27/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەری وەرگێڕان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بۆرینگ بووکس بلۆگ پۆست

فێرناندۆ پێسوا
لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

 

من ئاگەدار نیم کەسێک مێژووی وەرگێڕانی نووسیبێتەوە، ئەوە کتێبێکی دوورودرێژ دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جێی بایەخیش. وەک مێژووی دزیکردنەکان (کە کتێبێکی گرنگی دیکەیە و چاوەڕێی نووسەرێکی مەزنین بینووسێتەوە ) بە وانە ئەدەبییەکان دەورە دراوە. لێرەدا هۆکارێک هەیە کە شتێکی تر دروست دەکات: وەرگێڕان دزیکردن نییە بە ناوی نووسەرەوە. نووسینەوەی مێژووی لاساییکردنەوە گاڵتەجاڕییەکان زنجیرەکە تەواو دەکات، چونکە وەرگێڕان لاساییکردنەوەیەکی شێلگیرانەی زمانێکی دیکەیە. ئەو پڕۆسە عەقڵییە یەکگرتوانەی لە لاساییکردنەوەی گاڵتەجاڕانەدا هەن، هەمان ئەو یەکگرتوویییەیە کە لە وەرگێڕاندا هەیە. لە هەردوو دۆخەکەدا بەکارهێنانەوەی ڕۆحی نووسەرەکە هەیە، بە ئامانجێک کە هیی ئەو نییە؛ لە دۆخی یەکەمدا ئامانجەکە گاڵتەپێکردنە، کە نووسەرەکە شێلگیرانە نووسیویەتی. لە دۆخی دووەمدا ئامانجەکە زمانێکی دیاریکراوە، لە کاتێکدا نووسەر بە زمانێکی تر نووسیویەتی. ئایا لەمڕۆدا کەسێک بە شیعرێکی شێلگیرانە لاساییی شیعرێکی گاڵتەجاڕانە دەکاتەوە؟ لەمە دڵنیا نین. بەڵام گومانی تێدا نییە کە زۆرینەی شیعرەکان، تەنانەت شیعرە مەزنەکانیش، دەتوانرێت بۆیان زیاد بکرێت و بە هەمان ئەو زمانەی پێی نوسراوە، وەربگێڕدرێن.

ئەمە ئەو کێشەیە زیندوو دەکاتەوە، کە هونەر گرنگترە یان هونەرمەند، بەرهەم گرنگترە یاخود بەرهەمهێنەر؛ ئەگەر بەرهەمهێنەر گرنگیی زیاتر بێت و چێژ بگەیەنێت، ئەوا دەبێتە هۆکارێک کە شیعرێکی شاعیرێکی ناودار کە ناکامڵە، ببات و لە ژێر ڕۆشناییی ڕەخنەی سەردەمێکی تردا، بە لابردن، زیادکردن و جێگۆڕکێ کامڵتری بکات. بەو جۆرە دەکرێت شیعری سروودی نەمریی ویلیام وۆردزوۆرت، کە شیعرێکی مەزنە، دووبارە دابڕێژرێتەوە تا کامڵتر بێت.

ئەوەی لە وەرگێڕاندا بەهرەیە، ئەوەیە کە وەرگێڕانەکە بۆ زمانێکی تەواو جیاواز لە زمانی دەقەکە بکرێت، یاخود وەرگێڕانی هۆنراوەیەکی ئاڵۆز بێت، تەنانەت گەر بۆ زمانێکی لێکچووش وەربگێڕدرێت. هیچ چێژێک لە وەرگێڕانی نێوان زمانی ئیسپانی و زمانی پورتوگالیدا نییە؛ هەر کەسێک بتوانێت زمانی نووسینی یەکێکیان بخوێنێتەوە، ئەوا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانێت ئەوی تریشیان بخوێنێتەوە، لێرەدا وەرگێڕان سوودێکی وەهای نابێت. بەڵام وەرگێڕانی شەکسپیر بۆ یەکێک لە زمانە لاتینییەکان کارێکی گرانە؛ گومانم هەیە وەرگێڕانی بۆ زمانی فەڕەنسی کارێکی باش بێت، دیسان بۆ زمانی ئیتاڵی و ئیسپانییش گران دەبێت، بەڵام دەکرێت بۆ زمانی پورتوگالی وەربگێڕدرێت، ئەویش بە هۆی نەرمی و ئاڵۆزیی زمانەکەوە.

هاوبەشی بکە

Fernando Pessoa, LawkAbubakr, Translation,