24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕانانی ڕۆمانی مەرگی مەیموون

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منخوێنەر و کتێب

کتێب: مەرگی مەیموون
نووسەر: ماردین ئیبراهیم
سەرنجی خوێنەر: هاوکار ساڵح

ڕۆمانى مەرگى مەیموون تازەترین ڕۆمانى ڕۆماننوس ماردین ئیبراهیمە و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە کەرنەڤاڵی هاوینەی ناوەندى ڕۆشنبیرى و هونەریی ئەندێشە بڵاو کرایەوە.

ڕۆمانەکە بەگشتى باس لە چیرۆکى منداڵێک دەکات کە لەگەڵ سیونۆ منداڵى تر لە لایەن دەسەڵاتەوە بە تۆمەتى خیانەتکردن لە نیشتمان دەستگیر دەکرێن و دواتر تیرباران دەکرێن.

یەکێک لەو منداڵانە ناوى مەیموونە، کە ناوە بنەڕەتییەکەى ئالانە، بەڵام لە ماڵەوە پێی دەگوترێت مەیموون. ماڵیان لە باوک و دایک و کچێک بە ناوى سورەییا پێک هاتووە.

دواى ئەوەى کە لە بەیانییەکی زوودا مەیموون لە ماڵ دەبرێت لەگەڵ منداڵەکانى تر پاش ماوەیەک مانەوە لە زیندان تیرباران دەکرێن، ئەم ڕووداوەش کاریگەریی زۆر لەسەر ماڵى مەیموون بەجێ دەهێڵێت هەر بەو هۆیەشەوە دایکى مەیموون دواى ساڵێک و چەند مانگێک کۆچى دوایی دەکات و باوکیشى تووشى بێتاقەتییەکى زۆر دەبێت.

ئەردەڵانى کە کارکتەرێکى سەرەکیی ڕۆمانەکەیە خۆشەویستى سورەییایە، بەڵام دواى ڕووداوى تیربارانکردنى مەیموون، سورەییا واز لە هەموو شتێک دەهێنێنت و بە ئاشکرا بە ئەردەڵانى دەڵێت کە لە بیرى بکات چاوەڕێی نەکات.

ئەردەڵانى لە دواى ڕاپەڕین کەسێک کە ناوى ئوستاز عەزیزە بەرپرسیارێتىی بەرزى لە ناو حیزبدا هەیە پێشتردەستى لەگەڵ بەعسدا بووە تۆمەتبارە بە بەگرتدانى منداڵەکان، بە هۆى ئەمەوە دەخرێتە زیندان بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ دەردەچێت بەڵام بڕیارەکە بەسەریدا جێبەجێ ناکرێت.

بەشێکى ترى چیرۆکەکە باسى کریستینا دەکات کە دایکى ناوى لۆرا و باوکى کە لە ڕاستیدا باوکى ڕاستەقینەى نییە ناوى ئەلبێرتە دواى مردنى دایکى کریستینا لە ڕێگەى هاوڕێیەکى دایکى کە ناوى مارگرێتە بەوە دەزانێت ئەلبێرت باوکى نییە بەڵکو باوکى ئەو ناوى فابیانە لە ئەنجامى دروستبوونى پەیوەندیى خۆشەویستى نێوان فابیان و دایکى، ئەو لەدایکبووە، بەڵام ئەلبێرت وەکو منداڵێکى خۆى سەیرى کریستینا دەکات خۆشەویستییەکى زۆرى بۆى هەیە.

ڕۆمانەکە باسى زۆر شت دەکات.

ڕۆماننوس لەبارەى دەستگیرکردنى منداڵەکان بەم شێویە باسى دەکات:

”لەو بەیانییە زووەدا هیچیان دەرفەتى ئەوەیان پێ نەدرابوو خۆیان پۆشتە بکەنەوە، بۆیە بە دەگمەن تێیاندا بوو جلى تەواوى لە بەردا بێت. هەندێکیان پانتۆڵێک و فانیلەیەکى عەلاگەیان لە بەردا بوو، هەندێکیان شەڕواڵێک و کراسێک، هەندێکیان تراکسوتێک و تیشێرتێک، هەندێکیان قات و بیجامە، هەندێکیان نەعلیان لە پێدا بوو، هەندێکیان پێخواس و هەندێکى تریان پێڵاوى تاکەوتاک.

بە شێوەیەک بەخێرایی و کتوپڕ بەسەریاندا دابوون و هێنابوویانن، وەک ئەوەى ئەگەر بە پەلە نەیانگرن، هەر لەگەڵ هەڵهاتنى خۆردا حکومەت دەڕووخێنن، من لەبەر خۆمەوە گوتم ئینجا ئەو منداڵانە چلوورەیان بۆ نافرۆشرێت، چۆن دەتوانن حکومەت بڕووخێنن!”

 

هاوبەشی بکە

Hawkar Salih, Mardin Ibrahim,