25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆ داچڵەکینەکەی یەکەمجارم

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

 ڕەوا هەژار

یەکێک لە بەختەوەرەییەکانی ژیانم خوێندنەوەی دیوانەکەی نالییە پێش گەیشتنم بە بیستهەمین ساڵی تەمەن؛ ئەم ڕووداوە هاوکات لە خەمهێنەرترینەکانیشە، چونکە چیدیکە ناتوانم بگەڕێمەوە و بۆ یەکەمین جار بیخوێنمەوە. مرۆڤ سەرباری هەموو بەدبەختییەکانی گەندەڵیشە، بەڵام تاکەشت کە ناتوانێت گەندەڵیی تێدا بکات داچڵەکینەکانیەتی. نالی داچڵەکێنەرەکەیە. پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان داچڵەکین و خوێندنەوەی یەکەمین جارەی هەر تێکستێکدا هەیە. 

مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی لاساییکەرەوە زۆربەی کاتەکانی لەناو وەڕزییەکانی دەرەوەی خۆیدا بە هەدەر دەدات. وەڕزییەک کە لەوانی ترەوە فێر بووە و نازانێت بۆ دەبێت ڕۆژانە دووبارەیان بکاتەوە. لە کاتێکدا دەتوانێت هیچ نەبێت لەگەڵ وەڕزییەکانی خۆیدا بژی. هەر تێکستێکی داچڵەکێنەر دەرفەتێکە بۆ خۆشتن لە کوودوراتەکانی سەرزەمین. بۆ شادبوونەوە بە دیوە غەریبەکەی خۆت و دۆزینەوەی ئەو بستە خاکەی کە دەکرێت وەکوو نان ببێتە فریادی هەڵمژینی قوومێکی تری ژیان و ڕاکشان بۆ سەرخەوێکی دوورەدەست. 

وەختێک هێراکلیتۆس دەربارەی ڕووبار دەڵێت: ”تۆ هیچ جارێک ناتوانیت دوو جار قاچت بخەیتە ناو هەمان ڕووبارەوە، چوونکە نە ڕووبارەکە وەکوو خۆی دەمێنێت نە تۆ“، مەبەستی ئەوەیە بڵێت تۆ هیچ جارێک ناتوانیت دوو جار بە تێکستێک بە هەمان شێوە داچڵەکیت چونکە نە تێکستەکە وەکوو خۆی ماوە نە تۆ. لە ئەدەبیاتدا داچڵەکین ڕووداوێکی دەگمەن و یەکجارەکی و حسییە، لە پێش هەر بیرکردنەوەیەکەوە ڕوو دەدات و کاریگەرییە هەیەجانییەکانی لەسەر بیرکردنەوەکانی دواتر دەوامەی دەبێت. بەڵام ئێمە چونکە بیر دەکەینەوە و پیر دەبین ناتوانین لە یەک جار زیاتر لە هەیەجانی یەکەمین بەرکەوتنی تێکستەکان و ئینسانەکاندا بژین. ئەمە ئەو گەندەڵییەیە کە گوتم، چونکە لەم ڕێگەیەوە فەهمی ئێمە دووچاری شێواندنێکی بەردەوام دەبێت. هەر ئەم شێواندنەیە وا دەکات هەست بە جووڵەی ڕووبارەکە یان ”چاکی“ـی شیعرەکە بکەین. 

تێکستە چاوەڕواننەکراوەکان هەمیشە داچڵەکێنەرن. لە ناوەختدا وەکوو قاسیدێکی منەوەر دێن و هەموو چوارگۆشە وەهمییەکان دەشکێنن، چوارگۆشەی یەکەم نەبێت. دەتخەنەوە ناو ڕەسەنایەتییەکانی خۆت کە نادڵنیایییەکانتە. مرۆڤ کە لە هەموو شتێک دڵنیا بوو دەبێت بە دەعبایەکی بۆش، دێت و دەچێت و دەخوولێتەوە بەڵام داناچڵەکێت. 

داچڵەکین لە تێکستێکی گەورە هاوکاتە لەگەڵ بێداربوونەوەیەکی وجوودیدا؛ کردنەوەی دەرگایەکی تری ئاگایی و زیادکردنی ئەندامێکی چەتوونی هۆشەکییە. وەکوو نالی دەڵێت زیادکردنی چاوێکی ترە.

لەو وەختەوە بیستوومە دیتن بە قەدەر چاوە
ھەر مووم لە بەدەن یەکسەر، وەک عەینی فەنەر، چاوە 

ئەم جۆرە دێڕانە لە توانایاندایە مرۆڤ لە هەموو سەغڵەتییەکان داماڵن و بیدەنەوە دەستی بینینەکانی خۆی. ”دیتن بە قەدەر چاوە“ لە سەرێکەوە دەتکاتە بینەرێکی وردی هەیەجانەکانی خۆت و لە سەرێکی دیشەوە فێری سەیرکردنی ئاسمانەکان و هەموو کونوکەلەبەرە نزیک و دوورەکانت دەکات. ”دیتن بە قەدەر چاوە“ دامدەچڵەکێنێت و فێری سەیرکردنی هەموو ئەو شتانەم دەکات کە پێش بیستنی ئەو سێ وشەیە لە هەبوونیان ئاگادار نەبووم. 

لە زۆر ڕووەوە ئەم پەیڤەی نالی ئاوێنەی گوتە بەناوبانگەکەی ویتگنشتاینە کە دەڵێت ”سنووری زمانی من، سنووری دنیای منە“، واتا سنووری زمانی من سنووری بیرکردنەوەی من دیاری دەکات، یان من تەنها هێندەی گوزارشتەکانم دەزانم و دەتوانم ببم.

بۆیە دەڵێم ئاوێنە چونکە ئەم پەیڤە ڕاستەوخۆ ئەو مانایەشی لێ دەفامرێت کە بواری تێگەیشتنی گوێگر و بیسەر لە هەر دەنگ و وێنەیەک بەندە بە توانای زمانەکەیەوە. واتا نالی و هەر مرۆڤێکی تر دەکرێت لە شوێنێکدا بە شکڵێکی بێهاوتاوە دەرکەوتبێت بەڵام بە هەمان شکڵەوە نەبینرابێت، چونکە چاوی بینینەکە هێندەی شکڵی بینینەکە نەبووە. 

ئەگەر ئەم دوو گوتەیە بکەین بە دوو چاو و سەیری دنیای پێ بکەین، هاوکێشەیەکی کاریگەر دروست دەکەن. بۆ نموونە ئەگەر لە چاوی ئەم دوو گوتەیەوە تەماشای چەمکی خودا بکەین، نالی دەڵێت خودا لە نەبینراوەکانە و ویتگنشتاینش دەڵێت لە نەگوتراوەکانە. بە هەردوو بارەکەدا تەواوی کێشەکانی دین و خودا دەبن بە کێشەی زمان، ئەمەش هەواڵێکی خۆشە. لێرەوە تێدەگەین گوتراوەکان و بینراوەکان بۆ ئەوەی مانادار بن پێویستە ڕوون بن، هەر بۆیە دەبینین خودا لە ناڕوونییەکاندا قوت دەبێتەوە و سیاسییەکانیش لە ڕێ تاریکە تەڵخەکاندا دەتوانن درێژە بە فریو بدەن. 

لە سەرێکی ترەوە ئەم دێڕەی نالی دێڕێکی فرە-زمانە، چونکە بانگەشەی فرە-چاوی دەکات. ئەگەر هەبوونی چاوێکی کراوە توانای دروستکردنی کولتوورێکی هەبێت ئەوا فرە-چاوی فرە-کەلتووری دروست دەکات. فرە-کەلتووری واتا فرە-چاوی. لەم دەرکەوتنەیدا نالی وەکوو مرۆڤێکی فرە-کەلتوور دەتوانرێت بکرێت بە نوێنەرێکی باشی کولتوورەکەی خۆی. ئەمەش ئەو دێڕەی گۆتێم بیر دەخاتەوە کە دەڵێت: ” ئەوانەی هیچ لە زمانە بیانییەکان نازانن، هیچیش لە زمانەکەی خۆیان نازانن.“

هاوبەشی بکە

Nali, Rawa Hazhar, Wtari Kteb,