22/11/2024
DidiMn Logo
Top

میترۆگرافی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و کەرکوک فێستیڤاڵێکی فۆتۆگرافی ڕێک دەخات

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی منئاراس عەبدولڵا

 

فۆتۆ فێستیڤاڵی میترۆگرافی، فێستیڤاڵێکی فۆتۆگرافییە و ئەمساڵ یەکەمین خولی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکوک لە بەرواری ١٣-٢٠\٦\٢٠١٦ بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا بە بەشداریی فۆتۆگرافەرە عیراقی و نێودەوڵەتییەکان پێشانگەی فۆتۆگرافی، وۆرکشۆپ و چەند چالاکییەکی دیکە ئەنجام دەدرێت. ئەم فێستیڤاڵە لە لایەن ئاژانسی میترۆگرافی‌ـیەوە ڕێکدەخرێت و بڕیارە بکرێتە فێستیڤاڵێکی ساڵانە.

 

دەربارەی ئەم فێستیڤاڵە، فۆتۆگرافەر بنار سەردار، کە یەکێکە لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بۆ دیدی من گوتی: “ئه‌م فێستیڤاله‌ یه‌كه‌مین فێستیڤاڵه‌ له‌ عیراق‌ـدا بکرێت، کە سه‌رجه‌م فۆتۆگرافەران لە هه‌موو پارێزگاكان بەشداریی تێدا بکەن. بڕیاریشە ئەم فێستیڤاڵە بکرێتە ساڵانە و هەموو ساڵێک ئەنجام بدرێت.”

 

وتیشی: “ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت لەم فێستیڤاڵەدا هه‌موو فۆتۆگرافه‌رانی كوردستان و عیراق پێكه‌وه‌ کۆ بکەینەوە، تا كاره‌كانیان پیشانی یەکتری بدەن، له‌م فێستیڤالەدا فۆتۆگرافه‌ری سوننە، شیعە، مەسیحی، کورد، عەرەب و بیانیشی تێدایە.”

 

ڕونیشی کردەوە: “فۆتۆگرافه‌ره‌ عیراقییه‌كان نوێنه‌رایه‌تیی گشت پارێزگاكانی عیراق ده‌كه‌ن له‌ زاخۆـوه‌ تا به‌سره‌. له‌ ماوه‌ی ئه‌م بۆنه‌ هه‌فته‌یییه‌دا زنجیره‌یه‌ک له‌ گفتوگۆ، وۆركشۆپ و چالاكیی جۆراوجۆرتر ده‌برێت به‌ڕێوه‌. هه‌وڵه‌كانی مێترۆگرافی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهاتوویه‌كی گه‌شاوه‌ بۆ فۆتۆگرافی و فۆتۆی رۆژنامه‌وانی له‌ عیراقدا بهێنێته‌ كایه‌وه‌، كه‌ ببێته‌ هۆی تێكشكاندنی به‌ربه‌سته‌ كلتووری، ره‌گه‌زی و ئاینییه‌كان.”

 

چالاکییەکانی فۆتۆ فێستیڤاڵی میترۆگرافی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و کەرکوک، بەم جۆرە دەبن:

 

سلێمانی:

١-كردنه‌وه‌ی پێشانگەی فۆتۆگرافی بۆ به‌شداربووانی فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ به‌رواری ١٣\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٤:٠٠ـی عه‌سر، له‌ هۆڵی مۆزه‌خانه‌ی نیشتیمانیی ئه‌منه‌سوره‌كه‌ .
٢-باسكردنی ئه‌زموونی كاری فۆتۆگرافی له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێک فۆتۆگرافه‌ری به‌ ئه‌زموون له‌ به‌رواری ١٤-١٥\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٧:٣٠ـی ئێواره، له‌ مۆزه‌خانه‌ی نیشتیمانیی ئه‌منه‌سووره‌كه‌.
٣-سكرینه‌كانی شاری سلێمانی؛ بەرواری ١٤-١٥\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٨:٠٠ تا ١٠:٠٠ـی شه‌و، له‌ شه‌قامی سالم\سه‌هۆڵه‌كه‌ و‌ پاركی ئازادی.

 

هەولێر:

١-كردنه‌وه‌ی پێشانگەی فۆتۆگرافی بۆ به‌شداربووانی فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ به‌رواری ١٦-١٨\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٤:٠٠ـی عه‌سر، له‌ گه‌له‌ری پاركی شانه‌ده‌ر.
٢-باسكردنی ئه‌زموونی كاری فۆتۆگرافی له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێک فۆتۆگرافه‌ی به‌ ئه‌زموون له‌ بەرواری ١٧-١٨\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٧:٣٠ـی ئێواره‌، له‌ هۆڵی پاركی شانه‌ده‌ر.
٣-سكرینه‌كانی شاری هه‌ولێر، لە بەرواری ١٧-١٨\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٨:٠٠ تا ١٠:٠٠ـی شه‌و له‌ به‌رده‌م چایخانه‌ی مه‌چكۆ و پارکی شانەدەر.

 

کەرکوک:

١-كردنه‌وه‌ی پێشانگای فۆتۆگرافی بۆ به‌شداربووانی فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ به‌رواری ١٩-٢٠\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٤:٠٠ـی عه‌سر، له‌ بینای سه‌نته‌ری گه‌نجان لە شۆریجه‌.
٢-باسكردنی ئه‌زموونی كاری فۆتۆگرافی له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێک فۆتۆگرافه‌ی به‌ ئه‌زموون له‌ به‌رواره‌كانی ١٩-٢٠\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٧:٣٠ـی ئێواره، له‌ قاوه‌خانه‌ی كلتووری‌.
٣.سكرینی شاری كه‌ركوک، لە بەرواری ١٩-٢٠\٦\٢٠١٦، كاتژمێر ٨:٠٠ تا ١٠:٠٠ـی شەو، له‌ قاوه‌خانه‌ی كلتووری.

 

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Hewler, Kirkuk, Metrography, Slemani,