ديدى من – ماڵپەڕى فەرميى دراماى شەهرزاد
لە فارسييەوە: سەليم جەمال
پوريا زولفەقاری
”ئەگەرچی لە وەرزى يەكەمى دراماى شەهرزاد كاريگەریى مۆدێلى چيرۆكبێژیى هەزارويەكشەوە ڕەنگدانەوەى هەبوو، بەڵام لە وەرزى دووەمدا هەست بە كاريگەریی سينەماى كلاسيكى وڵاتى ئەمەريكا دەكرێت، ئەويش بەهۆى مۆدێلى هێزى خێڵەكى و بنەماڵەيى، نەريتى شوێنگرەوە، تۆڵەسەندنەوەى خوێناوى و دەستبردن بۆ چەک، كە سەردەمانێک بوو مۆڵەتى چەکهەڵگرتن نەبوو. بەڵێ! كەمێک نامۆيە. لەبەر ئەم هۆكارانەيە كە من پێم وايە دەبێت وەرزى دووەمى شەهرزاد هەڵێنجن و بە دواى ڕووداوى نوێدا بگەڕێن، كە ئەمەش ناوبانگى حەسەن فەتحیى دەرهێنەرى دراماى شەهرزادى دوو هێندەى ديكە لێ كردووە. شەهرزاد توانيويەتى شتگەلێک لە دنياى بەرهەمەكانى ئەو زياد و پەسەند بكات. حەسەن فەتحى بە پشتبەستن بە هزر و ئەو ئاشناييەى كە هەيەتى، توانيويەتى لەو هەڕەشانە هەلێک بقۆزێتەوە.“
تەهماسێب سولحجو
”شەهرزاد درامايەكى سەركەوتووە، بە هۆكارگەلێک جێگەى خۆى لە نێو دڵى هەوادار و بينەراندا كردووەتەوە. ئەو درامايە بە باشى سوودى لە سەرمەشق و نموونەى فيلمى كۆنى فارسى وەرگرتووە، كە دەشێ بڵێين بە جۆرێك هيچ پەيوەندييەكى بە مێژووى هاوچەرخەوە نييە، هەر ئەمەش وادەكات ئەو درامايە پارێزگارى لە ناوبانگى خۆى بكات. تا ئەمڕۆ دراماى شەهرزاد خۆى بە دوور گرتووە لە كارى تەقليد و هيچ سوودێكى لە ديمەنى فيلمە بيانييەكان نەبينيوە، چونكە ئەگەر بڕيار وابێت كاريان لاساييكردنەوە بێت بەو شێوەيەى كە دەيبينن پێشوازى لەو درامايە ناكرێت. ئەو كێشمەكێش و كارەكتەرانەى كە لە شەهرزاددا دەيبينين هەلقوڵاوى سينەمايەكى پەسەندكراوە لاى خەڵك.“
ئيلتيفات شوكرى ئازەر
”چيرۆكى شەهرزاد دەمانتاسێنێت، من تێناگەم ئێمە لەو بەسەرهاتە پەى بە چى دەبەين كە بە شێوەيەكى مكوڕ بەدواداچوونى بۆ دەكەين. هەروەها هەست بەوە ناكرێت كە ئەو بەسەرهاتە دیفاکتۆیەکی دەرەكى لە ئێمەدا بێت، بەڵكو بە ئەندێشە و هزرى ئێمە لكاوە و هەريەكەك لە ئێمە شەهرزادێكى لە ناخدا هەيە. چونكە ئێمەمانان كەم دراما، فيلم و كتێبمان بە ناونيشانى خۆشەويستى نەخوێندووەتەوە. هەر بۆيە لەم درامايەش بە شێوەيەكى فراوان عەشقگەلێكى ديكە پەلكێش دەبن، وەك خۆشەويستیى شيرين بۆ هاوسەرەكەى، واتا قوباد. بەڵام لە نێوان ئەم هايوهويە، خۆشەويستیى شەهرزادە بۆ فەرهاد كە تەوەرى سەرەكیى بەسەرهاتەكەيە و مەيلى بەدواداچوون لە بينەردا زياد دەكات؛ لەگەڵ پێكەنينەكانى شەهرزاد پێدەكەنين و لەگەڵ خەمەكانيشى خەمگين دەبين.“
ڕامتين شەهبازى
”خاڵى بەپێزى دراماى شەهرزاد زمانى دراماتيكييانەى ئەوە. حەسەن فەتحى و نەغمەسەمينى سيناريۆنووسانى ئەو درامايە، گەرچى چيرۆكەكەيان بە يەك ئاسۆى ديارى مێژوويى دەگێڕنەوە، بەڵام بە جۆرێك پەيڤەكان بۆ كارەكتەرەكان دەخەمڵێنن كە جوانييەكەى خۆى پاراستووە. نووسەران ملكەچى يەك ڕەوتى گفتوگۆكردن نەبوون و خۆيان بە دەست زمانەوە نەداوە. فەتحى و سەمينى لە داڕشتنى چيرۆكەكەيان هەوڵ دەدەن كارەكتەرەكان سەردەمێكى مێژوويى بگێرنەوە.“
مەحمود گەبەرلو
”شەهرزاد ڕێبەرى بەرەوپێشوەچوونە لە كارى درامايى، سينەمايى، ڕۆلگێڕان، بەسەرهاتى مێژوويى، سەرمايەدانان و ڕەونەقدانى دراماى تەلەڤیزيۆنى. بەڵام لەم نێوەندەدا بۆچى سينەما؟! بە هۆكارى ئەوەى كە لە سەردەمى ئيمڕۆدا لەگەڵ هاتنەكايەى تەلەڤیزيۆنى قەبە و سيستمگەلێكى ديجيتاڵى، چوارچيوەى كارى ميديا لەگەڵ سينەما لە يەك دەچن تا ڕادەيەك، بۆيە دەرهێنەر بە باشى دركى بەم بابەتە كردووە. دراماى شەهرزاد بە لێزانانە بەرپرسانى بوارى فەرهەنگيى لە خەوى كەروێشكيدا ڕاچلەكاندووە و ئەوان ئێستا تێگەيشتوون كە چەند بێئاگا بوون لە نياز و داخوازیى بينەران.“
جەعفەر گۆدەرزى
”لە دواى سەركەوتنى بێوێنەى وەرزى يەكەمى دراماى شەهرزاد، بينەران بە جۆشوخرۆشێكى زياتر چاوەڕوانى وەرزى دووەمى ئەو درامايە بوون، تاوەكو لەگەڵ بەسەرهاتى تاڵ و شيرينى خۆشەويستى و شەڕى دەستبەسەرداگرتنى هێز و دەسەڵات پەيوەندى دروست بكەن، ئەويش لە دواى مردنى بوزورگ ئاغا لە وەرزى يەكەمى دراماكە. هەروەها لەگەڵ دەستپێكردنەوەى وەرزى دووەم، بە ديار كەوت كە هەنگاوى نوێى دراماى شەهرزاد چيرۆكێكى پڕ لە ئازارى لە خۆ گرتووە، بۆ نموونە ئەو كارەكتەرانەى كە سەرقاڵى ژيانيانن بەڵام لەپڕ ڕووداوەكان سەر هەڵدەدەن و بەرۆكيان دەگرێت. لە هەمان كاتدا فۆڕمێكى تايبەتى چيرۆكەكە، لە هەندێك بەشى شانامە وەرگيراوە.
وەرزى دووەمى شەهرزاد پێش هەموو شتێك هەوڵى گۆڕانكاریی دا لە تەوەرى چيرۆك و ڕەفتارى كارەكتەرەكان. لە هەمان كاتدا هەوڵی دا لە پاڵ جۆراوجۆریى كەسايەتى و ئاڵۆزييە قووڵەكانى، وا لە بينەران بكات زياتر گيرۆدەى بەسەرهاتەكە ببن. يەكێك لە وردەكارييە بەرفراوانەكانى ئەم وەرزە ئەوەيە كە هەريەك لە كارەكتەرەكان بەسەرهاتێكى تايبەت بە خۆى هەيە.“
عەليڕەزا موجەمەع
”شەهرزاد يەكێکە لەو دراما بەرچاوانەى كە خۆى بە دەست بينەرى ساختەەوە نەداوە. سينەماى ساختە بەو مانايەيە كە بەرهەمهێنەر ئامادەيە هەر باجێك لەپێناو فرۆشتنى بەرهەمەكەى بدات، كەچى دراماى شەهرزاد نەبووەتە ديلى ئەم يارييە ساختەیە. بەڵكو پارێزگارى لە شكۆى خۆى كردووە و ئاسۆى خۆى ڕاڤە دەكات. بڕيار وايە ڕێگەى چيرۆكێك بگرێتە بەر كە پڕ بە پێستى خۆى بێت. بۆچوونێكى هەڵە نييە ئەگەر بڵێين ئالپاچينۆى باوكى ڕۆحى بوزورگ ئاغايە و مايكڵ كۆرلێئۆنێيش قوباد.“
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.