24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پێشانگای وۆڕڵد پرێس فۆتۆ لە سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – لانه‌ حه‌مه‌عه‌لی

لە ڕۆژی جیھانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا بە سپۆنسەری دامەزراوەی ڤیم، ئاژانسی میترۆگرافی پێشانگای وۆڕڵد پرێس فۆتۆی لە سلێمانی كرده‌وه‌، تێیدا باشترین فۆتۆکانی ساڵ نمایش كرا و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت. دەربارەی ئەم پێشانگایە ئەحمەد نەجم جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ڤیم و بەڕێوەبەری ئاژانسی میترۆگرافی، کە لە هەمان کاتدا یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەی دادوەریی پێشبڕکێی ”وۆڕڵد پرێس فۆتۆ” بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ دیدی من دوا و گوتی:

”ۆوڕڵد پرێس فۆتۆ دامەزراوەیەکی ھۆڵەندییە و لە ساڵی ١٩٥٥ دامەزراوە، هەموو ساڵێک بە بەردەوامی پێشبڕکێی ساڵانەی بۆ باشترین فۆتۆی ڕۆژنامەوانی، باشترین چیرۆکی ساڵ ھەیە، تێدا باشترین چیرۆکی ساڵ و فۆتۆی ساڵ ھەڵدەبژێردرێت. ساڵانە لە ٤٥ وڵاتدا ئەم پێشەنگایانە ڕێک دەخرێت، کۆمەڵێک کەس لە لیژنەی دادوەریدان کە بە تەواوی سەربەخۆن و ھەر یەکێکیان نوێنەرایەتی قاڕەیەک دەکەن، بەشداری لەوە دەکەن کە بڕیاربدەن کام فۆتۆیە بۆ ئەمساڵی ٢٠٢١ ھەڵبژێردرێت. کۆی ئەو فۆتۆیانەی کە ئەمساڵ بە دەستمان گەشتووە ٧٣٠٠٠ فۆتۆ بوو، من وەک یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی دادەورییەکە و تەواوی ئەندامانی تر، توانیمان لە ھەشت بواری جیاوازدا ”ھەواڵی بەپەلە، ھەواڵی گشتی، پۆرترەیت، کێشە ھاوچەرخەکان، ژینگە، ژنان، بابەتی وەرزشی و ئاژەڵان و… ھتد” دیاری بکەین

لەم بوارانەدا سێ خەڵاتمان دانابوو بۆ فۆتۆی تاک و سێ خەڵاتیش بۆ چیرۆک. فۆتۆگرافەرەکان لە سەرتاپای جیھانەوە فۆتۆیان ناردووە، پڕۆسەی جیاکردنەوەکە بە نزیکەیی مانگ و نیوێک و بۆ دوو مانگی خایاندووە. لە دوای وڵاتانی ھۆڵەندا و ئیسپانیا ئێمە سێیەم وڵاتین کە وەک کوردستان ئەم پێشنگایە لەخۆ دەگرین. ساڵانە ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن سەردانکەری لە سەرتاپای جیھانەوە ھەیە و ھەر بۆیە ھێناومانەتە سلێمانی، دەمانەوێت بە ھۆی ئەم پێشانگایەوە ببینە ئیلھام بۆ فۆتۆگرافەرەکانمان، لە ڕێگەی ئەم فۆتۆیانەوە ببن بە براوەی ساڵ، بتوانن بە ئەکادیمیانەتر و پڕۆفیشناڵانەتر کار بکەن. ڕاستە زۆرینەی ئەو بابەتانەی کە لێرەدا نمایش کراوە کاریگەریی کۆرۆنایان پێوە دیارە، بەڵام لە کۆتاییدا بابەتە ژینگەییەکان و پاراستنی ئاژەڵ و جەنگی ئەرمینیا و ئازرباینجان و ھەموو ئەو کێشانەی تر کە ھەن پشتگوێ نەخراون، ھەر بۆیە چیرۆکی ساڵ، چیرۆکێکی زۆر تایبەتە کە فۆتۆگرافەرێکی ئیتاڵی وێنەکانی گرتووە، کە تایبەتە بە ئەو بەندکراوانەی فەڵەستین کە لە ئیسرائیل ناتوانن خێزانەکانی خۆیان ببینن، بۆیە سپێرمی خۆیان دەنێرنە دەرەوەی زیندان و لە دەرەوە منداڵ دروست دەکەن و ھەر بەو شێوەیە تا ئێستا ٢٠٠ منداڵ لە فەڵەستین لەدایک بوون. ھەر بۆیە زۆر زۆر گرنگە کە چاوی گشتی و فۆتۆگرافریش بێن بە یەک جار ئەم فۆتۆیانە ببینن لەبەر ئەوەی دەربارەی سەرجەم ئەو بابەتانەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕوویان داوە، سەرجەمیشیان بە سەربەخۆیی تۆمار کراون، یانی بە چاوێکی تەواو سەربەخۆیانەوە نەک ئەوەی بارگاوی بێت بە ھیچ حیزب و لایەنێک و ئەجێندایەکی دیاریکراوەوە.

هاوبەشی بکە

Metrography, Photography,