22/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆچی ڕوو لە هونەر دەکەین؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – به‌شێك له‌ کتێبی (بنەماکانی فەلسەفەی هونەر)
وه‌رگێڕانی: بیار ڕه‌شید

خەڵک بە زۆری لەو کاتەدا کە بێئیشن کۆمەڵێک کاری لەم جۆرە دەکەن: ڕۆمان دەخوێننەوە، شیعر دەخوێننەوە، دەچن بۆ شانۆ، گوێ لە میوزیک دەگرن، دەچن بۆ پێشانگا هونەرییەکان، دەچنە گەشت و گەڕان و سەیری باڵەخانە و دیمەنەکان دەکەن. هەموو ئەمانە کۆمەڵێک چالاکیی جوانیناسانە (یان کۆمەڵێک بەرنامەی هونەری)ی ئێمەیە. خەڵک بە ئارەزووی خۆی و لەبەر خۆی ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدات. خوێندنەوەی چیرۆکێک یارمەتیی دابینکردنی گوزەرانی من نادات (مەگەر ئەوەی وەک ڕەخنەگرێکی پیشەیی یان مامۆستای ئەدەبیات ئەو کارە بکەم) ڕۆیشتن بۆ پێشانگایەکی هونەری هیچ یەکێک لە ئازارە جەستەییەکانی ئێمە ساڕێژ ناکات، بینینی شوێنێکی جوان وا لە ماڵەکەی من ناکات گەرمتر بێت. کەواتە بۆچی خەڵک دوای هونەر و جوانی دەکەون؟

وەڵامێکی ئاشکرا ئەوەیە کە خەڵک ئەم کارانە ئەنجام دەدەن لەبەر ئەوەی چێژیان لێ دەبینن. خوێندنەوەی کتێب و ڕۆیشتن بۆ شانۆ، گوێگرتن لە میوزیک و سەیرکردنی تابلۆ شێوەکارییەکان، ڕوانین لە باڵەخانە جوانەکان و تێڕامان لە جوانییەکانی سروشت، چێژ بە ئێمە دەبەخشێت. ئەم وەڵامە، هەندێک شت بە ئێمە دەڵێت، بەڵام ئەوە هەموو شتێک نییە. بۆچی بە دوای ئەم جۆرە چێژە تایبەتەدا دەگەڕێین؟ چ شتێک لە خوێندنەوەی ڕۆمان یان گوێگرتن لە موزیک یان سەیرکردنی دیمەنی جواندا هەیە کە وا لەم کارە تایبەتانە دەکات بایەخدار بن؟ ڕێگەی زۆر هەن بۆ وەرگرتنی چێژ: خواردنەوە لە مەیخانەیەک و پیاسەکردن لە کەشوهەوایەکی خۆشدا دەکرێت چێژبەخشتر بێت. کەواتە بۆچی ڕوو لە هونەر و جوانیی سروشتی دەکەین؟ بۆچی کات، پارە، وزەی خۆمان بۆ ئەم جۆرە سەرچاوانەی وەرگرتنی چێژ خەرج دەکەین؟ ئایا لە ئەزموونە جوانیناسییەکاندا شتێکی تایبەتی هەیە کە وا دەکات ئەوانە بە تایبەتی چێژبەخش بن؟ ئایا جگە لە چێژ کە بە ئێمەی دەبەخشن خاڵێکی دیکە لەوانەدا هەیە؟

کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، گوێ لە موزیک دەگرین، دەچینە پێشانگای هونەری، یان لە دیمەنێک دەڕوانین، کاردانەوەی ئێمە بە تەواوی هەستی چێژ یان خۆشحاڵی نییە، زۆربەمان دەمانەوێت ئەزموون و دۆخی خۆمان شی بکەینەوە و لەبارەیەوە بدوێین. سەرنجی ئەوانی دیکە بۆ تایبەتمەندیی بەرچاوی ڕۆمان، موزیک، وێنەکان یان دیمەنەکان ڕابکێشین. بۆ نموونە داوەری دەکەین کە ”جەین ئۆستن کەموکوڕییەکانی ئێما نیشانی ئێمە دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا وای لێ دەکات خۆشەویست دەربکەوێت.” یان ”پێکهاتەی میوزیکی باخ زۆر تایبەت و جوانە.” یان ”موونە لە سوودوەرگرتن لە کاریگەرییەکانی ڕووناکیدا، لەسەر ئاو و مێرگوزار زۆر سەرکەوتووە.” یان ”پێکهاتەی ئاو و کێوەکان دیمەنێکی ئێجگار جوان بە بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای سکۆتلەندە دەبەخشێت.” چ خاڵێک لەم ڕاوبۆچوونانەدا هەیە؟ ئەگەر کەسێک لە بەرامبەرماندا بوەستێت و دژی قسەکانمان بێت، ئایا دەتوانین بەڵگە و پاساو بۆ بۆچوونی خۆمان بهێنینەوە؟ بەڵگە و پاساوێکی لەم جۆرە دەکەوێتە چ چوارچێوەیەکەوە؟

هەروەها ئێمە لە داوەرییەکانماندا کۆمەڵێک بەراورد دەکەین، بۆ نموونە هەندێک بەرهەم یان دیمەن بەراورد بە بەرهەم یان دیمەنی دیکە، بەرزتر دەنرخێنین. دەڵێین جەین ئۆستن نووسەرێکی باشترە لە باربارا کارتلاند، میوزیکی باخ لە میوزیکی ڕادیۆ کە لای خەڵک پەسەندە، باشترە. تابلۆیەکی موونە لە وێنەی سەر پۆستکارتێک پەسەندترە، بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای سکۆتلەندە لە بلاکپول جوانترە. کاتێک کە ئەم جۆرە داوەرییانە دەکەین بە هیچ جۆرێک دەربارەی بڕی ئەو چێژە نادوێین کە بەدەستی دەهێنین.

خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی باربارا کارتلاند یان گوێگرتن لە میوزیکی ڕادیۆش کە لای خەڵک پەسەندە، چێژێکی زۆرمان پێ دەدەن. ئایا تەنها لە ڕووی خۆهەڵکێشانەوەیە کە دەڵێین جەین ئۆستن و باخ لە ئاستێکی باڵاتردان؟ چۆن دەتوانین ئەوەی دەیڵێین دەربارەی ئەم هونەرمەندانە بیسەلمێنین؟ چۆن دەتوانین پاساو بۆ ئەم وتەیەمان بهێنینەوە کە بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای سکۆتلەندە لە بلاکپول جوانترە؟

هاوبەشی بکە

Art, Translation,