26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی ئێمیلی: ماڵی ئێمیلی دیکینسن

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منماڵپەری مۆزەخانەی ئێمیلی دیکینسن
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

مۆزەخانەکە لە ساڵی 2003ـدا، کاتێک هەردوو موڵکی هۆمستێد و ئێڤەرگرین لەژێر خاوەندارێتیی زانکۆی ئەمێرست کران بە یەک، بونیاد نراوە. مۆزەخانەکە تایبەت کراوە بە ئاشناکردنی بینەران سەبارەت بە ژیان، خێزان، کاری داهێنەرانە و کاتەکانی ئێمیلی دیکینسن. هەروەها تایبەتیش کراوە بە هێشتنەوەی بەڵگەکان و پاراستنیان و هێشتنەوەیان وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی لەپێناو سوودی گشیتدا.

هۆمستێد و ئێڤەرگرین، لە کاتێکدا لە سەدەی نۆزدەدا نزیکییەکی تەواویان پێکەوە هەبووە، لە سەدەی بیستدا جیا کرانەوە و خانووەکە لە ساڵی 1916ـدا فرۆشرا بە خێزانێکی ئەمرێست و چەند گۆڕانکارییەکی مۆدێرنەی تێدا کرا. لە ساڵی 1965ـدا، لەگەڵ ئەوەی کە ناوی شاعیرەکە بەردەوام بەرەو بەرزی دەچوو، خانووەکە لە لایەن زانکۆی ئەمێرستەوە کڕدرایەوە و خرایە سەرپشت بۆ گەشتیاران. بۆ ماوەیەکی زۆریش شوێنی مانەوەی سکوڵەکە خرایە خزمەتکردن.

دەرگای دواتر کە ئێڤەرگرینە، تا ساڵی 1988 لە لایەن میراتگرانی ئێمیلی دیکینسنەوە خاوەنداری کرا و بۆ ماوەی سەد ساڵ بەبێ گۆڕانکاری و وەک خۆی مایەوە. لە ساڵی 1991ـدا، ئێڤەرگرین بە وەسێتنامە کەوتە دەستی کەسێکی خاوەن متمانە بە ناوی مارسا دیکینسن بیانچی، ناوەکەی وەک شانازییەک لە دوای ئامۆزایەکی ئێمیلی لێ نراوە، ئەو ماڵەکەی پەرە پێ دا و کردی بە مۆزەخانەیەک.

هاوبەشیکردن لە نێوان خانووەکە و ئێڤەرگریندا دروست بوو کاتێک مارسا بڕیاری دا ماڵەکە بخاتە سەرپشت بۆ هەموان لە کۆتاییەکانی ساڵی 1990ـدا. سەرکەوتنەکانی ئەم یەکگرتنە پێشنیاری ئەوەیان هێنایە ئاراوە کە وەک یەک مۆزەخانە یەک بگرن و ئەمە سوودێکی زۆری بۆ کۆمەڵگە دەبێت، بە هەمان شێوەی ئەوەی کە سوودێکی زۆریشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی شارەکان دەبێت. هەردوو ماڵەکە پێکەوە چیرۆکێکی تەواوکراو لەبارەی شاعیرەکە و خێزانەکەی و ئەو ژیانەی تێیدا بووە دەگەیەنن. بەو جۆرە لە ساڵی 2003ـدا مۆزەخانەی ئێمیلی دیکینسن لە دوای ئەوەی مارسا خاوەندارێتیی موڵکەکەی خۆی دایە دەستی زانکۆی ئەمرێست، پێک هات.

لە ئێستادا مۆزەخانەکە چەندین کاری دووبارە بونیادنانەوەی تێدا کراوە لە ڕووی بەهێزکردنی زەمینەکەی و نوێکردنەوەی سیستمی کارەبا و گەرمی و دامرکێنەرەوەی ئاگرکەوتنەوە تێیدا. هەروەها ڕەفەکان دووبارە پۆڵیشی تایبەتی کراونەتەوە لەپێناو مانەوەیاندا. مۆزەخانەکە چەندین پلان و بەڕێوەبردنی تێدا کراوە و بەرنامەی تایبەتی تێدا پێشکەش دەکرێت و یارمەتیی خوێندکاران و لێکۆڵەرەوەکان دەدات لە ئاشنابوونی زیاتریان بە ئێمیلی دیکینسن. ساڵانە سەدان خوێندکار لە تەواوی شارەکانەوە بانگهێشت دەکرێن و تێیدا تێگەیشتنیان سەبارەت بە چۆنێتیی ژیانی ئێمیلی دیکینسن بەرفراوان دەبێت. جەین ئێچ والد یەکێک لە بەڕێوەبەرانی دامەزراندنی مۆزەخانەکە دەڵێت: ”لە ڕێگەی ماڵەکەیەوە، هەست دەکەم ئێمیلی دیکینسن ڕووبەڕوو دەناسم.“

هاوبەشی بکە

DidiMn Birthday, Emily Dickinson, museuem,