان لە بیستوسێ ساڵیدا نووسیوە و ساڵی ١٩٩٥ لە هۆڵی شانۆیی ڕۆیاڵ کۆرت لە لەندەن بۆ یەکەم جار نمایش کراوە. سیناریۆی بۆ کورتەفیلمێکیش بە ناونیشانی پێست نووسیوە. بەرهەمەکانی ئەمانەن: تەقینەوەکان، ئەڤینی فایدرا، ڕزگاربوو، تینوویەتی و شێتەکەی سەعات ٤٨:٤، کە دوایینیانی چوار ساڵ پێش خۆکوشتنی نووسیوە. سارا کەین بە قەیتانی کالەکانی لەو نەخۆشخانە دەروونییەی تێیدا دەمایەوە، لە لەندەن، خۆی خنکاندووە.

لە کاتی خوێندنەوەی شانۆنامەکانی سارا کەیندا، خوێنەر لە نێوان شۆکێکی بەردەوام و دۆخێکی دەروونیی گرژدا بەرامبەر ئەو توندوتیژی و بێئومێدی و خەمۆکییەی لە شانۆنامەکەدا بەری دەکەوێت،  نغرۆ دەبێت، وەک ئەوەی لە شەوێکی شەستەلافاودا لە کەشتییەکدا بێت و بەردەوام بەر شەپۆلە سەختەکان بکەوێت. وەک سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەدەبیاتی بەڕیتانی ئاماژەی پێ دەدەن، کارەکانی سارا کەین گرنگی بە تەوەری عەشق وەک ڕزگارکەر، تامەزرۆیی سێکسی، ئازار، ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و مردن دەدەن. بەشێکی زۆریش لە خوێنەرانی ئەدەبیات کارەکانی بە تراژیدیای ڕەش هەژمار دەکەن.

سارا کەین لە ژیانی لاویدا وەک چالاکوان و یاخییەک کاری کردووە و ئەو ڕۆحیەتە یاخییەیشی لە نووسینەکانیدا بەدی دەکرێت. هیچ کام لە شانۆنامەکانی کەین، سەرەڕای ئەو خەمۆکی و ئازارچەشتنەی ناوەڕۆکی دەقەکان دەگرنەوە، بەدەر نین لەو ڕەخنە ڕادیکاڵانەی لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمەکەی خۆی دەیگرێت. لە ڕێی شانۆنامەکانیەوە ڕاستەوخۆ بە خوێنەرانی دەڵێت، مرۆڤ لە چ قەیرانێکی ئازادیدایە و هەر چەند پێی وابێت ئازادە، ئازاد نییە و بە چەندین چاو و چاودێر تەنراوە. لە شانۆنامەی ئەڤینی فایدرا، لە ڕێی کۆمەڵێک چەمک و دیمەنی وەک شەرەف، عەشق، حەرام و حەڵاڵ، دەستدرێژی، ویست و ویژدان، خوێن و غەریزە، پێمان دەڵێت سەرتاپای مرۆڤ لە قاڵب دراوە و لە کوێیشدا لەو قاڵبە هەنگاو بنێت بەرەو دەرەوە، چاودێرە بەقاڵببووەکانی دیکە پێی دەگەن و بە سەختی باجەکەی دەدات. شانۆنامەی ئەڤینی فایدرا لەژێر کاریگەریی ئەفسانەیەکی یۆنانیدا نووسراوەتەوە، بەڵام بە شێوازێکی مۆدێرن، یاخود بە شێوازی خودی سارا کەین، ئەمەیش لە کاتێکدا کە بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی شانۆییدا داوا لە بەشداربوان دەکرێت بە داڕشتنەوەی ئەفسانە یۆنانییەکان بەشدار بن.

هەروەها لە شانۆیی ڕزگاربوودا ڕەخنەی تووندی کەین دەبینین لە سیستمی سیاسی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن. لە شانۆنامەکەدا ڕووداوەکان لە زانکۆیەکدا ڕوو دەدەن، بەڵام بەپێی هەلومەرجی ڕووداوەکان، خوێنەر هەندێک جار هەست بەوە دەکات لە نەخۆشخانەیەکی دەروونیدایە و هەندێک جار لە زیندان و هەندێک جاری دیکە لە مەیدانی جەنگێکی قێزەونی نێوان دوو وڵاتی دوژمندا. کەین زانکۆ وەکو مێتافۆر بە کار دەهێنێت و دەیەوێت لە ڕێی دیمەنە هەرە توندوتیژ و قێزەونەکاندا، ڕەخنەی دامودەزگاکان بکات و بە زیندانێكی هاوشێوەیان لەقەڵەم بدات. لە هەمان کاتدا، بە وردی لەسەر چەندین گرێی دەروونیی مرۆڤ، کەپتی سێکسی، جێندەر، عەشقی بەهێز و بەربەست بوەستێت.

“بێئومێدم لە بێئومێدیی.”

– وەرگیراو لە یەکێک لە دەقەکانی سارا کەین

ڕۆد و کارڵ دوو عاشقی هاوڕەگەزخوازن و تینکەر، کە دەتوانرێت وەک برا گەورەی ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ خوێندنەوە بۆ کارەکتەرەکەی بکرێت، چاودێری تەواوی ڕووداوەکانی مەیدانەکەیە. ڕۆد و کارڵ عەشق دەکەن و تینکەر وەک سزا زمانی کارڵ دەبڕێت. دووبارە عەشق دەکەن و تینکەر قۆلی کارڵ دەبڕێت. چەند بارە عەشق دەکەنەوە و چەند بارە قاچ و قۆڵەکانیان دەبڕدرێت. بەڵام لە نەمانیشدا هەر عەشق دەکەن.

خوێنەر کاتێک لە شانۆنامەکەدا بەر زەبر و زەنگی خوێن دەکەوێت، پێی وایە ئیتر کاتی وەستانە، بۆ نموونە کارڵ زمانی بڕاوە، تۆی خوێنەر دەکەویتە بەردەم شەپۆلێکی دەروونیی پڕ ئازار و دەڵێیت بێگومان کۆتایی بە نێوانیان هات! بەڵام ئەوان وەک هێمایەک بۆ عەشق و بەردەوامی هەر عەشق دەکەن. لێرەدا پارادۆکسێک دەکەوێتە بەردەم ئەو خوێندنەوە و شیکردنەوەیەی تا ئێستا دەڵێت کەین ڕەشبین بووە. شانۆییەکە سەرەڕای ئەو بەربەریەتەی تێیدایە، بەردەوام لەسەر ئەو پرسیارە جەوهەرییە دەوەستێتەوە کە ”ئایا عەشق دەتوانێ ڕزگاری ببێ؟” ئەو پۆتێنشیاڵە بەهێزەی لە کارەکتەرەکانی نێو شانۆیی ڕزگاربوودا بەری دەکەوین و ئەو پێداگیرییەی کەین لەسەر عەشق دەیکات، ئەوپەڕی ئومێدی کەینە لە بێئومێدیدا.

ئەو دەرهێنەرانەی کاریان لە ئامادەکردنی دەقی ڕزگاربوودا کردووە بۆ نمایش، بە شانۆیەکی ئاڵۆز بۆ سەر تەختەی شانۆ دایدەنێن و ڕووداوەکانی بە ڕادەیەک توندوتیژن کە بە ئەستەمیان داناوە بۆ بەرجەستەکردنەوەی لەسەر تەختی شانۆ. شانۆنامەنووسی ئەکادیمی، دان ڕیبێلاتۆ دەربارەی شانۆنامەیی ڕزگاربوو دەڵێت: ”تاقیکردنەوەی عەشقە لە توندڕەوترین ژینگەدا، لەوێدا دەتوانیت بە ئاسانی دەستبەرداری عەشق بیت، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان پەڵەیەک بە قیرەکەوە جێ دەهێڵێت کە گشت عەزاب و ئەشکەنجەچەشتووەکان پیشان دەدات.”

ڕەخنەگرانی سەرەتا لەبارەی کارە یاخی و پڕ توندوتیژییەکانی کەینەوە دەیانگوت کچێکی گەنجە و چێژ لە خستنەسەر شانۆی بابەتی یاخیگەری دەبینێت و هیچ ئارەزوویەکی دیکەی نییە، جگە لەوەی خەڵک بحەپەسێنی و تەنها ئارەزووی توندوتیژی دەکات. بەڵام ئەو ڕەخنە سەرەتاییانە بێبنەما بوون و لە پشت دەقە بەربەرییەکانی کەینەوە توندترین ڕەخنەکان چەقیان بەستبوو. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی لە کارەکانیدا ڕەسەنە ئەوەیە لە هەر شانۆنامەیەکیدا دەیەوێت تەحەدای فۆرمی شانۆیی بکات، ڕێبێلاتۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: ”وا دەکات تاکو شتێک لەبارەی عەشق و توانای ئێمە بۆ توندوتیژی دەربخات.”

لە شانۆنامەی تینوێتیدا کە کەین بە تاریکترین دەقی خۆی دادەنێت، زۆر قورسە بزانیت کارەکتەرەکان کێن، بۆ کێ قسە دەکەن و چی دەڵێن، کەین هیچ زانیارییەک نادات بە دەستەوە لەبارەی ئەوەی کارەکتەرەکان لە کوێن، کێ کێیە و کێ کێ نییە و کێ لەگەڵ کێدا قسە دەکات و ئاڕاستەی پرسیار و وەڵام و پەیامەکان ڕوو لە کێیە. زۆر جار هەست دەکەیت هەموو کارەکتەرەکان یەک کارەکتەرن، لە شوێنێکدا پێت وایە دۆزیتەوە! کارەکتەری یەک لەگەڵ کارەکتەری سێیەتی و کارەکتەری دوو عاشقی کارەکتەری چوارە. بەڵام لە شوێنی دواتردا دۆزینەوەکەت هەڵدەوەشێتەوە و دەکەویتەوە گومانەوە. لە کاتی خوێندنەوەدا هەست دەکەین کەین هێندەی مەبەستی ئەوە بووە تۆ بە دوای دۆزینەوەی کارەکتەرەکاندا ڕابکەیت، مەبەستی نەبووە گوێبیستی دەقەکان بیت. دەرهێنەران پێیان وایە  ئەم شێوازی نووسینە شفتێکی گەورەیە لە ستایلدا لەچاو کارەکانی پێشوویدا بەوپێیەی کارەکانی دی ڕووداوەکانی لە شوێنێکدان، بەڵام ئەمەیان شوێنێکی دیاریکراوی نییە لە دنیای هاوچەرخی ئەمڕۆدا، هەروەها چونکە تێیدا کارەکتەر و زمان پەیوەست نین بە یەکەوە.

کۆبەرهەمی سارا کەین (و: باران، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٦)

کەین بە بوێرییەکی زۆرەوە ئەو شتانەی نووسیوە کە چەندین کەس پێوەی دەناڵێنن و دەری نابڕن. گوێگرتن، ڕاستگۆیی و متمانە، ئەو تەوەرانە بوون کە لە شانۆنامەی شێتەکەی سەعات ٤٨:٤دا کەین لێیان ورد بووەوە.  لە شانۆییەکەدا هەست دەکەیت ئەمە لە شانۆ ناچێ. هەندێک بەش هەن تەنها ژمارەن. دیالۆگە؟ پەیامە؟ ڕیتمە؟ چییە؟ لە زۆر شوێنیشدا لە مۆنۆلۆگێکی کەین دەچێت لەگەڵ خودی خۆیدا. هەندێک دەڵێن کە ئەم شانۆنامەیە وەسێتنامەی کەینە، چونکە پێش بڵاوکردنەوەی خۆی کوشتووە.

کەین پێشتریش بە خواردنی کۆمەڵێک حەبی زۆر، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ڕزگار کراوە. چەندین جاریش لەبارەی ویستی خۆکوژییەوە قسەی کردووە و لە دەقەکانیدا و بە تایبەتی کۆتا شانۆنامەی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە ویستی خۆکوژی دەکات. ئەو دەروونناسەی پزیشکی کەین بوو، ئاماژەی بەوە دابوو کە دەبێت هەموو ساتێک لەژێر چاودێریی ورد دابێت. دوای خۆکوشتنەکەی، باوکی ناڕەزایی بەرامبەر نەخۆشخانە دەروونییەکە دەربڕی. بۆ ئەو ڕووداوێک بوو جێی گومان بوو و داوای دەکرد وردەکاریی ڕووداوەکە لە نەخۆشخانەکە وەربگرێت. لە کاتێکدا دەرهێنەری هونەریی ناودار لە هۆڵی شانۆیی ڕۆیاڵ کۆرت، ئیان ڕیکسۆن لەو بارەیەوە بە سادەیی دەڵێت: ”ڕوون بوو کە دەیویست بمرێ.”

وەرگێڕی سویدیی شانۆنامەکانی کەین بۆ کوردی، باران، لەبارەی باوەڕی کەین بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری، لە پێشەکیی وەرگێڕانەکەیدا دەنووسێت: ”کەین لەو باوەڕەدا بووە نووسین و شانۆگەری تا توانای ئەوەیان هەبێت کاریگەری لەسەر تاک جێ بهێڵن، توانای کاریگەرییان لەسەر جیهانیش دەبێت.” لە کارەکانی کەیندا تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ عەشق و سیاسەتی هاوچەرخ بەدی دەکرێت، سیمۆن ستیفنی شانۆنامەنووس لەبارەی تێگەیشتنی کەینەوە دەڵێت: ”ئەوەی لەبارەی سارا و شانۆنامەیەکانیەوە سەرسامکەرە، ئەوەیە هەرگیز باس لە وردەکاریی بێئومێدییەکەی ناکات، لەجیاتیی ئەوە بە درامای کردووە. بەدراماکردنی شتێک تاکو توندوتیژ یان هەزەلی دەربکەوێت، تێگەیشتنی قووڵ لە ئازار دەخوازێت. ئەویش دەیتوانی لەو جیهانە بڕوانێت کە لە ململانێدا بوو لەگەڵی، بەڵام بە تێگەیشتنەوە.” ئەمەیش وەڵامدەرەوەی ئەو ڕەخنانەی پێشوو دەبێت، کە لە سەرەتای دەرکەوتنیدا پێیان وابوو کەین تەنها هەرزەکارێکە و چێژ لە توندوتیژی و دیمەنی یاخیگەری دەبینێت و لە کۆتاییەکاندا پێیان وابوو نەخۆشێکی ڕەشبینە.

هاوبەشی بکە

Book, Playwright, Sarah Kane, Theatre,