دیدی من – وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەلیم جەمال
وڵاتى ئەفغانستان ناڕەزايەتىی دەربڕى لە بەناوكردن و هاوبەشكردنى مەسنەوى و ميراتى مەولاناى ڕۆمى لە لايەن وڵاتى ئێران و توركياـەوە.
وڵاتی ئەفغانستان لە ڕێكخراوى جيهانى و فەرهەنگىی يۆنسكۆ لە وڵاتی فەڕەنسا بەرانبەر ڕێككەوتنى توركيا و ئێران بەهۆى بە ميرات زانينى مەسنەويیەكانى مەولانا جەلالەلدين.
سەلاحەدين رەبانى، وەزيرى پەيوەنديیەكانى دەرەوەى ئەفغانستان، لە ديدارێكى تايبەتدا لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلو، وەزيرى پەيوەنديیەكانى دەرەوەى توركيا، خوازيارى بيستنى زانيارىی زياتر بوو لە لايەن چاوش ئۆغلو، لە بارەى تۆماركردن و بە ميرات دانانى مەسنەویيەكانى مەولانا جەلالەلدين محەمەد بەڵخی لە لايەن وڵاتى توركيا و ئێران.
بە پێى هەواڵنامەى وەزارەتى پەيوەنديیەكانى دەرەوەى ئەفغانستان، وەزيرى كاروبارى دەرەوەى توركيا چاوش ئۆغلو، سەبارەت بەم بابەتە بێئاگايى خۆى دەربڕيوە، هەروەها ڕايگەياندووە کە بەچڕى بەدواداچوونى بۆ ئەم بابەتە دەکەن.
لە هەمان كاتدا چاوش ئۆغلو ڕايگەياند كە پێشنيار و تێبينيەكانى وڵاتى ئەفغانستان لەبەر چاو دەگيرێن لە بارەى شوێنى لەدايكبوون و کەلەپوور و مەسنەويیەكانى مەولانای ڕۆمیـیەوە. سەلاحەدين رەبانى وەزيرى دەرەوەى ئەفغانستان لە ئێستادا لە ديدار و گفتوگۆدايە لەگەڵ وڵاتى توركيا.
لە لايەكى تر چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا چالاكوانانى مەدەنى و سياسى لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابولـی پايتەختى ئەفغانستان، ڕەخنەیان لەم بڕيارەى وڵاتى توركيا و ئێران گرت
.
ئەم كۆمەڵە چالاكوانە مەدەنى و سياسيیە جەختيان لەوە كردەوە كە مەولانا جيهان و نيشتمان و سەرمايەى نەتەوەيىی گشت فەرهەنگەکانە و لە هەر شوێنێک فەرهەنگ هەبێت، مەولانا پەيوەندى بەو شوێنەوە هەيه.
ئەم چالاكوانانە سوور بوون لەسەر ئەوەى كە وڵاتى ئەفغانستان لە پاڵ دزينى فەرهەنگى دەست و پەنجە دەشێلێت. بە گوتەى ئەوان، بۆ هەموو كەسێک ئەوە ڕوونه كه مەولاناى ڕۆمى لەدايكبووى دێى بەڵخـە لە وڵاتی ئەفغانستان و لەوێوە بۆ شارى قۆنیاـی وڵاتی توركيا ڕۆشتووە.
ئەوان مەولاناـيان بە هەموو كيشوەرەكانى فارسى زمانەوە گرێ دا و داوايان لە هەموو ئەو كەسانە كرد كە بەشدارن لە تۆماركردنى مەسنەویيەكانى مەولانا و خوازيار بوون بە هەستياری و دركێكى قووڵەوە لەم بابەتە بڕوانن.
ماوەیەک لەمەوبەر نەسير ئەحمەد ئەندێشە، سەرپەرشتيار و جێگرى دارایی و ئابوریی وەزارەتى كاروبارى دەرەوەى ئەفغانستان، لە ديدارێكى لەگەڵ خاتوو پتريشيا مەک فليپس، نوێنەرى ڕێكخراوى يونسكۆ لە ئەفغانستان، بە نيگەرانیيەوە لەم بڕيارەى وڵاتانى ئێران و توركيای ڕوانى و وتى :”هەركات بڕيار وابێت کەلەپووری ناسراوى ئەدەبى و شاكارى خواناسى، مەولانا لە ميراتى جيهانىی ڕێكخراوى يۆنسكۆ تۆمار بكرێت، نابێ هەقيقەتى مێژووى شوێنى لەدايكبوونى خواوەندى بەڵخ لەبەرچاو نەگیرێت و پەيوەندىی مەولاناى گەورە لەگەڵ وڵاتى ئەفغانستان فەرامۆش بكرێت.”
بەپێى هەواڵنامەى وەزارەتى كاروبارى دەرەوەى ئەفغانستان، نوێنەرى ڕێكخراوى يۆنسكۆ، دڵنيایی داوە لەوەى كە نيگەرانيیەكانى وڵاتى ئەفغانستان لە بارەى مەسنەویی مەولانا جەلالەلدين لەبەرچاو دەگيرێن و ئەم بابەتە دەگوازرێتەوە نێو ڕێكخراوى يۆنسكۆ لە فەڕەنسا.
سێشەممەى ڕابردوو ڕۆژنامەی ئيسناـى ئێران لە زمانى بەڕێوەبەرى ڕێكخراوى سەنتەرى بەڵگەنامەى ميللیی ئێرانـەوە جەختى لەوە كردەوە: “لەگەڵ توركيا گەيشتوينەتە ڕێككەوتن كە مەسنەويیەكانى مەولانا بە شێوەيەكى هاوبەش تۆمار بكەين؛ ڕۆمى يەكێک لە خاڵه هاوبەشەكانى فەرهەنگى ئێران و توركيايە.”
سەيد رەزا ساڵحى ئەميرى، ڕاوێژكارى سەرۆکكۆمار و بەڕێوەبەرى ڕێكخراوى بەڵگەنامەى ئێران لە بارەى تۆمارى مەسنەوى و ميراتى مەولانا وتى :”ئێمە ئێستا لە قۆناغى تۆمارکردنداين، ئێمە بە هۆى هاوبەشیى فەرهەنگى ئەم كارەمان ئەنجام داوە، ئێران و توركيا فەرهەنگ گەلێكى هاوبەشيان پێكەوە هەيە. لەگەڵ ئەوەى كە مەولانا لە شارى قۆنیا لە وڵاتی توركيا بە خاک سپێردراوە، بەڵام بە زمانى فارسى شيعرى نووسيوە، هەروەها هەم ئێمە و هەم توركيا هەلى تۆماركردنمان هەبوو، بەڵام لە جێی كۆڕ و گفتوگۆ، ئێمە ئاڕاستەى گەنگەشەمان گۆڕى بەرەو يەكگرتن.”
جەلالەلدين محەمەد بەڵخی، ناسراو بە مەولەوى يان مەولانای ڕۆمی، لە ساڵى ١٢٠٧ـی زايينى بەرامبەر ٦٠٤ـی كۆچى، لە دێی بەڵخ لە وڵاتی ئەفغانستان لەدايک بووە و خانەقای بەهائەدين وەلەدـى باوكى لە و دێیە جێگیرە.
بەهائەدين وەلەد، كە بە ئامۆژگاریکەری بەڵخ ناوبانگى دەركردبوو، كاتێك كە جەلالەلدینـی كوڕى منداڵ بوو، لە دێى بەڵخ كۆچى كرد. عەبدول حسێن زەڕين كەوب، توێژەرى مێژووى ئەدەبيات، لەم بارەيەوە دەنووسێت :”بەهائەدين وەلەد لە خاريزوم شا ڕەنجا و هۆكارى ئەمەش بە ناديارى ماوەتەوە. لەوانەيە بە هۆى بوونى ئيمام فەخرى ڕازى واتە ئامۆژگاردەرێكى تر بووبێت، هەروەها سۆفى و خاريزوم شا، نێوانيان باش نەبووە لەبەر ئەوەى شایەکی دڵرەق و دڵبەستوو بووە و بەهائەدين لێى ڕەنجاوە.”
ئەو ئاماژە بەوە دەكات :”ماوەيەك لەنێو وەخش و سەمەرقەند ماوە، ئەوكات بەڕێ كەوت و كۆچى كرد. لە ڕێگەى نەیشاپوور و بەغداد بەرە و حيجاز ڕۆشت و لە مەككەـوە بۆ شام و ماوەیەک لەوێ نيشتەجێ بوو، كاتێك كە خاريزوم و نێوان دوو ڕووبار كەوتنە چنگى مەغۆل و خاريزوم شا سەرگەردان و دەربەدەر بوو، سوڵتان بەھائەدینـیش بەرەو شارى قۆنیاـی وڵاتی توركيا بەڕێ كەوت و هەر لەوێش كۆچى دوايى كرد.”
سەرچاوە : بى بى سیـی فارسى
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.