20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕه‌شبینی و نۆستالژیا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاگۆتا كریستۆف

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 

ئاگۆتا کریستۆف، نووسەری دەفتەری گەورە، ساڵی ١٩٣٥ لە چیکڤاندی هەنگاریا لەدایک بووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییە لە تەمەنی ٧٥ ساڵی لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە. ساڵی ١٩٥٦ هەنگاریای کۆمۆنیستی جێهێشتووە و لە سوییس نیشتەجێ بووە و لە کارگەیەکی سەعاتسازی کاری کردووە. کتێبەکانی بۆ زیاتر لە سی زمانی دونیا وەرگێڕدراون. ناوبراو ساڵی ٢٠٠٥، بە چاپی کتێبی جیاوازییەکی نییە کە کۆمەڵێک دەقی کۆنن و لە ماوەی چل ساڵدا نووسراون، بۆ هەمیشە وازی لە نووسین هێناوە و نەیتوانیوە کتێبە نوێیەکەی تەواو بکا. لەم وتوێژەی خوارەوەدا وەڵامی پرسیارەکانی دیدیێ ژاکۆبی داوەتەوە کە لە سوییس ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجام داوە.

تیک-تاکی سەعاتی دیوار لەو ئاپارتمانە تاریکەدا دەبیسترێ کە ئەم ژنە ڕۆماننووسە تیایدا بێدەنگ بووە. ئاگۆتا کریستۆف نووسەرێکە لە قسەکردندا هەژارە. خوڵقێنەری دەفتەری گەورە کە لە ساڵی ١٩٨٦دا بە دونیای دەناسێنێ، وەک کچی بێکێت و سیۆران، تینووی ڕستەی قەبە و مانای گەورە نییە.
دوایین کتێبی جیاوازییەکی نییە لە کۆمەڵێک دەقی کۆن پێک دێ کە لە ئەرشیڤی کتێبخانەی بێرن دۆزراونەتەوە، هەندێک دەقی ریالیست و پووچگەران کە وێدەچێ چل ساڵ لەمەوپێش فڕێ درابنەتە نێو سندووقی پۆستەوە و پۆستەچی هەڵیگرتبنەوە.

ئاگۆتا کریستۆف ئەو کچەی ساڵی ١٩٣٥ لە گوندێکی بچکۆلانەی هەنگاریا لەدایک بووە، چۆن توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستە؟ ئاگۆتا لە نێو مریشک و قاز و مراویدا، لە نێو مەزرایەکی دوور لە ئاسوودەیی – بێبەری لە کارەبا، تەلەفۆن، ئاوی خاوێن و نانی ڕۆژانە – گەورە بووە. لەگەڵ جەنگدا، مناڵێتی برسییەتی، بەڵام خۆشەویستی دڵەکزە و ژانی گەدە دەڕەوێنێتەوە: ”شەش ساڵم تەمەن بوو. ئاشقی قەشە ببووم کە بەردەوام دەهاتە ماڵمان. ئەو بێ ڕادە خۆشی دەویستم و بەڵێنی پێ دابووم کە گەورە بووم زەماوەندم لەگەڵ بکا. بەڵام لەگەڵ کەسێکی تردا زەماوەندی کرد. بە خۆمم گوت: تەنانەت قەشەکانیش درۆ دەکەن. هەستێکی سامناک بوو.“

ئاگۆتا دەبێتە کوڕیژگەیەک و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتی براگەورەکەی، خۆشەویستێکی هەمیشەیی تری. ”براگەورەکەم تەمبێمانی دەکرد. تەنانەت هەندێک خراو بوو. خۆشمان دەویست.“ چونکە باوکی ئاگۆتا هەرگیز بۆ ئەو باوک نەبوو. ”بابم مامۆستا بوو. کتێبی دەخوێندەوە و دەینووسی: بەردەوام لە ژوورەکەی خۆی بوو. کەسێکی جددی بوو.“ لە دوایین چیرۆکی کتێبی جیاوازییەکی نییە، ئاگۆتا ئەم گۆشەگیرییە تاڵە دێنێتەوە بیر کە هەرگیز حەزی لێ نەبووە: ”باوکم لە هیچ کوێ دەست لە نێو دەستی مندا پیاسەی نەکردووە.“

ئاگۆتا کریستۆف لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ دەبێ کە دواتر دەبێتە شاری نێو دەفتەری گەورە. بە درێژایی چەندین ساڵ، یان بەدفەڕی دەکا یان لەگەڵ براکەی خەریکی خوێندنەوە دەبێ. ”ئەمە دایکمی وە گریان دێنا کە ئیرەیی بە خۆشەویستی ئێمە بۆ کتێب دەبرد.“

لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەیەکی شەوانە لە بیست کیلۆمەتری ئەو شارە. ”دابڕانێکی دژوار بوو. مافی ئەوەمان نەبوو بچینە دەرێ، بەڵام من ڕۆژانی یەکشەممە ڕامدەکرد و دەگەڕامەوە ماڵێ.“ بەردەوام گەڕانەوە، بەڵام هەمیشە وازهێنان لە هەموو شتێک. کارەساتیی تا هەتایی ئاگۆتا کریستۆف.

ئاگۆتا کریستۆف

زۆری پێناچی ساڵی ١٩٥٦ شۆڕش سەرکوت دەکرێ. مێردی ئەو ژنە گەنجە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یەکێتی سۆڤییەت دەکەوێتە گرتووخانەوە. دواجار بڕیار دەدا بە نێو لێڕەواردا بەرەو ئوتریش ڕابکا. ئاگۆتا کریستۆف بە کۆرپە چوار مانگەکەی نێو باوەشییەوە، هەموو شتێک بەجێ دێڵێ. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، ڕووسەکان شوێنی سنوورپارێزەکان دەگرنەوە، ئەوان تەقە لە حەوا دەکەن بەڵام ئەو تاپۆیانەی بەرەو ئەو هێڵە دەخووشن کە ناوی لێ نراوە ”سنوور“، گوێیان بەم تەقانە نابزوێ.

ئەوسا ئاگۆتا و بنەماڵە گچکەکەی دەگەنە سوییس. ”من بە دڵی خۆم هەڵنەهاتووم. ئەگەر زانیبام بۆ هەتا هەتایە دەمێنمەوە، زێدی خۆمم جێ نەدەهێشت. لەم هەڵبژاردەیە پەژیوانم.“ ڕستەکان دەکەون، وەک کاغەزێک کە بکەوێتە نێو قەرتاڵەی ژیانەوە.”کارەساتە“، وا دەڵێ. بەڵام ئەی ئازادیی ڕادەربڕین؟ ”من لێرە باشتر نەبووم.“

ئەی بۆچوونی سەبارەت بە هاتنی بۆ نۆشاتێل، ئەو شارەی مێردەکەی بوورسێکی زانکۆی لێ وەرگرت و ئێستاش هەروا لەم شارە دەژی: ”سەرەتا، لە گوندێک ماڵێکی بچووکمان هەبوو و منیش لە کارگەیەکی سەعات سازیدا ئیشم دەکرد. لە هەنگاریا خراپتر بوو. تەنانەت کاتی ئەوەم نەبوو بنووسم. شەوانە پاش خەواندنی مناڵەکان و پاک و خاوێنی، چەند شیعرێکم دەنووسی.“ سوییس وڵاتی ئازارەکانیەتی.

ئێستا هەست ناکەن لە سوییس باشترن؟ بە کورتی وەڵام دەداتەوە خراپ نییە. دەیتوانی بڵێ: ”جیاوازییەکی نییە“، هەروەک سەردێڕی بەرگی ئەو کتێبەی ئەم ڕۆژانەی دوایی چاپی کردووە. ئەم سەردێڕە هیی کتێبەکەیە یان هیی ژیانی؟ ”حەزم لەم شێوازی دەربڕینەیە. یانی: پەیوەندیی بە منەوە نییە. من ڕەشبین لەدایک بووم. تەنانەت کە مناڵ بووم، تێنەدەگەیشتم بۆچی خەڵک پێدەکەنن. کاتێ دەمبینی دایک‌وباوکم پێدەکەنن لۆمەم دەکردن.”

ڕەشبینی و نۆستالژیا. تەنانەت شاکارەکەی ئاگۆتا کریستۆف دەفتەری گەورەیش لە ژێر سێبەری ئەمانەدا نووسراوە: دوابەدوای گێڕانەوەی ژیانی کچێنی بۆ مناڵەکانی بیرۆکەی نووسینی کۆمەڵێ بابەتی کورتی لەسەر جەنگ بە مێشک دەگا. سێ ڕۆمان دەنووسێ، پاشان شانۆنامەیەک، بەسەرهاتی ژیانی خۆی و دواجار ”جیاوازییەکی نییە“.

ئەی ئەمڕۆ؟ ئاگۆتا دەنووسێ بێ ئەوەی بنووسێ. ”چەندین جار لەسەر یەک بەشێک دەنووسمەوە، بەڵام باش دەرنایە. پاشان دەست بە نووسینی بەشێکی تر دەکەم، بەڵام ئەمەش ئەو شتە نییە کە دەمەوێ. پێم وایە لە چاو ڕابردوو چاوەڕوانیم زۆر زیاترە.“ بزەیەکی سارد و پاشان ئەم دانپێدانانە: ”ڕقم لە شێوازی نووسینەکەمە.“ ئەمجارەیان هەوڵ دەدا بە شێوەی کچۆڵەیەکی ئەڤیندار خۆ بنوێنێ. کتێبەکە ئەگەر ڕووناکی ژیان ببینێ ناوی ”ئاگلائێ لە نێو کێڵگەکاندا“ دەبێ. بەڵام زۆر هیوای بەوە نییە تەواوی بکا.

ئاگۆتا بە دەست دەنووسێ، لە نێو کۆمەڵێک دەفتەری جیاوازدا. هەڵەیەک و دەفتەرێکی نوێ. ”دەبێ هەموویان سەر لە نوێ بخوێنمەوە.“ ئەو کارە ناکا. لە خۆی ڕا نابینێ. ئەی ئەگەر بێ ئەوەی هەست پێ بکا، کتێبەکەی تەواو بێ؟ پێدەکەنێ. بێگوناهییەکی کەمێک خەیاڵی، وەک ئەوەی لەناکاو پارچە مۆسیقایەکی بێدەنگی بژەنێ: ”بەڵێ، زۆر باش دەبێ.“

هاوبەشی بکە

Agota Kristof, Interview, Salahadin Bayazidi,