20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکانی فیلیپ کلۆودێل دەکرێت بە کوردی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

بەرگی چاپی کوردیی «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»، وەشانخانەی پەیک | نووسەری فەڕەنسی فیلیپ کلۆودێل

دیدی من – وەشانخانەی پەیک

وەشانخانەی پەیک ڕایگەیاند کە مانگی داهاتوو چاپی کوردیی ڕۆمانی «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»ی نووسەری ناوداری فەڕەنسی فیلیپ کلۆودێل چاپ و بڵاو دەکاتەوە. سەلاحەدین بایەزیدی ڕۆمانەکەی لە فەڕەنسییەوە کردووە بە کوردی.

ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان خەڵاتی ڕونۆدۆ، خەڵاتی خوێنەرانی گۆڤاری ئێڵـی و باشترین کتێبی ساڵی 2003ـی گۆڤاری لیری وەرگرتووە، وەرگێڕدراوەتە سەر نزیکەی سی زمانی دونیا و ساڵی 2005 لە لایەن دەرهێنەری فەڕەنسی یوڤێس ئەنجێلۆوە کراوە بە فیلم.

وەرگێڕی ڕۆمانەکە، سەلاحەدین بایەزیدی بە دیدی منی وت: ”ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە سەرنجڕاکێش و ناسراوەکانی فیلیپ کلۆودێل و یەکەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە بوو کە من هەوڵی وەرگێڕانیم دا، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار و بە تایبەت سەرقاڵبوونی زێدەوە، دوای وەرگێڕانی چەند بەشێک وازم لێ هێنا و پاشان، «نەوەکەی میسیۆ لین»م بە پێشنیاری هاوڕێیەکم وەرگێڕا کە لە غەزەلنووس چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم بە پێچەوانەی نەوەکەی میسیۆ لین، ڕۆمانێکی سادە نییە، هەر بەم شێوەیە وەرگێڕانەکەشی بۆ من زۆر ئاسان نەبوو. ڕۆمانێکە پڕ لە وردەکاری، پڕ لە کەسایەتی جیاواز و ڕووداوی ئاڵۆز. لە ڕووی ژانریشەوە، دیسان ئەو فرەڕەهەندییە دەبینرێ، هەم مێژووییە و هەمیش پۆلیسی و دەروونناسییە. ئەگەرچی بەسەرهاتەکانی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێنەوە بۆ زستانی ساڵی ١٩١٧ و یەکەم جەنگی جیهانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێک نییە لەسەر جەنگ، هیچ دیمەنێکی مەیدانەکانی شەڕ بەدی ناکەین، ئەوەی دەیخوێنینەوە فەڕەنسایەکی پشت بەرەیە.“

بەرگی چاپی کوردیی ڕۆمانی «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»، وەشانخانەی پەیک | دیزاینی بەرگ: ڕاز کامەران
بەرگی چاپی کوردیی ڕۆمانی «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»، وەشانخانەی پەیک | دیزاینی بەرگ: ڕاز کامەران

بایەزیدی وتیشی: ”ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە نووسراوە، ئەو کەسەش پۆلیسێکە کە بە حوکمی پیشەکەی زانیارییەکی زۆر لەسەر خۆی نادرکێنێ، تەنیا دەتوانین هەست بەوە بکەین کە زۆر پابەندی هاوسەرەکەیەتی و ئەگەر دەشنووسێ هەر لەبەر ئەوە. ئەم پۆلیسە ئەزموونێکی ئەوتۆی لە نووسینی دەقی ئەدەبیدا نییە، بۆیشی گرنگ نییە چ بەسەر دەستنووسەکانیدا دێن، دەمێننەوە یان دەسووتێنرێن.“

ڕۆمانەکە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی نووسەر کراوە بە کوردی و دەربارەی پەیوەندیی خۆی و کلۆودێل، بایەزیدی وتی: “هەر لە وەرگێڕانی یەکەم کتێبی ئەم نووسەرەوە پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەم لەگەڵیدا هەیە و زۆر جاریش، ئەگەر لە کاتی وەرگێڕاندا کێشەیەکم بۆ هاتبێتە پێش، یارمەتی داوم.“

”باش نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم. تا بڵێی ئەستەمە. ئەم هەموو ماوەیە تێپەڕیوە، پەیڤەکان هەرگیز نابووژێنەوە – ڕووخسارەکانیش هەروا، بزەکان و زامەکانیش. بەڵام سەرباری ئەمانەش، دەبێ هەوڵ بدەم بیڵێم. باسی ئەو شتە بکەم کە بە درێژایی بیست ساڵ، جەرگودڵم هەڵدەکۆڵێ. پەژیوانییەکان و پرسیارە گەورەکان. دەبێ بە چەقۆ، وەک زگێک، نهێنییەکە هەڵبدڕم و بە هەموو هێزی دەست هەڵی بدەمەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕدرێ، هیچ شتێک.“

لە دەستپێکی ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکانەوە
هاوبەشی بکە

Philippe Claudel, Salahadin Bayazidi, وەشانخانەی پەیک,