25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پڕۆژەی نوێی بەھمەن قوبادی بۆ منداڵانی کورد

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – پێگەی فەڕمیی بەهمەن قوبادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

کۆمپانیای بەھمەن قوبادی، مژ فیلم، پرۆژەیەکی نوێی بۆ یارمەتی منداڵانی کورد بە ناوی منداڵانی ھەتاو رێک خستووە، لە چوارەچێوەی ئەم پڕۆژەیە دا زیاتر لە دووسەد و چل جۆر ھۆنراوە و چیرۆک و شیعری کوردی بۆ منداڵان بەرھەم ھاتووە، کە بێبەرامبەر بەسەر منداڵاندا دابەش دەکرێت. بەھمەن قوبادی ئاماژەی پێ کردووە بە ھۆی کەمبوونی بابەتی شیعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵان بە زمانی کوردی، بڕیاری داوە گرووپێک بۆ کۆکردنەوە و بەرھەمھێنانی شیعر و چیرۆکی شادی منداڵان پێک بھێنێت و کۆمەڵێک بابەت بۆ منداڵان بەرھەم بھێنێت. ئەم گرووپە چەندین کەسی بەتوانای شاعیر، نووسەر، دەرووناس، وەرگێر و شارەزای موزیک لەخۆ گرتووە، کە ھەموویان لە لایەن بەھمەن قوبادییەوە ھەڵبژێردروان و دواتر دەستیان بە بەرھەمھێنان کردووە، کە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەی ئامادەیان کردووە زۆرتر لە سەد و بیست شیعر و سەد و بیست چیرۆکی تایبەت بە منداڵان، کە بابەتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی تێیدا رێک خراوە و بە شێوەی گۆرانی و بابەتی شاد له‌گه‌ڵ موزک ئامادە کراوە. شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە تەنیا ئەم دووسەد و چ؛ بەرھەمە لەخۆ ناگرێت و لە داھاتوودا چەندین پاکەیجی تر لە درێژەی ئەو ئامانجانەمان ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە پێکھێنانی بارودۆخێکی شاد لە دەروونی منداڵانی کورد و گەڕانەوەیان بۆ دونیای منداڵی خۆیانە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچە جەنگییەکان و ھەژارنشینەکان (ئەم گوند و ناوچانەی دوورن لە خزمەتگوزاری) دەژین. ئامانجمانە ئەم بەرھەمانە بە دوورترین شوێن، ناوچە بێخزمەتگوزارییەکان و منداڵانی گوندنشین و پەراوێزخراو بگات و لە ئامانجەکانی تری ئەم پڕۆژەیە قەرەبووی کەمیی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی تایبەت بە منداڵانە بە زمانی کوردی و ئەم پڕۆژەیە دەستپێکێکی باشە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە.

ھیوادارین ئەم پڕۆژەیە بارودۆخێکی لەبار دروست بکات تا منداڵانی کورد لەگەڵ شیعر و چیرۆکی کوردی ئاشنا ببن و ئەم پڕۆژەیە ڕۆژێک ھێندە بەربڵاو بێت و گەشە بکات کە بزووتنەوەیەکی فەرھەنگی و پەروەردەیی بۆ منداڵانی کوردستان دروست ببێت.

بەھمەن قوبادی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە ئاماژەی پێ کرد: ”داوا لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ھەر پلە و پۆست و پیشەیەکدا خزمەت دەکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە گوندە دوورەکان مامۆستا و پزیشک و یان بە ھەر ناونیشانێکی تر، ھەروەھا ئەو کەسانەی لە کەمپەکان لەگەڵ ئاوارەکان پەیوەندییان ھەیە و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن، لەم پڕۆژەیە دا بەشدار بن و بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرھەمانە بە ھەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە یارمەتی بکەن و کۆپی بکەن و بە دەست منداڵانی بگەیەنن. دەستی ھەموویان ماچ دەکەم و مایەی خۆشحاڵیمە.”

ھەروەھا جێگەی ئاماژەیە ئەم پڕۆژەیە بەبێ پشتگیریی مادی یان مەعنەویی ھیچ لایەنێکی کەرتی تایبەت و حکومی تا ئێستا لەسەر ئەرکی بەھمەن قوبادی بەڕێوە چووە و بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام بە ناوی بەھمەن قوبادی و یان لەم ماڵپەڕەوە پەیوەندی بکەن:

www.mindalan.com

ئەو کۆمەڵە بەرھەمەی کە ئاماژەی پێ کرا، لە ماڵپەری تایبەت بە منداڵانی ھەتاو  بە ناونشانی ماڵپەرەکەی سەرەوە و لە پەڕە فەڕمییەکانی بەھمەن قوبادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (فەیسبووک، ئینستاگرام، تێلێگرام) ھەر ھەفتە پێنج گۆرانی و پێنج چیرۆک بڵاو دەبێتەوە، کە ھەموو میدیایەک و ھەر کەسێک بەبێ بەرامبەر دەتوانێت دای بەزێنێت و دووبارە بە ھەر شێوەیەک بینراو، بیستراو یان چاپکراو بڵاوی بکاتەوە. بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پڕۆژەی منداڵانی ھەتاو، خاتوو گوڵریز ئێحتیاتی و خاتوو ڕووناک فەرەجی دەتوانن پەیوەندی بەم ئیمەیڵەوە بکەن:

 mindalani.hataw@gmail.com

 

هاوبەشی بکە

BahmanQobadi, Children, Cinema, Kurdish Cinema,