26/04/2024
DidiMn Logo
Top

لیستی ڕۆمانە هەڵبژێردراوەکان بۆ خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەلخەلیج، ویکیپیدیا، ئەلیەوملسابع

لە عەرەبییەوە: زرار حەمید

خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی بە گرنگترین خەڵات دادەندرێت، کە دەدرێتە ئەو ڕۆمانانەی کە بە زمانی عەرەبی نووسراون. بە هۆی ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی کە لە لایەن میدیا عەرەبییەکانەوە پێی دراوە، ساڵانە لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان، خوێنەران بە گرنگییەکی زۆرەوە چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی لیستی ڕۆمانە پاڵێوراوەکان دەکەن بۆ ئه‌م خه‌ڵاته‌، تاکو زووبەزوو بیاخوێننەوە.

[aesop_video align=”center” src=”vimeo” id=”164032183″ caption=”لیستی کورتکراوەی پاڵێوراوان بۆ خەڵاتەکە” disable_for_mobile=”on” loop=”on” autoplay=”on” controls=”on” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”inplaceslow”]

خەلاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی «IPAF»، ئەمسال پێ دەنێتە خولی دەیەمینییەوە. لە ماوەی نۆ خولی ڕابردوودا، ١١٨٩ ڕۆمان پاڵیوراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە ١٨ وڵاتی عەرەبییەوە و ١٤٠ ڕۆمان بۆ لیستی درێژ، کە هەر ساڵ ١٦ ڕۆمان دەچنە لیستی درێژی، پاڵیوراوان. جگە لە ساڵی ٢٠١٢، کە ١٣ ڕۆمان مانەوە بۆ کێبركێکردن و ساڵی ٢٠١٦، کە ١٥ رۆمان مانەوە. لە مێژووی ئەم خەڵاتەدا، یەک ڕۆمان دوور خراوەتەوە پاش گەیشتنی بە لیستی کۆتایی، ئەویش ڕۆمانی خودای ئێمەی تاڵیب ڕەفاعییە، بە هۆی نەگونجانی لەگەڵ مەرجەکانی خەڵاتەکە.

ساڵانە یەک ڕۆمان دەبێتە براوەی خەڵاتەکە، بەڵام ساڵی ٢٠١١ دوو ڕۆمان خەڵاتەکەیان بەدەست هێنا. لە مێژووی ئەم کێبڕکێیەدا یەک جار نووسەری ژن خەلاتی کێبڕکێکەی بەدەست هێناوە، ئەویش خانمە نووسەری سعوودی، ڕەجا عالم بووە بۆ ڕۆمانی طوق الحمام.

ئەم کێبرکێیە لە لایەن دامەزراوەی بووكه‌ر پڕایز و بە هاوکاریی دەستەی ئەبوزەبی بۆ گەشتوگوزار و ڕووناکبیری بە ڕێوە دەبرێت لە ئیماڕات، کە یەکەم خولی ئەم کێبڕکێیە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجام درا .

ئەمساڵیش دامەزراوەكه‌، لیستی ناوی ئەو ڕۆمانانەی بڵاو کردەوە کە لە کێبرکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی بۆ خولی دەیەم، کە لەنێوان ١٨٦ ڕۆمان، تەنیا ١٦ ڕۆمان پاڵیوراون بۆ لیستی درێژ، پاش ئەم قۆناغە، تەنیا شەش ڕۆمان دەمێننەوە بۆ لیستی کۆتایی، کە بریارە ڕۆژی ١٦ی فەبریوەری ناوی ئەو شەش ڕۆمانە ئاشکرا بکرێن لە کۆشکی ڕۆشنبیری لە جەزائیر. پاشان لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی لە ٢٧ی ئەپرێل، ناوی ئەو ڕۆمانە ئاشکرا بکرێت کە دەبێتە براوەی خەڵاتەکە. ئەوەی جێگەی باسە، براوەی یەکەمی خەڵاتەکە بڕی ٥٠ هەزار دۆلاری پێ دەدرێت و هەر ڕۆمانێکیش کە دەگاتە لیستی کۆتایی (واتە شەش ڕۆمانی کۆتایی)، بڕی ١٠ هەزار دۆلاری وەک دیاری پێ دەدرێت.

له‌نێوان ١٨٦ ڕۆمان، تەنیا ١٦ ڕۆمان پاڵیوراون بۆ لیستی درێژ

 

ناوی ئەو ڕۆمانانەی کە پاڵیوراوی لیستی درێژی خەڵاتی پۆکەرن، بریتین لە :

 

به‌رگی ڕۆمانی فەهرەست

  • ڕۆمانی فەهرەست لە نووسینی نووسەری عێراقی، سینان ئەنتوان. لە بڵاوکراوەکانی منشورات الجمل. لەم ڕۆمانەدا خوێنەر بەر دوو کارەکتەر دەکەوێت؛ نەمیر، کە مامۆستای زانکۆیە و سەرقاڵی تۆمارکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاریە لەسەر عێراق، ودود، کە کتێبفرۆشێکە و دەیەوێت ڕۆمانێک بنووسێت لەسەر مێژووی عێراق و باسی ئەو وێرانکارییە بکات کە بەسەر عێراقدا هات لە یەکەم ساتی جەنگی دژی عێراق. جگە لە مێژوو، نووسەر دەچێتە قووڵایی زۆر بابەتی تر. ودود بەشێک لە ڕۆمانەکی خۆی دەدات بە مامۆستای زانکۆ. لە یەکێک لە بەشەکانی ڕۆمانەکەدا کارەکتەری سەرەکی، ودود، دەڵێت ”هەندێک وردەکارییە تایبەتییەکانی ژیانی من لە وردەکاریی ژیانی تایبەتی نەمیر دەچێت، کە لە نیو یۆرک دەژی و وەک من لە هاوینی ٢٠٠٣، بە دروستی دوای مانگێک لە داگیرکردنی عێراق گەڕاوەتەوە، تاکو بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر عێراق و بەتایبەتتر شاری بەغداد، ئێمە چۆن خاڵی لێکچوونمان هەیە ئاوهاش جیاوازیمان هەیە”.

 

به‌رگی ڕۆمانی الـسبـیلـیات

  • ڕۆمانی الـسبـیلـیات، لە نووسینی نووسەری کوەیتی، ئیسماعیل فەهـد عەبدولڵا، لە بلاوکراوەکانی نۆڤا پڵەس. ئەم ڕۆمانە باس لە بێوەژنێک دەکات بە ناوی دایکی قاسم (ام قاسم)، کە وێڵی دۆزینەوەی تەرمی مێردەکەیەتی کاتێک لە جەنگی ئێران و عێراقدا بێسەروشوێن بوو. نووسەر سەبارەت بەم ڕۆمانە دەڵێت کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە سەرجەمیان ڕاستەقینەن، نووسەر دێت لە ژیانی دایکی قاسمەوە بارودۆخی ئەو ژنانە دەخاتە ڕوو کە هاوسەرەکانیان لەو جەنگەدا بێسەروشوێن بوون یاخود کوژراون.
  • ڕۆمانی گەوڕی کۆیلەکان، لە نووسینی خانمە نووسەری لیبی، نەجوا بن شەتوان، لە بڵاوکراوەکانی دار الساقي. ئەم ڕۆمانە باس لە دیوە شاراوەکەی مێژووی کۆیلایەتی دەکات لە لیبیای سەردەمی عوسمانییەکاندا، کە بە سەردەمی تاریکی کۆیلایەتیی رەگەزپەرستی ناسرابوو، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە لەسەر کۆمەڵگای لیبی.

به‌رگی ڕۆمانی المغاربة

  • ڕۆمانی المغاربة، لە نووسینی نووسەری مەغریبی عەبدولکەریم جوەیتـی، لە بڵاوکراوەکانی دار الثقافة العربیة. نووسەر لەم ڕۆمانەدا باس لە هەلومەرجی کۆمەڵگەی مەغریبی دەکات، بەتایبەت بیرکردنەوەیان. خوێنەر بەر کەسایەتیی دوو برا دەکەوێت، کە یەکێکیان نابینایە ، نایەیەک بەدی دەکات کە پڕە لە ناڕەوایی و درک بەوە دەکات کە ئەم جیهانە چیی تر لەگەڵ هیچ کەس میهرەبان نییە.
  • ڕۆمانی سـنة الرادیو، لە نووسینی خانمە نووسەری لوبنانی ڕینیا حایک، لە بڵاوکراوەکانی دار التنویر اللبنان. خانمە نووسەری لوبنانی ڕینیا حایک، خاوەنی شێوازێکی تایبەتی خۆیەتی لە نووسیندا، کە هەمیشە خوێنەر خۆی لە بەردەم کۆمەڵێک ڕووداوی ڕۆژانەی سادەدا دەبینێتەوە. نووسەر لە ڕۆمانەدا گێرانەوە دەخاتە لاوە و زیاتر گرنگی بە ڕووداوە سادەکانی ڕۆژانە دەدات و لەم ڕێگەیەوە پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ دەخاتە ڕوو. پاڵەوانی ڕۆمانەکە گەنجێکی تەمان بیستساڵانە، کە دەبێتە میوانی بەرنامەیەک لە یەکێک لە ڕادیۆکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵکردنی دایکوباوک لەگەڵ منداڵەکانیان.

به‌رگی ڕۆمانی مذبحة الفلاسفة

  • ڕۆمانی مذبحة الفلاسفة، لە نووسینی نووسەری سووری تەیسیر خەلەف، لە بڵاوکراوەکانی مٶسسة العربیة للدراسة و النشر. ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی مێژوییە کە باس لە ڕۆژەکانی کۆتایی شارێک دەکات بە ناوی تەدمر، کە لەو سەردەمەدا پایتەختی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتە. نووسەر ڕووداوەکانمان لە زمانی کاهینی ئەو کاتەی تەدمرەوە بۆ دەگێڕێتەوە. مێژووی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٧٥ی زایینی.
  • ڕۆمانی أولاد غیتو – إسمي ادمی نووسەری لوبنانی ئەلیاس خوری، لە بڵاوکراوەکانی دار الأدب. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە باس لە ساڵی ١٩٤٨ دەکات، کاتێک کە سوپای ئیسرائیلی هێرش دەکاتە سەر شارێکی فەڵەستینی و جۆگەی خوێن هەڵدەستێنن، کە زیاتر لە ٧٠ هەزار فەڵەستینی بوونە قوربانی.
  • ڕۆمانی مقتل بائع الکتبی نووسەری عێراقی سەعد محەمەد رەحیم، لە بڵاوکراوەکانی دار السطور. نووسەر لەم ڕۆمانەدا سوود لە کۆمەڵێک نامە و یادەوەری دەبینێت لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی کەسێک هەیە بە ناوی مەحموود ئەلمەرزوق، کە بە هەڵە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و درێژە بە زنجیرەیەک هەڵەی تر دەدات لە ژیانی خۆیدا تاکو مردنی. تەنانەت لە ڕووداوی مردنەکەشی بە هەڵە دەبێت و ئەم لە جێگەی کەسێکی تر دەکوژرێت. نووسەر لە ڕێگەی ڕووداوی کوشتنی کارەکتەری ڕۆمانەکەوە، کۆمەڵێک نهێنی ئاشکرا دەکات لەو دەردەسەری و نەهامەتییەی کە ڕۆشنبیری عێراقی تێیدا دەژی.

به‌رگی ڕۆمانی پاولۆ

  • ڕۆمانی پاولۆی نووسەری میسڕی، یووسف رەخا، لە بڵاوکراوەکانی دار التنویر. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە باس لە هەلومەرجی بەهاری عەرەبی دەکات و خاڵە لاوازەکانی لە ڕێگەی دانپێدانانی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەوە دەخاتە ڕوو، هەروەها باس لەو دەستکەوتانە دەکات کە ئیسلامی سیاسی بەدەستیان هێنا و ئاماژە بەوە دەکات کە لەژێر سایەی ئیسلامی سیاسی، ئازادیی و ڕادەربڕین بوونیان نییە و ئەوانەی شۆڕشیان کرد بەهەڵەدا چوون.

 

  • ڕۆمانی منتجع الساحراتی نووسەری سۆدانی، ئەمیر تاج ئەلسەر، لە بڵاوکراوەکانی دار الساقي. ئەم ڕۆمانە باس لە پەیوەندیی پەنابەرێکی ئەریتیری بە ناوی ئەببا تسفای دەکات، لەگەڵ دزێک بە ناوی عەبدولقەیوم دەلیل. لێرەوە نووسەر ئازارەکانی پەنابەران دەخاتە ڕوو، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و ناوی کارەکتەرەکان لەڕاستیدا بوونیان هەبووە و لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو ڕوویان داوە.

 

  • ڕۆمانی في غرفة العنکبوتی نووسەری میسڕی محەمەد عەبدئەلنەبی، لە بڵاوکراوەکانی دار العین. نووسەر لەم ڕۆمانەدا باس لە ژیانی هاوڕەگەزبازەکان دەکات لە کۆمەڵگەی میسڕیدا لە ڕێگەی کارەکتەرەکانیەوە. ئەم ڕۆمانە لە ڕووداوی کوین بوت وەرگیراوە، کە ساڵی ٢٠١١ ڕووی داو پۆلیسی میسڕ لە هەڵمەتێکدا ٥٢ هاوڕەگەزبازی دەستگیر کرد و ڕادەستی دادگای کردن.

به‌رگی ڕۆمانی هوت ماروک

  • ڕۆمانی هوت ماروکی نووسەری مەغریبی یاسین عەدنان، لە بلاوکراوەکانی دار العین. نووسەر باسی ئەو گۆرانکارییانە دەکات کە بەسەر وڵاتی مەغریبدا هاتوون، هەروەها ڕۆمانەکە باسی سیاسەت و ڕۆژنامەوانی دەکات لەو وڵاتە و دیوێکی شاراوەی جووڵانەوە سیاسییەکانی مەغریب دەخاتە ڕوو .
  • ڕۆمانی موت صغیری نووسەری سعـوودی محەمەد حەسەن عەلوان، لە بڵاوکراوەکانی دار الساقي. نووسەر لەم ڕۆمانەدا خوێنەر دەباتە دونیایەک کە جیاوازە لەو دنویایەی تێیدا دەژی، ئەویش دونیای عاریف و سۆفی شێخ محێدین ئیبن عەرەبییەم هەر لە سەرەتای لەدایکبوونی تاکو ئەو ڕووداوانەی لە سەردەمی ئەودا ڕوویان داوە. لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە نووسەر دەیەوێت ئەو ئازارە بخاتە ڕوو کە سۆفییەکان تێیدا ژیاون لە ژیانیاندا.

به‌رگی ڕۆمانی غرفة واحدة لا تکفي

  • ڕۆمانی غرفة واحدة لا تکفيی نووسەری ئیمارڕتی سوڵتان ئەلعەمیمی، لە بڵاوکراوەکانی منشورات الضفاف. ئەم ڕۆمانە باس لە سیخوریکردن دەکات، نووسەر دەمانباتە ژوورێکی بچووک لە شوێنێکی نەزانراو، کە کەسێک لە درزی دەرگەکەوە چاودێریی کەسێکی تر دەکات، ئەم کەسەش لە لایەن کەسێکی ترەوە چاودێری دەکرێت لە ژوورێکی ترەوە. کارەکتەرانی ئەم ڕۆمانە تەنیا چاودێریکردنی ئەوانی تر ئارام دەبنەوە. ئەم زنجیرەی چاودێری و سیخوڕیکردنە بەردەوام دەبێت و زیاد لە چیرۆکێک دروست دەکات.

به‌رگی ڕۆمانی سفاستیکا

  • ڕۆمانی سفاستیکای نووسەری عێراقی عەلی غەدیر، لە بڵاوکراوەکانی دار سطور. ئەم ڕۆمانە براوەی خەڵاتی بەغدادە بۆ ڕۆمانی عێراقی ساڵی ٢٠١٦، کە باس لە مێژووی عێراق و دروستبوونی کێشە ئایدۆلۆژییەکان دەکات کە چۆن کاریگەرییان هەبووە لەسەر تاکی عێراقی و سیاسەتی عێراق.
  • ڕۆمانی ایام الترابی نووسەری عێراقی زوهەیر ئەلهەیتی، لە بڵاوکراوەکانی دار التنویر. ئەم ڕۆمانە باس لە مێژووی خوێنڕشتن و جەنگی تائیفیی عێراق دەکات و ئەو رۆژە خوێناوییانە دەگێڕێتەوە. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە کۆشکێکدایە کە کچێکی تێدا دەژی لەگەڵ براکەی، کە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە بە هۆی بەشداریکردنی لە جەنگی ئێران و عێراق.

 

هاوبەشی بکە

International Prize For Arabic Fiction, Zrar Hamid,