دیدی من – لێكۆڵینه‌وه
ڕۆژی نالی، یەکەم ئیڤێنتی کلتووریی ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من بوو. ئیڤێنتەکە بە لەخۆگرتنی چەندین بڕگە و بابەت دەربارەی شاعیری کلاسیکی کورد نالی، لە بەرواری ١٤\١١\٢٠١٦ لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق، سلێمانی بەڕێوە چوو.
(له‌باره‌ی ڕۆڵی به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی و كاریگه‌ریی له سه‌ر شوناسی شاعیره كورده‌كان: نالی وه‌ك نموونه)
ڕێبوار سیوه‌یلی
پێداچوونه‌وه: عه‌بدولخالق یه‌عقووبی
پوخته:
ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه ڕوون بێت كه مه‌به‌ستی من له به‌كارهێنانی وشه‌ی (به‌لاغه) ئاماژه‌دانه بۆ ئه‌و داناییه سنوورداره‌ی عه‌ره‌به‌كانی پێش ئیسلام له دوورگه‌ی عه‌ره‌بی كردبوویانه پێشنووسی خۆیان بۆ نووسینی شیعری جاهیلی و كردنی ئه‌م شیعره به بنه‌ما و بنه‌وانی زانستێك به‌ناوی “زانستی به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی”. هه‌ریه‌كه له(خه‌لیلی كوڕی ئه‌حمه‌دی فه‌راهیدی) له‌سه‌ر ئاستی ئیقاعی عروزی و (الجاحظ) له‌سه‌ر ئاستی زمانی تیۆریزه‌ی ئه‌م ژانره زارهكییهیان كرد و بوارێك هاته ئاراوه تا پێشزه‌مینه‌ی “باڵاده‌ستخوازی” و فه‌زڵی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بنه‌مای “زمانه به‌لاغی”یه‌كه‌یه‌وه بكرێت به‌سه‌ر زمان و نهتهوهكانیتردا[1].
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه هه‌موو دانایی و زانینێك سنوورداره و دانایی ڕه‌ها نیه، ئه‌وه دانایی عه‌ره‌به‌كانیش له‌بواری زمانیی شیعریدا سنووردار و پابه‌ندی ئه‌و هه‌لومه‌رجه كولتووری و مێژووییه‌یه كه تێیدا به‌رجه‌سته بووه. له‌گه‌ڵ هاتنی ئایینی ئیسلامدا و به په‌یدابوونی قورئان له ساڵانی پاشتردا، وه‌كئه‌وه‌ی پاشان ڕوونتر ده‌بێته‌وه، ئه‌م به‌لاغه‌یه ده‌بێته ده‌زگایه‌كی چه‌مكی بۆ تێگه‌یشتن له قورئان و دهشكرێته پێوه‌ر و فیلته‌رێك، كه به هۆیه‌وه به‌رهه‌می زمانانی گهلانیتر له ئاست زمانی عه‌ره‌بیدا، هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت و ڕۆڵی ئاستێك له ئاسته‌كانی ئایدیۆلۆژیا[2]، وه‌ك به‌رجه‌سته‌كه‌ری گوتاری سه‌رده‌سته‌یی عه‌ره‌ب، له به‌رامبه‌ر (ئه‌وانیتر)دا ده‌بینێت به جۆرێكی وا كه له‌گه‌ڵ و هاوشان به داگیركردنی مسوڵمانه عه‌ره‌به‌كان بۆ شوێنهكانیتر، بهلاغهش ده‌بێته هه‌ڵگری ئاسته زه‌وقی و ئایدیۆلۆژییی ئه‌م داگیركارییه و ده‌بێته ده‌زگایه‌كی سه‌ركوتكه‌ر بۆ شاردنه‌وه و قاچاخكردنی شوناس و زه‌ینییه‌تی ئه‌وانیتر. بۆیه بۆ تێگه‌یشتن له شوناسی ئه‌و شاعیره غه‌یره عه‌ره‌بانه‌ی له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی بهلاغیانه شیعریان نووسیوه، له‌وانه‌ش شاعیری كورد: نالی، پێویسته له‌ودیو مه‌رجه بهلاغییهكانهوه له چۆنێتی به‌رجه‌سته‌كردنی شوناسی خۆیان بكۆڵینه‌وه
سه‌ره‌تا:
په‌یوه‌ندیی من وه‌ك توێژه‌رێك، به شیعری كلاسیكی كوردییه‌وه، جیاواز ده‌ستیپێكردووه. من له هه‌نده‌ران و له تاراوگه ساڵی 1990 ده‌ستم به لێكۆڵێنه‌وه له‌م ژانره كرد. ئه‌زموونی تایبه‌تیم له‌مه‌دا كاریگه‌ریی به‌رچاوی هه‌بوو. خۆبینینه‌وه له دۆخێك‌دا كه گه‌ڕان به دوای شوناسی كه‌سیی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی فه‌رزی ده‌كات، منی په‌لكێش كرده لای ئه‌و شاعیرانه‌ی كه ئه‌زموونێكی له‌وجۆره‌یان تهی كردبوو. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌م بۆ شیعری كلاسیكی كوردی له‌وه‌ی كه ته‌نێ به‌شێكه له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه بگۆڕم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته هه‌ڵگری به‌شێكی گرنگ له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌یه. واته په‌یوه‌ندیی خۆم له په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تییه‌وه بكه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كی خودی. ئه‌م په‌یوه‌ندییه سۆبژهكتیڤه به شیعره‌وه، وایكرد هه‌میشه بمه‌وێت بگه‌ڕێم به دوای هه‌ندێك وه‌ڵام، كه له شیعردا گیر ده‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ش ئه‌و وه‌ڵامانه وه‌ڵامی كۆتایی نه‌بن، به‌ڵام گه‌ڕانه‌كه جۆرێ له دیالۆگ و هه‌ستی نزیكبوونه‌وه دروست ده‌كات. خۆخستنهبری شاعیره‌كان له دۆخی خۆیاندا وه‌ك ئه‌وه‌ی تێكست ته‌عبیری لێده‌كات و خۆخستنه جێ و ئاڵوگۆڕیی هه‌ست و ئه‌زموونه‌كان وه‌كئه‌وه‌ی بۆخۆم وه‌ك تاراوگهنشینێك پێیاندا تێپه‌ڕ ده‌بووم، ده‌بووه هۆكاریی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵیاندا، كه زۆر زیندووتر بوو له‌وه‌ی ته‌نیا شیعره‌كانیان له‌سه‌ر كاغه‌ز، بخوێنیته‌وه، یان له‌به‌ریان بكه‌یت بۆ تاقیكردنه‌وه له قوتابخانه‌دا، یاخود ته‌نێ له چوارچێوه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردییدا لێیان بنۆڕی..
نالی و مه‌حوی و حاجی قادر سێ له‌و شاعیرانه بوون، كه هه‌ر یه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندیی و قورسیی و ڕێگریی شیعریانه‌ی خۆیانیان هه‌یه گه‌ر بته‌وێ لێیان نزیكبیته‌وه. بۆیه هه‌ر كات من ده‌مویست خۆمیان لێ به‌رمه پێش، سنوورێك له ئاستی زمانی و ئێستاتیكی و به‌تایبه‌ت به‌لاغیدا له نێوانماندا دروست ده‌بوو، كه ڕاپێچی ده‌كردمه‌وه ناو خۆم. ئه‌م په‌نابردن و ده‌ركردنه، ئه‌م خۆدانه ده‌ست و فڕێدانهوهیه، وایكرد بیر له‌وه بكه‌مه‌وه، كه به مه‌رجه‌كانی خۆم و به گرتنه‌به‌ری میتۆدی جیاواز له‌وه‌ی شیعریی ئه‌م شاعیرانه‌ی پێ خوێنراوهتهوه، جیهانێكی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵدا دروستبكه‌م.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، یه‌كه‌م به‌رهه‌مم له بواری توێژینه‌وه‌ی شیعری كلاسیك‌دا به نالی ده‌ستپێكرد: (چه‌مكی میتۆلۆژیا و جیهانبینی شیعریی نالی: 1991)، پاشان “مه‌ستووره له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له ئیرۆتیكای شیعری نالی 1992″، دوای ئه‌وه‌ش: “له ستایشی كه‌ردا 1997- 2000″، ئه‌مجا: “نالی وه‌ك كافكا: 2014″، كه پاشان هه‌موو ئه‌مانه له (كتێبی نالی: 2015)دا بڵاو كرانه‌وه[3].
ئه‌زموونی دووه‌مم له‌گه‌ڵ حاجی قادری كۆیی و چه‌مكی كات بوو له شیعری ئه‌ودا، كه له كتێبی (هاوكاتی و هاوشوناسی: 2004)دا بڵاو كرایه‌وه، پاشانیش له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانم به‌رده‌وام بووم تا (كتێبی حاجی قادری كۆیی: 2016)ی لێ به‌رهه‌مهات[4]. پاش ئه‌وه‌ش و له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌دا دهستمكردبوو له توێژینه‌وه له مه‌حوی و هه‌ندێكی ئه‌و توێژینه‌وانه‌م به‌ناوی (مه‌حوی: خود و شوناس: خوێندنه‌وه‌یه‌كی بوونخوازیانهی عیرفان)، له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)دا بڵاو كردنه‌وه.
به‌لاغه وه‌ك ڕێگر:
له هه‌موو ئه‌م ئه‌زموونه دوورودرێژه‌دا هه‌میشه فیلته‌ری به‌لاغه، چ وه‌ك ته‌كنیكێك و داناییه‌كی تایبه‌تی بۆ تێگه‌یشتن له شیعر و چ وه‌ك په‌رده‌یه‌ك كه شیعری ئه‌م شاعیرانه‌ی لێده‌شاردمه‌وه ئاماده‌یی هه‌بوو. وشه‌ی به‌لاغه له زمانی عه‌ره‌بییدا له ڕه‌گیی (بهلهغه) وه وه‌رگیراوه به‌مانای گه‌یشتن. له زمانی قسه و نووسراویشدا به‌مانای گه‌یشتن به ئامانجی شوێن مه‌به‌ستی قسه و نووسراوه‌كه‌یه[5]. گه‌یاندنی مه‌به‌ست به كۆتا مانای خۆی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وشه‌كه به مانای پێڕاگه‌یاندن، یان گه‌یاندنی مانای مه‌به‌ست به باشترین شێوه ته‌فسیر كراوه[6]. هه‌ر یه‌ك له‌م شاعیرانه‌ی ئێمه و چه‌ندانی تریش له پێشینه‌كان (وه‌ك خانی، جه‌زیری، مه‌وله‌وی و هتد)، له‌ناو ئه‌م تۆڕه‌دا ماونه‌ته‌وه و وه‌كئه‌وه‌ی تا له‌م تۆڕه به‌لاغییه نهیانهێنیته ده‌ره‌وه، بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كه هیچ مه‌راقی نیه سه‌ره‌تا فێری به‌لاغه ببێت تا بیانناسێت، شیاوی تێگه‌یشتن نین. تێگه‌یشتنی بهلاغیانه له شیعری ئێمه بۆخۆی ڕێگرێكه له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی میتۆدیانه‌ی دیكه‌دا. پێچ و ده‌ورانی به‌لاغی ڕێگری زۆر بۆ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر دروستده‌كات، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لاغه بۆخۆی ته‌كنیكێكی ئاڵۆز و ئاستێكی تایبه‌تی له زیره‌كی ده‌وێت بۆ شاره‌زایی په‌یداكردن تێیدا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لاغه به‌شێكیشه له ئادیۆلۆژیای سه‌رده‌سته و خۆسه‌پێن[7]. له‌وه‌ش بترازێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه عه‌ره‌به‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون كه به‌لاغه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی به عهرهبیبوونهوه هه‌یه و ئه‌وانه‌ی “عه‌ره‌بزمان نیین تێگه‌یشتنیشیان له سنوور و ڕاسته‌قینه‌ی به‌لاغه‌تی قورئان ئاسان نابێت”[8].
قسه ئه‌وه نیه كه به‌لاغه ناتوانێت زانیارییمان له‌سه‌ر شیعر بداتێ، یان له ڕێگه‌یه‌وه له ده‌قی شیعری تێبگه‌ین، هه‌روه‌ها قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه نیه كه ئه‌م شاعیرانه بۆخۆیان به ویستی خۆیان له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رزی بهلاغیانه گوزارشیان له خۆیان نه‌كردووه، قسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه دواجار هونه‌ره‌كانی، یان وه‌ك ده‌گوترێ “زانسته‌كانى به‌لاغه”[9] بۆخۆی له چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك فهندهمهنتاڵیستیانه[10]دا لێكدانه‌وه بۆ ده‌ق ده‌كات، كه ڕیگره له‌به‌رده‌م ته‌فسیر و ڕاڤه‌ی ده‌قدا وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ نمونه خوێندنه‌وه‌ی میتۆدی هێرمنۆتیكی، یان دیارده‌ناسانه، داوای ده‌كات.
به‌لاغه پنتی به‌هێزی خۆی زۆره، ورده‌كاری زۆری تێدایه و نهێنی و كه‌لێنه زمانی و ماناییه‌كانی شیعر به جوانی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و چۆنیتی خۆشخوانی و ڕۆنانی مانا و كاریگه‌ریی زمان شییدهكاتهوه[11]، به‌ڵام مانا ئازاد ناكات، سه‌قامگیریی ده‌كات، له چوارچێوه‌ی ده‌گرێت و ڕێگره له فره مانایی و فره شیكاری و فره ڕاڤه‌یی. لێره‌وه‌یه كه به‌لاغه خوێندنه‌وه‌یه‌كی فهندهمهنتاڵیستیانهیه بۆ ده‌قی ئه‌ده‌بیی، ئه‌ویش به پێوه‌ركردنی زمانی عه‌ره‌بی و قورئان به‌تایبه‌تی و له‌ویشدا سه‌رمه‌شقه ئیعجازییه‌كانی قورئان[12].. هه‌رچه‌نده پاشتر ئه‌وه پتر ڕوون ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام بۆیه به‌لاغه به خوێندنه‌وه‌یه‌كی فهندهمهنتاڵیستیانه ناو ده‌به‌م، چونكه چاوگ و ئینتیما و بنه‌وانی ئه‌م شێوهزانسته، خۆی ده‌باته‌وه سه‌ر ده‌قی ئایینی و به‌تایبه‌تی قورئان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌لامی پیرۆزی خودایه.
له به‌لاغه‌دا زانینی پێشینه له‌سه‌ر هونه‌ركاری، یان “زانست”ـه‌كه خۆی، پێشمه‌رجی تێگه‌یشتنه له نهێنی ده‌قه‌كه، به‌مه‌ش ده‌ق ده‌كه‌وێته په‌راوێز و شاره‌زایی مرۆڤ له به‌لاغه‌دا ده‌بێته سه‌نته‌ر و بنه‌ما و گرنگێتی پێشینه‌یی وه‌رده‌گرێت. خودی به‌لاغه ڕێگره له‌به‌ر ده‌م تێگه‌یشتنێكی بێ لایه‌ن له په‌یامی ده‌ق، ئه‌و زانینه‌ی ده‌مانباته‌وه سه‌ر تێگه‌یشتن له به‌لاغه خۆی، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و زانینه پێویسته نیه كه بۆ تێگه‌یشتنی ده‌ق پێویستیمان پێیه‌تی. بۆیه زانین له‌سه‌ر به‌لاغه ته‌واوكه‌ری ئه‌و زانینه نیه كه بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ق پێویسته، به‌ڵام ڕێگرێكی پێشینه‌یه له‌به‌ر ده‌م گه‌یشتن به‌و زانینه‌ی كه بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ق پێویسته. به‌لاغه به‌س نیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی “گشتمهندی” ده‌ق. به‌م پێیه‌ش به‌لاغه فه‌رزی ده‌كات كه له پێشدا ئه‌و زانینه به‌ده‌ست بهێنریت كه بۆ تێگه‌یشتن له خۆی پێویسته ئه‌مجا خۆی وه‌ك كلیلی تێگه‌یشتن له ده‌ق به‌رجه‌سته ده‌كات.
”به‌لاغه زانستێكی فێركاریانهیه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن بتوانین به شێوه‌یه‌كی سنووردار گوزارش له مانا و مه‌به‌ست بكه‌ین، چۆن بتوانین مانا و سۆز و هه‌ڵچوون ته‌فسیر بكه‌ین و چۆنیش شێوازێك دابڕ‌ێژین بۆ مه‌به‌سته‌كانمان.“
به‌م پێیه‌ش بێت و به تێگه‌یشتنی من، به‌لاغه وه‌ك ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نیه، كه زانستێكی بابه‌تی بێت له پێناو یان خزمه‌تی تێگه‌یشتن له ده‌ق و كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی كلیلئاسامان بداتێ تا به هۆیانه‌وه و به‌شێوه‌كی ورد له مانا و په‌یامی ده‌قێك تێبگه‌ین. “به‌لاغه زانستێكی فێركاریانهیه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن بتوانین به شێوه‌یه‌كی سنووردار گوزارش له مانا و مه‌به‌ست بكه‌ین، چۆن بتوانین مانا و سۆز و هه‌ڵچوون ته‌فسیر بكه‌ین و چۆنیش شێوازێك دابڕ‌ێژین بۆ مه‌به‌سته‌كانمان. به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی زانستێكی وه‌سفییه، خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و ڕێسای ڕه‌خنه‌گرانه‌یه كه شیاوی ئه‌وه‌ن له‌كاتی هه‌ڵسه‌نگاندندا له‌سه‌ر ده‌ق تاقییبكرێنهوه و پاش شییكردنهوه و تهفسیركردنیش هه‌ڵبسه‌نگێنرێن ئاخۆ چه‌نده شیاو بوون بۆ په‌سه‌ندكردنی ده‌قه‌كه، یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی”[13].
به‌م پێیه‌ش بێت زانین له‌سه‌ر به‌لاغه سنوورداره و له چوارچێوه‌ی ڕێساكانی خۆیدا به‌ند ده‌بێت و شاعیر هه‌رچه‌نده ڕۆشنبیریشی زیاتر بێت، هه‌ر ده‌بێت له چوارچێوه‌ی زانسته ناچارهكییه بهلاغییهكهیدا شیعر بهۆنێته‌وه، به‌ڵام هه‌رچه‌نده ڕۆشنبیریی ڕه‌خنه‌یی زیاتر بێت ئه‌وه‌نده‌ش خزمه‌ت به پته‌وكردنی ده‌ق ده‌كات. بۆیه زانینی بهلاغیانه له پێش نووسینی ده‌قدا پێویسته تا له‌ژێر ڕێنماییه‌كانیدا ده‌ق جڵه‌و بكرێت و به‌و جۆره بنووسرێت كه ده‌سه‌ڵاتی به‌لاغه ده‌یه‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتن به ده‌ق ئه‌و زانینه كۆتایی پێدێت، له كاتێكدا زانین و ڕۆشنبیریی ڕه‌خنه‌یی له پێش و هاوكات و له پاش داهێنانی ده‌قیشدا كارایی خۆی له‌ده‌ست نادات. له‌به‌ر ئه‌وه “ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆحی زانست و ڕۆحی هونه‌ر و داهێنان یه‌كده‌خات و پردێك له نێوان “خود” و “بابه‌ت” ڕایه‌ڵ ده‌كات” و ده‌بێته هۆی تێكه‌ڵكردنی جیهانی خوێنه‌ر و جیهانی نووسه‌ر، یان ده‌ق، له كاتێكدا به‌لاغه هه‌مان بڕی زانین له‌سه‌ر نووسه‌ر و خوێنه‌ریش ده‌كاته پێشمه‌رج بۆ هه‌ڵێنجانی مانایه‌كی تایبه‌ت له ده‌ق. بۆیه به‌لاغه به پله‌ی یه‌كه‌م گوتاره، یان به‌شێكه له ئادیۆلۆژیایهكی ئاراسته‌كه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به جۆرێكی تایبه‌ت له مانای ده‌ق تێبگه‌ین كه ده‌یباته‌وه سه‌ر مه‌به‌ستێك و مه‌رامێكی تایبه‌ت و ده‌یخاته‌وه خزمه‌تی مه‌به‌ستێك، كه ئامانج لیی بریته له كه‌مكردنه‌وه‌ی سیحر و ئه‌فسوونی ده‌ق له ئاست ئه‌فسوون و ئیعجازی قورئاندا..
ئه‌ڵبه‌ته لێره‌دا ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه به یاد بهێنمه‌وه، كه به‌لاغه، به هه‌ر سێ لقهكهیهوه: (بیان، معانی و بدیع)، یان چواره‌مین لقیشییهوه: (الفصاحة)[14]، (ته‌كنیك و هونه‌ر)ێكی قورسه و ته‌نیا ده‌سته‌بژێرێك ده‌توانن شارازهی به‌كارهێنانی ڕێ و ڕه‌سمه‌كانی بن. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بییه، نه‌ك به‌لاغه‌ی هیندی و نه‌ك “ڕیتۆریك” (Rhetoric)[15] وه‌كئه‌وه‌ی له نه‌ریتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی یۆنانی، ڕۆمانیی و ئه‌وروپیدا به‌كار ده‌هێنرێت[16].
به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زمانانی دیكه‌ی ناوچه‌كه، له وانه‌ش زمانی كوردی، له‌سه‌ر شوناسبهخشیی زمان و تواناكانی زمانی دایكی بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی شوناس و پێویستیی مرۆڤ به گوزارشكردن له خۆی له چوارچێوه‌ی تواناییه‌كانی زمانی داییكدا، توێژینه‌وه‌ی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه. په‌یوه‌ندیی به‌لاغه به زمانی عه‌ره‌بییه‌وه و ته‌ماشاكردنی زمانی عه‌ره‌بی وه‌ك زمانێكی پیرۆز چونكه قورئانی پێ هاتۆته خواره‌وه، وایانكردووه په‌یوه‌ندیی ئه‌م زمانه و زمانانی دی “نایهكیسانی”یه‌كی تێبكه‌وێت و له “په‌یوه‌ندی”یه‌وه ببێته “پێگه”.
2
پڕۆسه‌ی غه‌زووی ئایینییش، كه وایكرد زمانی عه‌ره‌بی ببێته زمانی فه‌رمی له‌و شوێنانه‌دا كه سوپای ئیسلام به زۆر، یان له ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنه‌وه داگیری كردبوون[17]. لێره‌شه‌وه ده‌توانین بزانین كه زمانی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندیی (relation)ی له‌گه‌ڵ زمانانی دیكه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌دا نه‌بووه كه ئیسلامیزهكراون، به‌ڵكو پێگه (position)ی هه‌بووه و هه‌یه، له ئاستیاندا. بهلاغهش بۆته فیلته‌ری ئه‌م زمانه و ستاندارده ئێستاتیكیه پیرۆزه‌كه‌ی. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌ڵێم به‌لاغه هه‌ر ته‌نیا كۆمه‌ڵێك مه‌هاره‌ت و ته‌كنیك و هونه‌ركاریی زمانیانه‌ی زمانی عه‌ره‌بی نیه، به‌ڵكو به‌شێكیشه له گوزارشكردنێكی ئێستاتیكیانه و ئایدیۆلۆژیانه‌ی ئایینی ئیسلام وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئایینێكی عه‌ره‌بییه به پله‌ی یه‌كه‌م و له ده‌سه‌ڵاتدابووه به پله‌ی دووه‌م.
دیاره سه‌رچاوه و هۆكاره‌كانی دروستبوونی به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندیی به خوێندنه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانی عه‌ره‌به‌كانه‌وه هه‌یه بۆ قورئان. ئه‌مه‌ش له سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچییه‌وه ده‌ستپێده‌كات، پاشانیش په‌ڕینه‌وه‌ی كردهكیانهی ئه‌م هونه‌ره بۆ به‌كارهێنانی له‌بواری ده‌قی ئه‌ده‌بیدا و كردنی به (زانستێكی عه‌ره‌بیانه)، كه من به گومانێكی زۆره‌وه وشه‌ی زانست بۆ به‌لاغه به‌كار ده‌هێنم. به‌مجۆره‌ش تا سه‌ده‌ی پێنجه‌می كۆچی به‌ته‌واوی هونه‌ری به‌لاغه جێی خۆی ده‌گرێت و وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ خوێندنەوەی دەق، یان ئاستێک لە ئاستەکانی دەق، یان ڕووماڵکردنی دەق لەسەردەمی خۆیدا، وه‌ك زانستێكی به‌رهه‌مهاتووی عه‌ره‌ب، له چوارچێوه‌ی نه‌رێتی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و وه‌ك زانستێكیش ده‌بێته پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ئیسلامی له پرۆسه‌ی غه‌زووی ئه‌و گه‌لانه‌دا كه له‌لایه‌ن له‌شكری ئیسلامی به‌راییه‌وه، به‌زۆر مسوڵمان كراون، یان ئایینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه.
بۆیه من پێمخۆشه به‌لاغه وه‌ك زانست ناو نه‌به‌م، چونكه چ ئه‌م ناونانه له‌سه‌ر ده‌می خۆیدا له‌م هونه‌ركارییه زمانه‌وانییه نرا بێت، یان دوایی له ژێر كاریگه‌ریی هه‌ستی له خۆتێگه‌یشتنی عه‌ره‌به‌كاندا بۆ خۆسه‌پاندنی پتر له ڕووی زهوقییهوه، وشه‌ی (زانست)ـه‌كه‌ی پێوه لێكنرابێت، یاخود پاشتر وه‌ك ئامرازێكی خۆسه‌پاندنی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ئیسلامیی كاریگه‌ریی و ڕۆڵی خۆی بۆ ده‌ستنیشان كرابێت، به‌لاغه بۆ من به‌شێكه له گوتارێكی سه‌رده‌سته‌ی عه‌ره‌بیی ئیسلامیانه كه شانبه‌شانی كۆنترۆڵكردنی سیاسیی و سوپایی خاك و كولتووری گهلانیتر، ڕۆڵی بینیوه له كۆنترۆڵكردنی زه‌وق و سه‌لیقه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌دا به پێوه‌ره عه‌ره‌بییه ئیسلامییه‌كان و بۆ ناچاركردنی ئه‌و گه‌لانه، تا به‌و پێوه‌رانه جۆره ئه‌ده‌بیاتێكی به‌رز بئافرێنن، كه توانای هه‌بێت پێوه‌ره‌كانی به‌سه‌ردا پراكتێك بكرێت و له‌وێوه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت.
به‌مجۆره‌ش ستانداردێكی زه‌وقی و چێژئامێزانهی عه‌ره‌بی ئیسلامی ده‌كرێته پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زه‌وقی و سه‌لیقه‌ی گه‌لانی غه‌یره عه‌ره‌ب، كه پێشینه‌یان له كولتووری دورگه‌ی عه‌ره‌بییدا نه‌بووه. له‌به‌ر ئه‌وه به‌لاغه نا‌توانیت زانست بێت، چونكه گوزارشێكی ئۆبژه‌كتیڤ نیه له دیارده‌یه‌ك، یان ڕاستییه‌كی گشتی به‌یان ناكات و ناكرێ بشكرێته یاسایه‌ك. به‌ڵكو ته‌نیا گوزارشه له ئاستی زه‌وقێكی ئه‌ده‌بیی و چیژیكی تایبه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی، كه تایبه‌تمه‌ندی زمانی عه‌ره‌بیی و به‌تایبه‌تیش زمانی قورئان ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی خۆشكردووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م به‌ناو زانسته، كۆلاژێكه له هونه‌ری به‌لاغه‌ی هیندی و یۆنانیی و ئێرانیی كۆن[18].
بوونی ڕه‌گه‌زیی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی و بنه‌چه‌ی قورئانیانه و زمانیانه‌ی زمانی عه‌ره‌بی له به‌لاغه‌دا ڕێده‌گرێت وه‌ك زانستیكی سه‌ربه‌خۆ ته‌ماشای بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌ماشاكردن و ناونانه بۆ مه‌به‌ستێكی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی نه‌بێت. بهلاغهش هه‌رگیز هیچ پێناسه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم، یان سه‌ربه‌خۆی بۆخۆی نه‌كردووه، یاخود هیچ هه‌وڵێكی خودهووشیارانهی نه‌داوه بۆ خۆ ده‌ربازكردن له بنه‌ما عه‌ره‌بی/ئیسلامیه‌كه‌ی و له چوارچێوه‌ی وڵاتانی ئیسلامیشدا، به ده‌گمه‌ن به‌لاغه وه‌ك به‌شێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌ماشا كراوه، به‌ڵكو هه‌میشه له په‌یوه‌ندیی به‌و دوو بنه‌مایه‌وه، كاری خۆی كردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه به‌لاغه توانای ڕه‌خنه‌كردنی خۆی پیشان نه‌داوه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك زانستێكی سه‌ربه‌خۆ، یان دیسیپلینێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ركه‌وێت..
به‌لاغه وه‌ك ئۆریهنتاڵیزم، ئۆریهنتاڵیزمی به‌لاغی:
ده‌مه‌وێت لێره‌دا تیۆره و دۆزینه‌وه فیكرییه‌كه‌ی ئێدوارد سه‌عید[19]ی به ڕه‌گه‌ز فهلهستینیتان بیر بخه‌مه‌وه، كه چۆن له كتێبی (خۆرهه‌ڵاتناسی1978, Orientalism: )، خستیه ڕوو. من یه‌كه‌مجار ئه‌م كتێبه‌م به زمانی عه‌ره‌بی و به وه‌رگێڕانیی د. كه‌مال ئه‌بوودیب خوێندنه‌وه، كه بۆخۆی پێشه‌كییه‌كی زۆر جوانیی بۆ نوسیبوو. ئه‌مه له نه‌وه‌ده‌كان و له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتیمدا بوو، كه زۆر باش له ورده‌كارییه‌كانی كتێبه‌كه تێنه‌گه‌یشتم. پاشتریش چه‌ند جارێكی دی به زمانی دیكه، به تایبه‌تی به زمانی دانماركی و فارسی كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه و باشتر لێی حاڵی بووم[20]. به‌لای منه‌وه ئه‌م كتێبه‌ی سه‌عید كه‌شفێكی داناییناسییانهیه بۆ پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی له مێنتاڵیته‌ی ئه‌وروپی و خۆرئاوادا. سه‌عید، به‌ڵگه‌ی زۆر بۆ ئه‌و ڕاستییه ده‌هێنێته‌وه، كه ئه‌و (خۆرهه‌ڵات)ـه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی “خۆرهه‌ڵاتناسیی ئه‌وروپایی”دا باسیكراوه و له چه‌ندین كتێبی ئه‌كادیمی و سه‌فه‌رنامه‌دا وێناكراوه، په‌یوه‌ندیی به خۆرهه‌ڵاتیی مێژوویی و جوگرافیایی و كولتوورییه‌وه نیه و زاده‌ی ئه‌و وێناكردنانهیه كه مرۆڤی خۆرئاوایی له‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتێكی خهیاڵلێكراوه و هێنراوه پێشچاو، پێویستی پێی هه‌بووه. به‌مجۆره‌ش خۆرهه‌ڵاتناسیی وه‌ك دیسیپلینێك، یان ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌وروپایی بۆ خۆرهه‌ڵات (به تایبه‌تی دنیای عه‌ره‌بی و عوسمانی و خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فه‌ریقی)، كه پڕه له سوڵتان و حه‌ره‌م و ژنی نیمچه‌ڕووت و فه‌زایه‌كی ئیرۆتیكی، هیچ په‌یوه‌ندیی به خۆرهه‌ڵاتیی واقیعییه‌وه نیه كه پڕ بووه له مرۆڤی ڕهنجكێش و سته‌مدیده و چه‌وساوه..
لێره‌شه‌وه ده‌كرێ ئه‌نجامێكی كورت له تێزه‌كه‌ی سه‌عید به‌وه وه‌ربگرین كه: خۆرئاوا له “دیسیپلینی خۆرهه‌ڵاتناسی”دا، “خۆرهه‌ڵاتێكی تایبه‌ت به‌خۆی” دروستكردووه تا بتوانێت بیكات به جێ‌نشین و پڕكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له ژیانی خۆیدا وه‌ك به‌دیلێكی به‌هه‌شتیانه و فهنتازیكراو، پێویستیی پێی هه‌بووه. به‌مجۆره‌ش گوتاری خۆرهه‌ڵاتناسی وه‌ك زانستێك و ئاستێك له ڕۆشنبیری خۆرئاواییه‌كان، ده‌بێته جێگره‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتیی واقیعی و ژیانهكی مرۆڤه خۆرهه‌ڵاتییه واقیعییه‌كان. له‌وه‌ش زیاتر خۆرهه‌ڵاتناسی وه‌ك دیسیپلینێك، ده‌بێته پێوه‌رێك و ستانداردێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆرههڵاتێك كه جوگرافیا و مێژوو و كولتورێكی تایبه‌ته بۆ مرۆڤه‌كانی ناوی به جیاواز له‌وه‌ی چۆن له خۆرهه‌ڵاتناسیدا وه‌ك گوتارێك، باسكراوه.
به‌لاغه له دنیای ئێمه‌دا هه‌مان ڕۆڵ و كاریگه‌ریی “زانستی” خۆرهه‌ڵاتناسی ئه‌ورووپی بینیوه، كه ئه‌م خۆرهه‌ڵاتناسییه به نیسبه‌ت ناسینی خۆرهه‌ڵاته‌وه بینیویه‌تی: سه‌پاندنی بۆچوون و وێناكردنه‌كانی مرۆڤی ئه‌ورووپی و خستنه‌ڕوویان وه‌ك بۆچوون و ڕاسته‌قینه‌ی خۆرهههڵاتی واقیعی و كردنیان به “پێوه‌ری زانستی” بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و خۆرهه‌ڵاته. بهلاغهش گوتارێكی عه‌ره‌بی ئیسلامیانه‌یه كه پتر له‌وه‌ی گوزارش له چییه‌تی زه‌وقی عه‌ره‌ب بكات، گوزارش له ده‌سه‌ڵاتێكی زهوقیی عه‌ره‌بی دورگه‌ی عه‌ره‌بی له ده‌مه‌ی به شتبوونیان[21] له ڕێگه‌ی ئیسلامه‌وه، ده‌كات، كه به‌هۆیه‌وه زه‌وقی میلله‌تانی دی ده‌خرێته ژێر زه‌بری هه‌ڵسه‌نگاندنی زه‌وقی عه‌ره‌بییه‌وه. به‌مجۆره‌ش وه‌كئه‌وه‌ی من دهیبنیم و به بیركردنه‌وه له تێزه‌كه‌ی مێشێل فوكو له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و زانین، به‌لاغه له كۆمه‌ڵه ته‌كنیكێكی زه‌وقی/زمانییه‌وه ده‌بێته ئامرازێك بۆ ڕكێفكردنی ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانی به مسوڵمانكراو، تا به پێوه‌ره‌كانی زه‌وق و سه‌لیقه‌ی عه‌ره‌بیانه هه‌ڵبسه‌نگێنرێن و زمانی عه‌ره‌بی و به‌كارهێنانه قورئانیه‌كه‌ی ئه‌م زمانه بكرێته چه‌ق و پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانیی تر له چوارچێوه‌ی زمانی دایكی‌دا سنووردار بكرێت، یان ناچار به بهخۆداشكانهوه بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕووی بهلاغییهوه وه‌كو زمانی عه‌ره‌بی نه‌بوون، یانژی لهپێشچاوبخرێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك زمانی عه‌ره‌بی، قورئانیان پێ نه‌هاتۆته خواره‌وه. زمانى عه‌ره‌بی له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، وه‌ك (جاحظ) گوتویه‌تی: “تاقانه‌یه و هیچ زمانێكی دی هاوتای ناكات و له‌سه‌رووی هه‌موو زمانهكانهوهیه. ئه‌و پێوه‌رانه‌ی به‌سه‌ر زمانه‌كانی دیكه‌دا پراكتیك ده‌كرێن، به‌سه‌ر زمانی عه‌ره‌بییدا ناگونجێن. بۆیه ئه‌م زمانه له ڕوانگه‌ی بهعزێكهوه وه‌ك خودا وایه، مرۆڤ ده‌ستی پێڕاناگات: “جگه له پێغه‌مبه‌ر كه‌سیتر نایتوانێت[22].
ده‌بێت له‌ناو ئه‌م بۆچوونه و چه‌ندانیتری هاوشێوه‌یدا كه به درێژایی مێژوو دووبارهكراونهتهوه، ئه‌و ڕۆحه داگیركارییه‌ی عه‌ره‌بی/ئیسلامیه بدۆزینه‌وه كه به‌رده‌وام ئیشی له‌سه‌ر تێهه‌ڵكێشكردنی عه‌ره‌ب و ئیسلام كردووه و وه‌ك دوانه‌یه‌كی لێكدانه‌بڕاو خستوونیه‌ته ڕوو به جۆرێ كه ئیسلامبوون بكاته پێشنووسێك بۆ بوونه عه‌ره‌ب و عه‌ره‌ببوون بكات هۆكاری ئیسلامبوونێكی ڕاسته‌قینه[23]. ئەمەش بەوەی كە مێژوونووس، فوقەهائەكان و زانا عەرەبە مسوڵمانەكان، بە درێژایی مێژوو و بە پشتبەستن بە قورئان و پاشانیش لەژێر ڕۆشنایی ئەم كتێبە دا، چەندینجار فەزڵی عەرەبیان بەسەر میللەتانی دیكەدا داوە و ئەمەشیان بەكارهێناوە بۆ گەورەكردنی «من» عەرەبی و دەستەمۆكردن و ماڵیكردنی شوناسەكانی دی لەژێر سێبەری ئەم شوناسەدا. ئەمە جگەلەوەی ویستویانە لەم ڕێگەیەوە ناسنامەی ئیسلام پەیوەست بكەن بە ناسنامەی عەرەبییەوە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌س هێنده‌ی به‌عسییه‌كان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان تیۆریزه نه‌كرد. مێشێل عه‌فله‌ق، له كتێبی «له پێناوی به‌عس»دا، كە پاشتر بووە سەرچاوەی ڕۆحیی بەعسییەكان؛ پێیوایە: ئیسلام لە دایكبووی ژیاری عەرەبە و لە دایكبوونی پێغەمبەر بە لە دایكبوونی «عەرەبیزم» ناو دەبات”، له شوێنێكی دیكه‌دا نووسیویه: “ئیسلام بزاڤێكی عه‌ره‌بییه، ئه‌و زمانه‌ی پێی هاتۆته خواره‌وه عه‌ره‌بییه، تێگه‌یشتنی ئیسلامیانه بۆ شته‌كان به چاوێكی عه‌ره‌بیانه‌یه و مسوڵمانیش بێجگه له عه‌ره‌ب كهسێتر نیه”[24].
لەم تێڕوانینەدا، لەلایەكەوە هەوڵدانێكی جیدیی هەیە بۆ تێهەڵكێشكردنێكی بەعسیانەی نێوان چەمكی ئایین و چەمكی سیاسەت و لەوێشەوە سیاسیاویكردنی دین؛ لەلایەكی تریشەوە هەوڵ دەدرێت ئایین ببەسترێت بە ڕەگەزەوە. هەر ئەم تێهەڵكێشكردنەیشە وادەكات بەعسییەكان بەچاوێكی نزم تەماشای ئەوانە بكەن كە وەك غەیرە عەرەب مسوڵمان بوون. چونكە ئەوەی شایەتمان بە ئایینی ئیسلام دەهێنێت، شایەتمان بەناو زمانێكدا دەهێنێت، یاخود بە زمانێك دەیهێنێت كە زمانی عەرەبە و بە پەیامبەرێكی دەهێنێت كە بەرجەستەكەری عەرەبایەتییە و هەڵبژاردنی عەرەبیش بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلام دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەزیلەتانەی كە تەنیا لە عەرەبدا بە كەماڵ گەیشتوون. كەواتە شایەتمانهێنان و مسوڵمانبوونی ئەوانیتر بۆ ئەوەیە لەسایەی پێگەیشتن و كەماڵی فەزیلەتەكانی عەرەبدا، كەموكووڕییەكانی خۆیان پڕ بكەنەوە.
3
بێگومان به‌عسییه‌كان ئه‌م جۆره بۆچونانه‌یان له میراتی عه‌ره‌بی/ئیسلامییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه. پێشینه‌ی ئه‌و میراته جۆره بیروڕایه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر له‌خۆتێگه‌یشتنی عه‌ره‌به مسوڵمانه‌كان خوڵقاندبوو كه هه‌ر ده‌بوو به‌ره‌نجامێكی وه‌ك بهعسیییهتی لێبكه‌وێته‌وه. لێره‌دا بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی پتری ئه‌م ڕاستییه، ته‌نیا دوو نمونه له نوسینه‌كانی (شافیعی و ئه‌بو حه‌ییانی ته‌وحیدی) ده‌هێنمه‌وه، كه له تێڕوانینیاندا بۆ په‌یوه‌ندی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسلام و عهرهبیزهكردنی ئایینه‌كه، چه‌نده نزیكن له زمانی مێشێل عه‌فله‌قه‌وه. شافیعی له (الرساله: ل: 42، رقم: 138) نوسیویه‌تی: «فبقدر ارتباط العرب بالاسلام ارتبط الاسلام به‌م. فلیست الهویة الاسلامیة هویة هوائیة طائرة، بل انها مرتبطة باالعرب و العربیة ارتباطا لا تنفصم عراه. فهم الاسلام و الاسلام هم او لسانهم»[25]. هه‌روه‌ها ته‌وحیدی له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه ده‌ڵێت: «أعقل الامم لصحة الفطرة، واعتدال البنیە، و صواب الفكر، و ذكاء الفهم»[26].
لێره‌دایه كه زمانی عه‌ره‌بی له‌و ته‌فسیره ئایدیۆلۆژییهیدا نه‌ك هه‌ر له زمانانی دی جیاده‌كرێته‌وه، به‌ڵكو به‌رزتریش ده‌كرێته‌وه له ئاستیاندا. به‌مجۆره‌ش پڕۆسه‌ی به عه‌ره‌بكردن و به مسوڵمانكردن[27] ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوون و له هه‌ر كوێدا به مسوڵمانكردن به هۆی هێز و سیاسه‌ته‌وه سه‌پێنرابێت، پڕۆسه‌ی بهعهرهبكردنیش له ڕێگه‌ی زمان و بهلاغهكهیهوه به گه‌ڕانه‌وه بۆ پیرۆزه ڕه‌هاكه‌ی كه قورئانه جێبه‌جێكراوه. هه‌ر به ڕاستیش، كاریگه‌ریی غهزووهكان له‌سه‌ر گه‌لانی ناوچه‌كه هیچ زیاتر نه‌بووه له كاریگه‌ریی زمان و به‌لاغه‌كه‌ی وه‌ك چه‌كه ته‌واوكه‌ره‌كه‌ی غه‌زوو. له یه‌كه‌میاندا ژیانی مادیی مرۆڤ و ئه‌و گه‌لانه كه‌وتوونه‌ته به‌ر شاڵاو، به‌ڵام له داگیركارییه بهلاغییهكهدا ژیانی ڕۆحیی و مه‌عنه‌وییان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش له دواخستنی زمانی دایكی و ئه‌وه‌ی له ڕووی ئیستاتیكی و مه‌عنه‌وییه‌وه پێویسته به‌و زمانه ده‌رببڕدرێت و بۆ شوناسی ئه‌و گه‌لانه پێویست بووه، كاریگه‌ریی به‌رچاوی هه‌بووه. ئه‌م ڕاستییه له دواكه‌وتنی نووسین به زمانی كوردی، به ته‌واوی ده‌بینرێته‌وه.
كه‌واته له‌گه‌ڵ باڵاده‌ستكردنی به‌لاغه له‌ناو كولتووریی عه‌ره‌بی/ئیسلامی‌دا، ڕێخۆشكهرییهك ڕوویداوه و میكانیزمه‌كانی ترساندن و دهستپێههڵگرتنی گه‌لانی به مسوڵمانكراو له زمانی خۆیان، به سووك و بێهێز ته‌ماشاكردنی زمانی داییكی و له پێشچاوكهوتنی، هاوكات به په‌نابردنی ئه‌م گه‌لانه بۆ زمانی “ده‌وڵه‌مه‌ند” و “بێ نمونه و “پڕ ئیعجازی”ی عه‌ره‌بی، وه‌ك زمانی “سه‌رده‌سته”یی و “پیرۆز”، ده‌ستی پێكردووه. به‌مجۆره‌ش به‌لاغه له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه مههارهتێكی زمانییه‌وه، ده‌بێته هۆكارێكی دهسهڵاتمهندانهی گوشارخستنه‌سه‌ر زمانانی دی، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه، هاوكات به ڕه‌سمییه‌تپێدانی ئیداریانه‌ی ئه‌م زمانه له شوێنه داگیركراوه‌كان، یان شوێنه به زۆر مسوڵمانكراوهكان[28]. لێره‌شه‌وه چۆن غه‌زووی ئیسلامی له ڕووه سیاسییه‌كه‌یه‌وه، كۆتایی به فره كولتووری و فره نه‌ته‌وه‌یی ده‌هێنێت و چه‌مكی (ئوممه‌ت) ده‌كاته شوناسێكی گشتمهند (Total)، به‌سه‌ر گه‌لانی غه‌یره عه‌ره‌به‌وه، ئاواش ده‌زگا ئایدیۆلۆژییه/جوانیناسانهكهی كه به‌لاغه‌یه، كۆتایی به فره زمانی و فرهگوزارشكردن و فره‌ڕه‌نگی ده‌هێنێت و هاوكات به پراكتیكردنی تۆتالیتاریزمێكی سووپایی، تۆتالیتاریزمێكی كولتووری و زمانیش ده‌كه‌وێته گه‌ڕ.
لێره‌دایه، پێده‌چێت شاعیرانی ژێرده‌سته‌ی مسوڵمانی نێو چوارچێوەی کولتووری (عه‌ره‌بی/ئیسلامی)، یان (فارسی/ئیسلامی) و (عوسمانی/ئیسلامی)، له‌وانه‌ش كورده‌كان، بۆئەوەی دانیان پێدابهێنرێت، له بازنه‌كه‌دا بمێننه‌وه، یان خۆیان له‌گه‌ڵ باڵاده‌ستی دۆخه سیاسییه/ ئایدیۆلۆژییه، بهلاغییهكهدا بگونجێنن، یان خۆیان بسه‌لمێنن، یان هه‌ر خۆیان به شاربهردهركردن نه‌ده‌ن، توانایەکی زۆریان بە خەرج دابێت بۆ ئەوەی لەکاری خۆیاندا وا پێشانی دهسهڵاتهباڵا سیاسیی و كولتوورییه‌كه‌ی بدەن کە ئەمانیش شارەزاییەکی تەواوی بەلاغەی عەرەبین و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه دان بنێن به باڵاده‌ستیی و پیرۆزیی زمانی عه‌ره‌بیدا و ئینیتمایان بۆ زمانی قورئان و ملكهچییان بۆ مه‌رجه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن به‌پێی پێوه‌ره زه‌وقییه عه‌ره‌بی/ئیسلامیه‌كه، پیشان بده‌ن و بیسه‌لمێنن.
به‌مجۆره‌ش، شیعری به زمانی داییكی نووسراو، له سه‌رده‌مه‌كانی باڵاده‌ستیی مه‌رجه بهلاغییهكاندا، گرنگیی زۆر تایبه‌تی بۆ من هه‌یه، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌و شاره‌زاییه زۆره‌ی شاعیرانی غه‌یره عه‌ره‌ب، له‌وانه‌ش كورده‌كان، له به‌لاغه‌دا هه‌یانبووه، به‌ڵكو ڕێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بزانین له‌و دیو به‌لاغه‌وه و له‌گه‌ڵ به‌لاغه و له غیابی به‌لاغه‌دا چۆن گوزارشتیان له خودی خۆیان و شوناس(identity)ی خۆیان كردووه. ئه‌مه‌ش واده‌كات ڕوانگه‌ی خۆمان بۆ ئه‌م شیعره له‌و شوێنه‌وه كه به‌شێكه له مێژووی ئه‌ده‌بیاتمان و به شێوه‌یه‌كی بابه‌تی لێی بكۆڵێنه‌وه، بگۆڕین بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه به‌شێكه له شوناسی خودیانه‌ی ئێمه و شاعیران له‌ناویدا هه‌وڵه‌كانی خۆیان بۆ جێهێشتووین كه وه‌ك كه‌سانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز، خه‌باتیان له پێناودا كردووه به به‌كارهێنانی ئه‌و مه‌رجه سهردهستهییانهی ئه‌ویتر له‌پێشی داناون و ئه‌وانه نه‌یانتوانیوه لێیان ده‌ربچن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌لێك جار درزێك له‌شێوه‌ی سهرهتاتكێیهكدا بۆ خۆ به‌رجه‌سته‌كردن له‌ودیو پێوه‌ره بهلاغییهكانهوه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌م درزه بۆ ئێمه گرنگی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ئه‌م درزه درزی په‌یوه‌ندی و درزی گفتوگۆیهكیتره له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیرانه، كه ده‌بێت له‌و زیندانه بهلاغیه بهێنرێنه ده‌ره‌وه.
گرنگیی نالی له په‌راوێزدا:
گرنگیی شاعیرێكی وه‌ك نالی بۆ من له‌وه‌دا نیه كه چیتر پێویست بێت بیسه‌لمێنین چۆن ئه‌م شاعیره‌مان “ئه‌سپی خۆی له بواری سه‌نایعی به‌لاغیدا تاو داوه”، هیچ بۆ من گرنگ نیه شتێك بڵێم له‌باره‌ی شاره‌زایی نالی له زمانی عه‌ره‌بی و ڕۆشنبیریی مسوڵمانانه‌ی ئه‌و و هونه‌ركاریی شیعریانه‌ی ئه‌و له چوارچێوه بهلاغیهكهدا به هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه. ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه ئه‌و به‌شه‌یه له نالی، ئه‌و سهرهتاتكێكردنهیهتی له‌گه‌ڵ شوناسی خۆیدا، ئه‌و خۆدزینهوهیهتی له كولتووریی باڵاده‌ستی عه‌قیده‌تی و ئایدیۆلۆژیی عه‌ره‌بیانه، ئه‌و پێخستنه ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وه حه‌رامانه‌ی كه ئه‌و خۆی تێدا بینیونهتهوه و زمانی سه‌رده‌سته و ده‌زگا ئێستاتیكیهكهی مۆڵه‌تیان به هێنانهدهنگیان نه‌داوه و ئه‌و له زمانی كوردیدا گوزارشی لێكردون. بۆ من نالی ناو چوارچێوه ستاندارده‌كه هیچ گرنگ نیه، وه‌ك مسوڵمانێك و مه‌لایه‌ك گرنگ نیه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی نالی ناو په‌راوێز و نالی ڕیزپه‌ڕ و نالیی جیاواز گرنگه.
”بۆ من نالی ناو چوارچێوه ستاندارده‌كه هیچ گرنگ نیه، وه‌ك مسوڵمانێك و مه‌لایه‌ك گرنگ نیه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی نالی ناو په‌راوێز و نالی ڕیزپه‌ڕ و نالیی جیاواز گرنگه.“
نالی بۆچی له په‌راوێزدا گرنگتره وه‌ك له خولگه و چوارچێوه‌ی ستاندارده چاوه‌ڕوانكراوه بهلاغییهكهدا؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه نالی په‌راوێز ده‌كاته پنتی جیاوازیی و له‌و جیاوازییه‌دا ئه‌و شته تایبه‌تییه‌ی كه شوناس به ئه‌و، وه‌ك كوردێك ده‌یبه‌خشێت، دێته قسه، كه كولتووری سه‌رده‌سته، ئایدیۆلۆژیاكه‌ی، ئایینه‌كه‌ی و زمانه‌كه‌ی بواری ناداتێ و به پێی بنه‌ما شه‌رعی و ستاندارده زهوقییهكه قه‌ده‌خه‌ی كردووه، یان به‌و ئاشكراییه قسه‌ی له‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو وه‌ك شتێكی نامۆ و بێزراو، به‌كه‌م گیراو، به زه‌وق و بیركردنه‌وه‌ی باڵاده‌ست، ده‌ستنیشانی ده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و ڕاستییه مێژووییه‌ی كه ئه‌م زمان و كولتوور و ئایدیۆلۆژیا (دورگه‌ییه عه‌ره‌بیه ئیسلامیه)، پابه‌ندی شوێن و كه‌شی جوگرافایی خۆیه‌تی كه لێوه‌ی سه‌ریهه‌ڵداوه و به هۆیه‌وه تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر جیهان و ژیان و كولتووری خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێت، كه جیای ده‌كاته‌وه له شوێن و ژینگه و كولتوورێكی دی كه به‌زمانێكی دیكه گوزارشی كردووه له خۆی.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نالییه له په‌راوێزدا، بناسین پێویسته ڕه‌خنه‌ی به‌لاغه بكه‌ین و وه‌ك فیلته‌ر و دیوارێكی جیاكه‌ره‌وه بیبینین، یان وه‌ك ئامرازێكی ئایدیۆلۆژی و زه‌وقی و وه‌ك ستاندارێكی گشتێنراوی سه‌پێنراو بیناسینه‌وه[29]، كه زه‌وقی عه‌ره‌بی/ئیسلامیانه به‌سه‌ر گه‌لانی غه‌یره عه‌ره‌ب و به‌زۆر مسوڵمانكراودا ده‌سه‌پێنێت و به‌هۆی كۆمه‌ڵێك بنه‌ماوه كه هه‌موویان له زمانی عه‌ره‌بی و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی زمانی قورئانه‌وه وه‌رگیراون، كۆمه‌ڵێك بنه‌ما ده‌خاته لاوه كه له تایبه‌تمه‌ندیی زمانانی دیكه‌وه هاتوون. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م زمانانه زمانی باڵاده‌ست و به پێی تێگه‌یشتنه عه‌ره‌بی/ئیسلامییه‌كه: “پیرۆز” نین، بێبه‌ش ده‌كرێن له به‌رجه‌سته‌كردنی تایبه‌تمه‌ندیی و توانایی و ئیمكانیه‌ته ناوه‌كییه‌كانی خۆیان بۆ داهێنان و گوزراشكردن.
لێره‌دایه دەبێت شک و گومان و جۆرێک لە ڕەخنە دەست پێ بکەین بۆئەوەی لەودیو بەلاغەوە، لەودیو هەیمەنەی دەزگای بەلاغییەوە بتوانین نالی وەک کوردێک له په‌راوێزدا بناسینەوە. جا ئەگەر ئەمە نەفەسێکی تێدابێت بۆ دووبارە ناسینەوەی نالی وەک کوردێک، وەک ئینسانێک، بەدڵنیایی پێویستمان بەوە هەیە پەنا بۆ میتۆدگهلێكی دیكه ببه‌ین، كه من به درێژایی ماوه‌یه‌ك و له (كتێبی نالی)دا كارم پێكردووه، ئه‌ویش میتۆدیی هێرمنۆتیكانهی توێژینه‌وه‌یه، كه به بنه‌ماگرتنی ئه‌زموونی سۆبژهكتیڤانه و هه‌ڵپه‌ساردنی كۆی مانا میراتیی و بۆماوه‌ییه‌كان، به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی مانای دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێت. له‌م زهمینهیهدایه كه ده‌مه‌وێت زۆر به كورتی ئاماژه‌یان پێبده‌م كه به‌ده‌ستكه‌وتی توێژینهوهكانمی ده‌زانم و لێره‌دا وه‌ك پێشنیار بۆ توێژه‌رانی گه‌نجی وڵاته‌كه‌م ده‌یانخه‌مه پێشچاو تا به ورده‌كاریی زیاتره‌وه كاری میتۆدیكی زیاتریان له‌باره‌وه بكه‌ن:
یەکەم: جێهێشتنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی حه‌رام:
من له‌و بڕوایه‌دام نالی یەکێك لەو شاعیرانەیە کە توانیویەتی قەڵەمڕەوی ئەوەی کە لە شەریعەتی دینیی ئەودا بە (حەرام) دەستنیشان کراوە و نابێت لە ئەدەبیاتی بەرزی کلاسیک‌دا باس بکرێت و بابەتی توێژینەوەی بەلاغییش نییە، ئەویش قەسیدهكهیهتی بۆ مەستوورە کە تیایدا به پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵێك شیكردنه‌وه‌ی شه‌رمن و سه‌پاندنی میزاجیانه به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه، ستایشێکی بەرزی ئیرۆتیک، و پەیوەندی ئێرۆتیکیانەی (منego:) به (خۆی self:)ـه‌وه و ئاره‌زووی (نێر) و (مێ) بەیەکترەوە و (من) بۆ (ئه‌ویتر) دەکات. له‌م په‌یوه‌ندیانه‌دا، جگه له ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كه‌ی، ڕه‌هه‌نده فه‌لسه‌فی و سایكۆلۆژییهكهش بایه‌خێكی تایبه‌تیان هه‌یه و شیعری نالی ده‌كه‌نه بابه‌تی توێژینه‌وه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند. نالی به‌م كاره‌ی گورزێکی گەورەی وەک کوردێک وه‌شاندووه، کە دەریچەیەکی دۆزیوەتەوە تا ئەو جیاوازییە دەربخات کە ئەو جیا بکاتەوە لە شاعیرانی دیکەی هاو دینی خۆی، له كولتووری باڵاده‌ستی سه‌رده‌می خۆی و له ده‌سه‌ڵاتی حه‌رامكه‌ر و شهرعییهتپێدهرهكهی، كه به‌لاغه‌یه.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه زهیینییهتی ناو ده‌قه‌كه‌ی نالی ده‌بینین، ئه‌و بابه‌ت و چه‌مك و وشانه‌ی له په‌یوه‌ندییان به جه‌سته‌ی نێر و مێ و بۆ وه‌سفكردنیان به‌كارهاتوون، هه‌ڵگری گه‌لێك خه‌سڵه‌تی تێگه‌یشتنی مۆدێرنن له مرۆڤ. هه‌ر ئه‌وه‌ی كه نالی له‌م ده‌قه‌دا مه‌ستووره به (ناوی تایبه‌ت) بانگ ده‌كات، نه‌ك له‌سه‌ر نه‌رێتی باو، به (ژن)، یان (هاسه‌ر)ی ئه‌م و ئه‌و، یان وه‌ك سه‌رمایه‌ی عه‌شره‌ت و كه‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌ك، بۆخۆی قسه‌گه‌لێكی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. له‌م ده‌قه‌دا مه‌ستووره وه‌ك (كه‌سێك)، نه‌ك وه‌ك پاشكۆیه‌ك بۆ كهسێكیتر، یان به‌هۆی پاشگر و پێشگره سه‌به‌بی و نهسهبییهكانهوه، ناوی ده‌برێت. تاكایه‌تی به‌خشین به مه‌ستووره وه‌ك ژنێك و هێنانه‌قسه‌ی به زمانی خۆی، له خۆیدا هه‌ڵگری ئه‌و تێگه‌یشتنه به‌رزه‌ی نالییه له جیاكردنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س له ئینتیماكانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی و تێگه‌یشتن لێی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی دانسقه و بێ نمونه، كه ئه‌مه دیوێكی ئاكاریانهی به‌رزیشی هه‌یه و خۆی له دانپیانان به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ویتردا ده‌بینێته‌وه.
له‌لایه‌كیتره‌وه، به‌ده‌نگهێنانی مێیه‌تی و گوێگرتن له په‌یامه‌كانی كه هه‌رچه‌نده‌ش به‌هانه‌كه‌ی نالی ئه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ی باسی ده‌كات له خه‌وندا بووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و به‌ده‌نگهێنانی مێیینه‌یه له كۆمه‌ڵگایه‌كی مێیینه داپۆشهردا، بوێرێكی زۆری ده‌وێت. ئه‌مه وێڕای جیاكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی نێر و مێی و وه‌سفیی ئه‌ندامه سێكسی و قه‌ده‌خه‌كراوه‌كانی جه‌سته، بۆخۆی ده‌ستكه‌وتێكی كولتوورییه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه هیچیش ڕووی نه‌دابێت و گرنگیش نییه ڕوویدابێت. به‌ڵكو گرنگ له باسكردنیایهتی و شكاندنی تابۆیه‌كی سانسۆركهر له‌سه‌ر جه‌سته.. مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ جه‌سته و ئه‌ندامه قه‌ده‌خه‌كراوه‌كانی وه‌كئه‌وه‌ی كه هه‌ن، به‌بێ حسابكردن بۆ هیچ سانسۆر و شه‌رمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی، له‌سه‌رده‌می نالی‌دا، مامه‌ڵه‌كردنێكی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی جه‌سته‌یه و هه‌وڵدانێكه بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی باوی كولتووری كه مامه‌ڵه‌یه‌كی سانسۆركراو له‌گه‌ڵ جه‌سته و ئه‌ندامه‌كانی ده‌كات و دایان ده‌پۆشێت. ئه‌م هێنانه ده‌ره‌وه‌یه‌ی جه‌سته له دۆخی داپۆشینییهوه بۆ دۆخی ڕووتبوونه‌وه‌ی، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نالیانهیه، كه هه‌ڵگری زهنییه‌تێكی كراوه و بوێر بووه، ئه‌مه‌ش به‌به‌راوورد به ڕوانگه فه‌لسه‌فیی و ئایینیی و كولتوورییه‌كان بۆ جه‌سته، نه‌ك هه‌ر له ڕۆشنبیری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وسادا، به‌ڵكو به بهراووردیش به ڕۆشنبیرییی خۆرئاوای ئه‌و سه‌رده‌مه..
بۆیه قەسیدەی مەستوورە تەنیا بەرهەمهێنانێکی بەلاغیانەی ده‌قێكی ئەدەبیی نییە، ڕاوه‌ستان و سنگ ده‌رپه‌ڕاندن بهرهنگاریێكه لەبەرامبەر گوتاری زاڵی باڵادەست، کە لەسەر مەبدەئی (حەڵاڵ) و (حەرام)، (دەبێ) و (نابێ)کانی ڕوانگە دینی و كولتووریی و شەریعییەکانەوە ئیش دەکات و خۆی ده‌سه‌پێنێت و هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی نالی بووه بۆ خوڵقاندنی گوتار و ئه‌زموونێكی نوێی شیعری[30].
ئەم ڕاوه‌ستان و سنگ ده‌رپه‌ڕاندن و به‌ره‌نگارییه، بۆ ئەو سەردەمەی نالی دەستکەوتێکی گەورەیە کە بەداخەوە شەرمی کوردییانەی ئێمە، خۆ بهكهمزانیمان و ئینتیمای ناچارهكیمان به ئایینه‌وه و زۆریی ئایینداران لە کوردستان كه ئاییندارییان كردۆته جه‌نگه‌ڵێك له میزاجی تاكه‌كه‌سی و هه‌روه‌ها کەمیی ئیمانداران و لاوازبوونی دین وه‌ك پرانیسیپ، وێڕای نوزهیهكی نه‌زۆكی فیمینیزمگهرایی[31]، كه هه‌ر خێرا هه‌ڵوێستێكی ئایدیۆلۆژیی له ئاست ئه‌م جۆره ده‌قانه‌دا وه‌رده‌گرێت و به‌پێی كڵێشه‌یه‌كی ئاماده‌كراو، به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هزری پیاوسالارییان ده‌زانێت، وایانكردووه ئەم قەسیدەیە هەمیشە پەردەپۆش بکرێت و حەقی خۆی وەرنەگرێت، یان به لاڕێدا ببرێت و له ڕێگه‌ی شیكردنه‌وه‌یه‌كی شێوێنراوهوه، كه‌سایه‌تی نالی بخرێته ژێر پرسیاره‌وه، كه مانای قه‌سیده‌كه ڕێگه‌ی ئه‌وه نادات، ئه‌گه‌ر سه‌پاندنی میزاجیانهی مانای ئاماده نه‌بێت به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌دا.
واته ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی گوتاری كولتووری باڵاده‌ستی سه‌رده‌می نالی ده‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌دا بیكات، له ژێر ناویتر و به به‌هانه‌ی دیكه له ئه‌مڕۆدا له‌گه‌ڵی ده‌كرێت. بە بڕوای من، خوێندنەوە نوێکان، بەتایبەتی نه‌وه‌ی زانکۆ تازه‌كان، کە ده‌ستیان به‌سه‌رچاوه‌ی بیانی و تیۆره نوێیه‌كانی شیكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بیی ده‌گات، دەبێت لەخەمی ئەوەدا بن بە مەنهەجی تازە، قسە لەسەر ئەدەبیاتی جێکەوتووی ئێمە، کلاسیک بکەن و ئاوڕێک لەم بابەتە بدەنەوە. به‌مجۆره‌ش، نالی ده‌مانخاته به‌رده‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی مهنههجییش تا ئه‌و به‌شه له هزر و كه‌سێتی ئه‌و ببینین كه به‌لاغه دایده‌پۆشێت و ڕێگه به ده‌ركه‌وتنی نادات له‌به‌ر ئه‌و سنوورانه‌ی به‌به‌هانه‌ی جۆربه‌جۆر بۆ شاعیری داناون. لێردا ده‌بێت ئه‌و خاڵه گرنگه به‌یاد بهێنمه‌وه، كه چۆن گوتمان زانینی بهلاغیانه داناییه‌كی سنوورداره، ئاواش ده‌بێت بگوترێ ئازادیی له به‌لاغه‌دا پابه‌ندی سنووره‌كانی به‌لاغه خۆیه‌تی، به‌ڵام ئازادیی بۆ نالی ده‌رفه‌ت ڕهخساندنێكی به‌رده‌وامه بۆ به‌دیاركه‌وتنی مرۆڤناسییهكی فراوانتر له‌وه‌ی ڕێگه‌پێدراوه.
دووەم: فراوانکردنی هیومانیزم:
هیومانیزم یان مرۆڤباوه‌ڕی، بۆخۆی چ لە کلتوورەکانی یۆنان، چ لە ڕۆمی و چ لە دواتریشدا وه‌كئه‌وه‌ی له كولتووری ئەوروپییدا ده‌بینرێته‌وه، مێژوویەکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام مرۆڤنۆڕی و مرۆڤباوهڕیی نالی بۆ سەردەمی خۆی، لە کۆنتێکستی کوردبوونی نالی‌دا دیسان دەستکەوتێکی زۆر مەزنە، كه له قه‌سیده‌كه‌یدا بۆ (كه‌ر)، و له چه‌ند كارێكی دیكه‌یدا سه‌باره‌ت به سرووشت و باڵندان و گه‌ردوون، ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. نالی یه‌كێك له‌و شاعیره هه‌ر ده‌گمه‌نانه‌ی ئێمه‌ی كه ڕوانگه‌كانی بۆ مرۆڤ، ئاژه‌ڵ، باڵندان، سرووشت، دار، به‌رد، ئاو، خشۆك، گیاندارانی دڕنده و هتد، ئه‌وه‌نده نه‌رم و نیانه، ناچارت ده‌كه‌ن به جۆرێكی دیكه له‌و گیانهوارانه بڕوانیت. شاكاره‌كه‌ی له ستایشی كه‌ردا، به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرای ئه‌م بۆچوونه‌ی ئێمه‌یه. ئەم قەسیدەیەی بۆ کەر، بۆ رزگارکردنی کەر لە کەرایەتی بە فۆرمە باوە كولتووریهكهی و وه‌سفكردنی مێیاننهی كه‌ر و سه‌ندنه‌وه‌ی (زه‌كه‌ر) له‌م ئاژه‌ڵه كه پێوه‌ی ناسراوه، هه‌روه‌ها له‌وانه‌ش گرنگتر: دۆزینەوەی جەوهەرێکی هاوبەشی حەیوانی، لەبەینی ئینسان و ئاژەڵدا، و نەترسان لەوەی، به‌پێی کۆنتێکستی مێژوویی و کلتووریی و ئایدیۆلۆژیی ئایینی، قسە له‌سه‌ر ئاژه‌ڵێك بكه‌یت، كه “نمونه‌یه‌كی به‌رز” نیه و ڕێگه‌پێدراو نیه به مرۆڤی به‌راوورد بكه‌یت، بوێریی و حساب نهكردنێكی بوێرانه‌یه له لایه‌ن نالییه‌وه كه شاره‌زای هه‌موو ئه‌و قهدهخهشكێنیانه بووه، تا له ڕوانگه‌ی ئایینییه‌وه له‌سه‌ری نه‌بێته (گوناه).
به‌مجۆره بەرجەستەکردنی ئاژەڵێک كه لەڕووی مێژوویی و لەڕووی کلتووری و له ژیانی ڕۆژانەدا، بۆ پێوانەکردنی (نزم) بە (بەرز)، (عاقڵ) بە (ناعەقڵ)، (مرۆڤ) به (كه‌ر)، ده‌رچوونه له تێگه‌یشتن و ڕوانین كولتووریی باوی جێگرتوو[32]. بۆیە دەستبۆبردنی نالی بۆ ئەم نمونه‌یه جگه له‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌می خۆی جۆرێك له سەرکێشیی و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئاژه‌ڵدۆستانه‌ی تێدایه، ئاواش به‌خشینی زمان بە ئاژەڵ و هاوتاكردنی مرۆڤ به كه‌ر، تازه‌گه‌رییه‌كی بێنموونهیه. ڕێك ئا لێره‌شدایه كه نالی به‌مكاره‌ی ئه‌و مرۆڤدۆستییه مرۆڤ سه‌نته‌ره جێده‌هێڵێت و له هیومانیزمدا جێگه‌ی ئاژه‌ڵ (به مه‌رجه بایۆلۆژییه‌كانی و بیچمی خۆیه‌وه) ده‌كاته‌وه، نه‌ك وه‌كئه‌وه‌ی نزمتره له مرۆڤ، یان له خزمه‌تی مرۆڤدایه، یاخود بوونێكی په‌راوێزی هه‌یه و جێی به‌زه‌یی مرۆڤه، جا ئه‌مه له مرۆڤبوونێكی له ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه بێت، یان له به‌زه‌ییه‌وه، یان له ترسی خودایه‌ك بێت.
ئه‌م فراوانكردنی هیومانیزمه، نه‌ك به به‌رجه‌سته‌كردنی توانای مرۆڤ بۆ هاوچهشندۆستی، به‌ڵكو به جێكردنه‌وه‌ی (ئه‌ویتر) له كه‌نار و له هه‌مان ئاست و پێگه‌ی مرۆڤدا، ده‌ستكه‌وتێكی هیومانیستانه‌ی (نالی)یه و ته‌بایه له‌گه‌ڵ سرووشتویستی و نه‌رێتی مامه‌ڵه‌كردنی كوردیانه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه له گه‌ردووندا[33]. بێگومان ئه‌مه‌ش له سه‌رده‌مێكی ئه‌وتۆدا، كه نه‌رێتی فه‌لسه‌فیی و ژینگه پارێزی و ئاژه‌ڵدۆستی له جیهانی هاوكاتی نالی‌دا، زۆر لاوازه، یان هه‌ر له سه‌ره‌تادایه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ی نالی وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی هیومانیستیانه ببینین، ئه‌وه هه‌لێكی باشی توێژینه‌وه‌مان ده‌خاته به‌رده‌م بۆ ئه‌وه‌ی نالی وه‌ك شاعێرێكی كوردی مسوڵمان، به‌ڵام ده‌رچوو له كولتووری ئیسلامیی باو، بخه‌ینه ناو ڕه‌وتی هیومانیزمی سنووردارانه‌ی خۆرئاواییه‌وه به تایبه‌تمه‌ندییه كورییهكهیهوه له تێڕوانینیدا بۆ ئاژه‌ڵ به گشتی و بۆ كه‌ر وه‌ك ئاژهڵیكی تانه‌لێدراوی به‌كه‌م گیراوی سووك تهماشاكراو، به‌تایبه‌تی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی نالی، هه‌ڵگری ڕه‌خنه‌یه‌كی شاراوه‌ی ناوه‌كیه له هه‌ر هیومانیزمێك، كه مرۆڤ وه‌ك سه‌نته‌ری سه‌ره‌كیی خۆی ته‌ماشا ده‌كات، هاوكات به خستنه‌ڕووی ڕوانگه‌یه‌ك له‌سه‌ر مرۆڤ به هاوشانی مه‌عنه‌وی و كهرامهتدار له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ: كه‌ر.
سێیەم: دروستكردنه‌وه‌ی شوناس: دەستکەوتێکی دیکەی نالی بۆ من، مەسەلەی شوناسە، لێرەدا من وشه‌ی شوناس بە مەفهومی پرۆسەیەکی مەعنەوی بەکاری دەهێنم. ئادینتیتی (identity)، نەک بە مانای پێناس (Id Card)، ئایدی کارد یان پێناسە، چوارچێوەیەکی ماتهریاڵیانهی كاغه‌زیی و كهپسكراوی ئیداریانەی ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هەر یەکێک لە ئێمەیە[34]. ئەم پێناسانە هەندێک لە تایبەتمەندییە کەسییەکانی ئێمە به‌شێوه‌یه‌كی نه‌گۆڕ لەخۆیان دەگرن، وه‌ك ساڵی له دایكبوون، دۆخی ژیان: (تاكی، جوتهكی)، ڕه‌نگی چاو، پێست و هتد. بەڵام ئەمانە تایبەتمەندییەکانی ئایدینتیتی، یان شوناسی ئێمە نین[35]، چونکە شوناس پرۆسەیەکی بەردەوامە لە هەوڵدانی ئینساندا بۆ بەرهەمهێنانی داناییه‌كی تەندروسست لەسەر خۆی[36]، ئه‌م داناییهش ڕه‌هه‌ندی (جه‌سته‌یی، جێنده‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌گرێته‌وه[37]. هه‌روه‌ها شوناس به مانای هه‌وڵدانی مرۆڤیش بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌فتاری ئه‌وانیتریش دێت به‌و جۆره‌ی كه خۆیان له ئه‌زموونه‌كانیاندا ده‌ژین. به‌م پێیه‌ش، شوناس دروستكردن بۆ تاكه‌كه‌س، له هه‌مانكاتیشدا ده‌ریچه‌یه‌كه بۆ تێگه‌یشتن و هاوژینی له دۆخی كهسانیتریشدا[38].
پڕۆژه‌ی نالی پێش هه‌موو شتێك پڕۆژه‌یه‌كی زمانیه، كه زمان له هه‌ر بابه‌تێكی دیكه نزیكتر و پهیوهستتره به شوناسه‌وه، چونكه زمان به‌شێكی گرنگی شوناس خۆیه‌تی. زمانی نالی زمانێكی خودهووشیاره به‌وه‌ی كه ئه‌و كێیه و سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌ك و له چ مێژووییه‌كه‌وه هاتووه. جگه له‌وه‌ش هووشاریشه به گرنگیی زمان له په‌یوه‌ندیدا به خود (self) و چۆنێتی به‌رجه‌سته‌بوونی خودێتیی (subjectivity) له زماندا. نالی لەو قەسیدەیەدا کە دەڵێت: (“تەبعی شەکەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا/ ئیمتیحانی خۆیه مه‌قصودی له عه‌مدا وا ده‌كا”)، كۆی ئه‌م په‌یوه‌ندیی و گرنگییانه پێكه‌وه باس ده‌كات. بگره ئه‌م شیعره له‌گه‌ڵ چهندانیتریدا، پڕۆژه‌ی سازكردنه‌وه‌ی ڕۆحیی شوناس و نه‌ته‌وه‌ن له ڕێگه‌ی زمانه‌كه‌یه‌وه. هه‌ر له‌م به‌یته‌دا، وشه‌كانی وه‌ك: (ته‌بع)، (من)، (كوردی)، (ئینشا)، (خۆ)، ده‌لاله‌تی ته‌واوی ئه‌و ڕاستییه به‌یان ده‌كه‌ن، كه ده‌بێته گوتاری سه‌رجه‌می شیعره‌كه. نالی له ڕێگه‌ی ئه‌م وشانه‌وه شتێك بینا ده‌كاته‌وه كه سنوورێكی له‌به‌رده‌مدا هه‌یه: زمانانی دیكه‌ی سه‌رده‌سته. ئه‌و شته‌ش زمانی كوردی خۆیه‌تی: لێره‌دایه كوردی وه‌ك زمان ده‌بێته ده‌فرێك بۆ ئه‌وه‌ی سرووشت و خوو و ته‌بعی منێك دابڕێژێت (ئینشا) بكات، تا خودێتییهكهی بخاته به‌ر تاقیكردنه‌وه. پێویسته خود بخرێته به‌رده‌می ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌بعی (من) به كوردی خۆی دابڕێژێته‌وه. ئه‌م ڕێكخستنه زمانیه هه‌رچه‌نده بهلاغیانهیه، به‌ڵام ناچێته خزمه‌ت به‌لاغه‌وه وه‌ك به‌شێك له شوناسی عه‌ره‌بی/ ئیسلامیی، چونكه ئامانج له گوتاری شیعره‌كه به‌رجه‌سته‌كردنی كوردیانه‌ی خۆیه‌تی له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی زمانی كوردییه‌وه. لێره‌دا به‌لاغه ناچێته‌وه خزمه‌ت زمانه پیرۆز و سهردهستهكهی خۆی، به‌ڵكو ده‌چێته خزمه‌ت جیاوازییه‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت..
کافکا هەمان حاڵەتی نالی هەبوو، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی نالی: دۆلۆز شیكارییه‌كی زۆر جوانی کافکای کردووە، دەڵێت: کافکا نه‌یده‌توانی به زمانی (یدیش) بدوێ كه زمانی یه‌هوودییه‌كان بوو، زمانی (چیكی)یش بۆ ئه‌و جگه له زمانێكی فه‌رمیی و ئیداری و ئاخاوتن شتێكی‌تر نه‌بوو[39]. به‌ڵام زمانی ئه‌ڵمانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا زمانی كولتوور و سه‌رده‌سته‌ی ئه‌و كاته‌ی چیكۆسلۆڤاكیا بوو، كه كافكا هه‌وڵیدا به چنگهكڕێ خۆی له‌ناو ئه‌م زمانه‌دا هه‌ڵكۆڵێت.
”نالی زمانی كوردی و كافكا زمانی ئه‌ڵمانی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی (خۆ)ی تیدا به‌رجه‌سته بكات.“
كافكا زۆر هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدا بووه، نالییش به‌هه‌مان شێوه. كافكا ده‌یتوانی به زمانی چیكی بنووسێت، خۆی فێری یدیش بكات، یان به زمانێكی دیكه بنووسێت. نالیش ده‌یتوانی به عه‌ره‌بی، فارسی، توركی بنووسێت، یان هه‌ر به كوردی نه‌نووسێت. به‌ڵام نالی زمانی كوردی و كافكا زمانی ئه‌ڵمانی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی (خۆ)ی تیدا به‌رجه‌سته بكات. به‌مجۆره‌ش كافكا وه‌ك یههوودییهك، كهمینهییبوونی خۆی له له زمانی ئه‌ڵمانیدا به‌رجه‌سته ده‌كات. ئه‌مه جۆرێكی سه‌رنجڕاكێشی ململانێیه: كافكا ده‌چێته جه‌نگی زمانی ئه‌ڵمانی و ئه‌وه‌ی كه له‌م زمانه‌دا یاساخه له‌سه‌ر یه‌هوودییه‌كان بگوترێت، ئه‌و له كاره‌كانیدا و به ئه‌ڵمانی ده‌یڵێت. ده‌نگی یههوودیبوون و مه‌حروومییه‌تی جیاوازی له زاری زمانی مهحروومكهر و بێدهنگكهرهوه دێته قسه! لێره‌وه كافكا چ وه‌ك یههوودییهك و چ وه‌ك هاوڵاتییه‌كی چیكی زۆر زیرەکانە توانی سوود لە ئیمکانیاتی ستانداردی زمانی ئەڵمانی وەربگرێت بۆئەوەی یەهوودیبوونی خۆی و چەوساندنەوەی خۆی، واتە؛ بە بەجێهێشتنی زمانی دایکی (یدیش)، و پەنابردن بۆ زمانی دەسەڵات، توانی شوناسی یەهودیبوونی خۆی بەرجەستە بکات.
نالی ڕێک پێچەوانەی کافکای کردووە: نالی بە ڕەتکردنەوەی زمانی سەردەستە به گشتی و زمانە سەردەستەکانی وەک؛ عەرەبی، فارسی و تورکیی عوسمانی، توانی زمانی کوردی بهێنێتە پێشەوە و بیكاته میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ نه‌ك پاشكۆیی و له په‌راوێزدا. بۆیە “تەبعی شەکەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا”، ئامانجێكی تێدایە، کە ئەویش هه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی خودێتی خۆیەتی و هەم ئاستێکی بەرزی هۆشیاریی نالییە بۆ کوردبوونی خۆی، كه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانێت له خۆیدا ئازاد بێت و له سه‌رده‌سته‌یی زمانهكانیتریش، ڕزگاری بێت. بۆیه نالی له زماندا چه‌كێكی ڕزگاركه‌ر و ده‌سه‌ڵاتێكی ئازادكه‌ر ده‌بینێت.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر زمانێكی جیاواز له زمانی ده‌سه‌ڵات، نا سه‌پێنراو، نائایدیۆلۆژی و له ڕووی زهوقییهوه سۆبژهكتیڤ هه‌یه، ده‌بێت ئه‌م زمانه بێته مه‌یدانه‌وه تا شه‌ڕی زمانه‌كانی ده‌سه‌ڵات، زمانی سه‌پێنراو، ئایدیۆلۆژی و گشتێنهری زهوقیكی بابه‌تی و ده‌ره‌كی بكات. ئه‌مه ته‌نیا ڕێگای تاقیكردنه‌وه‌ی خودێتیی و ته‌نیا هه‌لێكه بۆ زمانی كه‌مینه و په‌راوێزی تاكو چێژی ئازادیی له سه‌ربه‌خۆیی خۆیدا بچێژێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕووخساری خۆی له‌ناو ئاڵ و واڵای زمانێكی دیكه‌دا، به هه‌ر هۆكارێك (پیرۆزبوونی ئه‌و زمانه، باڵاده‌ستبوونی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی و هتد..)، بڕازێنێته‌وه، به‌ڵام جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بشاردرێته‌وه. نالی له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا په‌رده‌ی له‌سه‌ر ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕووخساره شاراوه‌یه هه‌ڵداوه‌ته‌وه تا ئێمه جه‌سته ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ببینین..
ئه‌نجام:
بۆ گه‌یشتن به‌م سێ خاڵه و شتی دیكه‌ی له‌م جۆره، ته‌نیا شییكردنه‌وه‌ی بهلاغیانهی تێكستی شیعری دادمان نادات. به‌لاغه بۆخۆی هه‌م ده‌سه‌ڵاتێكی سنوورداركردنی مانای شیعر و هه‌م گوتارێكیشه له پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌م ئاستێكی جیهانبینی ئیستاتیكی تایبه‌تیشه كه به سه‌ختی په‌یوه‌ندیی هه‌یه به جیهانبینی به‌ده‌ویانه‌ی عه‌ره‌بیی/ئیسلامییه‌وه له‌سه‌روه‌ختی گه‌یشتنیدا به ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی داگیركاری و غهزووهكانییهوه، هه‌میش ناچاركردنێكه بۆ شوێنپێهه‌ڵگرتن و دووباره‌كردنه‌وه لهچوارچێویهكی پێشیینهییدا كه زمانی عه‌ره‌بییه.. بۆیه‌ش به‌لاغه به به‌شێك له (غه‌زوو)، ناو ده‌به‌م نه‌ك (فه‌تح)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م وشه‌كه له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ردا به‌كارهاتووه و كۆنتره، دووه‌م: ئه‌مه‌ی دواییان ناونانی مسوڵمانانهیه بۆ ئه‌و چالاكییه داگیركارانهیهی ڕوویداوه. غه‌زوو بریتیه له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی به زۆر به ئامانجی ئابووری و ده‌سه‌ڵاتخوازیی ئایدیۆلۆژیی ئایینی، به‌ڵام فه‌تح ناونانێكی پاشینه‌ی مسوڵمانانه بۆ شه‌رعییه‌تدان به زۆر و توندوتیژییه‌كی مێژوویی كه له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای عه‌ره‌بی/ئیسلامی ئه‌نجام دراوه[40].
به‌لاغه سیسته‌مێكی داپۆشه‌ر، سنوورداركهر، حه‌رامكه‌ر و پێوهریانهیه به‌سه‌ر شیعری ئێمه‌وه، تاكو هه‌رگیز ئه‌م شیعره له خۆیدا و وه‌كئه‌وه‌ی به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه هه‌یه، نه‌ناسین. به‌ڵكو به‌پێی پێوه‌رگه‌لێكی ستاندادی له ده‌ره‌وه‌ڕا سه‌پاو ڕووبه‌ڕووی شیعری خۆمان وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی زمانیی و په‌یوه‌ست به شوناسه‌وه، ببیینه‌وه. هه‌ر ئه‌مه بۆخۆی پارادۆكس و دژوازییه‌كی له نێوان هه‌وڵدانی ئێمه بۆ (بهسهرچاوهكردنی شیعری كلاسیكی وه‌ك به‌شێك له شوناس)مان له‌لایه‌ك و په‌نابردنمان بۆ (پێوه‌رگه‌لێك كه به‌ره‌نجامی تایبه‌تمه‌ندیی شیعر)گه‌ل و ئه‌ده‌بیاتێكی دیكه‌ن، كه له زمانێكی دی‌دا به‌رهه‌مهاتوون، له‌لایه‌كیتره‌وه، دروستكردووه. ئه‌مه‌ش هه‌تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێ تایبه‌تمه‌نی بهلاغیانهی شیعری ئێمه‌ی بۆ ئاشكرا كردووین، به‌ڵام نه‌یتوانیوه ڕۆحیی شیعری ئێمه به‌رجه‌سته بكات.
یه‌كێك له ڕێگاكانی ده‌رچوون له‌م پارادۆكس و دژوازییه دۆزینه‌وه‌ی ئاسته‌كانی كاریگه‌ریی به‌لاغه‌یه له‌سه‌ر بێده‌نگكردن، سانسۆركردن و شاردنه‌وه‌ی ڕۆحیی كوردبوون له شیعری كلاسیكی ئێمه‌دا. ئه‌م ڕۆحی كوردبوونهش له په‌یوه‌ندیی به زمان و شوناسه‌وه وه‌ك بهرجهستهكهریی جیاوازیی نه‌ك چوونه‌ژێرباری وه‌كیه‌كیی زمانی و شوناسه‌وه، له ژێر زه‌بر و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و چه‌كه ئادیۆلۆژییهكهی ده‌ستیدا كه به‌لاغه‌یه به پشتبه‌ستن به شه‌رعێكی تایبه‌ت، ئاشكرا ده‌بێت. بۆیه لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له زمانی شیعری و به‌خشینه‌وه‌ی كۆی ئه‌و ده‌لاله‌ته مانایی و میتافۆریانهی له‌م زمانه‌دا و به‌هۆی زه‌بری به‌لاغه‌وه، خراونه‌ته په‌راوێزه‌وه، بێهێز و بێده‌نگ كراون، كارێكی هه‌ره پێویسته به ئاراسته‌ی دۆزێنه‌وه‌ی ڕۆحی كوردبوون له‌و شیعره‌دا.
دووه‌مین هه‌نگاو، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌لاغه‌یه وه‌ك تاقه ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شیعری كلاسیكماندا، چونكه به‌لاغه خزمه‌ت به ئایدیۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت ده‌كات. ئه‌م باڵاده‌ستییه بهپیرۆزكراوه ده‌بێت هه‌ڵوه‌شێته‌وه كه هێنده‌ی له خزمه‌تی پراكتیككردنی ستاندارده بهلاغییهكهدایه، له خزمه‌تی شوناسی شیعری ئێمه‌دا نیه. ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ش به‌بێ په‌نا بردن بۆ میتۆدیی دیكه‌ی خوێندنه‌وه، مانای نییه و ڕه‌تكردنه‌وه ده‌كاته په‌رچه‌كردارێكی ئایدیۆلۆژیانه‌ی كوردایهتیانه، نه‌ك گه‌ڕان به‌دوای شوناسی كوردبووندا. پێویسته ئێمه په‌نا بۆ ئه‌و میتۆدانه ببه‌ین كه به هۆیانه‌وه ئەو دیوەی تری کەسایەتیی شاعیر و پڕۆژه زمانیهكانیان ببینین، كه لە بەلاغەوە دیار نیین. واتە؛ تا ئێمە به‌و توڕدانە مەنهەجییەدا ڕه‌ت نه‌بین، ئه‌و فیلته‌ره به‌لاغییه له‌سه‌ر شیعری كوردی هه‌ڵنه‌گرین، ئازادبوون له ئایدیۆلۆژیای باڵاده‌ستی ئایینی سه‌پێنراو مانای نابێت. ئەم ئایدۆلۆژیایە لەلایەن دیدێکی ڕەسمییەوە ئیعترافی خۆی بەدەستهێناوە و خزمەت بە شوناسی غەیرە کورد دەکات. ئەگەر کورد توانیویه‌تی لە چوارچێوه‌ی مه‌رجه بهلاغییهكاندا بەرهەمی داهێنەرانەی گەورە بەدەست بهێنێت، بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە بوو کە ئیعترافێکیش له‌ویتره‌وه بۆخۆی بەدەست بهێنێت، ئیعترافێک کە لە مێژوودا نەیتوانی وه‌ك كوردی مسوڵمان بەدەستی بهێنێ، لە شیعریشدا بێگومان بەدەستی ناهێنێت، چونکە ئەم جۆرە شیعرانەی غەیرە عەرەب نووسیویانن، با ئاستی تەکنیکیشیان لەڕووی بەلاغەوە زۆر بەرز بێت، بەڵام دواجار ئەمە هی عەرەب نییە، بەلاغەش خۆی “عیلمێکی عەرەبییە” وەکو دەڵێن، بۆیە بەلاغە خزمەت بە کەشفکردنی نهێنییەکانی شیعری کلاسیکی ئێمە ناکات. بۆیه له بهلاغهخستن به‌شێكه له ڕزگاربوون له زه‌وق و چێژی عه‌ره‌بی ئیسلامیی به‌رایی. مانه‌وه‌ی به‌لاغه و ده‌سه‌ڵاته میراتییه‌كه‌ی به‌سه‌ر شیعری ئێمه‌وه، وه‌ك تاكه ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌م شیعره، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی زه‌وق و سه‌لیقه و چێژی سه‌رده‌سته‌یه به مه‌رجه‌كانی خۆی.
ئه‌مه ته‌نیا پڕۆژه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سی نیه، به‌ڵكو ئه‌ركێكی زانستیشه كه به پله‌ی یه‌كه‌م كه‌وتۆته سه‌ر شانی زانكۆكان و مه‌نهه‌جی په‌یڕه‌وكراو بۆ تێگه‌یشتن له شیعری كوردی تیایاندا. لێره‌دا، نالی پرۆژەیەکە لەبەردەمماندا، كه به‌م ئاراسته‌یه کارێکی ئەوتۆمان لەسەر نەکردووە، و زۆر لەو توێژینەوانەی کە کراون، چ لە روانگەی ئایینییەوە چ بە شێوازی تر، مادام لە چوارچێوەی ڕوانگەی بەلاغیانەدا بۆ شیعری نالی ماونەتەوە، ڕەنگە دووچاری دووپاتکردنەوەی هەمان مەعریفەی بەلاغیانە ببن لەسەر شاعیری کورد نالی. ئەمەش بە واتای درێژە پیدان بە شاردنەوەی نالی وەک کوردێک کە بەشدارییەکی زۆر گرنگی کردووە لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی شوناسی کوردیانە، کە ئەمڕۆ لەهەرکاتێک زیاتر دەبێت به‌لامانه‌وه بابەتی قسەکردن بێت. هەروەها ئێمە بتوانین چ لە مێژوو چ لە ئەدەبیات و بەشەکانی تری کلتووردا ئەو هەوڵە جددیانە بدۆزینەوە کە بە ئاڕاستەی دروستکردنی شوناسی کوردی‌دا ئیشیان کردووە.
2016
بارێی بچووك/ پیرزین
تێبینی: به سوپاسه‌وه ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌لایه‌ن به‌ڕێز عهبدولحالق یهعقووبییهوه، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه. توێژینه‌وه‌كه‌ش هێشتا پاكنووسی كۆتایی نه‌كراوه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت تا به زانیاری و شییكردنه‌وه‌ی ورد، هه‌ڵه‌كانی ڕاستبكرێنهوه و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكرێت.
سەرنج: ئەم توێژینەوەیە هێشتا کاری لەسەر دەکرێت تەواو نەبووە.
په‌راوێزه‌كان:
[1] له‌مباره‌یه‌وه بگه‌ڕێوه بۆ هه‌ردوو كتێبه نایابه‌كه‌ی (ئه‌دۆنیس)، به‌تایبه‌تی (شیعرییه‌تی عه‌ره‌بی: به‌شی دووه‌م: الشعرية و والفضا‌ء القراني، به‌تایبه‌تی ل: 41و به‌ره‌ودوا):
[2] بۆ تێگه‌یشتن له مه‌به‌ستی زیاتری من له به‌كارهێنانی وشه‌ی (ئایدیۆلۆژیا) و ئه‌و مانایه‌ی له‌م باسه‌دا هه‌ڵگریه‌تی، بگه‌ڕێوه بۆ: پۆڵ ڕیكۆر: “خه‌یاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆژیا و یۆتۆپیا“، له: ئازاد سوبحی: ده‌نگ و سێبه‌ر، هه‌ولێر: سه‌نته‌ری نما (8)، 2002، ل: 206-226.
[3] ڕێبوار سیوه‌یلی: كتێبی نالی. بڵاوكراوه‌ی ماڵی وه‌فایی و ڕێكخراوی زه‌ریاب، هه‌ولێر: 2015. ئه‌ڵبه‌ته كتێبی نالی زیاتر له‌وه‌ی باسمكرد له خۆی ده‌گرێت، به تایبه‌تی باسه‌كانی وه‌ك نالی له نێوان دوو تێك‌شكان و نالی و ماچ و هتد..
[4] ڕێبوار سیوه‌یلی: كتێبی حاجی قادری كۆیی: خوێندنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌زموونی شیعری. هه‌ولێر، بڵاوكراوه‌ی: ئه‌كادیمیای كوردی و ڕێكخراوی زه‌ریاب، 2016.
[5] امیری خراسانی، احمد و پور یزدان پناه کرمانی، آرزو، «سهم ایرانیان در تکامل و تحول علم بلاغت»، پژوهشنامۀ نقد ادبی، دورۀ 1، شم 1، 1391.
[6] انوار، امیر محمود و همکاران، «مبانی زیبایی‌شناسی استعاره از دیدگاه عبدالقاهر جرجانی»، پژوهشنامه زبان و ادبیات فارسی، سال دوم، شم 8، 1389.
[7] https://rasekhoon.net/article/print.
[8] د. عبدالحسین زرین كوب: اشنایی با نقد ادبی. تهران: انتشارات سخن، چ: هفتم، 1383، ص: 313.
[9] محمد أحمد قاسم – محيي الدين ديب : علوم البلاغة «البديع والبيان والمعاني». المؤسسة الحديثة للكتاب، طرابلس – لبنان, 2003.
[10] ئه‌م قسه‌یه له په‌یوه‌ندیی به ده‌قی یه‌كه‌م و ده‌قی پیرۆزی به‌لاغه‌وه، كه قورئانه، ده‌كه‌م. به‌مجۆره‌ش په‌یوه‌ندیی به‌لاغه وه‌ك ته‌كنیكێكی ڕه‌خنه‌یی له‌گه‌ڵ قورئاندا وه‌ك ده‌قێكی دینی، په‌یوه‌ندییه‌كی فهندهمهنتاڵیستیانهیه و قورئان ده‌بێته ده‌قی سه‌له‌ف، یان بنه‌ڕه‌تیی به‌لاغه.
[11] له باره‌ی گرنگیی به‌لاغه‌وه، بڕوانه ئه‌م وتاره دره‌خشانه:
– أسد جابر أبو لبيدة: استعاره در بلاغت عربی: فراخوانی برای نوآوری. مترجم: أتنا پوشنه، (ویرایش: لیلا صادقی):
leilasadeghi.com/naghd/translations/478-belaghat.html.
[12] forums.ksu.edu.sa/showthread.php
[13] د. محمد بكر سلمی: البلاغه و النقد. 2009، له: http://dawheladab.ahlamontada.net.
هه‌روه‌ها بڕوانه ئه‌م كتێبه به نرخه:
– الدكتور عبداسلام المسدی: الادب و خطاب النقدی. ط،1، دار الكتاب الجدید المتحده. بیروت: لبنان، 2004
[14] alecso.org/bayanat/arabic_rhetoric.htm
[15] بۆ تێگه‌یشتنێكی ورد له مانای ڕێتۆریك له ڕۆشنبیریی ئهوروپیدت، له پاش نه‌رێتی ئه‌ریستۆیی بۆ ئه‌م بابه‌ته، بڕوانه: ا.أ ریتشاردز: فلسفه البلاغه. ت: سعید الغانمی و د. ناصر الحلاوی. أفریقیا الشرق، 2002
[16] له‌م باره‌یه‌وه له زمانی كوردیدا كاره‌كانی مامۆستا (پ. د. كامیل حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌سیر)ی كۆچكردوو، جێی ئاوڕ لێدانه‌وه و سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌نن.
[17] امين الخولی: ن‌و اندیشی در علم بلاغت: ترجمه : سيد محمود طيب حسینی. له : https://rasekhoon.net/article/print.
[18] امين الخولی: ن‌و اندیشی در علم بلاغت: ترجمه: سيد محمود طيب حسینی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو..
[19] شوان ئه‌حمه‌د: سه‌ره‌تایه‌كی كورت ده‌رباره‌ی ژیان‌و به‌رهه‌مه‌كانی “ئیدوارد سه‌عید” له: ttp://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=3835&type=farhang، 2016.
[20] Edward W Said: Orientalisme- vestlige forestillinger om Orienten. Roskilde. Universitetsforlag. Oversat af John. Botofte, 2002.
[21] مه‌به‌ستم له به‌شتبوونی عه‌ره‌به‌كان له ڕووی كیانی سیاسیی و ئایینی و ئایدیۆلۆژیی به هۆی ئایینی ئیسلامه‌وه، ده‌نا له ڕووی ژیارییه‌وه، عه‌ره‌به‌كانیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی سه‌رده‌می خۆیان خاوه‌نی ژیار و كو‌لتور و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان بوون.
[22] أدونیس: الثابت و المتحول: 1, ص: 99
[23] ئه‌مه تێزی زۆربه‌ی تیۆریزیكهرانی حزبی به‌عس بوو، بۆ نمون: (شبلی العیسمی: حزب البعث العربی الاشتراكی 1، مرحلة الاربعینات التاسیسیە 1940-1949. دار الطلیعە للطباعە و النشر، بیروت 1974، شبلى العيسمى: حزب البعث العربی الاشتراكی، القیادە القومیة: المنهاج الثقافی المركزی، كتاب الاول، بغداد 1977، شبلى العيسمى: العرب مادة الاسلام. بغداد, اوفسيت الرافد. 1984. میشیل عفلق: فی سبیل البعث. دار الطلیعە، بیروت ط. الحادیە عشرة. 1974..)
[24] میشیل عفلق: فی سبیل البعث، ص: 127
[25] الشافعی: الرسالە. تحقیق: احمد شاكر 1939م، ص42، رقم138. له كتێبه‌كه‌ی (رضوان السید) گواستومه‌ته‌وه.
[26] من هه‌ردوو ده‌قه‌كه‌م له‌م سه‌رچاوه‌یه‌وه وه‌رگرتوون: رضوان السید: مفاهیم الجماعات فی الاسلام (دراسات فی السوسیولوجیا التاریخیە للاجتماع العربی الاسلامی). بیروت 1993، ص 129 و ص: ئەویش لە: ابو حیان التوحیدی: الامتاع والموانسة 1/89 وەریگرتووە.
[27] ڕێبوار سیوه‌یلی: قه‌فه‌سی ئاسنین (یان بۆ ببمه‌وه به عێراقی؟!). هه‌رێمی كوردستان، سلێمانی: چاپخانه‌ی ڕه‌نج، 2003
[28] له‌مباره‌یه‌وه بگه‌ڕێوه بۆ لێكۆڵێنهوهكهی شوان عوسمان مسته‌فا: كوردستان و پرۆسه‌ی به‌ئیسلام كردنی كورد. (لێكۆڵێنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی سیاسی یه)، سلێمانی: 2002، سه‌نته‌ری چاپ و په‌خشی ته‌ما.
[29] پۆڵ ڕیكۆر: “خه‌یاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆژیا و یۆتۆپیا“، ل: 211 و 215.
[30] كه‌سانیتریش ئاماژه‌یان بۆ ئه‌م ڕاستییه كردووه، بۆ نمونه بڕوانه: عه‌بدولخالق یه‌عقووبی: له كولتووره‌وه بۆ ئه‌ده‌بیات. كۆمه‌ڵه وتار. هه‌ولێر، ده‌زگای ئاراس، 2008، ل: 175.
[31] بۆ شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی گوتاری فیمینیستی له هه‌رێمی كوردستاندا، بڕوانه به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م كتێبه نایابه:
[32] ڕیبوار سیوه‌یلی: كتێبی نالی “له ستایشی كه‌ردا”، ل: 213-287 كه‌ئه‌م به‌شه‌ی كـتێبهكه ساڵی 2000 بڵاو كراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها بڕوانه: عه‌بدولخالق یه‌عقووبی: “نالی، لە نیشتمانی مەعریفەوە تا غوربەتی زمان” هەڤپەیڤینی هه‌رێم عوسمان له: http://govarikoch.com
[33] ڕێبوار سیوه‌یلی: كورد و سرووشت. وتارێك له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی كورد و سرووشت له دوای هێرشه‌كانی به‌عس بۆ سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه. گۆڤاری گوڵان، ساڵی 2014
[34] بۆ تێگه‌یشتنێكی زیاتر له مه‌به‌ستی من سه‌باره‌ت به جیاوازیی فۆرمی ئیداریانه‌ی پێناس و شوناس وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك، بگه‌ڕێوه بۆ: ڕێبوار سیوه‌یلی: دیارده‌گه‌رایی تاراوگه. وتاری: “پۆلیس: باوكێكی ناحه‌ز له‌سه‌ر شه‌قامی ئازادی“. چاپی دووه‌م: ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر: 2002
[35] ڕێبوار سیوه‌یلی: شوێن و شوناس. خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیارده‌ناسانه بۆ شاری سلێمانی. ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس، سلێمانی، 2015، ل: 71 و به‌ره‌ودوا.
[36] Brian Garrett: Personal identity and self–consciousness. Routledge: London and New York. 1998.
[37] ڕیبوار سیوه‌یلی: شوناس و ڕه‌گه‌زپه‌رستی. وتارێكی سهمینارییه له‌باره‌ی په‌روه‌رده، شوناس و ڕه‌گه‌زپه‌رستی. 2016
[38] Franz From: Identitet:Om oplevelsen af andres adfærd. (1953) Gyldendal. http://www.denstoredanske.dk.
[39] ژیل دلوز- فلیكس گتاری: كافكا: به سوی ادبیات أقلیت. ت: حسین نمكین. تهران، بیگدل، 1392، ل: 45 و به‌ره‌ودوا، سیوه‌یلی: كتێبی نالی، ل: 312-313
[40] د. تهامى العبدولى: اسلام الآكراد. انموذجا لاسلام الآقليات (قراءة فى تداخل الدينى و القبلى و القومى). دار الطليعة للطباعة و النشر و رابطة العقلانين العرب. بيروت- لبنان. 2007. ص: 61.
سه‌رچاوه‌كان:
أدونيس: الثابت و المتحول: بحث في الابداع و اللاتباع عند العرب. 4 أجزاء, ط: العشرة, دار الساقى, بيروت, لبنان, 2011.
أدونيس: الشعرية العربية. دار الاداب, بيروت لبنان, 1985.
پۆڵ ڕیكۆر: “خه‌یاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆژیا و یۆتۆپیا”، له: ئازاد سوبحی: ده‌نگ و سێبه‌ر، هه‌ولێر: سه‌نته‌ری نما (8)، 2002،
ڕێبوار سیوه‌یلی: كتێبی نالی. بڵاوكراوه‌ی ماڵی وه‌فایی و ڕێكخراوی زه‌ریاب، هه‌ولێر: 2015.
ڕێبوار سیوه‌یلی: كتێبی حاجی قادری كۆیی: خوێندنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌زموونی شیعری. هه‌ولێر، بڵاوكراوه‌ی: ئه‌كادیمیای كوردی و ڕێكخراوی زه‌ریاب، 2016.
د. عبدالحسین زرین كوب: اشنایی با نقد ادبی. تهران: انتشارات سخن، چ: هفتم، 1383
https://rasekhoon.net/article/print.
الدكتور عبداسلام المسدی: الادب و خطاب النقدی. ط،1، دار الكتاب الجدید المتحده. بیروت: لبنان، 2004
ا.أ ریتشاردز: فلسفه البلاغه. ت: سعید الغانمی و د. ناصر الحلاوی. أفریقیا الشرق، 2002
alecso.org/bayanat/arabic_rhetoric.htm
أسد جابر أبو لبيدة: استعاره در بلاغت عربی: فراخوانی برای نوآوری. ترجمةء: أتنا پوشنه، (ویرایش: لیلا صادقی): leilasadeghi.com/naghd/translations/478-belaghat.html.
امين الخولی: ن‌و اندیشی در علم بلاغت: ترجمه: سيد محمود طيب حسینی. له : https://rasekhoon.net/article/print.
Edward W Said: Orientalisme- vestlige forestillinger om Orienten. Roskilde. Universitetsforlag. Oversat af John. Botofte, 2002.
ڕێبوار سیوه‌یلی: قه‌فه‌سی ئاسنین (یان بۆ ببمه‌وه به عێراقی؟!). هه‌رێمی كوردستان، سلێمانی: چاپخانه‌ی ڕه‌نج، 2003
محمد أحمد قاسم – محيي الدين ديب : علوم البلاغة «البديع والبيان والمعاني». المؤسسة الحديثة للكتاب، طرابلس – لبنان, 2003.
عه‌بدولخالق یه‌عقووبی: له كولتووره‌وه بۆ ئه‌ده‌بیات. كۆمه‌ڵه وتار. هه‌ولێر، ده‌زگای ئاراس، 2008.
فائیز ئیبراهیم محه‌مه‌د: ژن له قه‌فه‌سی ئازادی‌دا (به‌شی یه‌كه‌م: ئازادی له چی؟ ئازادی بۆچی؟). هه‌ولێر: ڕۆژهه‌ڵات، 2015
رضوان السید: مفاهیم الجماعات فی الاسلام (دراسات فی السوسیولوجیا التاریخیە للاجتماع العربی الاسلامی). بیروت 1993
ڕێبوار سیوه‌یلی: كورد و سرووشت. وتارێك له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی كورد و سرووشت له دوای هێرشه‌كانی به‌عس بۆ سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه. گۆڤاری گوڵان، ساڵی 2014
http://forums.ksu.edu.sa/showthread.php
د. محمد بكر سلمی: البلاغه و النقد. 2009، له: http://dawheladab.ahlamontada.net
لماذا القرا‌ن ليس معجزة؟ لة: http://3lotus.com/ar/Islam/Quran-Not-a-Miracle.htm
أحمد القبانجى: نقد الاعجاز البلاغي في القرآ‌ن. الحوار المتمدن-العدد: 3929 – 2012 / 12 / 2 – 08:41 ,المحور: العلمانية، الدين السياسي ونقد الفكر الديني . له: http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=334895
یافث القرشی: قراءة نقدية في بلاغة القرآ‌ن. 2014 له:http://arabatheistbroadcasting.com/essay/
ڕێبوار سیوه‌یلی: دیارده‌گه‌رایی تاراوگه. وتاری: “پۆلیس: باوكێكی ناحه‌ز له‌سه‌ر شه‌قامی ئازادی”. چاپی دووه‌م: ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر: 2002
ڕێبوار سیوه‌یلی: شوێن و شوناس. خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیارده‌ناسانه بۆ شاری سلێمانی. ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس، سلێمانی، 2015.
Brian Garrett: Personal identity and self-consciousness. Routledge: London and New York. 1998.
شوان ئه‌حمه‌د: سه‌ره‌تایه‌كی كورت ده‌رباره‌ی ژیان‌و به‌رهه‌مه‌كانی “ئیدوارد سه‌عید” له: ttp://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=3835&type=farhang، 2016.
ڕیبوار سیوه‌یلی: شوناس و ڕه‌گه‌زپه‌رستی. وتارێكی سهمینارییه له‌باره‌ی په‌روه‌رده، شوناس و ڕه‌گه‌زپه‌رستی. 2016
Franz From: Identitet:Om oplevelsen af andres adfærd. (1953) Gyldendal. http://www.denstoredanske.dk.
ژیل دلوز- فلیكس گتاری: كافكا: به سوی ادبیات أقلیت. ت: حسین نمكین. تهران، بیگدل، 1392.
د. تهامى العبدولى: اسلام الاكراد. انموذجا لاسلام الاقليات (قراءة فى تداخل الدينى و القبلى و القومى). دار الطليعة للطباعة و النشر و رابطة العقلانين العرب. بيروت- لبنان. 2007.
[aesop_document type=”pdf” src=”http://didimn.com/wp-content/uploads/2017/02/نالی-و-بەلاغە-ڕێبوار-سیوەلی.pdf” caption=”ڕۆژی نالی: به‌لاغه، وه‌ك باڵاده‌ستیی ئایدیۆلۆژی PDF”]
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.