26/04/2024
DidiMn Logo
Top

7 کتێبی نوێی دەزگای سەردەم بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

به‌رگی كتێبی شانۆ و هەمبەرەکەی، ئەنتۆنان ئارتۆ

دیدی من

3/27ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی شانۆ ناسراوە لە دنیادا و تێیدا چەندین چالاکی شانۆیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن. لە سەرانسەری دنیادا هەر دەزگا و ناوەندێکی چاپ و پەخش بەپێی شێوازی ئیشکردنی خۆی یادی دەکاتەوە؛ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیش لە باشووری کوردستان، چەندین ساڵە لەم یادەدا کتێبی شانۆیی دەخاتە بەردەست خوێنەرانی کوردیزمان. سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی کە ڕووبەڕووی باشووری کوردستان بە گشتی و دەزگای سەردەم بە تایبەتی بووەتەوە، بۆ ئەمساڵ دەزگاكە 7 کتێبی چاپ کردووە بۆ ئەم بۆنەیە. دەربارەی ناوەڕۆکی ئەو کتێبانەی چاپ کراون، دانا فایەق، هەڵسووڕێنەری زنجیرەی کتێب لە دەزگای سەردەم بۆ دیدی من دوا و گوتی: ”ئێمە لە سەردەم بیر لەوە دەکەینەوە ناوەڕۆکی کتێبەکان هەمەڕەنگ بێت، بۆ نموونە دەقی خۆماڵی، دەقی وەرگێڕان، لێکۆڵینەوەی تیۆری، هەروەها ئەمساڵ ئەزموونی شانۆکارێکی بەناوبانگی کوردی تێدایە ئەویش د. فازیل جافە، ئەزموونی خۆی لە سەرەتای هاتنە ناو دنیای شانۆوە نوسیووەتەوە و جۆرێکە لە یادەوەری، هەروەها کتێبێکی دانا مارفی تێدایە، بۆ یەکەمین جارە خۆی شانۆنامەیەک بنووسێت.“

هەروەها گوتی: ”دەزگای سەردەم بەو قەیرانە داراییەوە کە تێیدایە، شانۆی لە بیر نەکردووە، ساڵانە بۆ ڕۆژی جیهانیی شانۆ سەردەم کۆمەڵێک کتێب چاپ دەکات و دەیخاتە بەردەست خوێنەران، بە تایبەت شانۆکاران، بەڵام لە بەرامبەردا شانۆکاران وەڵامدانەوەیەکی باشیان نییە بۆی و بەپێی پێویست نایەن بەپیری ئەم هەوڵەی دەزگای سەردەمەوە تا ئێمە بتوانین بەردەوام بین لەم ئیشەمان، ئەمە لە کاتێکدا کە سەردەم هیچ قازانجێک ناکات لەم ئیشەی بەڵکو پێویستیی بوارەکەیە وا دەکات لە یادی نەکەین.“

كتێبەكان:

  • من و تۆ لەگەڵ با دا، دەقی شانۆیی:دانا رەئووف
  • تەکنیکەکانی نواندن لە شانۆ و سینەمادا: نورەدین ئوستوار/ وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی پێشڕەو حسێن
  • ڕێژیسۆر و نمایش لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم: فازیل جاف
  • ئۆدیپی پاشا، شانۆنامە: ژان ئانوی/ وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی د. موحسین ئەحمەد عومەر
  • شانۆ و هەمبەرەکەی: ئەنتۆنان ئارتۆ/ وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی مستافا قاسیم
  • هەرەسی میرنشین، دەقی شانۆیی: بەرزان فەرەج
  • بیرەوەرییەکانی ئەکتەری ڕۆڵی دووەم: بەهرام بەیزایی/ وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی بەڕۆژ ئاکرەیی
  • دوا شەوی لۆرکا، دەق و ڕەخنەی شانۆیی: ئازاد بەرزنجی

 

هاوبەشی بکە

Serdem, Serdem Series Books, Theater,