19/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینینێکی بچووک بۆ کتێبی شیعری “سەیرانێک بە پشتوێنی بۆمبڕێژکراوەوە”

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

ئێوارە کۆڕێک لە گەلەری ئارام لە شاری سلێمانی بۆ خوێندنەوە و واژوو کردنی کتێبی شیعریی “سەیرانێک، بە پشتوێنی بۆمبڕێژکراوەوە” ـی شاعیری عیراقی کازم خەنجەر بەڕێوە چوو، کە لەلایەن دلاوەر قەرەداخی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە و ناوەندی باڵندە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

کتێبەکە کۆمەڵێک شیعری زۆر جوان لەخۆ دەگرێت، کە بە قەڵەمی شاعیرێک نووسراوە لەناو ڕووباری خوێن، فیشەکی ناو جەستە، تارمایی مەرگ، زمانی پەرتبوو و کۆمەڵێک بابەتی دیکەدا، هاتوونەتە بوون. شاعیر لەناو زۆربەی زۆری شیعرەکاندا سەروکاری لەگەڵ بابەتە جەنگی و کوشتارییە جۆربەجۆرەکانی وڵاتەکەیدا هەیە، بەڵام چۆن ئەم بابەتانە لەو دۆخە مێژووییە دەردەهێنێت و دەیکات بە کەرەستەی داهێنان لە زماندا!

نمونەیەک لە شیعرەکان (بە پەلە “دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نزیک…”

چیرۆکەکەی:

کۆمەڵێک ئیسک و پروسکی ناو گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەن، شاعیر لە پزیشکی دادەوە بانگکراوە تاکو فەحسی دی ئێن ئەی بۆ بکەن، ئێسکەکان براکەی شاعیر (گێڕەرەوە) دەردەچێت، لەلای گێڕەرەوە ئێسکەکان کەمترن لە ئێسکی مرۆڤێک. چیرۆکەکە لە سەروەختی بانگهێشتکردنی شاعیر/گێڕەرەوە دەست پێ دەکات تا لەتابووتنانی ئێسکەکان بەردەوام دەبێت.

کۆد و مێژوو:

لەناو ئەم گێڕانەوەیەدا بەر کۆمەڵێک شت دەکەوین، لە تایتڵی شیعرەکەوە تا کۆتایی، گرنگەکانیان ئەمانەن (گۆڕی بەکۆمەڵ، DNA، ئێسک، وێنەی مردوویەکی بێ گۆڕ، کەلەسەرێک بە شەش کونەوە و تابووت)

ئەگەر لەم وشانە وردببینەوە کە لەم تێکستەدا نووسەر دایڕشتوونەتەوە لە چوارچێوەی یارییەک لەنێوان زمان و وێنەدا، باکگراوندێکی بەهێزی مێژووی عیراق دەبینین، و بەستنەوەیەکی درامیانەی بەهێز لەم پێکهاتە زمانییەدا دەدۆزینەوە کە پەیوەندییەکی زۆر پتەو و کرۆنۆلۆژییان بەیەکدییەوە هەیە. پەیوەندییەکە بەتەنیا لەنێوان وێنە و زماندا نییە، پەیوەندییەکە وا لەو هەزاران چیرۆکە تراژیدیایەی کە هزری مرۆڤی عیراقی ـدا ئەم وشانە هەمیشە دەیانهێنێتەوە بوون. هەر بۆ نمونە پرۆسەی ئەنفال ناکرێت لەدەرەوەی ئەم وشانە بێت! [لەم تێکستەدا دێڕێک هەیە کە بە عەرەبی  دەکرێتەوە  کوردی دەبێتە “ڕاپۆرتی پژیشکی وا دەڵێت، بەڵام دلاوەر قەرەداخی لەباتی ئەوە، بەم جۆرە وەریگێڕاوە “ڕاپۆرتی پژیشکی وا ئێژێ” ئەمەش بەستنەوەیەکی زۆر جوان و ماناداری شیعرەکەی شاعیرە بە کۆمەڵکوژییەکی گەورە بەرانبەر کورد لە مێژوودا.]

زمان:

یارییەک کە بەگشتی شاعیر لە شیعرەکانی دیکەشیدا ئەنجامی دەدات، بریتییە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ شتی بێ ڕۆح وەک بابەت یان بوونێکی ڕۆحدار، یان بابەتێکی ماددی ڕووت کە بوونێکی زیندووی پێ دەدات وەک؛ ئاودانی گوڵی نایلۆن، گوڵی نایلۆن بوونێکی ماددی ڕووتە، بەڵام لەلای شاعیر کە دەکەوێتە نێوان زمان و وێنەوە دەبێتە شتێکی دیکە و بەجۆرێکی تر مامەڵەی دەکات.

“کاکە گیان، ئێستا من لە ماڵەوەم، تۆزی سەر گوڵە نایلۆنەکانی دەوری وێنەکەت دەسڕم و بە فرمێسک ئاوی دەدەم.”

نمونەیەکی دیکە: تورەگەیەک ئێسک، کە ئێسک بەتەنیا وەردەگرین وەکو وشە، بوونێکی بێ ڕۆح و تەنانەت جەستە لەلای ئێمە دروست دەکات، بەڵام شاعیر ئاماژەیەکی سمبولی و مێژوویی مرۆڤی عیراقی پێوە هەڵدەواسێت و زۆر زیندووانە دەیهێنێتەوە ناو بوونی ئێستای خۆی.

“لە پاسەکەدا توورەگەکەم لەپاڵ خۆمدا دانیشاندن، پارەی دوو نەفەرم دا (ئەمجارە من پارەم دەدەم).

ئەمڕۆ بە ڕادەی پێویست گەورە بووم کە بتدەم بە کۆڵمدا و پارەی پاست بۆ بدەم.”

بەگشتی چەندین ئاماژە و بابەتی هاوشێوە دەبینینەوە کە شاعیر زۆر جوان تێکهەڵكێشی هەم بابەتە مێژووییەکان، هەم سیاسی و هەم کەیسە ئینسانییەکانی لە چوارچێوەی زمان و وێنەی شیعریی گەورە و جواندا خستووەتە ڕوو. ئێستا ئەم کتێبە لە پێشانگەی نوێدەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لە ناوەندی باڵندە بەردەستە.

هاوبەشی بکە

Poetry, Translation,