16/04/2024
DidiMn Logo
Top

بوون و بیانووە ساختەکانی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – گۆران ڕه‌سوڵ
بوون و بیانووە ساختەکانی

بێ ئارەزوو و
بێ ویست
خراینە ناو داینەمۆی ئامێرەکانەوە.

پێش ئەوەی دەرفەتی بیرکردنەوەمان بۆ بڕەخسێت
کارگەکان
وەک لیبوک بۆ بەردەوامییان بەکاریان هێناین.
کاتێک ویستمان لەگەڵ خۆر، لەگەڵ سروشتدا ئاوێزان ببین،
باڵەخانە ئاسمانبڕەکان
وەک دیواری زیندانێکی مۆدێرن چواردەوریان تەنین!
چۆن لەناو ئەم زیندانە پڕ لە گێژاوەدا یەکترمان خۆشبوێت؟

لە سەردەمێکدا خۆشم ویستیت
کە بازرگانەکان ژیانیان خستە ناو قوتوو و شووشەوە،
بۆ ئەوەی ڕۆژێک،
لەناو مارکێتێکدا ژیانێکی بەسەرچوو نەکڕم
خۆشم ویستیت.

لە زەمەنێکدا خۆشت ویستم
کە ئایینەکان مردنیان لەپێناو ژیانێکی نەبوودا پێ دەفرۆشتین،
نەبادا ئایینخوازان گیرفانی ژینمان بەتاڵ بکەن
خۆشت ویستم.

لە ڕۆژێگارێکدا یەکترمان ویست
کە ئاو تامی ترامادۆڵ و
نانیش تامی سیکۆتینی دەدا،
بۆ ئەوەی زمانمان لەناو ماددە کیمیاوییەکاندا سڕ نەبێت
دەممان خستە ناو دەمی یەکترەوە، یەکترمان خۆشویست!

ئێمە زیاتر لە ڕۆشنایی تیشکەکانی خۆر
خوێنی ڕژاومان دیت،
بینیمان کە چۆن ئازار فۆڕمی خۆی گۆڕی،
تێگەیشتین، بۆ ئەوەی لەناو واقیعدا بژین
دەبێت خەیاڵمان بدەینە بەر چەقۆ!
بۆ ئەوەی خوێن نەمانخنكێنێت،
بۆ ئەوەی ئازار نەمانڕزێنێت،
بۆ ئەوەی خۆر لەسەر جەستەمان نەخش بکێشێت،
بۆ ئەوەی برینی یەکتری بلاوێنینەوە
یەکترمان خۆشویست.

ئەو ڕۆژانەی کە مرۆڤەکان
لەپێناو خواکان و شەیتانەکانیاندا
پێستی یەکتریان کەوڵ دەکرد،
ئێمە بڕیارماندا
جەستەمان بە یەکتری ببەخشین.

بۆ ئەوەی وەهمی خوایەک
نەمخاتە ناو جەنگێکی پووچەوە، خۆشت ویستم
بۆ ئەوەی فیڵی شەیتانێک
ڕق لە ناختدا نەچێنێت، خۆشم ویستیت.
یەکترمان خۆش ویست
تاکو تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت نەمانکەن بە بەرد، نەمانکەن بە ئایکۆن!
تاکو فریوی باسوخواسی سواوی ناو سۆشیاڵ میدیا نەخۆین،
بۆ ئەوەی لەناو ئەم هەموو دەنگ و ڕەنگە زۆرانەدا، خۆمان بین!
لەبەر سەرمایەدارەکان، تاکو دەمارەکانیشمان نەکەن بە کاڵا.

وەک خەڵکانی تر بۆت نانووسم:
لەبەر خۆشەویستی خۆشم دەوێیت!
من لەپێناو کێشمەکێشمی ژیان،
بۆ ئەوەی شێوەیەکی تر بدەینە ناڕێکی،
لەپێناو ئەوەی مردن،
تەمەن،
بیرکردنەوە،
مرۆڤ،
پێناسەیەکی دیکە وەربگرن،
بۆم نووسیت: خۆشم دەوێیت
بۆت نووسیم: خۆشم دەوێیت

هاوبەشی بکە

Goran Rasul, Kurdish Poetry,