28/03/2024
DidiMn Logo
Top

من ڕاستی دەنووسم و ئەوەیش دەمکوژێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

تێڕوانینێک لە شانۆنامەکانی سارا کەین

دانا ڕەئووف

سارا کەین ١٩٧١- ١٩٩٩، کە لەم ماوەیەدا کۆی بەرهەمەکانی بە وەرگێڕانی خاتوو باران لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو کراوەتەوە، بە بێ هیچ گوومانێک یەکێکە لە شانۆنامەنووسە پڕ بایەخ و گەورەکانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستویەکی شانۆی بەریتانی. کەین، کە لەساڵی ١٩٩٣ـدا یەکەم دەقی تەقینەوەکان و دواتریش ئەڤینی فایدرا و ڕزگاربوو خرانە سەر شانۆ، کەوتە بەر ڕەخنەیەکی هێندە رەق و بێبه‌زه‌یییانه‌، ناچار بوو دەقی دواتری تینووێتی، لە ژێر ناوێکی خواستراودا بڵاو بکاتەوە. هەموو ڕەخنە توندەکەیش سەبارەت بەو توندوتیژییە کۆنکرێتییە بوو، کە کەین لە دەقەکانیدا بەڕوونی خستبوونییە ڕوو: هێزێکی بێبه‌زه‌یی و دڕندە، سێکس، دیدێکی سادیزم و توڕەیییەکی بێ ئەندازە، ڕەوش و ستراکتور و ئەتمۆسفێری شانۆنامەکانی سارا کەین پێک دەهێنێت. هەرچەندە توندوتیژی نامۆ نەبووە بە شانۆی ئینگلیزی و هەمیشە تێڕوانین و دیدێکی توندوتیژ بەشێکی گرنگی دەقە شانۆیییەکانی شانۆی بەڕیتانی، بەتایبەتیش لە سەرەتاکانی نەودەکانی سەدەی ڕابردوودا، پێک دەهێنێت، بەڵام ئەو توندوتیژییەی کەین لە دەقەکانیدا باسیان لێ دەکات فۆرمێکی جودا و تان و پۆیەکی کلاسیکی لەخۆ دەگرن. ئەو توندوتیژییە دڕندەئاسا و کێوییەی لای کەین هەن، نەژادێکی دێرینیان لە کلتووری ئەوروپیدا هەیە و بەئاسانی لە دەقەکانیدا گاریگەریی چیرۆکەکانی ئنجیل، میتۆلۆژیای گریکی، شەکسپیر و زمان و وێنە مەجازییەکانی شیعرەکانی ت، س ئلیۆت… هتد بەدی دەکرێن. کەین توانیویەتی ئەو زمانە ئەدەبییە بەرزەی ئەوان بدۆزێتەوە، کە لە زمانەکەی خۆیدا لە ستراکتورێکی مۆدێرندا هێزێکی تری بە ده‌قه‌کانی کەین بەخشیوە. بۆ نموونە تینووێتی وەکو نۆتەی مۆسیقا و کۆڕاڵ بۆ چوار دەنگ نووسراوە، کە بە سی، ئێم، بی، ئەی ئاماژەیان بۆ کراوە، چۆن ئەم چوار دەنگە لە کۆڕاڵێکدا کۆ دەکەینەوە، کە هەر یەکێکیان کارەکتەر و دەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەنێو خودی دەقەکەدا گەمە بە تۆن و وشە و پێگەی خۆیان دەکەن. هەندێک جار تەنها لە پەیڤێکدا بۆ خۆیان، جارجارێکیش بۆ یەکتر و لە بەشێکی تریشدا ڕووبەرووی بینەران دەبنەوە. تینووێتی وەک کۆرسێکی شانۆیی بەرجەستەی هەلاهەلابوونی دەروونی مرۆڤ دەکات، کەین لەم دەقەیدا پێداگری لەو ڕاستییە بۆ خۆی، وەک شانۆنامەنووسێک، دەکات و دەڵێت “من ڕاستی دەنووسم و ئەوەیش دەمکوژێت”. ئەم شانۆنامەیە دەقێکی خودگەرایشە، کە پرسە ئێکستێنتالیزمییەکان دەخاتە ڕوو، ئەمەیش ڕەگ و ریشەیەکی قووڵی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا هەیە. کەین گرنگییەکی زۆری بە فۆڕم داوە، بە بێ ئەوەی ناوەڕۆک پشت گوێ بخات و لە فۆرمەوە چۆتە نێو دونیابینی و وێناکردنە توندوتیژەکەی سیستەم و کۆمەڵگەوە. لەم ڕووەوە دەڵێت: “لە دەقی شانۆییدا فۆڕم زۆر لە ناوەڕۆک گرنگترە، هەموو هونەرێکی باشیش لە فۆڕمدا یان لە ناوەڕۆکدا یاخییە، باشترین هونەریش ئەوەیە، کە لە فۆڕم و ناوەڕۆکیشدا یاخییە. زۆرجار فۆڕم دەبێتە هۆی ئەوەی سانسور بخرێتە سەر بەرهەمە نوێ و یاخییەکان… من لەو بڕوایەدام، ئەگەر تەقینەوەکان دەقێکی ڕیالیزمی سۆشیالیزم بوایە، بەو شێوە خراپە ڕەخنەی لێ نەدەگیرا. فۆرم خودی ناوەڕۆکە.”

13230129_10208417023036634_3047144083265161128_n

شانۆ دڕندەئاساکەی کەین بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە چەمکە ناتورالیزمییەکانەوە نییە، بەڵکوو دیمەنەکانی جۆرە ڕیالیزمێکی میتافۆرن، کە لەنێوان ڕیالیزم و شیعردا کار دەکەن و بنەما و ستراکتورێکی سمبۆلیش لەخۆ دەگرن. کەین بە دەقەکانی ئەو هەستەمان لا دروست دەکات، کە ئێمە لە زەمەن و دونیایەکی میتۆلۆژیدا دەژین، کە هێزێکی خواوەندی هەیە و هیچ خودگەراییەک لە ئاست ئەو هێزەدا نییە. ئەوەی کەین باسی دەکات تەنها گەڕانەوە و گێڕانەوەیەکی تری میتۆلۆژیا و چیرۆکە دێرینەکان نییە، بەڵکو هێزی ئەو زمانە تەواو درکپێکراوەیە، کە بۆ نموونە لە بێکێت نزیکمان ده‌کاته‌وه‌. ئەوەی کەین دەینووسین، مۆرکێکی سیاسیی و هاوکات خودگەراییی قووڵ لەخۆ دەگرن؛ ئەو لە فۆرمێکی بچووکدا، بۆ شتە بچووکەکانی دەنووسی تا باسی شتە گەورەکان بکات. دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی دەقەکانی کەین لەم سێ خاڵەدا چڕ بکەینەوە: تووڕەکردن، بەرجەستەکردنی توندوتیژی و سێکس، هه‌روه‌ها تێکشکاندنی فۆڕمە تەقلیدییەکانی دراماتیک. کەین یەکێکە لەو شانۆنامەنووسە ده‌گمه‌نانه‌ی، کە وەک نووسەرێکی کلاسیکی و هاوکات مۆدێرنیش ئاماژەی بۆ کراوە.

شانۆ بۆ کەین هەر شانۆ نەبووە، بەڵکو شانۆ ئەو هێزەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی سەراپاگیر دروست بکات، کەین ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە شانۆ هێزێکی سەربەخۆ نییە، کە تەنها کاریگەری و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵەوە هەبێت، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە خودی کۆمەڵ، ڕەهەند و دیدی هاوڵاتییە سەبارەت بەو دونیایەی لە شانۆدا ڕەنگ دەداتەوە. کەین گوتویەتی “ئەگەر شانۆ بتوانێت ژیانی مرۆڤ بگۆڕێت، مانای وایە دەتوانێت کۆمەڵیش بگۆڕێت، بەتایبەتی ئێمە هەموومان بەشێکین لەم کۆمەڵگەیە”. شانۆ میتافۆرێکی گونجاوە و وا ده‌کات قووڵتر هه‌ست به‌ شته‌کان بکه‌ین، هاوکات بۆ کۆمەڵیش: ڕێگای چوونە دەرەوە بە ئاسانی نادۆزێتەوە. کەین خۆی دەقەکانی بە “شانۆی ئەزموون” ناوزەند کردووە، بە مانای نەماییشەکان، کە لەسەر دەقەکانەوە ڕۆ دەنرێن، دەبنە ئەزموونێکی ژیان یان ئەزموونێک بۆ ژیان، نەک تەنها چێژێکی هۆشمەند و گەمەیەکی شانۆیی. هەر بۆ نموونە ڕزگاربوو ڕووداوێکە بۆ بیرخستنەوەی ئەو شتانەی، کە لە ژیاندا ڕوویان نەداوە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگا لە ڕوودانیان بگرین. خۆی دەڵێت “هەندێک جار لە فەنتازیدا پێویستە بچینە ناو دۆزەخەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە واقیعدا ڕێگای چوونە ناوەوەی ئەو دۆزەخە بگرین”. دەقەکانی کەین نەماییشێکی ئایینین سەبارەت بە گوناهـ، ئازارچێشتن و ئاشتبوونەوە، هەروەها باسی ئەو سیستەمە دەکات، کە هێدی هێدی خۆشەویستی دەکوژێت، هەموو ئەمانەیش لە فۆڕمێکی گرۆتیسکدا دەخاتە ڕوو. ئەو لە هەوڵی ئەوەدا بوو، شتێک بەرجەستە بکات، کە لەسەر شانۆکان نەدەبینران، لە ڕزگاربووـدا تەنها باسی توندوتیژی و رق و کوشتن ناکات، بەڵکو لە پشت ئەم هەستە بەهێزانەوە بەرجەستەی ئەو ناسکی و سۆز و خۆشەویستی و ژیانە دەکات، کە هەر لەسەرەتاوە دەشێوێنرێن و لەتوپەت دەکرێن. خۆشەویستی چەمکێکە، کەین بەردەوام کاری لەسەر کردووە؛ خۆشەویستییەکی وەڵام نەدراوە و یەک لایەنی، نائامادە یان بێ وەفایییەکی دڕندەئاسا. کەین هۆشیارە سەبارەت بەو بەها و پرنسیپە مەسیحییانەی کۆمەڵگە و شارستانییەتی ئەوروپی لەسەر ڕۆ نراوە، دەقەکانیشی ڕووبەرووی ئەم پرنسیپانە ده‌بنه‌وه‌ و بە دیدێکی ڕەخنەیییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە.

کەین چوار دەقی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، هەروەها ڕەشنووسی دەقێکی تەواونەکراو و سیناریۆی کورتەفیلمێکیش بە ناوی پێست‌ـەوە، بەم چەند بەرهەمە کەمەیش ناوی خۆی لە مێژووی شانۆی جیهانیدا تۆمار دەکات. ئەم نووسەرە گەنجە رەچەشکێن بووە و هەر لەسەرەتاوە بەتوندی ڕەخنەی لە دراما و شانۆی ئینگلیزی گرتووە، هەستی کردووە شانۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە دەست داوە، لە پێش هەموو کەسێکیشەوە دەبێت شانۆنامەنووسەکان بەها و ڕۆڵی شانۆ بگەڕێننەوە و وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری، سەرەتا لە خودی مرۆڤ و دواتریش لە ستراکتوری کۆمەڵدا، بەکاری بهێنن. کەین بەو ئاراستەیەدا کاری دەکرد، کە دەقەکانی کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر خۆیەوە هەبێت، چونکە بە گەیشتنە ئەو ئامانجە، لەوانەیە بە هەمان شێوە کاریگەری بەسەر خەڵکی تریشەوە هەبێت. لە تەقینەوەکان‌ـدا، کە بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٩٥ لەسەر شانۆی ڕۆیاڵ کۆرت نەماییش کراوە، ڕاپۆرتێکی شەڕی بۆسنە و یۆگۆسلافیای جارانمان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بۆ دەنووسێت، بەڵام چیرۆکێکی خۆشەویستیشمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئیان‌ـی ڕۆژنامەنووس لە ژووری هوتێلێکدا لاقەی کچە هاوڕێکەی خۆی دەکات، دواتر هوتێلەکە بەر تۆپێک دەکەوێت، ئەفسەرێک دێتە ژوورەوە، لاقە‌ی ئیان دەکات و چاوەکانی دەخوات. ئیان‌ـی کوێر لە برسێتیدا منداڵێکی ساوا دەخوات. تەقینەوەکان بە هەموو پێوەرێک خوێندنەوەیەکی نوێ و مۆدێرنی دراما و تراجیدیای گریکییە، کە سەرلەنوێ لە شەڕی یۆگۆسلافیاـدا و لەنێو جەرگەی ئەمرۆی ئەوروپادا ڕوودەداتەوە. کەین لەم شانۆنامەیەیدا بە زمانێکی شانۆیی و پڕ لە وێنە و وێنەی شیعری، وێنای توندوتیژییەکی بێبەزەیی و دڕندەئاسای مرۆڤی هاوچەرخی ئەوروپا دەکات.

کەین لە دوووەم هەوڵیدا، ڕاستەوخۆ دەگەڕیتەوە بۆ سەر میتۆلۆژیای گریکی و لە ئەڤینی فایدراـدا دەیبەستێتەوە بە نامۆبوون و بەتاڵی و وێرانبوونی دەروونی مرۆڤی ئەمڕۆوە. هیپۆلیتۆس ژیانی بە تەماشاکردنی تیڤی و گەمەکردن بە خۆیی و ئامێرە ئەلکترۆنییە گرانبەهاکان بەسەر دەبات و زۆر خەمساردانە گەمە بە چارەنووسی مرۆڤ دەکات و هۆگری هەموو شتێکە، کە لە دەرەوەی ویژدان و رێساکانەوە بێت. فایدرا، کە زڕ دایکی هیپۆلیتۆس‌ـە، عاشقی ئەم زڕکوڕەی خۆی دەبێت. لێرەوە رێچکەی ڕووداوەکان دەگۆڕێت و لە کۆمەڵێک دیمەنی پر لە پارۆدۆکساڵدا، بێ بەزەیی و نامۆبوون و گەڕان بەدوای خودی خۆ و مرۆڤبووندا بەرجەستە دەبێت. کەین لەساڵی ١٩٩٥ـدا خۆی کاری ریژی بۆ ئەم دەقەی کردووە و لەسەر شانۆی گەیت نەماییش کراوە. سێیەم دەقی کەین ڕزگاربووـە، ڕوودواوکانیشی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی سمبۆلیدا ڕوو دەدن، شوێنێک بۆ ئەوە دامەزراوە تا ئەو کەسانە بخاتە پەراوێزەوە، کە لەگەڵ کۆمەڵگە و سیستەمە توتالیتارەکاندا ناگونجێن. کارەکتەری تینکەر، کە سەرەداوی گەمەکەی بە دەستەوەیە، کەسێکی پڕ لە ڕاز و نیازە و هەر ئەویش سزادەرە. تینکەر سمبۆلی باوکسالارییە، ئەو خودایەی دونیا ڕادەگرێت یان هەر دەسەڵاتێکی تر، کەین ئەم کارەکتەرەی لە فۆرمێکی گرۆتیسکدا وێنا کردووە. گراهەم دێتە ئەم شوێنەوە و بە دوای براکەیدا دەگەڕێت، کە بەهۆی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە مردووە. گراهەم بە شێوەیەکی بەهێزی ڕێپێنەدراو عاشقی براکەیەتی، جلەکانی ئەوی پێیە، لە ئەنجامیشدا ڕەگەزە نێرینەکەیشی. ئەم دەقە یەکێکە لەو کارانەی بەچڕی و بە شێوەیەکی قووڵ کاری لەسەر مەسەلەی جێندەر و سێکس و ڕەگەزی مرۆڤایەتی کردووە و واقیع و ئەندێشە بە شێوەیەک تێکەڵاو دەبن، کە واقیعێکی تر و لەنێو بنەمایەکی دەروونی سەختەوە دەستەبەر دەکات. دوا دەقی کەین، سایکۆس ٤٨:٤، ئاماژەیەکە بۆ کات: کازیوە یان بەرەبەیان، ئەو کاتەی مرۆڤ ئەو هێز و ئازایەتییەی تیایە، کە دەستی دەچێتە خۆی، ئەو کاتەی جەستە ئەو هێز و وزەیەی تیایە رۆح بگەیەنێتە ئاستی ئارامی. بێگوومان باسی ئەو مرۆڤانە دەکات، کە لە کێشە و قەیرانێکی دەروونی سەختدا دەژین و بە تەواوی هاوسه‌نگی نێوان گیان و جەستە لە دەست دەدات. سایکۆس ٤٨:٤  بەچڕی باسی ئەو ڕەوشە دەروونییە ئاڵۆزەی ناوەوی ئەو کەسانە دەکات، کە ئەو سنوورانەی واقیع لە فۆڕمە جیاوازەکانی فەنتازیا جیا دەکاتەوە، بەتەواوی بوونی بۆ نامێنێت، بەو شێوەیەیش مرۆڤ ناتوانێت جیاوازی لە نێوان ژیان و خەونەکانیدا بکات. کەین ناونیشانی دەقەکەی لە کتێبێکەوە سەبارەت بە ئامارەکانی خۆکوشتن وەرگرتووە؛ لەو کتێبەدا ئەوە بەڕوونی خراوەتە ڕوو، کە زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە کاتژمێری ٤:٤٨ خولەکی بەرەبەیاندا ئەو کارە دەکەن. ئەمەیش یەکێکە لە دیاردە کوشوندەکانی نەخۆشیی خەمۆکی، ئەو جۆرە کەسانە بەشەو باش دەنوون، بەڵام لەنێوان کاتژمێری ٣ بۆ ٤ـی بەرەبەیاندا خەبەریان دەبێتەوە و لە ترسێکی قووڵدا دەژین، هەست دەکەن ژیان بێمانایە و ئەو پرسیارانە لە خۆیان دەکەن، من کێم و بۆ لەم ژیانەدام. کەین لەم ڕەشنووسەیدا وەک کامۆ کێشە فەلسەفییە قووڵەکانی مەرگ و خۆکوشتن چارەسەر دەکات: خۆکوشتن کێشەیەکی فەلسەفییە و کامۆ بە یەکێک لە کێشە قووڵە فەلسەفییەکانی مرۆڤی دادەنێت؛ لەوێدا مرۆڤ ئەو بڕیارە دەدات، کە ژیان شایەنی ئەوەیە بۆی بژیت یان بەجێی بهێڵیت؟ کەین، لە ڕێگای مەرگەوە چارەنووسی خۆی دەهێنێتە دی، کە خۆشی دەکوژێت، ئەم قسەیەی کامۆ لە ژیان و چارەنووس و مەرگی خۆیدا بەرجەستە دەکات. لەم دوا بەرهەمەی کەین کارەکتەرێک بوونی نییە، بەڵکوو تەنها زمانێکی شیعری و وێنەکانن؛ مەنەلۆژێکی درێژە و بەر لە کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی نوسیوویەتی و زیاتر وەک شیعرێکی درێژ، نەک شانۆنامە ناوزەند کراوە. دەقەکە گوزارشت لە کێشە دەروونییەکانی کەین خۆی دەکات و هێندە ڕەشە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا نەماییش کراوە، بەشێکی زۆری بینەران چوونەتە دەرەوە و بەرگەی بەردەوامبوون و گوێگرتن و تەماشاکردنی نەماییشەکەیان نەگرتووە. سایکۆس ٤٨:٤ گوزارشتێکی راستگۆی ئەم نووسەرەیە سەبارەت بە ماناکانی ژیان و ڕامان لەم پرسیارە: ژیان چ مانایەکی هەیە؟ کەین گەیشتبووە ئەو باوەڕەی، کە ژیان هیچ مانایەکی نییە، نەشی دەتوانی بە بێ مانایی ژیان قاییل بێت، ئەوەی دەشینووسی هەوڵێک بوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بێ مانایییەی لە ژیاندا هەستی پێ دەکرد.

سارا کەین ده‌یویست بینەر تووشی خورپە بکات، بەڵام لە ڕێگەی موڕاڵەوە نا، بەڵکو ئەو خورپەیەی مرۆڤ دەخاتە سەر ئەژنۆ، شانۆیش دەبێت لە دیدێکی فیزیکییەوە ئەو خورپەیە بە بینەرەکانی بگەیەنێت و بینەران تووشی ڕاچڵەکین و ڕامان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌دا بکات. دەقەکانی کەین ڕەنگدانەوەی ئەو وزە ناوەکییە بەهێزەی مرۆڤە، کە ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت هەستی پێ بکەین، ئێمە دەکاتە مرۆڤ: هەستی وەک رق، حەز، ترس. لە دەقەکانیدا بەبێ ئەوەی مەسەلەکانی موڕاڵ بکاتە ئامڕاز، بەرجەستەی ئەو ڕەوشانە دەکات، کە مرۆڤ لە بارێکی نائاسایی و لێوانلێو له‌ خراپه‌کاریدا، چ کاردانەوەیەکی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەوشە دەکات.

کەین لە ٢٠\٢\١٩٩٩ـدا، لە تەوالێتی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ڕۆژهەڵاتی لەندەن، بە قەیتانی پێڵاوەکانی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. ئەمەیش دوای ئەو هەوڵەی تری دێت، کە بە خواردنی ژمارەیەکی زۆر حەب، بە به‌ په‌رجوو لە مردن ڕزگار کرابوو. کەین حەزێکی گەورەی بۆ ژیان هەبوو، بەڵام برینێک لە رۆحیدا بووە، کە هەرگیز نەیویستووە ساڕێژ بکرێت، بۆیە لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا، دەگاتە ئەو بڕیار و بڕوایەی، کە تەمەنی گەیشتۆتە دوا چرکەکانی ژیان و چیتر ئەو کاری بەسەر ژیانەوە نەماوە.

سەرچاوە:
کۆی بەرهەمەکانی سارا کەین بە کوردی، وەرگێڕانی لە سویدییەوە باران، بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٦

کۆی بەرهەمەکانی سارا کەین بە سویدی و هەندێک لە پرۆگرامی نەماییشکردنی دەقەکانی

تێبینی: ئەم نووسینە پێشتر لە ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێر بڵاو بووەتەوە

هاوبەشی بکە

Dana Raouf, Sara Kane, Serdem, Shano,