دانا ڕه‌ئووف
دژهزهمهن
زه‌مه‌نی وههم و زه‌مه‌نی واقع له پانتاییه هونه‌رییه‌کانی فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆندا زه‌مه‌نێکی فه‌لسه‌فی و شل، زه‌مه‌نێک له ده‌ره‌وه‌ی هەموو ڕێساکانه‌وه دروست ده‌کات. زه‌مه‌نی فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌کان و زه‌مینه خۆش ده‌کات بۆ وه‌همێکی فره‌کلتووری. خودی فێستیڤاڵه‌که‌ش به نماییشێکی موزیکی به ناوی دژهزهمهنهوه ده‌کرێته‌وه.
ولیام کێنتریدگه وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی به‌سه‌لیقه له ستر‌کتوری پرۆژه‌که‌یه‌وه، وه‌ک دیدێکی هونه‌ری، په‌نا ده‌باته به‌ر دونیایه‌کی ناجێگیر و نادڵنیا و نادیار و له‌م باره نائارامه‌وه زه‌مه‌نێکی چڕ و فره‌میدیا و فره‌کلتووری تر ده‌خوڵقێنێت. ئه‌م هونه‌رمه‌نده جگه له کاری ڕیژی، ڕۆڵی حیکایه‌تخوان ده‌بینێت و به یارمه‌تیی هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له موزیک و سه‌ما و گۆرانی ئه‌فریقایی و ئه‌وروپی، ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌کی جیاوازی ئه‌م دوو کیشوهرهمان بۆ به‌رجه‌سته بکات؛ هه‌موو نماییشه‌که خوێندنه‌وه‌یه‌که بۆ چه‌مکه‌کانی زه‌مه‌ن و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن.
وێنه و گۆرانی و گه‌مه ڕیتمئامێزهکان به چه‌شنی سه‌مایه‌کی سه‌ره‌تایی گوزارشت له زه‌مه‌نی ئێستا و له ڕابردوودا ده‌که‌ن، ئەمە جگە لەوەی کە گوزارشت له زه‌مه‌ن له شوێنه جیاوازه‌کانیش ده‌که‌ن، بۆ نموونه زه‌مه‌ن له ئه‌وروپا و له ئه‌فریقا، ئه‌مه‌ش پێکداچوونێکی زه‌مه‌نه له دوو کیشوه‌ری جیاواز و له هه‌مان کاتدا له دوو زه‌مه‌نی جیاوازیشدا. له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه وههم و واقع، له ئه‌وروپا و له ئه‌فریقیا (لێره و له‌وێ) ده‌بێته ڕاستییه‌کی دووفاق، به‌ڵام ڕه‌ها. نماییشی دژهزهمهن به مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و گۆڕینی ڕیتمه‌کان، وه‌کو گه‌مه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر، له کیشوه‌رێکه‌وه بۆ کیشوه‌رێکی تر (ئه‌وروپا و ئه‌فریقا)، هه‌روه‌ها چه‌مکه سیاسییه‌که‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه. زه‌مه‌نی داگیرکردنی ئه‌فریقا و زه‌مه‌نی هێرشی ئه‌وروپییه‌کان و دابه‌شکردنی ئه‌فریقا: دابه‌شکردنی زه‌مه‌ن و شوێن و جوگرافیا و مێژووه.
ئه‌م نماییشه ده‌یه‌وێت له زه‌مه‌نێکی وه‌همدا ڕه‌هه‌نده‌کانی پۆست کۆڵۆنیالیزمی ئه‌وروپی بخاته ژێر پرسیاره‌وه و له هه‌مان کاتدا، وههم و واقع له بنه‌ما پۆست کۆڵۆنیالیزمهکانهوه ببه‌ستێته‌وه به زه‌مه‌نێکی بزۆز و ناجێگیری ئه‌فریقاوه.
ولیام کێنتریدگه به نماییشی دژهزهمهن له ڕێگه‌ی وێنه و گۆرانی و سه‌ماوه، هێزی چه‌مکه‌کانی زه‌مه‌ن له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه‌وه، له دواوه، له زه‌مه‌نه به‌سه‌رچووه‌کانه‌وه بۆ خاڵی سفر تاقی دەکاتەوە و مامه‌ڵه‌یه‌کی هونه‌ری و ئێستاتیکیان له‌گه‌ڵدا دەکات. یاده‌وه‌رییه‌کان له چاوتروکاندنێکی تروسکهئاسادا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و خاڵه‌ی، بۆ ئه‌و ئاسته‌ی، که هێشتا ڕوویان نه‌داوه یان به چه‌شنێک بمانه‌وێت ڕێگا له‌و زه‌مه‌نه بگرین و نه‌یه‌ڵین هه‌رگیز ڕوو بده‌ن.
وههم و واقیع له خاڵی سفره‌وه، له خه‌ونه‌کانه‌وه، له فه‌نتازیا و له‌نێو چه‌مکه کلتوورییه‌کاندا، له بنه‌ما جیاوازه‌کانی کلتوورهکانهوه، مانایه‌کی تر له خۆ ده‌گرێت. وه‌ک سیمۆن ماک بۆرنی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات “ده‌بێته ئه‌و وه‌همه‌ی، که ئێمه ژیانی واقعی خۆمانمان له‌سه‌ر ڕۆناوه” له‌پڕ زه‌مه‌ن له نێو وه‌همێکی ته‌مومژاویدا ده‌بێته واقعێکی ڕه‌ها و واقعیش ده‌بێته وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخ و نادیاری وه‌همێکی ئاماده.
به‌ڵام هونه‌رمه‌ند سۆفی کاڵ به فۆرم و ستایلێکی تر کاری له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی زه‌مه‌ن کردووه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده له مه‌رگی دایکییه‌وه، به فیلمێکی یانزه خولەکی، که له کڵێسایه‌کدا پێشان ده‌درێت، وه‌همێکمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کات زیاتر ئاوێزانی دونیایه‌کی نادیار بووه تا له واقعێکی هه‌ستپێکراو. فیلمەکه زیاتر له دوو توێی ده‌موچاو و سیمای نزیکی ئافره‌تێکه‌وه (دایکه‌وه) گیراوه. ئه‌م ئافره‌ته نووستووه یان له غهیبووبهیهکی ئه‌به‌دیدایه، به ڕێگاوه‌یه به‌ره‌و سنووره‌کانی واقیعێکی نادیار، به‌ره‌و دونیای مه‌رگ. خودی فیلمەکه گێڕانه‌وه‌ی گه‌شتی دایکێکه له بارودۆخێکی نائامادهوه، له ژیانێکی له‌ده‌ستچووه‌وه بۆ سنووره‌کانی مهرگ٦. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌م کاره وه‌همێکمان بۆ ده‌خوڵقێنێت، که به‌رجه‌سته‌ی واقیعێکی نادیار، واقعی مه‌رگمان بۆ ده‌کات به‌م شێوه‌یه‌ش فیلمه‌که ده‌بێته چیرۆکی گێڕانه‌وه‌ی مه‌رگی هه‌موو دایکه‌کان. هەڵبژاردنی کڵێسایەکیش بۆ پێشاندانی ئەم فیلمە کورتە، چەندین مانا دەگەیەنێت، لە ڕووی ئایینییەوە خانووبەرەی کڵێساکە دەبێتە هێمای جێگایەکی پیرۆز لە بەینی دونیای ئێمە و دونیای مردووەکاندا، لە هەمان کاتدا هەڵۆێستەکردنێکە لە ڕووی پێگە و ڕۆڵی کڵێسا لە کۆمەڵگەیەکی سەکولاردا. کڵێسا‌کان دەسەڵاتی ڕەهای چاخەکانی ناوەڕاستیان نەماوە، بەڵام پلاتفۆرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەرییان هەیە.
ڕۆمان له شانۆدا
جگه له چه‌مکه‌کانی وههم و واقع بهشانۆکردنی ڕۆمانی کلاسیکی و مۆدێرنی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی، به‌شێکی گرنگی چالاکییه‌کانی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵی ئه‌ڤینیۆن پێک دێنێت. ئه‌و نماییشانهی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی و هونه‌ری ڕۆمان ڕۆنراون، ئه‌فسوونی وشه‌یان کردووەته حاڵه‌تێکی فیزیکی، ڕه‌وشێکی وێنه‌یی و بهشانۆکردنێکی ده‌سه‌ڵاتی وشه.
وه‌کو پێشتر له ده‌ستپێکی ئه‌م باسه‌دا ئاماژه‌مان بۆ کرد، سیمۆن ماک بۆرنی خوێندنه‌وه‌یه‌کی مۆدێرنی بۆ ڕۆمانی مامۆستا و مارگهریتای میکائیل بۆڵگاکۆف کردووه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به هاریکاری گروپه‌که‌ی توانیویانه ئه‌و ڕۆمانه دێرینه‌ی ئه‌ده‌بی ڕوسی، ئه‌و هوروژمی وشه‌یه له بۆته‌ی شانۆیه‌کی فیزیکیی نزیک به سه‌ماوه، به یارمه‌تیی ته‌کنیکێکی به‌رزی نوێ و دیدێکی هونه‌ری ئاشکراوه بکه‌نه نماییشێکی باڵا.
سیمۆن ماک بۆرنی له‌پڕ دیمه‌نه شانۆییه‌که و سه‌ماکه له چرکه‌ساتێکی بزۆزدا ده‌وه‌ستێنێت، له‌بری ئه‌مه دیمه‌نێکی ڤیدیۆ، فلیمێکی گوزارشتئامێز تێكه‌ڵی ڕووداوه‌کان ده‌بێت. ئه‌کته‌ره‌کان هه‌ر خۆشیان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆکه‌وه ده‌چنه نێو دیمه‌نه سینه‌ماییه‌کانه‌وه و له کرده‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراودا به‌رکه‌وتنێکی سه‌یر له نێوان شانۆ و هونه‌ری ڤیدیۆ و کاریگه‌رییه‌کانی ده‌نگدا ڕوو ده‌دات.
ڕیژیسۆری به‌ریتانی کاتچی میتچڵ سه‌رله‌نوێ، به ستایله پۆست مۆدێرنه فره میدیاییه‌که‌یه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ده‌بی کلاسیکی ئهوڕوپی٧. کاتچی میتچڵ دوای پرۆژه‌کانی تری له بواری بهشانۆکردنی ڕۆماندا، به‌تایبه‌تی هه‌وڵه ئه‌زموونگه‌رییه‌کانی له له‌نده‌ن، به‌رلین و ستۆکهۆڵم و گه‌ڕانه بهردهوامەکەی به‌ناو ڕاڕه‌وه نهێنییه‌کانی هونه‌ری ڕۆماندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر یه‌کێک له ڕۆمانه‌کانی W. G. Sebald .٨
کاتچی میتچڵ له‌م پرۆژه‌یه‌یدا نزیکه له دید و شێوازه‌کانی تری کارکردنی، به‌تایبه‌تی نماییشی خاتوو ژولیا، که له به‌رلین و ستۆکهۆڵم پێشکه‌شی کردووه. ئه‌م ڕیژیسۆره هه‌موو پانتایی شانۆکه‌ی کردووەته جۆره ستۆدیۆیه‌ک بۆ به‌کارهێنانی ده‌نگ و ئاماده‌کردن و وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی.
چه‌ند که‌سێک له‌سه‌ر شانۆکه ڕووله بینه‌ران ده‌که‌ن و ئه‌و به‌شانه ده‌گێڕنه‌وه، که گوزارشت له منی ڕۆمانه‌که ده‌که‌ن. له هه‌مان کاتدا، شه‌ش که‌سی تر ده‌نگ و موزیک بۆ ئه‌و دیمه‌نه ڕهشوسپییانه ئاماده ده‌که‌ن، که ڕاسته‌وخۆ له‌وێدا وێنه‌یان ده‌گرن و له‌سه‌ر سێ شاشه‌ی گه‌وره، که به دیواره‌کانه‌وه هه‌ڵواسراون، پیشان ئه‌درێن. له هه‌ندێک شوێندا ئه‌و به‌شانه‌ی که به به‌رچاوی بینه‌رانه‌وه ده‌گیرێن، تێکه‌ڵاوی دیمه‌ن و فیلمی دۆکومێنتاری ده‌کرێن. دیمه‌نه‌کان له دیدی ڕۆماننووسهکهوه و له ڕوانگه‌ی وێنه سینه‌ماییه‌کان و هه‌روه‌ها تێکه‌ڵکردنیان به به‌شه دۆکومێنتارییهکانهوه، جۆره خستنه‌ڕوویه‌کی مێژووی ئه‌وروپایه.
ڕێژیسۆری ئه‌م ڕۆمانه بهشانۆکراوه ده‌یه‌وێت له ده‌روازه‌کانی ته‌کنیکی سینه‌ما و ئامرازه‌کانی میدیاوه ئه‌م مێژووه له ڕه‌وشێکی پارچه‌پارچه‌کراودا به‌رجه‌سته بکات، که گوزارشت له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌وروپا ده‌کات، نه‌ک یه‌کگرتنی، هه‌روه‌ها نماییشه‌که جۆره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی زه‌مه‌نه له پێناوی گه‌ڕان به دوای سه‌ره‌تاکانی کلتووری ئه‌وروپا و به‌ستنه‌وه‌ی به‌م چرکه‌ساتانه‌ی ئێستامانه‌وه، ئێستای ئه‌وروپا و سترکتورەکانی فره‌کلتووری و بزربوونی پێناس و دروستکردنی وه‌همێکی به‌هێز. له‌و وه‌همه‌دا، واقع و ئێستا و پێناس و چه‌مکه‌کانی فره‌کلتووری له کۆمه‌ڵگەی ئه‌وروپادا ده‌بن به چه‌قی وێنه سینه‌ماییه‌کان. ئەم نماییشە دووپاتی ئەو وەهمەش دەکاتەوە کە سیستەمی ئەمڕۆی ئەوروپا ناچارمان دەکات لەبری واقع تیایدا بژین و واقعی خۆشمان لە بیر بکەین.
٦ . سۆفی کاڵ هه‌موو ڕۆژێک به‌ر له پێشاندانی فیلمەکه، چه‌رده‌یه‌ک له یاداشته‌کانی دایکی ده‌خوێنێته‌وه.
٧. کاتچی میتچڵ ڕۆمانی شه‌پۆڵه‌کانی فێرگینا وه‌ڵف و گه‌مژه‌ی دەستهێڤسکی له‌سه‌ر شانۆکانی له‌نده‌ن پێشکه‌ش کردووه.
٨ . W. G. Sebald نووسه‌رێکی ئه‌ڵمانییه. له ساڵی ١٩٤٤ له‌دایک بووه. له ساڵی ٢٠٠١ له به‌ریتانیا کۆچی دوایی کردووه. نووسین و ڕۆمانه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره جێگای سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌رانیش بوون و وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زۆربه‌ی زمانه جیهانییه‌کان و هه‌میشه وه‌ک کاندیدێکی خه‌ڵاتی نۆبڵ له ئه‌ده‌ب ئاماژه‌ی بۆ کراوه. ئه‌م نووسه‌ره ستایلێکی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه. بۆ نموونه، خه‌یاڵ و بیۆگرافای ژیانی خۆی و که‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆی له‌گه‌ڵ دۆکومێنتهکاندا تێکه‌ڵ کردووه. به واتایه‌کی تر، ڕۆمانه‌کانی تێکه‌ڵاوێکن له خه‌یاڵ، ژیانی خۆی، ژیانی که‌سانی دەوروبەری و دۆکومێنته‌کان.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.