27/04/2024
DidiMn Logo
Top

سینەماتیکی غەزەلنووس، پڕۆژەیەک بۆ ئاشنابوون بە مێژووی سینەما

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

 

سینەماتیکی غەزەلنووس نوێترین پڕۆژەی ناوەندی غەزەلنووسە بۆ ساڵی 2018، کە پێک دێت لە چەندین کار و پڕۆژەی تایبەت بە سینەما، لەوانە دەرکردنی گۆڤارێکی سینەمایی، زنجیرەکتێبێکی سینەمایی، نمایشکردنی زیاتر لە 100 فیلمی فیلمسازە مەزنەکانی جیهان بە ژێرنووسی کوردی و دواتر بڵاوکردنەوەیان لە بۆکسێکدا لەگەڵ نامیلکەیەک بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دەرهێنەرەکە و کۆڕ بۆ گفتوگۆکردن دەربارەیان لە ژێر ناوی فیلمسازە مەزنەکان، هەروەها ژێرنووسکردنی فیلمە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی و چەندنین پڕۆژەی دیکە، کە لە پلانی کاری ئەمساڵی ناوەندی غەزەلنووسدا هەیە و سەرجەمی پڕۆژەکە کارکردنە بۆ ناساندنی مێژووی سینەما و دەرهێنەرە کاریگەرەکانی ئەم مێژووە بە بینەری باشووری کوردستان.

وەک لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە ناوەندی غەزەلنووسەوە بڵاو کراونەتەوە، ”سینەماتیکی غەزەلنووس پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی سینەمایی ناوەندی غەزەلنووسە“ و لە چوارچێوەیدا چەندین لقی دیکەی لێ دەبێتەوە. لقی فیلمسازە مەزنەکان، کە پێک دێت لە ئامادەکردنی بۆکسێک کە بریتییە لە 10 فیلم بە ژێرنووسی کوردی و نامیلکەیەک بۆ ناساندنی دەرهێنەرەکە و پێشاندانی ٤ لەو فیلمانەی لە بۆکسەکەدا هەن لە سینەما سالم لە ماوەی مانگێکدا و دواتر دانیشتن و گفتوگۆکردن دەربارەی فیلمەکان و جیهانی فیلمسازەکە. بەم جۆرە هەر مانگێک تایبەت دەبێت بە فیلمسازێک، واتا 12 فیلمساز لە ساڵێکدا و لەم ڕێگەیەشەوە ”بینەر بەرەو ئاشنابوون بە مێژووی سینەما دەبەن“. دەربارەی ئەمەش لە ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێن: ”پێمان وایە سینەماش ھاوشێوەی ئەدەبیات و فەلسەفە و ھونەر ڕێگەیەكی دیكەیە بۆ وەرگرتنی مەعریفە، چونكە مێژووی سینەما پڕە لەو فیلمسازانەی بیركردنەوەی خۆیان ھەیە دەربارەی ژیان و مێژوو و پەیوەندیی مرۆڤ بە ئەوانی دیكەوە. ئەگەرچی لێرە سینەماش وەكو ھونەرەكانی دیكە لە ئاستێكی نزمدایە و ھێشتا لە ناو كورددا نەبووەتە كلتوور، ئێمە دەمانەوێت زیاتر لە ناو مێژووەكەیدا كار بكەین و بینەری كورد ئاشنای مێژووەكەی بكەین. ئەو دەرھێنەرانەی كاریان بۆ دروستكردنی مێژووی سینەما كردووە، جارێكی دیكە لە ناو سینەما و لەسەر شاشە گەورەكەی زیندوویان بكەینەوە.“

هەروەها دەربارەی پڕۆژەکە و گرینگییەکەی، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: ”پڕۆژەی ژێرنووسی 10 فیلمی ھەر فیلمسازێک یارمەتیی بینەر دەدات تاوەكو لە بیركردنەوە و داھێنانی ئەو فیلمسازە تێبگات، كۆی دەكاتەوە و پاشانیش سینەمای ھەر فیلمسازێک وەك پڕۆژەیەك سەیر دەكات، بە تایبەت ئەو فیلمسازانەی ئێمە دیاریمان كردوون و پێمان وایە بینینی فیلمەكانی ئەو فیلمسازانە دەتوانێت دەستكاریی دنیابینیی بینەری كورد بكات، لە لایەكی دیكەشەوە یارمەتیی سینەماكار و ئەوانەی خەونی دروستكردنی فیلمیان ھەیە دەدات، تاوەكو ئاشنای ئەو تەكنیكانە ببن كە ئەو فیلمسازانە ئیشیان پێ كردووە و فیكر و دنیابینیی خۆیان پێ خستووەتە ڕوو. ھۆڵە تاریكەكەی سینەما سالم و شاشە گەورەكەی، دەتوانێت ئێمە لە ناو ئەم پڕۆژەیەدا كۆ بكاتەوە و دواتریش گفتوگۆكانمان دەربارەی سینەما و فیلم لەوێ بكەین. ئەوەی ئێمە بە ڕاستی چیمان دەوێت لە سینەما و تێڕوانینمان بۆ سینەما و مێژووەكەی چییە، دەكرێت ببێتە خاڵێكی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە سینەما. گرنگترین شتێك كە تێیبگەین ئەوەیە كە دەرفەت بۆ ئەو بینەرانە دەڕەخسێنین كە جگە لە زمانی كوردی ھیچ زمانێكی دیكە نازانن، یارمەتییان دەدات كە لە ڕێگەی زمانەكەی خۆیانەوە پەیوەندی لەگەڵ مێژووی سینەما دروست بكەن و ھاوكاتیش لە ڕێگەی زمانی سینەماوە بیركردنەوە و دنیابینیی فیلمسازێکیان لە سەردەمێكی دیكە و كلتوورێكی دیكەدا بۆ دەگوازرێتەوە.

یەکەم فیلمسازی ئەم زنجیرەیە بە ئاکیرا کورۆساوا دەست پێ دەکەن، 4 لە فیلمەکانی لە سینەما سالم نمایش دەکرێت، هەر هەفتەی فیلمێک لە ڕۆژانی یەکشەممەدا، سەعاتەکانی 1:00ی  نیوەڕۆ و 8:00ی شەو، لە ماوەی مانگێکدا، لە ژێر ناوی مانگی کورۆساوا و پاش پێشاندانی کۆتا فیلم، دانیشتنێک ئەنجام دەدرێت بۆ قسەکردن لەسەر ئەزموونی ئەم فیلمسازە و فیلمەکانی، هاوکات بە بڵاوبوونەوەی بۆکسێک کە پێک هاتووە لە 10 فیلمی ئەم فیلمسازە و نامیلکەیەک لەگەڵیدا.“

لە کۆتاییدا داوا لە بینەران دەکەن بەدەنگ ئەم پڕۆژەیەوە بچن و بەشدار بن لەگەڵیاندا و پێکەوە بەرەوپێشەوەی ببەن و دەڵێن: ”سەرپێخستنی ئەم پڕۆژەیە بێ بینەر و بێ ھاوكاریی بینەر دروست نابێت؛ پێكەوە دەتوانین ئەم پڕۆژەیە سەرپێ بخەین و زیاتر بە ناو مێژووی سینەمادا ڕۆ بچین. دەتوانین پێكەوە كاری ئەو فیلمسازانە ببینین كە گرنگن و دنیابینی و تێڕوانینی ئەوان بۆ سینەمادۆستانی كورد گرنگە.“

شایەنی باسە ڕۆژی یەکشەممە، 7/1/2018 بە نمایشی فیلمی ڕاشۆمۆن بە ژێرنووسی کوردی لە سینەما سالم، مانگی کورۆساوا و فیلمسازە مەزنەکان وەک لقێک لە پڕۆژەی سینەماتیکی غەزەلنووس دەست پێ دەکات.

هاوبەشی بکە

Cinema, Cinema Salim, History of Cinema,