24/04/2024
DidiMn Logo
Top

چلوهەشتەمین پێشانگەی قاهیرەی نێودەوڵەتی بۆ کتێب کرایەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منبی‌بی‌سی عەرەبی

لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 پێشانگەی قاهیرەی نێودەوڵەتی بۆ کتـێب، بە گەورەترین پێشانگەی کتێب دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ٢٦\١\٢٠١٧، لە شاری نەسڕی ڕۆژهەڵاتی قاهیرە، لەژێر دروشمی گەنجان و ڕۆشنبیری داهاتوو، کرایەوە، کە بڕیارە کار و چالاکییەکانی تا ١٠\٢\٢٠١٧ بەردەوام بێت. ئەم پێشانگەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٩دا کرایەوە. لە یەکەم ڕۆژی پێشانگەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و منداڵان سەردانی پێشانگەکەیان کرد و پێشانگەکە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.

سارە حسێن، بەرپرسی یەکێک لە ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە، بە ماڵپەڕی بە بی بی سیی ڕاگەیاند: ”هەرچەندە ئەمساڵ نرخی کتێبەکان بەرز بوون، لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکان، بەتایبەت ڕۆمانەکان و کتێبە ئەدەبییەکانی تر پێشوازییەکی باشیان لێ کرا. بەپێی گوتەی خاوەنی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەنجان بەدوای بەدەستخستنی کتێبە زانستی و سەرکێشیئامێزەکاندا بوون.”

پێشانگەی قاهیرەی نێودەوڵەتی بۆ کتـێب ئەمساڵ، لە کەشێکی ئابووریی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و خزمەتگوزارییەکان لە میسڕ و دابەزینی بەرچاوی جونەیهی میسڕی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کتێبەکان. یەکێکی تر لە بەرپرسی ناوەندە بەشداربووەکان، بە بی بی سیی ڕاگەیاند: ”دەزگاکانی بڵاوکردنەوە ناچار بوون کە نرخی کتێبەکان بەرز بکەنەوە، بەتایبەت کتێبە وەرگێردراوەکان، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان. کتێبە ئەدەبییە وەرگێردراوەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخەکانیاندا بەدی دەکرێت لە پێشانگاکە، بۆ نموونە رۆمانی کیمیاگەری نووسەری ناودار پاولۆ کۆیلۆ، نرخەکەی لە هەندێک ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە گەیشتە  ٢٧٥ جونەیهی میسڕی، کە دەکاتە ١٤ دۆلار. هەندێک لەو گەنجانەی کە سەردانی پێشانگەکە دەکەن، پەنا دەبەنە بەر ئەو شوێنانەی کە کتێبی کۆن دەفرۆشن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرانیی نرخی کتێب لە ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە.”

ئەمساڵ نزیکەی ٨٥٠ ناوەندی بڵاوکردنەوە بەشدارییان لە پێشانگەی قاهیرەی نێودەوڵەتی بۆ کتـێب کردووە، کە ٥٥٠ ناوەند لە ناوخۆی میسڕن و ٢٥٠ ناوەندی تر لە وڵاتانی تری عەرەبییەوە بەشداریی پێشانگەکەیان کردووە، لەگەڵ ٥٠ ناوەندی تر لە وڵاتە ناعەرەبییەکان.

 

هاوبەشی بکە

PeshangaiKteb, Qahira, Zrar Hamid,