25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینه‌ر و فیلم: ڕاکردن بێ هەناسەبڕکێ، خەوتن بێ سەرین

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بینه‌ر و فیلم

فیلم: ڕووداوێکی سادە
ده‌رهێنه‌ر: سۆهراب شەهید سالس
بینه‌ر: بەڵێن عوسمان

 

فیلمی ڕووداوێکی سادە، فیلمێکی ئێرانییە و بە زمانی فارسی لە نێوان ساڵانی 1972 بۆ 1974دروست کراوە.

دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی سۆهراب شەهید سالس، دەرهێنەری فیلمەکەیە و بە هاوبەشی لەگەڵ ئومێد ڕۆحانیدا فیلمەکەی نووسیوە. ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە منداڵێکە بە ناوی موحەممەد زەمانی کە لە فیلمەکەشدا هەمان ناوی هەیە.

موحەممەدی تەمەن 1o ساڵ لە شارۆچکەیەکی باکووری ئێران، نزیک کەناردەریا لەگەڵ خێزانە هەژارەکەیدا دەژیی: دایکێکی نەخۆش و باوکێکی نابەرپرسیار بەرانبەر ژن و منداڵەکەی، ئالوودەبوو بە خواردنەوەی کحولی، هەروەها کاری ڕاوەماسییش دەکات.

خراپیی ژیان و گوزەران، مامەڵەی باوکی و کەشەکانی تری ناو خێزان وا دەکەن ئەم کوڕە لە خوێندن و خوێندنگە، تەنبەڵ و ناچالاک بێت؛ هەرگیزهاوشێوەی منداڵێک ناژیی، تەنانەت دواتر کە دایکی دەمرێت، ناگریی و یەک دڵۆپ فرمێسکیش بە چاوانیدا نایەنە خوارەوە.

لەوانەیە لە ئاستی چیرۆکدا فیلمەکە مایەی ئەم گرنگیپێدانە زۆرە نەبێت، بەڵام نامۆیی ئەم فیلمە (تەنانەت بە خودی سینەماش) وا دەکات بە چاوێکی تر لێی بڕوانیت. فیلمەکە درامییە و ڕێبازی فیلمەکە نیمچە ڕیالیزم دێتە پێشچاو، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە کە فیلمنامەکەی چیرۆکێکی چەندبارە و سواوی ناو هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکانی لەخۆ گرتووە، بەڵام بە بارێکیدیشدا بەو ئاماژانەی پێت دەدات، دەچێتە خانەی پۆلێنبەندیی فیلمە فەلسەفییەکانەوە.

میتافۆڕییەتی زمانی فیلمەکە پەلکێشت دەکات تا بە هۆش و ئاگاییەکی کراوەتر و جدیتر تێی بگەیت و خوێندنەوەی بۆ بکەیت. لەم فیلمەدا دیمەن لەجیاتی وشە جێنشینە و زمانی هێما خۆی لە ناو گرتەکاندا دەشارێتەوە.

لە بەراییدا سینەما چێژە و ئەم فیلمەش بەهەمان شێوە، بەر لەوەی فیلمەکە خزمەت بێت بە فەزای گشتی، چێژە بۆ تاکەکەس کە بینەرە.

دیمەنە دووبارەکانی هەر زوو بینەرانی سەرپێی لە خۆی دەتەکێنێت، ئەو بینەرانەی پتر بە دوای چنگکەوتنی زانیارییەوەن نەک چێژ، ئەو بینەرانە چاوەڕێی بەڵگەفیلم و دەوڵەمەندکردنی مەعریفەی خۆیانن نەک گەڕانەوە بۆ فیلمی هونەری؛ ئەم فیلمە خوازیاری بینەرگەلێکی ئارامە تا پێبەپێ لەگەڵیدا بڕوات.

ئاخافتن و دایەلۆگ لەم فیلمەدا ڕەنگیان کاڵە، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ سینەمای ڕەسەن کە وێنە لەبری درێژدادڕی قسە دەکات. ئەو وێنانەی دیمەنەکانی ئەم فیلمە پێک دەهێنن وێنەی جوانی سینەماتۆگرافین، بە ئاشکرا سەلیقەیەکی جوان و هونەری بە کاری وێنەگرتنی فیلمەکەوە دیارە. ئەگەرچی ڕەشیۆی فیلمەکە بەرئەنجامی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سادە و سەرەتاییە نەک پێشکەوتوو، لێ ڕەشیۆش یارمەتیدەرە هەتا دیمەنەکان سەرنجڕاکێشتر بن.

ئەمانە گشتیان پەراوێزن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی چاکتر لە گرتەیەکی وەک ڕاکردنی بەردەوام و بێحەسانەوەی منداڵێک ڕابمێنن کە تەنانەت تووشی هەناسەبڕێکش نایەت، منداڵێک هەمیشە ڕا دەکات و منداڵانە ناژیی، دەخەوێت و سەرین ناخاتە ژێر سەری، دایکی دەمرێت و ئاهێکی بۆ هەڵناکێشێت!

ئەم کۆنسێپتە لەگەڵ کەرەستەکانی دروستکردنی فیلمدا گونجاوە و دێتەوە یەک، بۆ نموونە: لە فیلمەکەدا کەمترین جار میوزیک ئامادەیی هەیە، کەچی پێوەشی دیار نییە، چونکە لەجیاتی ئەوە دەنگە ڕاستەقینەکان گوازراونەتەوە کار، دەستی ساختە کەمترین جار دێتە بەرگوێمان؛ دەنگهەڵگرەکان چەند کۆشاون تا ئاوها ڕاستەقینە و بە زیندوویی دەنگی سیسرک، بۆق، شەمەندەفەر و تەپەی پێ و … تا دوایی دەبیستین! هەر بۆیە بینینی ئەم فیلمە وا باشترە لە هۆڵێکی گونجاوی سینەمایی بێت، یان بە هێدفۆن، تا زیاتر لە ڕێی دەنگەوە ڕۆ بچیتە وێنەکانەوە.

چێکردنی دیمەنەکان و دابڕاندنیان لە یەکتر تەکنیکێکی ترە، کە وەک فۆڕم بووەتە نوێنەری ناوەڕۆک؛ گرتەکان لە هەندێک کاتدا سەربەخۆن نەک زنجیرەیی، ڕەشایی نێوانیان و چرکەیەک وەستان، چەندبارە بەخشینەوەی چێژە بە بینەر، کردە ڕۆتینییەکان کە لەسەر هێڵێکی ڕێکن وەک هێڵی شەمەندەفەرەکەی سەرەتای فیلمەکە: هەموو ڕۆژێک نانخواردن لەسەر تاقی پەنجەرە، بێدەنگی و ماتی، ماسیفرۆشتن، نانکڕین و هەموو ئەوانی تریش کۆدن بۆ پەیبردن بە واتاکانی پشتی ئەم نامۆییە.

فیلمەکە بە ژێرنووسی کوردی بەردەستە کە لە لایەن حەمە قادرەوە وەرگێڕدراوە:

هاوبەشی بکە

A Simple Event, Binar u Film, Cinema, Persian Cinema, Sohrab Shahid-Saless,