گۆران ڕەسووڵ
مێژووی مرۆڤایەتیی بەبێ مەی و مەستبوون نانووسرێتەوە. هەر لەسەرەتای ئەوەی کە مرۆڤ درکی بە هێزی سروشت بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ماددەکان کردووە و میوەکان بە فۆڕمێکی تر و بە چێژێکی ترەوە هاتوونەتە دەست، مرۆڤ ئاشنایەتی لەگەڵ خواردنەوەی ئەلکهول دەست پێ کردووە. شەراب پێگەیەکی گرینگی لە کولتووری یۆنانی کۆندا هەبووە بە جۆرێک کە دایانایسس لە ئەفسانەی یۆنانییدا وەک یەکێک لە خوداوەندەکان تایبەتمەند دەبێ بە خوداوەندی شەراب. پوابی شاژنی سۆمەریی لە ساڵی ٢٦٠٠ی پێش زایین، دوای کە دەمرێ، خزمەتکارەکانی و سەدان کاسە زێڕ و زیو لەگەڵیدا دەنێژرێت؛ ئەمەش بۆ ئەوەی ڕۆژانە بیرەی پێشکەش بکەن. لەو مێژووە درێژەوە تاکو ئێستا کە هەزاران کارگەی جیاواز بۆ بیرە و وێسکی و جۆرەکانی تری ئەلکهول هەن، تێدەگەین کە خواردنەوە ئەلکهولییەکان بەشێکی گرینگی مێژووی بوونن. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین کۆجیتۆ بەناوبانگەکەی ڕێنێی دێکارت “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم”، بە پێی زەمەن و ڕووداوەکان بە فۆڕم و واتای تازەوە داڕێژینەوە. بۆ نموونە بۆ ئەوانەی کە ئەلکهول دەبێتە بەشێک لە ژیانیان، دەکرێ ببێتە “من دەخۆمەوە، کەواتە هەم”. دەتوانین بڵێین ئەم داڕشتنە بۆ نووسەرێکی وەک چارلز بۆکۆڤسکی زۆر گونجاوە. بۆکۆڤسکی (١٩٢٠ – ١٩٩٤) نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووسی ئەمریکیی، یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەو نووسەرانەی کە خواردنەوە ئەلکهولییەکان بەشێکی فراوان لە ژیانی کەسێیتی داگیرکردووە و بە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەلکهول لەناو نووسینەکانی ڕەنگی داوەتەوە. بۆکۆڤسکی لەناو شیعر و ڕۆمان و چیرۆکەکانی بە ڕەهەندی جیاواز خواردنەوە ئەلکهولییەکانی کردووەتە بابەتێکی سەرەکی پەیوەست بە ژیان و بوون و ژن و سێکس. ئەمە لە ڕەنگدانەوەی ژیانی کەسێتییەوە سەرچاوەی گرتووە، بە جۆرێک کە “بیرە” هاوڕێیەکی بەردەوامی بۆکۆڤسکی بووە؛ تەنانەت لە زۆرێک لە دیمانە و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکانیش بەدەم خواردنەوەی بیرەوە گفتوگۆی کردووە.
“خواردنەوە ڕێگەیەکی دیکەی بیرکردنەوەیە، ڕێگەیەکی ترە بۆ ژیان. خواردنەوە لەبەری یەک، دوو ژیانت پێ دەبەخشێ.”
گەیشتن بە خۆر: بژاردەیەک لە نامەکان ١٩٧٨-١٩٩٤ بەرگی سێیەم
بۆکۆڤسکی بە ژیانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ژینگەی ئابووریی دووەم گەورەترین شاری ئەمریکا لۆس ئەنجلس کاریگەربووە، کە تێیدا زۆربەی ژیانی لەم شارە پڕ وێستگە سینەمایی و پیشەسازیی تەلەفزیۆن بەسەر بردووە. شارێک کە بە مۆڵگەی خەونەکان بەناوبانگە، ڕەنگە هەر ئەمەش بێ کە بۆکۆڤسکی گەیاندبێتە ئەوەی کە لە ڕێگەی مەستبوونەوە بە جۆرێکی تر و جیاواز لە ئەوانی ترەوە ئەم خەونانە ببینێ. کاتێک کە هێنری میللە پێیوایە کە “لۆس ئەنجلس هەستی داهاتوویەکی بەد دەبەخشێ” بۆکۆڤسکی نایەوێ بە تەنیا بەرەو ئەم داهاتووە بەدەوە بچێ، بەڵکو بوتڵێک بیرە دەکاتە هاوڕێگەی خۆی.
“زۆر پێش ئەوەی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بم، تەنیا دادەنیشتم و بەدەم خواردنەوەی شەرابەوە لە دیوارەکانم دەڕوانی.”
گەیشتن بە خۆر: بژاردەیەک لە نامەکان ١٩٧٨-١٩٩٤ بەرگی سێیەم
بۆکۆڤسکی لە زۆر دەربڕیندا ئەوەندە بە سۆز و ڕۆحەوە دەربارەی ئەلکهول دەدوێ وەک ئەوەی کیمیاگەرێک بێت و قووڵبووبێتەوە ناو پێکهاتە و ماددە کیمیاییەکانی. بۆکۆڤسکی هۆگری ژیانی شێتانەی مەیخۆریی و گەرموگوڕی ناو باڕەکان بووە، هەمیشە بوونی خۆی گرێداوەتەوە بە ئەلکهول؛ ” هاوشانی من، دەشێت ئەلکهول یەکێک لە مەزنترین ئەو شتانە بێ کە لەسەر زەوی هەن. بەڵێ تەنیا دوو مەزنترین شت لەسەر زەوی هەن … هەموو داهێنانەکانم لە کاتی مەستییدا بوون … بەڵێ من کەسێکی شەرمن و گۆشەگیرم ئەوە ئەلکهولە ڕێگەم دەدا ببم بەم پاڵەوانە، بە ناو بۆشایی و کاتدا هەنگاوی گەورە بنێم و هەموو ئەو شتە چاونەترسانە ئەنجام بدەم.”
سەرەڕای ئەوەی کە بیرە یەکێک لە دڵخوازترین خواردنەوە ئەلهولییەکانی بۆکۆڤسکی بووە، بەڵام ئەو کۆکتێلی تایبەتیشی بۆ خۆی داناوە، ئەویش “بۆیڵ مەیکەر”ە کە تێکەڵەی شۆتێک وێسکییە لەگەڵ بیرە. لەنێوان ساڵەکانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٩٠ بۆکۆڤسکی زیاتر لە چل و پێنج کتێبی لە ژانرە جیاوازەکانی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان بڵاوکردووەتەوە، هێزی ئەم ئەزموونەش دەداپاڵ ئەلکهول، دەڵێ ئەگەر خواردنەوە نەبا ئەم کتێبانەش نەدەبوون. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەلکهول ژیانی ئەوەی پاراستووە و دەڵێت: “ئەگەر مەستیی نەبووایە، بێگومان دەمێک بوو خۆم کوشتبوو.” ئەگەرچی بۆکۆڤسکی لە ٤ی ئاداری ١٩٩٤ لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بە شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی کرد بەڵام خودی مردن و زیندووییش دەبەستێتەوە بە ئەلکهول و دەڵێت: “ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بۆ چەند سەدەیەک لەسەریەک بخواتەوە، هەرگیز نامرێ.” خودی شیعر و چیرۆک و ڕۆمانەکانی بۆکۆڤسکی کە خۆی پێیوایە زادەی خواردنەوەی ئەلکهولن و ئێستاش لە دونیادا چاپدەکرێنەوە و دەخوێندرێنەوە بەڵگەی زیندوویی ئەو نووسەرە مەستەن.
نازانم چەند بۆتڵ بیرەم هەڵقوڕاندووە
!کاتێک کە چاوەڕێ بووم شتەکان باشتر ببن
نازانم چەندە شەراب و وێسکی و بیرەم هەڵقوراندووە
،بە زۆری بیرە
!دوای ئەوەی لە ژنەکان جیابوومەوەتەوە
لە چاوەڕوانیی تەلەفۆنەکە زەنگ لێ بدا
لە چاوەڕوانیی دەنگی هەنگاوەکانی پێ، تەلەفۆنەکەش زەنگ لێ بدا
لە چاوەڕوانیی دەنگی هەنگاوەکانی پێ و تەلەفۆنەکەش هەرگیز زەنگ لێ نادا
هەتاکو کەمێکی تر
کە هەنگاوەکانی پێ هەرگیز ناگەن
هەتاکو کەمێکی تر
کاتێک گەدەم لە ڕێگەی دەممەوە دێتە دەرەوە.
بەشێک لە شیعری “بیرە”، دیوانی “خۆشەویستی سەگێکی هارە لە دۆزەخ” چارلز بۆکۆڤسکی، ١٩٧٧
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.