19/04/2024
DidiMn Logo
Top

میراتی ئەدەبیی گی دی موپاسان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئایرش تیمس
ئێلین باتێرسبی
لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

بە ناخۆشترین شێواز ژیانی کۆتایی ھات، نیشانەی شێتبوون و کاریگەریی نەخۆشییە درێژخایەنەکەی بە لاشەیەوە مابوونەوە. ئەم کۆتایییەش خۆی پێشبینیی دەکرد و دەیویست ١٨ مانگ پێش مردنی، خۆی لە ڕووبەڕووبونەوەی بپارێزێت بە خۆکوشتن. بەڵام نوسەری گەورەی فەڕەنسی، گی دی موپاسان، چارەنووسی لە ئازارکێشانێکی زیاتر بوو.  ئازار گەیشتە ڕادەیەک کە بە ھەر چوار پەل لە سەر ئەرز دەکەوت و پێی وا بوو کەمێکی تر مێشکی لە لوتییەوە دێتە دەرەوە.  تەنھا 42 ساڵ ژیا و لەم ماوە کەمەدا خاوەنی بەرھەمێکی زۆر بوو لە 300 کورتە چیرۆک، 6 ڕۆمان، 3 کتێبی سەفەر و ژمارەیەکی زۆر لە کاری ڕۆژنامەنووسی.

موپاسان وەک ڕیاڵیستێک ھزری مرۆڤی بە بێبایەخ دەبینی، لە دیدی ئەودا شارستانییەکان تەنھا خزمەتکارێکن کە تەنانەت دڵیشیان وشک بووەتەوە.  شوێنکەوتووی ئەدەبی موپاسان کەسانی زۆر جیاوازن، لە نێویاندا ھێنری جەیمس و ڕەیمۆند کارڤەر دوو کەسی دیارن. موپاسان وەک نووسەرێک تەنھا خاڵی لاوازی، ناوبانگەکەی بوو. زۆری فرۆشتنی بەرھەمەکانی ڕەخنەگرانی کردبووە گومانەوە بە جۆرێک کە دوودڵ بن لە دانپێدانانی ھونەرەکەی. لەکاتی بڵاوبوونەوەی بۆڵ دێ سویف لە ساڵی 1880، موپاسان تەنھا 30 ساڵ بوو، گوستاڤ فلوبێر ئەم بەرھەمەی بە شاکارێک ناوبرد و ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵە لە ماوەی ژیانیدا توانیوویەتی بەرھەمێکی لەم جۆرە بخوێنێتەوە.

یەکەمین ڕۆمانی موپاسان لە ساڵی 1883 بە ناوی ژیانێک بوو، دوای دوو ساڵ ڕۆمانی دووەمی بە ناوی ھاوڕێی باش بڵاو کردەوە. لە ڕێی ئەم دوو ڕۆمانە ناوبانگ و پارەیەکی زۆری بەدەست ھێنا، بەڵام ھەرگیز دڵخۆش نەبوو.

boule-de-suif-cover

دایکی موپاسان خانمێکی سەربەخۆ و خوێنەرێکی زۆر باش بوو. موپاسان زۆر لە دایکییەوە نزیک بوو و بە ھۆی دایکیەوە ھەر لە منداڵییەوە ھۆگری کتێب خوێندنەوە بوو.  لە تەمەنی 20 ساڵیدا بەشداری خزمەتی سەربازی لە جەنگی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا کرد. ئەم ئەزموونە کاریگەرییەکی زۆری لە ناخی موپاساندا جێ ھێشت و ئەم کاریگەرییانەش لە زۆر چیرۆکیدا وەک بۆڵ دێ سویف و  دڕندەییی دایک دەبینرێن. چیرۆکی  بۆڵ دێ سویفی موساپان باس لەو مامەڵە ناشرینە دەکات کە بەرامبەر بە سۆزانییەکی لاو دەکرێت کە لە ھەوڵی ڕاکردندایە لە ئەڵمانیا لەگەڵ چەند دانیشتوویەکی فەڕەنسیدا. فەڕەنسییەکان ھەتا ئەو دەمەی دەزانن کە خواردنی پێیە لای لێ ناکەنەوە. بەڵام دواتر کە ئاشکرا دەکرێت تەنھا کەسە بە خۆراکەوە ھاتووە، یەک یەک لێی دەبەن و بۆی دەخۆن. لە ھەموو ئەمانەش سەیرتر قاییلکردنی ئەم کچە لاوەیە بە قەبووڵکردنی داواکاریی ئەفسەرێک تا لەگەڵی بخەوێت و بەمەش گەشتەکەی خۆیان سەلامەتتر بەسەربەرن.  لێرەدا موپاسان سروشتی مرۆڤمان پیشان دەدات: “ھەتا بازرگانێک دەوڵەمەنتر بێت، زیاتر ئازار دەکێشێت لە بینینی ھەر بەشێکی سەروەتەکەی بچێتە ناو دەستێکی ترەوە.”

هاوبەشی بکە

Boul de Suif, Maupassant, SheneMohamad,