14/09/2024
DidiMn Logo
Top

ئه‌حمه‌د نه‌جم ده‌بێت به‌ دادوه‌ر له‌ ڕێكخراوی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانیی جیهانی

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ژیوار جه‌وهه‌ر

ڕێكخراوی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانیی جیهانی به‌رواری 6\12\2018 دادوه‌رانی پێشبڕكێی فۆتۆگرافیی ڕێكخراوه‌كه‌ی بۆ ساڵی 2019 ڕاگه‌یاند و یه‌كێك له‌ دادوه‌رانی خه‌ڵاته‌كه‌ ئه‌حمه‌د نه‌جم، به‌ڕێوبه‌ری ئاژانسی مێترۆگرافییه‌.

ئانا لێنا میهر، به‌رپرسی پێشبڕكێكان له‌ ڕێكخراوی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانیی جیهانی، رایگه‌یاند: ”ئێمه‌ زۆر دڵخۆشین به‌و هه‌موو تێڕوانین و شاره‌زاییه‌‌ جیاوازانه‌ی كه‌ لیژنه‌ی هه‌ڵبژێردراوی پشبڕكێی فۆتۆی 2019 دیاریده‌كه‌ن. چه‌ندین كه‌سی جیاواز به‌ پاشخانی جیاوازی فۆتۆگرافییه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی یه‌كسان له‌ ژنان و پیاوان، كه‌‌ نوێنه‌رایه‌تی پێنج كیشوه‌ر ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ وا ده‌كات ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان تێڕوانین و كولتووره‌ جیاوازه‌كان ببینین، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ ده‌شبێته‌ هۆی پێشاندانێكی گشگیرتری جیهانی چوارده‌ورمان. به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی پێشبڕكێكه‌ ده‌كه‌ین.“

پشبڕكێی فۆتۆگرافی ڕێكخراوی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانیی جیهانی له‌ پێنج به‌شی جیاواز پێك دێت، كه‌ هه‌ر به‌شه‌و ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. له‌ژێر به‌شی هه‌واڵه‌كان و به‌ڵگه‌نامه‌یی، ناوی ئه‌حمه‌د نه‌جم، به‌ڕێوبه‌ری ئاژانسی مێترۆگرافی، ده‌بینرێت، كه‌ یه‌كه‌مین ئاژانسی فۆتۆگرافییه‌ له‌ عێراق و له‌ ساڵی 2010 له‌ لایه‌ن كامه‌ران نه‌جم و سێباستیان مایه‌ر له‌ سلێمانی دامه‌زرا.

ئه‌حمه‌د نه‌جم، به‌ڕێوبه‌ری ئاژانسه‌كه‌، به‌ دیدی منی گوت: ”هه‌ستێكی نایابه‌ كه‌ توانیم متمانه‌ی ڕێكخراوی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانیی جیهانی به‌ ده‌ست بهێنم بۆ به‌شداریكردنم له‌ بڕیاردان له‌ دیاریكردنی باشترین فۆتۆی ساڵ له‌ هه‌موو جیهاندا. ئێمه‌ وه‌ك ئاژانسی مێترۆگرافی ساڵانێكه‌ ده‌مانه‌وێت بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهانی بسه‌لمێنین كه‌ كاری ڕۆژنامه‌وانی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیانه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌م به‌شداریكردنه‌ی ئێمه‌ش له‌م پێشبڕكێیه‌ جیهانییه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاژانسی مێترۆگرافی بارگاوی نه‌بووه‌ به‌ هیچ جۆره‌ بیروباوه‌ڕێكی سیاسی و ئاینی. بۆ من گرنگه‌ كه‌ به‌رده‌وامی بده‌م به‌و ڕێڕه‌وه‌ پڕۆفیشناڵ و دروسته‌ی كه‌ هه‌ردوو دامه‌زرێنه‌ر، كامه‌ران نه‌جم و سێباستیان مایه‌ر، له‌ ساڵی 2009 ده‌ستیان پێ كرد، هه‌روه‌ها گرنگیشه‌ كه‌ فۆتۆگرافه‌رانی عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان بزانن كه‌ ئه‌گه‌ر ماندووبوونیان له‌ كاری ڕۆژنامه‌وانیی سه‌ربه‌خۆ زیاتر بكه‌ن، ئه‌وا به‌ دڵنییاییه‌وه‌ گه‌یشتنیان به‌م پێشبڕكێ جیهانییانه‌ ئه‌سته‌م نییه‌.“

ساڵانه‌ به‌ هه‌زاران فۆتۆگرافه‌ر به‌شداری له‌و پشبڕكێیه‌دا ده‌كه‌ن. له‌ئێستادا به‌شداریكردن له‌ پێشبڕكێیه‌كه‌دا كراوه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌ 20\2\2019 شه‌ش پاڵێوراوی به‌شی «باشترین فۆتۆی ساڵ» و سێ پاڵێوراو بۆ «باشترین فۆتۆستۆری ساڵ» ئاشكرا بكرێن. براوه‌كانی ئه‌م دوو خه‌ڵاته‌، له‌گه‌ڵ خه‌ڵاتی باشترین فۆتۆی هه‌ربه‌شێك، 11/4/2019 له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆڵه‌ندا ڕاده‌گه‌ێینرێن.

هاوبەشی بکە

Metrography, Photography, photojournalism, World Press Photo,