05/05/2024
DidiMn Logo
Top

چارلز بۆکۆڤسکی وەک نووسەرێکی بێئەخلاق

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – برەین پیکینگس

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

“نووسین هەر ئیش نییە، کاتێک خەڵک پێم دەڵێن نووسین چەند بە ئازارە من تێیناگەم، چونکە ئەوە ڕێک وەک لوولکردن وخلۆرکردنەوەی شاخ وایە. نووسین بەرەڵات دەکات، نووسین لەزەتی هەیە، نووسین خەڵاتێکە و تۆ لەبری ئەوەی دەنووسیت پارە وەردەگریت.” بۆکۆڤسکی وا دەڵێت.

”دەنووسم لەبەرئەوەی خۆی دێت و دەبێت بنووسم – ئینجا بۆ ئەوەی لە دواییدا پارە وەربگرم؟ بە یەکێکم گوت، لە وەختێکدا، کە نووسین وەک چوونە ناو جێگە وایە لەگەڵ ژنێکی جواندا و لەدواییشدا لە خەو هەڵدەستێت دەچێت جزدانەکەی دەکاتەوە و بە دەستی هەندێک پارەم دەداتێ. منیش وەری دەگرم.” لە وەڵامی پرسیاری “تۆ بۆچی دەنووسیت؟” چارلز بەم چەشنە وەڵام دەداتەوە.

maxresdefault

بۆکۆڤسکی کاتێک زۆری بۆ هێنرا و پرسیاری ژیان و ڕۆتیناتی ڕۆژانەی لێ کرا، بەرسڤەکەی بەم جۆرە بوو “قەت لە بەیانیاندا تایپ ناکەم. بەیانیان هەر لە خەو هەڵناسم. هەوڵ دەدەم تا درەنگانێک و دەوروبەری کاتژمێر دوازدە لە ناو جێگە بمێنمەوە، ئەو کاتەیش نیوەڕۆیە ئیتر. عادەتەن ئەگەر گرنگ بێت زوو هەڵبستم لە خەو، ئەوا تا کۆتاییی ڕۆژەکە جەوم تێک دەچێت. سەیر دەکەم، ئەگەر کاتژمێر دوازدە بێت، ئەوا یەکسەر هەڵدەستم و ڕۆژەکەم دەست پێ دەکات. هەندێک شت دەخۆم، پاشان دوای ئەوەی لە خەو هەڵسام دەچم کەمێک ڕا دەکەم. گرەو لە سەر ئەسپی پێشبڕکێکان دەکەم، ئینجا دەگەڕێمەوە و لیندا خواردنی لێ ناوە، دەست دەکەین بە نانخواردن، کەمێک قسەش دەکەین، کەمێکش دەخۆینەوە و دوایی بە دوو بوتڵەوە بە پێپلیکانەکاندا دەچمە سەرەوە و تایپ دەکەم – لە نۆونیو دەست پێ دەکەم تا یەکونیو و دوونیوی شەو. ئیتر ئاوا.”

دەربارەی ئەوەی نووسەران کێن و دەبێ چۆن خەڵکانێک بن، بۆکۆڤسکی ئەم گوتە گرنگەی هەیە: ”نووسەران خەڵکانی بێچارەن و وەختایەک کە ئیتر بێچارە نین نووسەریش نین.”

لەمەڕ تەکنیکی شیعر و زمانەوانی، بۆکۆڤسکی بێباکانە دەڵێت: ”یەک تۆزیش گوێ بە گرامەر و مرامەر نادەم و کاتێک شیعر دەنووسم بە خاتری وشەیە، ڕەنگە، شیعر وەک وێنەکێشانە لە سەر کانڤاس. گوێ بۆ هەموو شتێک هەڵدەخەم و لێرەولەوێ شتێکیش دەخوێنمەوە و بەگشتی ئاوایە، بەڵام لە ڕووی تەکنیکی شیعرەوە نازانم کە چی دەگوزەرێت و ئەسڵەن بۆیشم گرنگ نییە. پێشم وایە هەندێک نووسەر بە دەست ئەم چارەنووسەوە عەزاب دەچێژن، چونکە لە دڵەوە دژی یاساکانی گرامەرن وەک یاساکانی دیکەی ژیان کە بۆ مێگەلی بانگمان دەکەن. هەمینگوەی، شێروود، ئەندێرسۆن، شتاین و سارۆیان لەو نووسەرە کەمانەن کە بۆ خۆیان شکڵیان داوەتەوە بە یاسا و ڕێساکان بەتایبەت لە خاڵبەندی و دەستپێک و کۆتاییی ڕستەدا و بەدڵنیایییشەوە جەیمس جۆیس لە هەموو ئەوانەش زیاترە. ئێمە حەزمان لە ڕەنگ و شێوە و مانایە.”

p02zmzsy

بۆکۆڤسکی پێی وایە شیعر خۆی مانیفێستی خۆیەتی؛ لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ شاعیر، ڕۆماننووس و سیناریۆنووس جۆن ویلیام کۆرینگتۆنی تەمەن ٣١ ساڵ باس لە ئازادیی ئافراندن و شیعر دەکات و پێی وایە شیعر دەبێت ئەو ئازایەتییەی هەبێت کە بەرەڵڵا بێت و لە دەرەوەی فۆرمە عادەتییەکان بێ و دەڵێت: ”ڕاستییەکەی دەبێت بهێڵین مۆمەکە بسووتێت – گازۆلینی بە سەردا بکەین ئەگەر پێویست بوو. هەستی باو هەمیشە باوە، وەلێ لە پەنجەرەکانەوە قیژە و هاواریش دێن و هەن… هەندێک جار وەختێک موزیک دەوەستێت و دەنگ نامێنێت، ئێمە لە ناو چوار دیوار و گڵاسێک و بەرد و خراپتریش جێ دەهێڵدرێین – دەڵێی هەر دیواریش نییە ئەسڵەن – دڵێکی داماو و زوقمکردوو وەک لە ئەتڵەنتا بیت.”

چارلز بۆکۆڤسکیی شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی بە ڕەگەز ئەڵمانی لە بەرواری ١٦\٨\١٩٢٠ لە ئاندەرناخ لەدایک بووە. بۆکۆڤسکی بۆ ئەوەی بژیێ و بتوانێت بنووسێت لە ئەمەریکادا ئیشی سەیرسەیری زۆر دەکرد. تەمەنی ٢٤ ساڵان بوو کە یەکەم چیرۆکی بڵاو کردەوە، کە تەمەنیشی بوو بە ٣٥ ساڵان دەستی دایە شیعر نووسین. لە ساڵی ١٩٥٩ یەکەم کتێبی شیعری بڵاو کردەوە و هەر وا بەردەوام بوو تا زیاتر لە ٤٥ کتێبی نووسی و لەناویشیاندا شیعر، کورتەچیرۆک و ڕۆمان. لە ساڵی ١٩٨٦ گۆڤاری تایم بۆکۆڤسکی بو شاعیری زیندووی بێئەخلاقی ئەمەریکا ناوزەند کرد. لە بەرواری ٩\٣\١٩٩٤ لە سان پێدرۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بە هۆی شێرپەنجەی خوێنەوە کۆچی دواییی کرد.

هاوبەشی بکە

Bukowski, Hazhar Osman,