19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕووداوەکەی سیمۆن

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

چاپكردنی ڕۆمانێكی کڵاود سیمۆنی براوەی نۆبێلی ساڵی 1985، له‌ لایه‌ن 19 پەخشخانە ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌

چاپكردنی ڕۆمانێكی کڵاود سیمۆنی براوەی نۆبێلی ساڵی 1985، له‌ لایه‌ن 19 پەخشخانە ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌

شاڵاو حەبیبە

یەکێک لە هەوادارانی کڵاود سیمۆنی براوەی نۆبێلی ساڵی 1985؛ پەنجا لاپەڕەی لە ڕۆمانی «کۆشک»ـی ئەو نووسەرە ناردووە بۆ 19 پەخشخانە، بەڵام گشتیان ڕەتیان کردووەتەوە چاپی بکەن!

کڵاود سیمۆن ڕۆمانی «کۆشک»ـی لە ساڵی 1962ـدا بڵاو کردووەتەوە. ڕۆمانەکە لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا دەدوێت. هەوادارەکەی سیمۆن کە ناوی سێرژ ڤۆلە، پەنجا لاپەڕە لەم ڕۆمانە بە ناوێکی ترەوە بە مەبەستی چاپکردنی دەنێرێت بۆ 19 پەخشخانە، بەڵام وەڵامێکی سەیروسەمەرە لە چاپەرەکانەوە وەردەگرێتەوە، چونکە 12 پەخشخانە ڕەتیان کردووەتەوە ڕۆمانێکی لەو جۆرە چاپ بکەن و 7 دانەیشیان تەنانەت ئەرکی ئەوەیان نەکێشاوە وەڵامیش بدەنەوە.

یەکێک لە پەخشخانەکان بەم جۆرە ڕوونی کردووەتەوە کە بۆچی ڕۆمانەکە- هەڵبەت ڕۆمانەکەی کڵاود سیمۆن- بە کەڵکی چاپکردن نایەت: «ڕستە دوورودرێژ و بێوچانەکان، وا دەکەن خوێنەر بە گشتی ماندوو ببێت.» هەر ئەم پەخشخانەیە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕۆمانەکە گەڵاڵەیەکی ڕاستەقینەی نییە و کارەکتەرەکانی باش دانەڕێژراون.

جا كڵاود سیمۆنی نووسەری ڕۆمانەکە کێیە؟ ئەو نۆبێلی ئەدەبیاتی هەیە و ڕۆماننووسێکی فەڕەنسییە، بە یەکێک لە باوکانی (ڕۆمانی نوێ) دەناسرێت و بە پەخشانە پێچەڵپێچ و هەندێک جار نەبڕاوەکەی ناسراوە و ستایش کراوە.

سێرژ ڤۆل، کە ئەم کەتنەی بە پەخشخانەکان کردووە – خوا پەنای ئەمانی تر بدا – خۆیشی نووسەرە. لەم بارەیەوە گوتوویەتی: «ئەم ڕووداوە، ڕوونی دەکاتەوە کە پەخشخانەکان ئەدەبیات و هونەر ناناسن. خاوەنانی ئەو دەزگای چاپانە، کتێبگەلێک کە خوێندنەوەی ئاسان نییە یان پڕفرۆش نیین، پشتگوێ دەخەن. ئەمە جگە لەوەی دەبێت پێشتر بەناوبانگ بووبیت ئنجا کتێبەکانت چاپ دەبن.»

ئەو ڕۆمانەی کە ڕەت کرایەوە کامەیە؟ کۆشک یەکێکە لەو ڕۆمانانەی مشتومڕێکی زۆری لەسەرە. زۆرێک پێیان وایە لە وەڵامی جۆرج ئۆروێڵ-نووسەری مەزرای ئاژەڵاندا، کە وەک سیمۆن لە بەرەی کۆماریخوازی جەنگی ناخۆی ئیسپانیادا لە سییەکاندا شەڕی کردووە، نووسراوە.

سیمۆن ئەو ساڵەی کە نۆبێلی ئەدەبیاتی بردەوە، ڕایگەیاند ڕاپۆرتەکەی ئۆروێڵ سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئەنارشیستەکاندا لە کتێبی «بژی کەتەلۆنیا» هەر لە دێڕی یەکەمییەوە درۆودەلەسەیە.

جارێکی تر ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەکە؛ دەبینین پەخشخانەکان هێندە بێئاگان کە تەنانەت ئامادەن ڕۆمانی نووسەرە نۆبێلوەرگرەکانیش ڕەت بکەنەوە و غیرەتی ئەوەیش وەبەر خۆیان بنێن کە بڵێن «خراپ نووسراوە.» خۆ دەشگونجێ ئەو ڕۆمانە سی-چل ساڵ لەمەوبەر هەر خۆیان چاپیان کردبێت. ڕەنگە بۆ دنیای چاپ و پەخشی ئەدەبیات و هونەر، هیچ لەوە ترسناکتر نەبێت کە هەموو شتێک پێوەر بێت بۆ چاپی ئەدەبیات، بەدەر لە خودی ئەدەبیات. نەختێکیش حەنەکئامێزە کاتێک ڕووخساری نووسەر دەبێتە هۆی ئەوەی کتێبەکەی چاپ بکرێت یان نا. کەواتە، کتێبێکی خراپ کە نووسەرێکی دەموچاو-باش نووسیویەتی یان وەری گێڕاوە، شانسی بۆ چاپ زیاترە لە کتێبێکی باش کە نووسەرێکی دەموچاو-ون/ بۆ دنیای چاپ: دەموچاو-خراپ، نووسیویەتی یان وەری گێڕاوە. سەرەنجامیش هەموو ئەو قسە زلانەیش کە لەم پیشەسازییەدا دەکرێن بە ڕووداوێکی وا کول-توورەکە دەخەنەوە سەر ساجی عەلی. هەڵبەت بەو شەڕەشەقەیشەوە هێشتا ڕوو دەدات کە کتێبی باش لە پەلەپیتکەی پەخشخانەکانەوە دەربچێت.

 

كڵاود سیمۆن ( 2005 - 1913)

كڵاود سیمۆن ( 2005 – 1913)

 

ڕەنگە کۆی گشتیی ئەم ڕووداوە، وەڵامێک بێت، نەک پرسیار. بە هیوای ئەوەم «ڕووداوەکەی سیمۆن» پەخشخانەکان- جا لە هەر کوێی ئەم دنیایە بن – بخاتەوە سەر ئەو بۆچوونەی کە؛ بۆ چاپ و پەخشی ئەدەبیات، تەنیا ئەدەبیات پێوەرە.

بە دیوەکەی تردا – چونکە هەمیشە دیوەکەی تر هەیە ئەگەر هەڵە نەبم، ڕووداوەکەی سیمۆن، پەردە لەسەر ئەو گەندەڵییە هەڵدەماڵێت کە دنیای پیشەسازیی چاپ و پەخش و کول-توورسازیی گرتووەتەوە، لە کاتێکدا ئا ئەم دنیای چاپ و پەخش و کول-توورسازییە دەبێت بە گژ دنیای گەندەڵی دەوروبەردا بچێتەوە، بەڵام دەبینین خۆیشی هەمیشە بەشێکە لێی، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان هاتنەناوەوەی «سەرمایە» بێت، کە ڕێ بۆ گەندەڵبوونی ئەم دنیای چاپ و پەخش و کول-توورسازییە خۆش دەکات. واتە لە درووشم و ڕواڵەتدا دژ بەو گەندەڵییەیە کە سیاسەت درووستی کردووە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پەرە بە گەندەڵییەک دەدات، کە پێی لەناو پیشەسازیی کتێبدایە و گەندەڵکارەکەیش خۆیەتی. ئەمیان خراپتر لەوەی پێ دەکرێت کە سیاسەت پێی دەکرێت.

تێڕوانینی پەخشخانەکان بۆ چاپی کتێبێک، ناوەڕۆک و جۆری تێڕوانینیان بۆ ئەدەبیات ڕوون دەکاتەوە، کە لە نووسینێکی دیکەی – هێشتا بڵاونەبووەوەدا – باسم لێوە کردووە، لێرەدا هێندە بەسە کە بڵێم، ڕووداوەکەی سیمۆن بزە-لەسەر-زۆر-شت-دروست-دەکات. هەڵبەت هاوکات مخابن ڕووداوێکی خەمگینکەریشە.

هیوادارم هیچ لایەنێک ڕووداوەکەی سیمۆنی بەسەردا نەیەت. هەرچەند هاوکاتی ئەم ڕووداوە بزە-خەم-هێنەرە، پەخشخانەکان هەم چاپەر و هەم گوێپێنەدەریشن.

هاوبەشی بکە

Claude Simon, Nobel Prize, Shalaw Habiba, Wtari Kteb,