25/04/2024
DidiMn Logo
Top

لیستی باشترین ڕۆمانە عەرەبییەکانی ساڵی ٢٠١٦

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئەلرەسیف ٢٢

لە عەرەبییەوە: زرار حەمید

لەگەڵ تەواوبوونی ساڵی ٢٠١٦، ماڵپەڕی ئەلرەسیف ٢٢، کە ماڵپەڕێکی عەرەبیی تایبەت بە کلتوور و ئەدەبیاتی عەرەبی و جیهانە، لیستی باشترین ئەو ڕۆمانە عەرەبیانەی خستە ڕوو، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا، لە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەکاندا بڵاو کراونەتەوە.

لیستی ڕۆمانەکانیش بەم جۆرەیەیە:

  1. ڕۆمانی من لەبیرکراوم، لە نوسینی محەمەد عیزەدین ئەلتازی، مەغریب 

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: شاول کوڕی عمیسئێل زاز، کەسایەتییەکی یەهوودیی ئەفسانەییە، کە هەزار ساڵ ژیانی کردوە. خاوەنی کۆمەڵێک توانای سەیرە و دەتوانێت لە یەک کاتدا لە زیاتر لە شوێنێک بێت، هەر لەبەر ئەمەش هەموو چیرۆکەکانی جوولەکە مەغریبییەکان دەزانێت و بۆمان دەگێڕێتەوە. چیرۆکی دوو شوێن، بەشێکیان چیرۆکی ئەو جوولەکانەی کە لە مەغریب مانەوە و جێیان نەهێشت، لەگەڵ چیرۆکی ئەو جوولەکانەی کە بڕیاری کۆچیان دا بەرەو فەڵەستین. کاتی ڕۆمانەکە لە نێوان سەدەی سیازدەیەمی زایینی، تاکو کۆچی جوولەکە بەرەو فەڵەستین دوای ساڵانی ١٩٤٨ە.

  1. ڕۆمانی بیاباننشینە بچکۆلەکە، لە نووسینی مەقبوول ئەلعەلەقی، سعوودیە

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە، غەسان، یادەوەرییه‌کانی منداڵیی خۆی، کە لە گوندێکی سعوودی بەسەری بردووە، دەنوسێتەوە. نووسەر دەمانهێنێتەوە سەردەمی ئێستا و باسی ئەو هەموو گۆڕانکارییانە دەکات، کە بەسەر گوندەکەیدا هاتووە لە ئەنجامی بوونی کێڵگەی نەوتی و کاریگەریی لەسەر ناوچەکەی و خەڵکەکەی. هەروەها باس لە چیرۆکی کۆچکردنی خۆی دەکات بەرەو ئەورووپا بۆ خوێندن و ئاشنابوونی بە گرووپی ئەببای سویدی. پاشان دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی ئەو گرووپە و سەرسامیی بۆ ئەو کچە گۆرانیبێژە، تا بێت زیاتر دەبێت و هەمیشە بەدوای ئەو هەواڵانەوەیە کە لەبارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە، تاکو ڕێگەی پێ دەدرێت کە چاوی بە گۆرانیبێژەکە بکەوێت، لەوێوە ئیتر ڕوداوەکان دەست پێ دەکەن.

  1. ڕۆمانی نرخی خوێ، لە نووسینی خالید ئەلبەسام، بەحرەین

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: باوکی حەنا بە هۆی هەژارییەوە کچەکەی دەفرۆشێت، ئەو کەسەی کە حەنا دەکڕێت، ناوەکەی دەگۆڕێتە عەبدە و دەیخاتە لای خزمەتکارەکان؛ لێرەوە لە ژیانی پڕئازاری خزمەتکارەکانەوە، چەند چیرۆکێک دەبیستین، کە دەمانگریەنن. هەر لەوێ، لای خزمەتکارەکان فێری سەماکردن دەبێت، سەما ڕێرەوی ژیانی عەبدە دەگۆڕێت و یەکەم هەنگاوی دەبێت بەرەو ئازادبوونی. نووسەر لە ڕێگەی چیرۆکی حەنا/عەبدەوە، تیشک دەخاتە سەر کۆیلایەتی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و باس لە قۆناغێکی گرنگی مێژووی بەحرەین دەکات، ئەو کاتەی لە ژێر دەسەڵاتی بەڕیتانییەکان بوو.

  1. ڕۆمانی ثـٶلول، لە نووسینی میس خالید عوسمان، کوەیت

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: لە کاتی داگیرکاریی عێراق بۆ سەر کوەیت، کۆمەڵێک سەربازی عێراقی پەلاماری ماڵێکی کوەیتی دەدەن، یەکێک لە سەربازە عێراقییەکان دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر سەلوا، کیژۆڵەی ماڵەکە، لە بەرچاوی خێزانەکەیدا. پاش ماوەیەک، هەموان دەزانن کە سەلوا هەڵگری منداڵی سەربازە عێراقییەکەیە لە سکیدا، ماڵی سەلوا بریار دەدەن ئەم نهێنییە بشارنەوە و وای پیشان بدەن کە ئەو منداڵە منداڵی خێزانەکەیە و خوشکی سەلوایە. ڕووداوەکان لێرەوە دەست پێ دەکەن؛ ژیان لەگەڵ منداڵێک، کە سوکایەتییە بۆ خێزانەکە…

  1. ڕۆمانی نەوەی سیندیباد، لە نووسینی حەبیب عەبدلرەب سەروەری، یەمەن

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: لە یەکێک لە بەیانییانەکانی ساڵی ٢٠٢٧دا، عەلوان جاوی کۆمپیوتەرێک لە ناو خاشاکێکدا دەدۆزێتەوە، دەیباتە ماڵەوە و شتەکانی ناو کۆمپیوتەرەکە دەپشکنێت و دەزانێت کە ئەو کۆمپیوتەرە، دەگەڕێتەوە بۆ هاوڕێیەکی بە ناوی نادر غەریب، کە نادر لە ناو ئەو کۆمپیوتەرەدا سەرکێشییەکانی خۆی و گەشتەکانی خۆی هەڵگرتووە. بابەتی ڕۆمانەکە گەڕانی بەردەوامە بەدوای شوێنی نوێدا .

  1. ڕۆمانی چادرە سپییەکە، لە نووسینی لیانە بەدر، فەڵەستین

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: کارەکتەری ڕۆمانەکە، نەشید، لەگەڵ هاوڕێکانی هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی پلانەکەیان بۆ ڕزگارکردنی هاجەر لە چارەنووسی بریارلەسەردراوی، کە هاجەر هەڵهاتووە لەدەست ماڵەوە، بە هۆی ترسی لە کوشتنی لەبەر داپۆشینی شەرەفی خێزانەکەی… ڕۆمانەکە باس لە هەلومەرج و بارودۆخی فەڵەستینییەکان دەکات لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە.

  1. ڕۆمانی ئەلرایس، لە نووسینی هاجەر قویدەری، جەزائیر

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: دانیشتوانی دوورگەی قوبرس، داوا لە فەرمانڕەواکەیان دەکەن کە پەنجا گەنجی گێرەشێوێن بنێرن بۆ جیهادکردن لەپێناو ئایینی ئیسلام و دەوڵەتی عوسمانی، تا ئاکار و ڕەوشتیان ڕێک ببێتەوە. بەم شێوەیە، بیفاریتۆ دەگاتە جەزائیر و لە لایەن ڕایس حەمیدۆوە، دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە پیاوانی ناو کەشتییەکەی. لێرەوە چیرۆکی دەریا و چەتە دەریاییەکان و بەشەڕهاتنیان لەگەڵ پیاوانی دەوڵەتی عوسمانی دەست پێ دەکات. ڕۆمانەکە باس لە جەزائیر دەکات لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکاندا و چیرۆکی ناودارترین چەتەی دەریامان بۆ دەگڕێتەوە، لە مێژووی جەزائیردا.

  1. ڕۆمانی زرایب العبید، لە نوسینی نەجوا بن شەتوان، لیبیا

  1. ڕۆمانی ساڵی ڕادیۆ، لە نووسینی ڕینیە ئەلحایک، لوبنان
  2. ڕۆمانی شو، لە نووسینی ئەحمەد عەبدولمەلیک، قەتەڕ.

پوختەیەک لە ڕۆمانەکە: پیاوێکی خەلیجی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ستەمی بەرانبەر دەکرێت، هاوسەرەکەی خیانەتی لەگەڵ دەکات و دزیی لێ دەکات و پیاوەکە بە هۆی هاوسەرەکەیەوە دەکەوێتە سووچی بەندینخانە بۆ ماوەی سێ ساڵ. پاش ئازادبوونی لە زیندان، کەسوکاری پشتی تێدەکەن و لە کارەکەی دەردەکرێت، پیاوەکە بڕیار دەدات کە وڵاتەکەی جێ بهێڵێت و ڕوو بکاتە یەکێک لە دوورگەکانی تایلەند و ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکات. نووسەر لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە باس لە کەشوهەوا و جیاوازیی نێوان کلتووری وڵاتەکەی و تاراوگە دەخاتە ڕوو، لە ڕۆمانەکەدا لەپاڵ ئەم ڕووداوانە، چیرۆکێکی خۆشەویستییش هەیە لەگەڵ ڕوداوەکانی ڕۆمانەکاندا دەڕوات.

    11- ڕۆمانی عناقید الرذیلة، لە نووسینی ئەحمەد وەلەد ئەلحافز، مۆریتانیا

    12- ڕۆمانی گەڕانەوەی میرە، لە نووسینی عائیشە ئەلعاجل، ئیمارات

    13- ڕۆمانی فیردەوسی حەرامکراو، لە نووسینی یەحـیا ئەلقەیسی، ئەردەن

  1. ڕۆمانی ئەیلفیشاوی، لە نووسینی غادە ئەلعەبسی، میسڕ

  2. ڕۆمانی ئامێری خۆشبەختی، لە نووسینی کەمال ئەلزەغبانی، تونس

  3. ڕۆمانی نارنج، لە نووسینی خەوخە ئەلحارسی، عەممان

  1. ڕۆمانی نبوءة السقا، لە نووسینی حامید النازر، سۆدان
  2. ڕۆمانی زەنگەکانی ڕۆما، لە نووسینی جان دۆست، سووریا


  1. ڕۆمانی یولیانا، لە نووسینی نزار عەبدولستار، عێراق
هاوبەشی بکە

Best Arabic Novels 2016, Zrar Hamid,