26/04/2024
DidiMn Logo
Top

هەواڵی خەوتنی هاووڵاتییان لە گۆڕەکاندا خەڵکی ئێرانی تووشی شۆک کردووە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەل مۆنیتەر

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

لە بەرواری ٢٧\١٢\٢٠١٦دا، ڕۆژنامەی شەهروەند نووسینێکی بڵاو کردەوە، کە تەواوی خەڵکی ئێران و تەنانەت بەرپرسانیشی تووشی شۆک کردووە. نووسینەکە بە ناوی ژیان لە ناو گۆڕدا، باس لەوە دەکات کە چۆن کۆمەڵێک خەڵکی بێماڵ گۆڕەکانی نزیک شەهریار، کە شارۆچکەیەکە لە نزیک تاران، کردووەتە پەناگە.

شەهروەند نووسیوویەتی: “مانگێک دەبێت سەرما تەنگی بە بێماڵەکان هەڵچنیوە، تا لە ناو گۆڕەکانی ناسڕ عەبەدی شەهریار ژیان بەسەر ببەن. هەندێکیان لە ناو گۆڕەکاندا دەژین، گۆڕە ئامادەکراوەکان، هەندێک خێزانیش لە دەوری گۆڕەکان ژیان بەسەر دەبەن.”

بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، “لە ناو گۆڕستانەکەدا، سێسەد گۆڕی ئامادە هەیە، کە بیستیان لە لایەن پەنجا کەسی بێماڵەوە گیراون، کەسێک یان هەندێک جار سیان و چوار کەس لە یەک گۆڕدا دەژین”.

هەروەها شەهروەند دەڵێت: ”ئەم گۆڕانە بەگشتی بۆ خەو بەکار دێن و لە ڕۆژدا چۆڵن، چونکە ئەو کەسانەی لەوێ دەژین دەچن بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی فڕێدراو تا پارە بەدەست بهێنن بۆ دەرمان و خواردنەکانیان.”

پاسەوانی گۆڕستانەکە بە شەهروەندی گوتووە: ”ڕۆژەکانی سەرەتا کە هاتنە ئێرە، ئێمە ڕێگریمان لێ کردن، بەڵام ژمارەکەیان زۆر بوو، هیچ شوێنێکیشیان نەبوو بۆی بچن. هەندێکیان بردران بۆ سەنتەری پاکبوونەوە لە دەرمانی ئالوودەبوو، بەڵام زۆرینەیان لە سەنتەرەکە هەڵهاتن و گەڕاونەتەوە بۆ گۆڕستانەکە.” هەروەها ڕۆژنامەکە ئەوەشی بۆ زیاد کردووە کە “نزیکەی زۆرینەی ئەوانەی لەوێ دەمێننەوە، کەسانی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان”.

ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک وەڵامی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا؛ ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار، نامەیەکی کراوەی نەفرەتئاسای بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە، حەسەن ڕۆحانی لە بەرواری ٢٧\١٢ نووسی و گوتی: “ئەمڕۆ، ڕاپۆڕتێکی شۆکئامێزم خوێندەوە سەبارەت بە ژیانی پیاوان، ژنان و منداڵان، کە لە گۆڕی ئامادەکراودا دەژین لە نزیک تاران… خوێندمەوە و شەرم لە خۆم دەکەم ئێستا.” هەروەها فەرهادی نووسیویەتی: “ناوی یەکێک لەوانەی لەو گۆڕە ساردوسڕانەدا دەژی و چاوەڕێی مردنن، ئارمانە، کە بە مانای نموونەیی دێت. ناتوانم بیر لەم ناوە نەکەمەوە، ئێمە نموونەییبوونی خۆمان لە ناو گۆڕدا دۆزییەوە. شەرمەزارییە بۆ ئێمە.”

هەروەها فەرهادی گوتی: “پێشنیار دەکەم بە لایەنی کەمەوە بۆ دروستکردنی جیاوازی لە نووسینەوەی مێژووی ئەمڕۆدا، کە داهاتوومانی تووشی شۆک کردووە، هەندێک جار دەبێت بەرپرسانمان ڕووی خۆیان بشارنەوە و بگەڕێن بە ناو خەڵکیدا، بێ ئەوەی هیچ کەسێکیان لەگەڵدا بێت.”

هەروەها محەمەد عەلی ئەبتاهی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام نووسی: ”ڕاپۆرتی ئەوانەی لە گۆڕەکاندا دەنوون، ئێرانی تووشی شۆک کرد. نادادی و هەژاری دەبێت شتێک بێت هەموو بەرپرسان گرنگیی پێ بدەن. هەموو بەرپرسانی ئێران بە یەکسانی تاوانبارن بۆ قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری و گەندەڵی.”

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە بەرواری ٢٨\١٢دا لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی حکومیدا، گوتی: “دوێنێ نامەی هونەرمەندێکم خوێندەوە کە زۆر بەئازاربوو. هەندێک کەس لە ژێر پرد و لە ناو کارتۆندا دەنوون بە هۆی هەژارییەوە، بەڵام کەمتر دەربارەی ئەوە خوێندبوومەوە کە لە ناو گۆڕدا خەڵک بژین. چۆن دەکرێت ئەم گەلە کە ژیانی خۆیان بۆ پەیامبەر تەرخان کردووە، کۆمەڵێک لە هاونیشتیمانییەکانی ببینین پەنا بگرن لە ناو گۆڕەکاندا بۆ ڕزگاربوون لە هەوای ساردی زستان؟”

 

هاوبەشی بکە

Asghar Farhadi, Hasan Rohani, Iran, Sleeping in Graves,