20/04/2024
DidiMn Logo
Top

نۆبێڵی ئەدەبیاتی ٢٠١٧: کازوئۆ ئیشیگورۆ و ئەدەبیاتەکەی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

KazuoIshiguro

کازوئۆ ئیشیگورۆ || فۆتۆ: سارا لی

دیدی من
ئامادەکردنی: شاڵاو حەبیبە

کازۆئۆ ئیشیگورۆ لەدایکبووی ٨ـی نۆڤەمبەری ١٩٥٤ لە ناگازاکیی ژاپۆن، نووسەرێکی ئینگلیزی-ژاپۆنییە، کاتێک پێنجساڵان بوو خانەوادەکەی کۆچیان کرد بۆ بەریتانیا. زمانی ئینگلیزی و فەلسەفەی لە زانکۆی کۆنت لە ساڵی ١٩٧٨ـدا خوێندووە و هەروەها لە ١٩٨٠ـدا بواری «نووسینی داهێنەرانە»ـی لە زانکۆی ئینگلیای ڕۆژهەڵات خوێندووە.

ئەو یەکێک لە ناسراوترین نووسەرانی هاوچەرخی بەریتانیایە و لە ١٩٨٦ـدا بۆ ڕۆمانی «هونەرمەندێک لە جیهانی مەلەوەردا» خەڵاتی وایت‌بێردی بردەوە و لە ١٩٨٩ـشدا بۆ ڕۆمانی «بەجێماوی ڕۆژ» خەڵاتی بووکەری بردەوە. لە ڕۆمانە ناودارەکانی هەروەها دەکرێت ئاماژە بە «کاتێک هەتیو بووین» و «هەرگیز بەجێم مەهێڵە» بکەین، کە هەردووکیان گەیشتوونە کورتەلیستی خەڵاتی بووکەر. «بەجێماوی ڕۆژ» و «هەرگیز بەجێم مەهێڵە» کراون بە فیلمی سینەمایییش.

لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا گۆڤاری تایم ئیشیگورۆی لەناو “٥٠ نووسەری باڵای بەریتانی لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە” لە ڕیزی ٣٢ـەمین دانا.

هێندێک لە ڕۆمانەکانی ئەو سەر بە ڕابردوون. ڕۆمانی «هەرگیز بەجێم مەهێڵە» ڕۆمانێکی خەیاڵی و داهاتووگەرایە، بەڵام لە ساڵەکانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ـدا ڕوو دەدات. هەر بۆیە چیرۆکەکە لە جیهانێکی فەنتازیاکراودا دێتە بوون. ڕۆمانی «بەجێماوی ڕۆژ» لە ماڵێکی ئەشرافزادە، لە دەوروبەری جەنگی جیهانیی دووەمدا ڕوو دەدات. «هونەرمەندێک لە جیهانی مەلەوەردا» لە شارێکدا بە ناوی ژاپۆن لە سەردەمی نۆژەنکردنەوە- پاش جەنگی جیهانیی دووەم ڕوو دەدات.

ڕۆمانەکانی ئیشیگورۆ زۆر جار لە زمانی کەسی یەکەمەوە دەگێڕدرێنەوە و ڕاوی بە گشتی کەموڕیی کەسایەتیی هەیە. شێوازی ئیشیگورۆ بەم جۆرەیە کە ڕێگە بە ڕاوی دەدات ئەم تایبەتمەندییە وردەوردە لە ڕۆمانەکەدا دەربخات. لەم ڕووەوە نووسەر وا دەکات خوێنەر کەموکوڕییەکانی ڕاوی ببینێت و لەگەڵیدا هەست بە هاودەردی بکات. ئەم هەستی میهرەبانییە زۆربەی جار لە ئاکاری ڕاوییەوە یان لە تیاماویی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ڕۆمانی «بەجێماوی ڕۆژ»ـدا بەڕێز ستیۆنز، سەرپێشخزمەتی ماڵەکە، هەستی سۆزداریی خۆی بەرامبەر بە کۆنتن خانم، سەرخزمەتکاری ماڵەکە، پشتگوێ دەخات، چونکە توانای بەرقەرارکردنی هاوسەنگیی نێوان ژیانی تایبەتی و هەستی ئەرکناسی و خزمەتگوزاریی نییە.

چیرۆکەکانی ئیشیگورۆ زۆربەی کات بەبێ ئەنجامگیرییەکی دیاریکراون. کێشەکانی بەردەمی کارەکتەرەکانی ئیشیگورۆ لە ڕابردوودا نێژراون و بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. لەبەر ئەمە ئیشیگورۆ زۆرێک لە ڕۆمانەکانی بە جۆرێک لە خۆڕادەستکردن و ڕاهاتنێکی خەمناکانە کۆتایی پێ دەهێنێت. کەسایەتییەکانی، ڕابردووی خۆیان و ئەوەی کە هەنووکە تێیدان قبووڵ دەکەن و هەست دەکەن ئەم قبووڵکردنە ئارامییان بۆ دەهێنێت و کۆتایییەک بۆ پەشێوییە زەینییەکەیان دادەنێت.

کازوئۆ ئیشیگورۆ

کازوئۆ ئیشیگورۆ

ئیشیگورۆ لە ژاپۆن لە دایک بووە و ناوێکی ژاپۆنیی هەیە. پیتەکانی ناوەکەی بە واتای بەرد و ڕەش دێت. دوو ڕۆمانی یەکەمی ئەو لە ژاپۆندا ڕوو دەدەن، سەرەڕای ئەمە ئیشیگورۆ لە چاوپێکەوتنەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەشنایییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەدەبیاتی ژاپۆندا نییە و بەرهەمەکانی پەیوەندییان بە ئەدەبیاتی ژاپۆنییەوە نییە. ئیشیگورۆ لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ١٩٩٠ـدا دەڵێت: «ئەگەر ناوێکی خوازراوم هەڵبژاردبا و کەسێکی دیکەم پەیدا کردبا، کە وێنەکەیم لە بری وێنەی خۆم بەکار هێنابایە ئەوا دڵنیام کەس ئەوەی بە زەیندا نەدەهات کە بڵێت ئەم پیاوە دەمخاتەوە بیری فڵان نووسەری ژاپۆنی.» هەرچەند نووسەرانێکی ژاپۆنی هەن کە کاریان لە ئیشیگورۆ کردووە، بەڵام ئەو خۆی کاریگەریی سینەماکارانی ژاپۆن بەسەر ڕۆمانەکانییەوە دەبینێت، وەک یاسوجیرۆ ئوزۆ و میکیۆ ناروسە.

ئیشیگورۆ لە ١٩٦٠ـدا ژاپۆنی بەجێ هێشت و تا ساڵی ١٩٨٩ نەگەڕایەوە بۆ ژاپۆن، کە وەک سەردانکەری کاتیی بونیادی ژاپۆن سەفەری بۆ ئەوێ کرد. ئیشیگورۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کینزابۆرۆئۆ (ڕۆماننووس) دەڵێت: «بەردەوام پێم وا بووە ژاپۆن خەیاڵییە.»

ڕۆمانەکانی
دیمەنی ڕەنگپەڕیوی گردەکان، ١٩٨٢
هونەرمەندێک لە جیهانی مەلەوەرەوە، ١٩٨٦
بەجێماوی ڕۆژ، ١٩٨٩
کاتێک هەتیو بووین، ٢٠٠٠
هەرگیز بەجێم مەهێڵە، ٢٠٠٥
دێوی نێژراو، ٢٠١٥

سیناریۆکان
خەمگینترین مۆسیقای جیهان، ٢٠٠٣
کۆنتسی سپی، ٢٠٠٥

چیرۆک
خوانی خێزانی، ١٩٩٠
گوندەکە پاش تاریکی، ٢٠٠١
شەوانەکان: پێنج چیرۆک دەربارەی مۆسیقا و شەو، ٢٠٠٩

هاوبەشی بکە

Kazuo Iahiguro, Nobel Prize,